لەمێژە بیستوومە کە گوایە سەعدی کورد بووە. دیارە تا پەنجا ساڵ لەمەوبەر کە خوێندن تەنیا لە حوجرە و مزگەوتەکان بوو، بووستان و گوڵستانی سەعدی لە هەموو مزگەوتێکی ئەم کوردستانە فراوانە هەبوون و دەخوێنران.
ئەم وێنەیەی کە دەیبینن کۆپیی لاپەڕەیەکە کە لە ئەرشیڤی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران پارێزراوە.
ئەمە نامەیەکە بە لوڕی نووسراوە و گوایە دەوروبەری ساڵانی ٦٥٠ تا ٧٠٠ی کۆجی سەعدی نووسیووێتی. دیارە لوڕیزانێکی باش پێویستە کە بتوانێت هەمووی بە دروستی بخوێنێتەوە و بیھێنیتە سەر رێنووسی هاوچەرخ.
ئەم نامەیە ئەمە دەسەلمێنێت کە سەعدی یا لوڕ بووە یا زمانی لوڕیش شانبەشانی فارسی لەو سەردەمەدا زمانی نووسین بووە و سەعدی لوڕیی زانیوە.
لەلایەکی ترەوە مامۆستا یووسفی ئەردەڵان لە تێچنێکدا کە لە فەیسبوک بۆ منی نووسی گوتی: نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەقێکی یەکێک لە پەرتووکەکانی (نەجەف دەریابەندەری)م خوێندەوە کە دروست لە یادم نییە خۆی نووسیبووی یا وەریگێڕابوو؛ لەوێدا نووسرابوو کە سەعدی پەرتووکێکی داناوە بە ناوی (فەهلەویات) بەڵام نووسەرانی فارسی هیچ بایەخیان پێنەداوە. دەریابەندەری هەر ئەوەندەی نووسیوە و لەمە زیاتر روونی نەکردووەتەوە. جا ئەگەر ئەمە راست بێ کەواتە سەعدی یا کوردی فەیلی بووە یا زمانی کوردی و شێوازی هۆنراوەی کوردیی فەیلیی زانیوە. چونکە وێدەچێ ئەو پەرتووکە کە بە ناوی (فەهلەویات) بووە تایبەت بەو هۆنراوانەی بێ کە بە زمانی کوردیی فەیلی نووسیونی یا هەر فارسی بوون و بە شێوازی هۆنراوەی کوردی دایناون. چونکە فەهلەویات شێوازی نوووسینی هۆنراوەیە بە کوردی؛ بۆ وێنە هۆنراوەکانی باوە تاهیری هەمەدانی هەموویان بە شێوازی فەهلەوی نووسراون. بەڵام خودی ئەوە کە نووسەرانی فارس بایەخیان پێنەداوە وێدەچێت کە پەرتووکەکە کوردی بووبێت و ئەوان لێی تێنەگەیشتوون؛ و نەیانویستووە سەری خۆیانی پێوە بیەشێنن.
شایانی باسە کە بەیتە هۆنراوەیەکیش پێشتر بڵاو بووەتەوە کە گوایە هی سەعدییە و دەڵێت:
گاە بە تازی آستین بر من زند گوید تعال!
گاه بە کوردی گویدم: بۆرە نشین و نان هور!