Wednesday, July 13, 2022

ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی



 ئەم نەخشە و زانیارییانە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن (ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی)یەوە بڵاوکراوەتەوە؛ بە ناوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤین. لێرەدا باسی هەر کام لە فارس، کورد و لوڕی بە جیا کردووە.

خۆم ساڵی ١٩٩٩ لە هەولێر نەخشەیەکی هاوشێوەی ئەم نەخشەیەم دیت کە مامۆستایەکەم لە کەنەداوە لەگەڵ خۆی هێنابووی. لەو بەشەی کە باسی کورد دەکات نووسیبووی (War like people) واتە(خەڵکێکی شەڕخوازن). نازانم هەر ئەم نەخشەیە بوو کە ئێستا دەسکاری کرابێ، یا جیاواز بووە لەمە.

نارنج


وژاەیەکی کۆنە لە هەموو زمانە کوردی و ئێرانیەکان دا هەیە و هەندێ جار تۆزێک گۆڕانی بەسەردا دێت وەک نارەنج، نارنگ، نارەنگ، نیرەنگ و... لە سانسکریتیش دا وەک نارەنگ یا نارەنگوو باسی کراوە. ئەم ووشەیە هەر لە رێگای کوردی و فارسییەوە چووەتە نێو عەرەبییەوە و لەویشەوە و لە رێگەی ئەندەلوسەوە گەیشتووەتە زمانە ئەوروپاییەکان و بووە بە ئۆرەنج و ... گووایە لە بنەڕەت دا ووشەیەکی هیندییە. میوەکە خۆی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ شوێنزاکەی چین و ئاسیای رۆژهەڵاتە. چێژ و مەزەی ترش و تاڵە. بەگوێرەی فەرهەنگە فارسییەکان دەنگی (ج) عەرەبێنراوی (گ)ە؛ هەروەها گووایە لە بنەڕەت دا ووشەکە هیندییە. بەڵام بە ووردبوونەوە لە ووشەکە و لە شێوازی ووشەسازیی کوردی، گومانێک لەوەدا نییە کە هەم کوردییە و هەم کاریگەریی عەرەبیشی بەسەرەوە نەبووە.

پرتەقاڵ جۆرە شیرینەکەی نارنجە؛ کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیستعماریی پۆرتوگاڵ دا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوین. ئەو سەردەمە پۆرتوگاڵیەکان لە هەموو گۆشەیەکی جیهان موستەعمەرەیان هەبوو.  هەربۆیەیش لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، یونانی، بوڵغاری، گورجی و تەنانەت باشووری ئیتاڵیایش پێی دەڵێن پرتەقاڵ؛ بەڵام هەرکامیان بە شێوە دەربڕینی خۆیان.  پێشتر لە رێگەی عەرەبەکانەوە نارنج گەیشتبووە ئەندەلوس و لەوێوە بۆ هەموو ئەوروپا. هەربۆیە ناوەکەیان لە (نارنج)ەوە وەرگرتبوو کە عەرەبەکان لە (نارنگ)ی کوردی. فارسییان وەرگرتبوو.  نارنج\نارنگ لەبەر چێژە ترش و تاڵەکەی زیاتر بۆ دەرمان یا وەک عەتر بۆ بۆنەکەی بەکاردەهێنرا.

کاتێ لە رووی واژەڕەتناسییەوە ووشەکە شیتەڵ دەکرێت، دەردەکەوێ کە بەشی یەکەمی ووشەکە کە بریتییە لە (نار)، هەر هەمان ووشەی (هەنار، نار)ی کوردییە. (نج)یش پاشگرە و لە زۆر ووشەی تردا هەمانە. وەک (سەرنج، درنج، ماڵنج، کۆڵنج، پاڵنج).
بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە (نارنج) واتای ئەو میوەیە کە لەشێوەی (نار/ هەنار) ە دەبەخشێت. رەنگە ئەگەر لە سەردەمی گەیشتنی (پرتەقاڵ) بە کوردستان دا زمانی کوردی ئەوەندە ژێردەستە نەبووایە، هەرگیز ناوی (پرتەقاڵ)مان پەسەند نەکردایە کە ناوی میللەت و ووڵاتێکی ئەوروپاییە؛ و هەر پێمان بوتایە نارنج یا ووشەیەکی هاوشێوەمان لە ووشەی (نارنج) بۆ دابڕێژایە.


نارنجیلە


 

ئەم میوەیە کە لە وێنەکەدایە، شوێنزاکەی بریتییە لە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکای باشوور. بە ئینگلیسی پێی دەڵێن لۆلوو و ناوە زانستییەکەی سۆڵەینم کویتوەنزە. درەختێکە تا سێ مەتر بڵند دەبێت و زۆرتر حەزی لە سێبەرە. میوەکەی زۆر لە تەماتە دەچێت و لە پرتەقاڵ بچووکترە و ئاوەکەی سەوزە. گەڵاکەی هێلکەییە و تا ٤٥ سانتیمەتر درێژ دەبێ. میوەکەی خڕە و کوڵکنی مۆرە و دووای پێگەیشتن رەنگی دەگۆڕێت بۆ نارنجی. چێژ و مەزەی تێکەڵاوێکە لە رێواس و لیمۆ. ئەوەی سەرنجی منی راکێشا بۆ نووسینی ئەم چەند دێرە، ناوەکەیەتی. لە زمانی ئیسپانی دا پێی دەڵێن نارەنجیلە یا نارەنخیلە کە هەمان واتای نارنجیلەی کوردیی هەیە؛ واتە نارنجی بچووک.



ترنج، تورنج یا ترونج

 

ناوە زانستییەکەی سیتروس بێرگامیایە. ئەمەیش میوەیەکی نزیکە لە پرتەقاڵ و لیمۆ. شوێنزاکەی بە دروستی دیار نییە کوێیە؛ بەڵام لە ناوچەکانی مێدیتەرانە دەڕوێت. لە ئەوروپا بە بێرگامۆت ناسراوە کە ناوی شارێکە لە ئیتاڵیا. رەنگی سەوز یا زەردە؛ بەگوێرەی تەمەنی رەنگی دەگۆڕێت. بەرگەی بەستەڵەک و شەختەی بەهێز ناگرێت.
وا باوەڕ دەکرێت کە لە ئەنجامی لێکدانی لیمۆ و گرەیپفرووت بەرهەم هاتبێ. لە لیمۆ کەمتر ترشە و لە گرەیپفرووتیش کەمتر تاڵە. لە ئەوروپا بەرامەکەی لەگەڵ چا تێکەڵ دەکرێت.
نارنج و تورنج لە وێژەی کوردی دا پێکەوە بەکارهێنراون کە وا دیارە نرخ و ناوبانگیان هەبووە.
بە سەرنج دان بە ووشەی گرەیپفرووتی ئینگلیسی، گومان دەکەم کە (ترنج)ی کوردی پێکهاتبێ لە ترێ+نارنج.


ســـــا-


سا- یەکێکە لە پێشگر\پێشکۆ\پێشبەندەکانی زمانی کوردی. خۆی واتای ساف و لووس دەبەخشێت. هەر خۆیەتی کە چووەتە نێو
زوانی عەرەبی و فارسی و بووە بە (صاف).
بە سەرنج دا نلە ووشەکانی ساماڵ، ساکێو\ساکۆ و ساکەدەشت، بۆمان دەردەکەوێت کە هەبوونی (سا) لە پێش ئەم ووشانەوە واتای ساف و لووسی بە ووشەکان داوە.
سەرەتا بە بۆچوونی من ووشەی (ساماڵ) لە بنەڕەتدا (ساواڵ) بووە و دوواتر گۆڕاوە بۆ (ساماڵ)؛ چونکە ووشەی (ساو) یشمان هەیە کە رێک هاوواتای ساماڵە. کاتێک کە ئاسمان هەوری پێوە دیار نییە دەڵێن (ساوە) یا (ساماڵە). هەروەها واژەی (ساین) هەر بە واتای (ساف و لووس) دێت کە زۆر نزیکە لە ناوی شاری(ساینقەڵا) کە دەگوترێت ووشەیەکی تورکییە.
بە شاخێک کە هیچ دار و دەوەنی لێ نەڕوواوە و بووەتە رووتەن دەڵێن (ساکێو).

هەروەها بە دەشت و گۆڕاییەک کە هیچ گیا و رووەکی لێ نەڕوواوە دەڵێن (ساکەدەشت). رەنگە (کە) زیاتر وەک ئامرازێکی پەیوەندی لە نێوان (سا) و (دەشت) دا بەکارهێنرابێت.

Monday, June 6, 2022

ئاس یا هاس


ئەم ووشەیە رەگ و ریشەی کۆمەڵێک ووشەی گرنگە لە زوانی کوردی و چەند زمانێکی تردا.  
یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە بەرز، بڵند، باڵا.  وەک لە واژەکانی ئاس+مان و ئاس+ۆ یا ئاس+ۆگ  و ئاس+ارە یا هەس+ارە ، و ئاس+انە دا هەیە.  واتایەکی تری بریتییە لە نەرمی، ئارامی، رێکوپێکی.  وەک لە ووشەکانی ئاس+ا، ئاس+وودە، ئاس+اییش،  ئاس+ان یا هاس+ان و هەس+ان دا هەیە. 


دیارە لە هەندێک شوێن ئا یا ها/هە لادەچێ؛ وەک ئاسۆگ دەبێ بە سۆگە یا هەسان دەبێ بە سان یا فرمانی ساوینی لێ دروستدەکرێ.   تەنانەت خودی واژەی ئاش لە ئاس وەرگیراوە کە لە هۆرامی و گۆران و لوڕ و لەکی ئەمانەدا دەڵێن ئاس+یاو یا ئاس+او.

Friday, April 29, 2022

دلاوەر

ووتەیەکی پێشینان هەیە دەڵێ: لێم بووەتە دلاوەر، خێربەری شەڕ ئاوەر!

بابم بە رەحمەت بێ زۆر جار ئەم ووتەیەی بەکاردەهێنا. بەم شێوەیەش چیرۆکی ووتەکەی باس دەکرد:
کابرا بە خۆی و بە تاژییەکەوە چوو بۆ ڕاوی کەروێشک و رێوی. تاژییەکەی ئەوەندە خۆش دەویست، لە خۆشەویستییان ناوی لێنابوو دلاوەر. ئەو رۆژە زۆر ئەم شاخ و ئەو شاخ گەڕا تا دەمەو ئێوارە هیچی دەست نەکەوت. زۆر شەکەت و ماندوو بوو. لەو کاتەدا کە لە بیری ئەوەدا بوو بەرەو ئاوایی بگەڕێتەوە چاوی بە کەروێشکێک کەوت و خێرا دلاوەری خستە دوای کەروێشک.

ئیدی زۆر لەم شیو بۆ ئەو یاڵ و بۆ ئەو بن بەردە و ... بە دوای کەروێشک و تاژی دا رایکرد.. سوودی نەبوو. ئەوەندە ماندوو بوو تاقەتی لێبڕا؛ گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی و چاوەڕوان بوو تا دلاوەر بە کەروێشکەوە دەگەڕێتەوە.

خۆر ئاوا بوو، لەسەرما دەلەرزی.. هەر ئەوەندە سەری بەرزکردەوە بەرەو لاپاڵەکەی بەردەمی، دیتی دلاوەر شان بەشانی وورچێک بەرەو لای دێت. تومەز دلاوەر کەروێشکەکەی وون کردووە و لەگەڵ ئەو وورچە بووەتە برادەر!!
کابرا هەر لەجێی خۆی زراوی چوو، نەیزانی چی بکات؟ ئەوەندە سەرمای بوو هێزی راکردنیشی نەمابوو. تەنیا توانی ئەوەندە بڵێ:

بە خێڕ نەهاتی دلاوەر!
خێربەری شەڕ ئاوەر!

 



چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...