Friday, June 30, 2023

چرا


چر ریشەی ووشەکەیە و (ا) پاشگر وەک لە زۆر ووشەی تری وەک بینا، رۆشنا، گۆیا، زانا، دانا، توانا و تاد.. هەیە.  واژەکانی چرا، چریسکە و چرەنگی لێوە دروست بووە. چریسکە واتە ئەو زیلکە ئاورەی لەکاتی سووتانی داردا بەرز دەبێتەوە و بە هەوادا دەڕوات. لە لوڕی دا دەبێتە چرەنگ.

ئەم زووانی کوردییە چەندە جوان و دێرین و رەسەنە!
چرا چووەتە نێو زمانی فارسی و لەودا بووە بە چراغ
لەوێوە چووەتە نێو سوریانی و بووە بە شراگ، یا شراق
لە سوریانییەوە چووەتە نێو عەرەبی و بووە بە سراج.

میرنەورۆز

 میر نەورۆز ناسراو بە رەند لوڕستانی هۆنەرێکی سەدەی نۆزدەهەمی لوڕە؛ کاریگەریی زۆری هەبووە لە سەر خەڵکی مەڵبەندەکانی لوڕستان، ئیلام و خووزستان. زۆربەی هۆنراوەکانی میر نەورۆز لەگەڵ گۆرانییەکانی لوری تێکەڵ کراون و بە ئاوازی جیاجیا دەگوترێنەوە. هیچ هۆنەرێکی لوڕ نییە کە لە هۆنینەوەی هۆنراوەدا لاسای میر نەورۆزی نەکردبێتەوە. میر نەورۆز جگە لە لوڕی هۆنراوی بە فارسیش هۆنیوەتەوە.

ساڵ و شوێنی لە دایکبوونی دیار نییە بەڵام لە دەشتی جایدەری پۆلدوختەر لە دایک بووە. بە هۆی ئەوە کە دەبێتە نەوەی شاهۆردیخان، دەبێ لە سەردەمی شا سلێمان دا واتە دوروبەری ساڵانی ١٦٩١- ١٦٩٣ لە دایک بووبێت. هەندێکیش لایان وایە کە سەردەمی شا تەهماسبی دووەم و لە بەرەبەری دەرکەوتنی نادر شا دا ژیاوە.
بە هەژاری و دەسکورتی ژیاوە؛ و زۆر لە هۆنراوەکانی سیاسین. لە هۆنراوەکانییەوە دەردەکەوێت کە سەفەری شیرازی کردووە و ژنی لەوێ خواستووە؛ هەرچەند دوواتر لە یەکتر جیابوونەتەوە.
میر نەورۆز لە ئاواییەکی سەر بە دێلوڕانی ئیلام کۆچی دووایی کردووە؛ و گڵکۆکەیشی هەر لەوێیە. گڵکۆکەی هیچ بایەخی پێنەدراوە بەڵام تا ئێستایش خەڵکی ناوچەی رێزی لێدەگرن.
دیوانی هۆنراوەکانی میر نەورۆز ساڵی ١٩٦٨ بە کردە و کۆشەی ئەسفەندیار غەزنەفەری ئەمڕایی کۆکرایەوە و چاپ کرا. دواتر و تا ساڵی ١٩٩١چوار جاری تر چاپ کرایەوە.

گردی دنخە

گردێکی مێژووییە لە نزیک گوندی دنخە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری شنۆ لە رۆژهەڵات. رووباری گادەر بە پاڵیدا تێدەپەڕێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٣٦ شوێنەوارناسانی ئینگلیس و ئێرانی ئەم گردەیان بە سەر کردووەتەوە و بە دنیایان ناساندووە. بەگوێرەی گوتەی شارەزا ئینگلیسەکان گردی دنخە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین. گۆڕێک لەوێدا دۆزراوەتەوە کە دوو لاشەی تێدا بووە یەکیان بە راکشاوی و یەکیش بە دانیشتوویی. خەنجەرێک لە ماددەی مەفرەق (برۆنز) و ئەڵقەیەکی ئاسنین لە ژێر سەریدا بوو.

ساڵی ١٩٦٩ ئەم وێنانە لە شوێنەکە گیراون، بەڵام ووردەکارییەکان تائێستایش شاردراونەتەوە.


سان رووسەم



بەردێکی زلە لە دە کیلۆمەتریی ئاوایی بۆژان لە دەوروبەری رووباری جزمان لە ناوچەی جەلالوەندی کرماشان هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە لەک نشینە و دەکەوێتە ٦٤ کیلیۆمەتر لای باشووری کرماشان.

وەک دیارە سان هەمان سەنگ، بەرد، کوچک و کەڤرە و رووسەمیش ناوی رۆستەمە. ئەم بەردە لە شێوەی ژوورێک دا هەڵکۆڵراوە. دەرگایەکی هەیە بە بەرزیی یەک مەتر و پانیی ٧٥ سانتیمەتر. لە شوێن و ناوچەکانی تر کە تاق و ژوورە بەردینەکان لە دڵی شاخدا هەڵکەنراون بەڵام ئەمە جیاوازە. پارچە بەردێکی گەورەیە و کراوەتە ژوورێک.
خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە ئەمە پەیوەندیی هەیە بە رۆستەمی زاڵەوە؛ هەروەک چۆن لە شانامەی لەکیش دا باسی ئەم ناوچەیە کراوە کە زۆر لە شەڕەکانی رۆستەم لێرە روویانداوە. شانامەی لەکی دەڵێ کەسێک بە ناوی زەڕعەلی ماوەیەک دەست بە سەر ئەم دۆڵەدا دەگرێت و ناهێڵێ مەردم هاتوچۆ بکەن بەڵام سەرەنجام رۆستەم شکستی دەدات و لەساوە زەڕعەلی دەبێتە خزمەتکاری رۆستەم.
پێدەچێت سان رووسەم وەک هەرەمەکانی میسر بۆ شاردنەوەی لاشەی کەسێک دروست کرابێت بەڵام لە راستیدا چۆڵە و لاشەی مردووی تێدا نییە.

تاراز



 ناوی کێوێکە لە ناوچەی بەختیاری. دەکەوێتە نێوان ئوستانەکانی خووزستان و چارماڵی بەختیاری. ٢٧٠٠ مەتر لە رووی دەریاوە بەرزە. وەرزی زستان بەفر دەیگرێت و جێگەی خلیسکانە و رابواردنی زستانەی خەڵکی دەوروبەرەکەیە.

بەناوبانگترین رووەکی ئەم کێوە بریتییە لە قەیتەران (پەڕسیاوش) کە لە خێزانی سەرەخسیەکانە.
تاراز لە فۆلکلۆری لوڕیدا جێگەی تایبەتی هەیە و لە زۆر گۆرانی و هۆنراوە و چیرۆکدا ناوی هەیە. ووشەی تاراز بۆ ناوی کوڕ زۆر شیرین و گونجاوە.

کڵاو خەسرەوی یا کڵاو خەسرەوانی


کڵاو بەشێکە لە پۆشاکی مرۆڤ. لە ناوچەکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا هیچ گەل و نەتەوە و نەژادێک نەبووە کە کڵاو بەشێک لە جلوبەرگەکەی پێک نەهێنابێت. کڵاوی لوڕەکان کە دەکرێ بگوترێت کۆنترین جۆری کڵاوە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا کە وەک خۆی ماوەتەوە، تا ئێستایش لای ئەوان گرنگ و بایەخمەندە. دیارە لای ئێزدییەکان و یارسانەکانیش کڵاوێکی هاوشێوە هەیە بە کەمێک جیاوازیی زۆر بچووکەوە.

لە نێو لوڕە بەختیارییەکان دا بە زۆری کڵاوی رەش یا قاوەیی پەسەندە، بەڵام لە مەڵبەندەکانی تر کڵاوی سپی بەکاردەهێنرێت. ئەم جۆرە کڵاوە لە مێژوودا بە کڵاوخەسرەوی یا خەسرەوانی ناسراوە؛ چونکە کڵاوێکی ئاسایی نەبووە کە بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما یا باران بەکارهێنرابێت، بەڵکوو کڵاوی تایبەتی پادشاکانی ساسانی بووە. سەردەمی ساسانییەکان بە پادشا و فەرمانرەواکان گوتراوە (خەسرەو) کە لە دوو واژە پێک هاتووە خاس+ رەو واتە کەسێک کە بە رێگەی چاکە و درووستی دا هەنگاو دەنێت و دەڕوات. هەڵبەت لە هیچ سەرچاوەیەکی فارسی دا ئەم واتایەی پێ نەدراوە و لە خۆیانەوە و بێ ووردبوونەوە لە رەگ و ریشەی ووشەکە وەسفیان کردووە.
فیردەوسی دەڵێ:
(چو من زین زرین نهم بر سیاه)
(بسر بر نهم خسروانی کلاه)
واتە: وەکچۆن زینی زێڕین دەنێمە سەر سیا (ناوی ئەسپی ئەسفەندیار بوو کە رەنگی رەش بوو)؛ لەسەر دەنێم خەسرەوانی کڵاو.
هەروەها نیزامیی گەنجەیی دەڵێ:
(به خـُسرو زادگان پشتت قوی باد)
(ســـرت زیــــر کلاه خـُســروی باد).
واتە: بە خەسرەوزادەکان پشتت قایم بێ؛ سەرت لە ژێر کڵاوی خەسرەوی بێ.
کڵاوی بەختیاریەکان سێ ئەندازەی جیاوازی هەیە. ئەندازەی گەورە، مامناوەندی و بچووک. تەنیا ئەندازە گەورە و مامناوەندییەکە پێی دەگوترێت کڵاو خەسرەوی. ئەم کڵاوە لە خوریی رەش یا قاوەیی دروست دەکرێت. زۆر جاریش لە مەرەزی بزن یا لە کوڵکی ووشتر دروست دەکرێت. وەستای تایبەت و کارامە بە ئاو ڕشاندن و کوتان و هەڵگڵۆفینێکی زۆر، خورییەکە دەکاتە لباد/نمەد/تاتک. دەبێ لباد/ نمەدەکە لە پێنج میلیمەتر ئەستوورتر نەبێت. لێوارەکانی توند و سفتتر بن لە بەشەکانی تری. بەشی تەپلەی کڵاوەکە سێ کونی بچووکی تێدایە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ بکات و زۆر ئارەق نەکات. هەموو لایەکانی وەکیەکن و پاش و پێش و راست و چەپی نییە. زۆر جار پارچە قوماشێک لە دیوی ناوەوەی دەدرێت کە پێی دەڵێن ئاستەڕ .
لە کۆتاییدا دەڵێم سڵاو لە لوڕ و لوڕستان. دروود بۆ ئەو فەرهەنگە کۆن و رەسەنە کە مایەی شانازیمانە.


Monday, May 29, 2023

نۆکەر


واژەڕەتناسییەکی ووردم بۆ ئەم واژەیە نەدیوە.. بیستوومە گوایە لە فارسی دا گوتوویانە ووشەکە (نوکار) بووە بە واتای کەسێک کە کارێکی نوێی پێدراوە؛ و پاشان بووە بە (نوکر). هەندێک کوردیش هەر بنێشتەیان جاویوە؛ بەڵام ئەمە ناچێتە مێشکەوە.. لە فارسی و لوڕی دا هاوکات لە پاڵ (نۆکەر) دا (چاکر، چاکەر)یش هەیە.
بەم ئاکامە گەیشتووم کە ئەم ووشانەیش هەردووکیان لوڕین، بۆیە نە لە سۆرانی دا رەگ و ریشەیان دەدۆزرێتەوە نە لە فارسی دا. بەڵام کاتيک سەیری لوڕی دەکەین دەبینین لەودا هەردووک ووشە هەم واتایان هەیە و هەم تا ئێستایش بە واتا کۆن و رەسەنەکە بەکاردەهێنرێن.
لە لوڕیدا (نووکەری) واتە شوێنی ئامادەکردنی خۆراک. (نوو) واتە نان؛ و (کەری) واتە کردن. بە هەمان شێوە (چاکەری) واتە شوێنی ئامادەکردنی چا. کەوابوو نووکەر واتە کەسێک نان و خۆراک ئامادە دەکات و چاکەریش کەسێک کە چا ئامادە دەکات.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...