Sunday, October 15, 2023

پوختەیەک سەبارەت بە زووانی کومزاری

ئاوایی کومزار


وەک کۆنترین سەرچاوە، یاقووتی حەمەوی باسی کردووە کە گوندێک لەسەر لێوارەکانی دەریا لە خاکی عومان دا و لە دۆڵێک دا و لە نێوان دوو کێو دا هەڵکەوتووە، ناوی (کومزار)ە. سەرچاوەگەلی ئاوی سازگاری هەیە. ماوەی ٤٥ خولەک لە شاری (خەسەب)ەوە دوورە. مەردمەکەی داب و نەریتی جیاوازیان هەیە؛ لە کاتی زەماوەند دا شمشیربازی دەکەن؛ شمشیر هەڵدەدەنە ئاسمان و لە کاتی هاتنە خوارەوەدا بە دەست دەیگرنەوە پێش ئەوەی بکەوێتە سەر هەرد. ئەوان موسڵمانی سوننین و لەسەر مەزهەبی مالیکین. ناوی هۆزەکەیان (شحی)یە کە بە عەرەبی کۆی ئەم ناوە دەبێ بە (شحووح). زووانیان عەرەبییە بەڵام زۆر جار ووشەگەلێک بەکاردێنن کە بۆ خەڵکانی دەوروبەریان نامۆن.
دورگەکانی کشم و لارەک


لە سەردەمی تازەدا دووای ئەوەی کە (ئیستیعمار) کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپایی بە جیهان دا بڵاوەدەکات و دەگاتە دەریای هورمز (کەنداوی فارس)؛ پورتوگاڵی و ئینگلیسەکان بەرەبەرە لە ناوچەکەدا دەسەڵات پەیدا دەکەن. جار نا جارێکیش لەگەڵ هۆز و ئێڵەکانی ناوچەکە سەر و کەللە لە یەک دەدەن. هاوکات دەگەنە ئاوایی (کومزار)یش. کە ئەو چاخە ژمارەی دانیشتووانی زۆر نەبووە؛ بەڵام ئێستا بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەیان لە نێوان چوار تا پێنج هەزار کەسە.
لەو سەردەمە دا رۆژهەڵاتناسە ئەوروپاییەکان پەیدا دەبن کە لە راستی دا پێشەنگ و رێنیشاندەری رێژیمە کۆڵۆنیالیستەکان بوون بۆ داگیرکاری. دەچوونە نێو کۆمەڵگە و جڤاکە جیاوازەکان و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان دەدۆزینەوە و زانیاری و ئاگاییان لەسەر زمان و نەریت و مێژوو و جۆغرافیایان کۆدەکرەوە.
شێوەدورگەی موسەندەم


لەم رووەوە یەکەم جار، کەسێک بە ناوی جایاکار ساڵی ١٩٠٤ دەچێتە ئاوایی (کومزار) لە شێوەدورگەی موسەندەم لە وەڵاتی عومان؛ و توێژینەوە دەکات و دەیسەلمێنێت کە زووانی کومزاری زووانێکی هیندۆ ئەوروپاییە و عەرەبی نییە؛ بەڵام بەهۆی ئەوە کە دەوروبەرەکەی هەموو عەرەبە، زۆر واژە و دەستەواژەی عەرەبیی وەرگرتوو. ساڵی ١٩٣٠ بێرترام تۆماس لێکۆڵینەوەیەکی پاراوی سەبارەت بەم زمانە ئەنجام دا بەڵام گوتی زمانەکە عەرەبییە. بە گوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان گووایە کومزارییەکان پاشەواری ئەو بارزگانە یەمەنییانەن کە لە سەدەکانی رابردوو گەیشتوونەتە ئەوێ. هەروەها باسی ئەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوە کە کومزارییەکان یەک هۆز یا ئێڵن بەڵام دابەش بوون بە سەر هەفت تیرە دا؛ و هەر تیرەیەک پاشەواری میللەت و نەژادێکی جیاوازە. ئەوان بەڵگەیان بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە پێکهاتەی زمانەکەیە کە گوایە ووشەگەلی فارسی، عەرەبی، ئینگلیسی، هیندی و پۆرتوگاڵیی تێدایە.
لە رووی جۆگرافییەوە ئاوایی (کومزار) لە گەرووی هورمز و لەسەر لێواری دەریادا هەڵکەوتووە کە رووبەڕووی دورگەی (لارەک) و دورگەی (قشم) یا کشمە کە گەورەترین دورگەی ئێرانە. دانیشتوانی ئەم دوو دورگەیەیش زووانەکەیان نە فارسییە و نە عەرەبی بەڵکوو هی لارەک ناسراوە بە (لارەکی) و لەگۆر لێکۆڵینەوەکان گۆیشێکی زمانی کومزارییە. جیاوازیی لارەکی لەتەک کومزاری دا بریتییە لەمە کە کەمتر واژەی عەرەبی بەکاردەهێنن و زۆرینەی واژەکانیان هیندۆئەوروپاییە. زووانی مەردمی (کشم)یش ناسراوە بە (کشمی) و تێکەڵاوێکە لە عەرەبی، ئینگلیسی، هیندی و فارسی. کشمییەکانیش لە رووی باوەڕی دینییەوە موسڵمانی سوننین.
کومزار رووبەڕووی دورگەی لارەک


دووای ئەوەی کە ئەوروپایی و رووسیەکان سەلماندیان کومزاری زبانێکی هیندۆئەوروپاییە، توێژەرە ئێرانییەکانیش زمانەکەیان پەیوەست کرد بە زمانی فارسییەوە و دەڵێن هەرکام لە لوڕی و کومزاری و لارەکی پاشماوی فارسیی میانەن. لە (ئینسایکلۆپیدیای ئیرانیکا) دا نووسراوە کە لارەکی و کومزاری نزیکترین پەیوەندییان لەگەڵ لوڕی دا هەیە؛ و لوڕێک بە هاسانی دەتوانێ لێیان تێبگات. هەندێک ژێدەریش باوەڕیان وایە کە کومزاری و لارەکی گۆیشێکن لە زووانی (ئەچۆمی) یا ئەچەمی کە لە پۆستێکی تر دا باسی دەکەین.





گەروو/تەنگەی هورمز


لێرەدا چەند واژەیەکی کومزاری و لارەکی وەک نمووە دەنووسین کە راددەی نزیکایەتیی ئەم زمانە لە لوڕی/کوردی نیشان دەدات.
ئۆرما = خورما
ئانەر = هەنار/ئەنار
شیرین = شیرین
تەحل = تاڵ
نەخی = نۆک/نوخە
بادەم = بادەم
لیمۆ ترش = لیمۆ ترش
روو = روو/روخسار
سەر = سەر
شەم = چەم/چاو
سندووخ = هەنیە (سندووق)ی سەر
چۆش = گۆش/گوێ
دنان = دنان/ددان
لەو = لەو/لێو
ظوان = زووان/زمان
دەست = دەست
پا = پا/پێ
سینە = سینە/سنگ
جوغەر = جگەر
قەزان = قازان/مەنجەڵ
خوا = خوێ
سسسسسسسسسسسسسسـ
چەند رستەیەکی کورت:

پێ گییا تەی؟ لە کوێ تێی/دێی؟
کیا تو خوری؟ چی دەخۆی؟
بەپێ تو گییا هێ؟ (هێ واتە هەیە) رەنگە فارسەکان بە (هێ)ی هیندی تێگەیشتبێتن. بابی تۆ لە کوێیە؟
مە تو خەوم. من دە خەوم.
مە تو گۆم. م ئەگۆم/ من دەڵێم.
مە تو خوروم. من دە خۆم.


 




Wednesday, October 11, 2023

ساریخوانی یا ساریخانی

 


جۆرێک مەقامی لوڕییە کە بۆ ئارامی و ئاسوودەیی دەروون و دڵنەوایی دەیچڕن. ئاوازێکی نەرم و لەسەرخۆی هەیە بەڵام لەبەرئەوەی من شارەزاییم لە جۆرەکانی مەقامدا نییە لەمە پتر ناتوانم وەسفی بکەم. وەک دەڵێن ساریخوانی لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی باڵاگریوە واتە باشووری خۆرمووا سەریهەڵداوە بەڵام ئێستا لە زۆر ناوچە و مەڵبەندی تریش لایەنگری هەیە.

ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینین و دەیبیستین هونەرمەندێکە بە ناوی حاجی سوڵتانقوڵی کاکە خەڵکی ئاودانانی ئیلام کە ساریخوانی دەخوێنێت.


گۆمیزیا گوومیز


ئەمە واژەیەکی پەهلەوییە. لە بەرامبەری دا بە زوانی فارسی نووسراوە (شاش گاو) واتە میزی گا.

لە کوردی دا واژەی پێشاو بە سێ شێوەی (میز)، (مێز) و (گمێز) هەیە. رەنگە پتریش هەبێ بەلام من هەر ئەم سێیە دەزانم. لە لوڕی دا دەڵێن (چووڕ). وابزانم (شاش)یش بەکاردەهینن.
واژەی (گا) لە فارسی و زۆربەی گۆیشە کوردییەکان دا هەیە بە لەکی و لوڕییەوە؛ بەڵام لە لوڕی دا بە (گۆ یا گوو) دێتە زمان نەک (گا). هەروەک زۆربەی ئەو واژانایش کە دەنگی (ا) لە نێوەڕاستیان یا لە دماییەکەیان دایە، دەگۆڕێن بۆ (ۆ) یا (وو). وەک ئاسمان > ئاسموو، نان> نوو، زمان > زوون و تاد…
سەبارەت بە واژەی (گا) پێویستە بگوترێت کە رەگی ووشەیە و بە هۆی ئەوە کە لە لوڕی دا وەک ئاماژەی بۆ کراوە دەگوترت (گۆ یا گوو)، لەوێوە چووەتە نێ زوانی فارسییەوە و لە دوو پیتەوە بووە بە سێ پیت واتە (گاو). هەر لەم رێگایەشەوە چووەتە نێو زمانەکانی ترەوە. بۆ وێنە لە ئینگلیسی دا بووە بە (کاو).
شایانی باسە کە ووشەی (گامیزە) جۆرە نەخشێکە لە چنینی گۆرەوی و پووزەوانە و ئەمانەدا دروستی دەکەن. شێوازی نەخشەکە رێک ئەوەیە کە لە زمانی ئینگلیسی دا پێیدەڵێن زیگزاگ.



تووبا ئەزموودە یا ئازموودە

تووبا ئەزموودە


 لە دەوروبەری مەیدان/گۆرەپانی حەسەناباد کە دەکەوێتە سەر شەقامی حافز لە شاری تاران کۆڵانێک هەیە بە ناوی کۆڵانی تووبا. زۆربەی مەردم نازانن ئەم تووبایە کێیە؟!

زانیاریی سەبارەت بە ژیانی تووبا زۆر نییە. ئەوەندە روونە کە ئەو ناوی تووبا ئەزموودە یا ئازموودە بووە و کچی (میرزا حەسەن خانی سەرتیپ) بووە کە یەکێک لە پلەدارانی سەردەمی قاجار بووە. تووبا ساڵی ١٨٧٨ لە شاری تاران لەدایکبووە؛ لەلای باوکی فێری خوێنەواری بووە؛ و پاشان لای مامۆستای تایبەت، زمانی فارسی و چەند زمانی تر و زانستەکانی سەردەمی خۆی فێربووە. لە تەمەنی چواردە ساڵی دا دەدرێت بەشوو؛ بەڵام زوو لە شووەکەی جیادەبێتەوە کە تەمەنی زۆر لە خۆی زیاتر بووە.
بی بی خانمی ئەستەرابادی


وەک زۆربەی مێژووزانان کۆکن، سەردەمی قاجارەکان تاریکترین سەردەم بووە بۆ وێژە و نووسین لە ئێراندا. دەسەڵاتدارە قاجارەکان پتر بە دووای عەیش و نۆشی خۆیانەوە بوون و بایەخیان بە زانست و زانیاری و وێژە نەداوە. تووبا لەو سەردەمە تاریکەدا کەڵکەڵەی دامەزراندنی فێرگەی کچانە دەکەوێتە سەری و ساڵی ١٩٠٧ و لە تەمەنی٢٩ ساڵیدا قوتابخانەیەک دەکاتەوە بە ناوی (پەروەرش) بەڵام تەمەنی تەنیا چوار رۆژ دەبێت و کەسایەتی و لایەنە کۆنەپەرەستەکان کە دژی خوێندنی کچان بوون، دەرگای فێرگەکەی پێ دادەخەن. دوواتر بە هاوکاریی کەسانی رووناکبیر و وێژەوان و بەرنامەیەک دادەنێت و قوتابخانەیەک دەکاتەوە بە ناوی (نامووس) کە تیایدا وانەکانی ئەو سەردەمە دەڵێتەوە. بۆ پێشگیری لە پرۆپاگەندەی دژبەران، رێگەنادات هیچ مامۆستایەکی پیاو لەوێ وانە بڵێتەوە؛ جگە لە خۆی هیچ مامۆستایەکی ژنیش نەبووە؛ هەربۆیە خۆی تاکە مامۆستا دەبێت. دوواتر ئەو خوێندکارانەی لەژێر دەستی ئەم دا پێدەگەن دەبنە مامۆستای فێرگەی ناوەندی و وانە بە کچان دەڵێنەوە.
شایانی باسە کە ساڵێک پێش تووبا ئازموودەیش، بی بی خانمی ئەستەرابادی فێرگەیەکی تایبەتی بۆ کچان کردبوویەوە؛ کە لایەنە دواکەوتوو و کۆنەپەرەستەکان هەر زوو دەرگایان پێ داخستبوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەند فێرگەیەکی تایبەتی کچان لە شاری تاران هەبوون لەلایەن بیانییەکانەوە دامەزرێندرابوون و بەڕێوەدەبردران بۆ کچانی مەسیحی و جوولەکە و..


Sunday, August 6, 2023

پارێزگا، پارێزگار

هەردووک واژەکان وەرگێڕدراوی [موحافەزە] و [موحافز] ی عەرەبین.
عەرەب وشەی [موحافەزە]ی لە بەرامبەر (پرۆڤنس)ی ئینگلیسی دا داناوە. کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە یەکترییەوە نییە. پرۆڤنسی ئینگلیسی لە فرانسی و فرانسییەکەیش لە [پرۆڤێنسیا]ی لاتین وەرگیراوە کە بەو شوێنانە گوتراوە کە لە دەرەوەی ئیتالیادا هەبوون و لە ژێر دەسەڵاتی رۆم دا بوون. مانای ووشەکە بە روونی دیار نییە بەڵام پێدەچێت بە مانای [ناوچە پێشتر داگیرکراوەکان] هاتبێت.
وەرگێڕانی ووشە لە زمانی عەرەبییەوە و دانانی وەک ووشەیەکی تازە بۆ کوردی، هەمیشە گرفت و ناڕوونی بە دوای خۆیدا هێناوە؛ چونکە رەگ و ریشەی زمانی ئێمە و عەرەبی یەکتری ناخوێننەوە.
لە فارسی دا [ئوستان] بەکاردەهێنن کە هی ساسانیەکانە و ئەو سەردەمانە وڵاتیان دابەشکردووە و هەرکام لە بەشەکانی ووڵات پێی گوتراوە ئوستان. زۆرێکیش لە نووسەر و مێژووزان و زمانەوان و وێژەوانانی کورد لەسەر بنەمای نووسراوەکانی تەبەری و مێژوونووسە ئیسلامییەکان، ساسانیەکان بە باپیرانی کورد دەزانن؛ بەڵام ئامادە نین لە زمانی ئەمڕۆمان دا سوود لە واژەکانی ساسانی وەربگرن. لە راستیدا ئەگەر ساسانیەکان کوردیش نەبن، فارسەکان چەندە مافیان بەسەر ئەوانەوە هەیە، ئێمەیش ئەوەندە مافمان بەسەریانەوە هەیە.
لەلایەکی ترەوە خودی وشەی [پارێزگار] هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر لە سەر بنەمای رۆژگار و شەوگار دروسکراوە، هەڵەیە چونکە شەو و رۆژ کاتن نەک فرمان، تا پاشگری [گار]ی بۆ زیاد بکرێت. ئەگەریش لە سەر بنەمای [ئامۆژگاری] دروستکراوە، ئەوا دەبێ بڵێین کە [ئامۆژگاری] گۆڕڕاوی [ئامووزگار]ی فارسییە و لە فرمانی (ئامووختەن) وەرگیراوە و واتای فێرکەر یا مامۆستا دەدات و کوردی نییە.


Tuesday, July 25, 2023

جوودی کووهـ لە دڵفان

 


لە تەورات دا هاتووە کە کەشتییەکەی نۆح رۆژی ١٧ی مانگی ٧ لەسەر کێوی (جوودی) نیشتە سەر خاک. ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەڵام کەس نازانێ چ ساڵێک بوو. ئەسڵەن رێژەی راستی و ناڕاستیی خودی چیرۆکەکەیش بۆ هیچ کەس رۆشن نییە.

هەر بەم بۆنەیەوە ئەم ڤیدیۆیەتان پێشکەش دەکەم کە لە ناوچەی دڵفانی لوڕستان گیراوە. لەوێش کێویک هەیە بەناوی (جوودی کوو) و لە داوێنی کێوەکە مەزارێک هەیە بەناوی مەزاری نۆح پێغەمبەر. سەر کێوەکەیش ناوی (سەر کەشتی)یە.
خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەشتییەکەی نۆح لەسەر ئەو کێوە گیرساوەتەوە. شایانی باسە کە دڵفان سەر بە خۆرمووایە بەڵام مەردمەکەی بە لەکی دەدوێن.

واژەی نوستن


هاوڕێیەکی سنەیی گوتی دەیەی هەشتاکانی زایینی لە بەندیخانەدا بووم. کۆمەڵێک هاوڕێ بووین لە بەندیخانەی ورمێ. هاوڕێکانم مەهابادی بوون. زۆر جار بە یەکتریمان رادەبوارد. یەکێک لە مەهابادییەکان کە باسی زمان و شێوەزاری مەهابادیم دەکرد، زوو تووڕە دەبوو. جارێکیان هەموو بەندییەکان خەوتبوون منیش خەیاڵ هەڵیگرتبووم و سیگارم بەبادەکرد، خەوم نەدەهات. ئەو سەری بەرزەوەکرد و بە شێوازێکی نەرم کە دیار بوو خەمم بۆ دەخوات گوتی فڵانی بۆ نانووی؟

منیش بە دەرفەتم زانی تووڕەی بکەم. گوتم. وەڵڵا نوونم نایێ! دوو جار دووپاتی کردەوە، هەر گوتم نوونم نایێ! گوتی ئەوە بە چ زمانيک قسە دەکەیت؟ لێت حاڵی نابم دەڵێی چی؟ منیش گوتم بۆ حاڵ نابی؟ ئێمە دەڵێین خەوم نایێ، ناخەوم! ئێوەیش دەڵێن نوونم نایێ، نانووم!
ئیتر هاوڕێکەم تووڕە بوو گوتی تۆخوا ئەوە زمانی بەشەرانە قسەی پێ دەکەی؟ ئەگەر پیاو بم جارێکی دی چاوت دەرپەڕێ خۆت تێناگەیەنم!
ووشەی نوستن هاوواتای خەوتنە بەڵام لە رووی ووشەڕەتناسییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ووشە (خەو)ەوە نییە. لە سۆرانی و کورمانجی و هۆرامیش دا هاوتا و هاوڕیشەی نییە.
لە لوڕی دا ووشەی ئەنووس مان هەیە کە بە واتای خەوە؛ دیارە هەمان (نوستن)ی سۆرانییە کە لە لوڕیدا پێشگری (ئە) ی بۆ زیاد بووە. لە ووشەی ناشتایشدا هەمان پێشگر هەیە؛ واتە دەڵێن ئەناشتا.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...