Thursday, July 11, 2024

رەخسان

 

فرمانی (رەخساندن/رەخسان) لە کەسم و بیچم دا لە (رقص)ی عەرەبییەوە نزیکە و زۆر کەس لای وایە کە لەمەوە وەرگیراوە و کراوە بە فرمان. بەڵام وەک دەزانین واتاکەی زۆر دوور و جیاوازە لە (رقص).

(رقص) واتە سەما و هەڵپەڕین؛ بەڵام رەخساندن واتە فەراهەم کردن و لووان و دەربازبوون. ئەگەر لەم مانایانە وورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا لە ووشەی (رەست)ەوە وەرگیراوە؛ بەڵام گۆڕانکاری لە دەنگەکانیدا پێکهاتووە و دەنگی (خ)ی تێخراوە. (رەست) رەگی ووشەی (رزگار) یا (رەستگار)ە. لە پەندێکی پێشیناندا کە دایکم زۆر جار دەیڵێتەوە گوتراوە “ کەر بەستە، لە خەم رەستە”. واتە کەرەکەت ببەستەوە و خۆت لە خەم رزگار بکە. یانی کاتێک کەرەکەت بە پەتێکەوە دەبەستیتەوە، خەمی ئەوەت نابێت بڕوات.
واژەی (رەست) کە (رەها)یشی لێ کەوتووەتەوە، لەو واژانەیە کە فرمانەکەی لە کوردیدا زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێت؛ بەتایبەتی لە کورمانجیی ژووروو و ژێروودا. رەنگە هەر بە هۆی کەم بەکارهێنانییەوە بێت کە فرمانەکەی لە (رەستان) و (رەستاندن)ەوە گۆڕاوە بۆ (رەخسان) و (رەخساندن). کاتێ دەڵێین “لە خەم رەخساوە”، راستییەکەی بریتییە لە “لە خەم رەستاوە”. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش واژەی (رزگار) هەڵەیە و راستییەکەی (رەستگار)ە.


سپا


واژەی "سپا" کە لە باشوور بووە بە "سوپا" لە فارسیدا بە واتای لەشکر بەکاردەهێنرێت. دیارە لە کوردیشدا بە هەمان واتا بەکاردەهێنرێت. بەڵام ریشە و رەچەڵەکی ووشەکە کامەیە؟

لە زووانی پەهلەوی و ئاڤێستایش دا هەیە و لە ئاڤێستا دا بە لەشکر و ئەرتەش گوتراوە "سپاڏە". پێدەچێت ریشەی ووشەکە "سپ"ی کوردی بێت. "سپ" واتە تەواو، کامل، بێ کەموکوووڕی. دەنگی "ا" کە دەکەوێتە دووای "سپ"ەوە، پاشگر / پاشبەندە؛ هەروەک لە واژەکانی "دارا"، "خۆرا"، "زانا"، "توانا" دا هەیە. "سپا" واتە کۆمەڵێکی پتوون و تۆکمە و تەواو.


پەیکەرێکی دزراوە


رۆژی ٩/٧٢٠٢٤ هەواڵدەری تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە کە پۆلیسی شاری تاران سێ کەسی دەسگیر کردووە بە تاوانی مامەڵە کردن بە پەیکەرێکی کانزایی کە گوایە لە باشووری ئێرانەوە گەیەنراوەتە تاران. دووکەس لە دەسگیرکراوەکان فرۆشیار بوون و کەسی سێیەمیش کڕیار بووە و بەتەما بووە بە بڕی ٣٣٧ هەزار دۆڵار پەیکەرەکە بکڕێت. شایانی باسە کە پەیکەرەکە هی ژنێکە لەسەر کورسی دانیشتووە. پێدەچێت کە ئەم پەیکەرە هی ماخودایەک یا گەورەژنێکی گرنگ و خانەدانی دێرین بێت. فەرماندەی پۆلیسی تاران گوتوویەتی کە مێژووی پەیکەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.



Monday, July 8, 2024

دزی


تا سەد ساڵ لەمەوبەر لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردەواری، دزی هەرچەندە کارێکی دزێو و بێزراو بوو؛ بەڵام هاوکات لە توانایی هەموو کەسیش دا نەبوو. لە هەندێک ناوچە کەسێک دزێکی باش نەبووایە، ژنیان پێ نەدەدا. لەم بارەیەوە هاوڕێیەکی لوڕ گوتی بەخوا لە ناوچەی ئێمەیش ئەم نەریتە هەبووە. جا بەسەرهاتێکی باپیری گێڕایەوە گوتی:

باپیرم لەگەڵ زاواکەی دەچن بۆ دزی. تەماشا دەکەن کابرای خاوەن ماڵ جووتێک گای زۆر چاکی هەیە. هەردووک گایەکەی کردووەتە تەویلەوە و خۆیشی لەبەر دەرگای خەوتووە. گوتی من بە گورزێکەوە لەسەر سەری کابرا راوەستام و زاواکەم ناردە ژوورەوە کە گایەکان بکاتە دەرەوە. گایەکان هاتن تا بەر دەرگا کە دیتیان خاوەنەکەیان لەسەر رێگەیانە، گەڕانەوە. جارێکی تر بە زاواکەمم گوت کە بیانکاتەوە دەرەوە. خۆم گورزەکەم بە هەردووک دەستم بەرز کردەوە لەسەر کابرای خاوەن گا. دیتم کابرا چاوەکانی کەمێک کردەوە و دیتی بارودۆخ ئەوپەڕی مەترسییە، خەوی لە خۆی خستەوە. بە پاڵەپەستۆ گایەکانمان بە سەر لاشەی کابرادا کردنە دەرەوە؛ و لێماندا رۆیشتین بۆ چۆڵەوار. دوواییش نەمانبیستەوە کابرای خاوەنماڵ گلە و گازەندەی کردبێت.

Friday, July 5, 2024

موور و هوورە



لە نێو لەکەکان دا جۆرێک گۆرانی هەیە کە پتر رەنگدانەوەی هەستی ناخی گۆرانیبێژە لە بەرانبەر رووداو و پێشهاتێکی ناخۆش و نەخوازراودا؛ یاخۆ دەربڕینی ئەوین و خۆشەویستییە لە هۆنراوەی یەک بەیتی دا و بە ئاوازێکی غەمناک و ماتەمبار کە پێی دەگوترێت (موور). مووریش وەک هوورە بەبێ مۆسیقا دەخوێنرێت. موورێک کە لە دڵەوە دەربچێت لە دڵیش دەنیشێت.

هاوکات (هوورە یا هۆرە)یش هەیە کە لە ناوچەگەلێکی فراوانتری وەک ئەردەڵان، هۆرامان، کرماشان، سلێمانی، گەرمیان و ئیلام باوە.
بە گوێگرتن و ووردبوونەوە لە هەردووکیان دەردەکەوێت کە نزیکایەتییەکی زۆر لە نێوانیان دا هەیە. بە جۆرێک کە یا دەبێ بگوترێت هۆرە جۆرێک موورە یا بە پێچەوانەوە بگوترێت موور جۆرێک هۆرەیە. شایانی سەرنجە کە کرماشان دەبێ پێی بگوترێت پایتەختی هوورە چونکە هەموو شێوەزارەکانی ئەم ناوچەیە بە بێ جیاوازی هوورەیان هەیە. هوورە و موور لە لوڕستانیش نامۆ نین؛ هەرچەند موورە و هوورەچڕێکی بەناوبانگی لوڕمان نییە، بەڵام بەشێکی زۆریان گوێ دەدەنە هەردووک ئاواز و چێژیان لێ وەردەگرن.





چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...