Saturday, June 22, 2024

ئەفسەر

 

لە واژەنامە فارسییەکان دا کۆمەڵێک واتای هەیە کە هەموویان پەیوەندییان بە تاج و کڵاوەوە هەیە. دێهخودا دەڵێت ئەم ووشەیە ووشەیەکی لێکدراوی ئاڤێستاییە و لەوێدا نووسراوە (ئەو+سەر). واتە ئەو شتەی لە سەر دەنرێت کە هەمان کڵاو یا تاجە.

دووای ئەوەی کە ئەوروپاییەکان ئەرتەش و سوپای مۆدێرنیان بۆ ئێران ريکخست و دامەزراند، ئێرانییەکان دیتیان کە لە زمانی ئەورروپاییەکاند واژەی (ئۆفیسەر) هەیە و وەک پلە و پایەیەکی لەشکری بەکاری دەهێنن. هەربۆیە ووشەی ئەفسەریان لە بەرانبەر (ئۆفیسەر)دا پەسەند کرد هەرچەند هیچ پەیوەندییەکی واتاییان پێکەوە نەبوو.
ئیتر واتا تازەکەی لە فارسییەوە کەوتە نێو زمانی کوردیشەوە. شایانی باسە کە ئەفسەر لای فارسەکان وەک ناویش بۆ ژن بەکاردەهێنرێت.

جیاوازییەکی لوڕی و سۆرانی

 

جیاوازییەکی رێزمانیی گەورەی نێوان لوڕی و زار و زمانە زاگرۆسییەکانی تر بریتییە لە ئامرازێکی پەیوەندی کە لە فارسی و لوڕی دا هەیە بەڵام لە هۆرامی، کەڵهوڕی، گۆران، سۆرانی و کورمانجی و… دا نییە. ئەم ئامرازە پەیوەندییە هەمیشە بە دووای ناو یا راناودا دێت و دەیبەستێتەوە بە ووشەکەی دووای خۆیەوە. ئەم ئامرازە پەیوەندییە لە فارسی دا بریتییە لە (را) و لە لوڕیش دا (ن)ە.

چەند نموونەیەک:
لوڕی: بوزەلن هاوەردی؟
فارسی: بُزها را آوردی؟
سۆرانی: بزنەکانت هێنان؟
لوڕی: دارەلن ئاو دیە!
فارسی: درختها را آب بدە!
سۆرانی: دارەکان ئاو بدە!
وەک دەبینین لە سۆرانی دا هیچ ئامرازێکی پەیوەندی لە نێوان بزنەکان و هێنان یا دارەکان و ئاودان دا نییە؛ بەڵام لە لوڕی دا (ن) و لە فارسی دا (را) هەیە.

لە پەراوێزی باسی ژنە نیاندرتاڵەکەدا


گەلی ماوری نەژادێکی مرۆڤەکانن کە وەک خەڵکی رەسەنی نیوزیلەند ناسراون. ئەوان لەدەوروبەری ساڵی ١٣٠٠ی زایینی بەهۆی لۆتکە و بەلەمەوە لە دورگەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە و لە چەند کات و کەڕەتی جیاوازدا خۆیان گەیاندووەتە ئەوێ و لەوێ بنەجێ بوون. زمان و نەریتەکانی پێشووی خۆیانیان پاراستووە و هەر ئێستایش زمانەکەیان زۆر نزیکە لە زمانی ئەو دورگانەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە بە دورگەکانی کووک ناسراون. ماورییەکان بە شەڕکەری بەناوبانگن و هەروەها زمانێکی دەوڵەمەند و ریشەداریان هەیە.
هەندێک چیرۆک و بەسەرهات دەگێڕنەوە کە پێش ماورییەکان گەلێکی تر بەناوی مۆریۆری لە رۆژهەڵاتەوە واتە لەدورگەی (چەیتم)ەوە گەیشتوونەتە نیوزیلەند و لە دورگەی باشووری نیوزیلەند نیشتە بوون. کاتێک کە ماورییەکان دەگەنە نیوزیلەند لەگەڵ مۆریۆرییەکان رووبەڕوو دەبنەوە. دیار نییە کە ژمارەی کامیان کەمتر و کامیان زۆرتر بووە بەڵام لە ئاکامی شەڕەکانیاندا مۆریۆرییەکان قریان تێدەکەوێت. ماورییەکان تەنیا بە کوشتنیان نەوەستاون، بەڵکوو خواردوویانن. رەنگە یەکێک لە هۆکاری سەرکەوتنی ماورییەکانی هەر ئەمە بێت کە بۆ مەبەستی تێرکردنی وورگیان پەلاماریا بردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک کەس کە رەنگە ژمارەیان بگاتە ١٠٠٠ کەسێک لە دورگەی (چەیتم) دووای تەقەلایەکی زۆر توانییان بە حکومەتی نیوزیلەند بسەلمێنن کە ئەوان لە نەژادی مۆریۆرین و گەلەکەیان قڕی تێنەکەوتووە.
شایانی باسە کە دوواترین رووداوی قڕکردنی مۆریۆرییەکان لەلایەن ماورییەکانەوە لە سەدەی هەژدەدا روویداوە. ئەی کاتێک کە ئاوڕ لە ٧٠ هەزار ساڵی پێشوو دەدرێتەوە و باس نەک لە زمان و فەرهەنگ و کەلەپووری جیاوازی مرۆڤەکان بەڵکوو باس لە جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ دەکرێت، دەبێ چ دیمەنێک لە مێشکی خۆماندا وێنا بکەین؟ کێ دەتوانێ باوەڕ بکات کە ئەو جۆرە جیاوازە مرۆڤانر پێکەوە ژیاون یا تێکەڵاوییان بووە؟ مەگەر زۆر زۆر زۆر بە دەگمەن. هەر وەک چۆن بە دەگمەن لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵانی ئێستادا جووتبوون دێتە پێش.


تەنگە

 

ناسراوترین مانای ئەم واژەیە لە زووانی فارسی دا بریتییە لە شوێنێکی تەسک و تەنگەڵان وەک نێوان دوو بەرزایی کە دەبێتە دۆڵ یا شیوێکی تەنگ. هەروەها بە واتای (مضیق) یا (گەروو)یش بەکاری دەهێنن کە دەکاتە دەریایەک کە لە دوو لایەوە تەسک دەبێتەوە و ووشکانییەکانی ئەمبەر و ئەوبەری لە یەکتری نزیک دەبنەو وەک تەنگەی هورمز یا گەرووی هورمز لە کەنداوی عەرەب/فارس دا. دیارە لە زمانە زاگرۆسییەکانیش دا هەر بە واتای تەسکایی و تەنگەبەرایئ نێوان دوو بەرزایی هاتووە.

یەکێک لە واتا ناسراوەکانی تری تەنگە ئەو قایشە پانەیە کە لەژێر زگی ئاژەڵی بارەبەردا دەبەسترێ بۆ گورجکردنی زین و کورتان/کۆپان/پاڵان. واتایەکی تری تەنگە بریتییە لە قەد و باڵا کە مەبەستی سەرەکیی ئەم کورتە یادداشتەی ئێمەیە. بەتایبەتی بۆ کەسێک بەکاردەهێنرێت کە وورگی زل بێت و قەڵەو بێت. دەڵێن کابرایەکی تەنگە ئەستوورە.
لێرەدا واتای تەنگە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە. لەکاتێکدا کە لە ووشەکانی پێشوودا بە واتای مەودایەکی کورت و تەسک بەکاردەهێنرا، لەم واژەیە و لە واژەی تەنگەی بارەبەردا بۆ نیشاندانی ئەستووری بەکاردەهێنرێت. هەربۆیە بەم ئاکامە دەگەین کە ریشەی واژەی (تەنگە) لە ووشەی لێکدراوی (تەنگەستوور)دا ریشەیەکی جیاوازە لە ئەوانی سەروو. هەروەها ریشەی (تەنگە)ی بارەبەریش جیاوازە چونکە هۆکارێک نابینرێت ئەو قایشە بخرێتە تەنگانەوە. ریشەی ئەم دوو واژەیەی دوایی لە ووشەی (تەن) دایە بە واتای لەش، لار، لاشە. لە لوریدا (تونگ) یا (تونگە)مان هەیە بە واتای ئەستوورایی قەدی درەخت بەبێ لک و شاخە و گەڵاکانی. واژەکانی (تونگ، تونگە، تەنگە) بە واتای قەد و باڵا دێن. کاتێک دەڵێن کابرایەکی تەنگەستوور واتە کابرایەکی قەد ئەستوور، یا کە دەڵێن تەنگەی ئەسپ مەبەست ئەو قایشەیە کە لە تەن و قەدی ئەسپ دەبەسترێت. ووتەیەکی پێشینیان هەیە دەڵێ: هەر دەیکەم بە تەنگە و ئەو دەبێتەوە بە پاڵوو. پاڵوو ئەو پارچە کەژووە پانەیە کە دەکەوێتە بن کلکی بارەبەر بۆ راگرتنی کورتان.


دورگەی زەرکۆ یا زڕکۆ

 

لە ١٤٠ کیلۆمەتریی باکووری رۆژاوای شاری ئەبووزەبی و لە کەنداودایە. دورگەیەکی بچووکی شێوە هێلکەیی هەیە کە تەنیا ١٦١ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. رووبەرەکەی نزیکەی هەفت کیلۆمەتر و نیوە. لەلای باشووریەوە بە پانیی دوو مەتر دەسپێدەکات و تا دەگاتە ئەوپەڕی باکووری دەگاتە ٤٥٠ مەتر. هیچ چەشنە درەختێکی لێ ناڕوێ جگە لە چەند جۆرە گیا و دەوەنێکی بیابانی. لێوارەکانیشی لمین و بەردەڵانە.

ئەم دورگەیە سەر بە میرنشینی ئەبوزەبییە و وەک بەشێک لە خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەژمار کراوە. ئێران لە ساڵاانی رابردوودا باسی لەوە کردووە کە ئەم دورگەیە هی ئەوانە و کار دەکات بۆ وەرگرتنەوەی؛ بەڵام بە کردەوە تا ئێستا هیچی بۆ نەکردووە.
لەبەرئەوەی ئاوی خواردنەوەی نییە و پێشتریش نەیبووە، هەرگیز ئاوەدان نەکراوەتەوە؛ بەڵکوو تا ساڵی ١٩٧٨ پەناگەی جۆرێک باڵندە بوو کە بە (کۆرمۆرانت یا شاگ) ناسراوە. سەردەمانی زوو زۆر جار راوچییانی مرواری بۆ مانەوە و پشوودان و درێژەدان بە راو و شکاریان ئەم دورگەیەیان بەکاردەهێنا. لە ساڵی ١٩٧٨ بە دوواوە کە زانرا ئەم دورگەیە نەوتی هەیە، کۆمپانیای گەشەپێدانی زادکۆ دەستی کرد بە کاری هەڵکۆڵین و بنیاتنانی بنکە و دامەزراوە و پاڵێوگە لەم دورگەیەدا. ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ کەس کە زۆربەیان کارمەند و کرێکار و بەڕێوەبەری ئەم کۆمپانیایەن لەوێ نیشتەجێن. فڕگەیەکی بچووکیشی تێدا ساز کراوە.
شایانی باسە کە ووڵاتی ئیمارات رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەم دورگە بچووکە دەردەهێنێت. لەپاڵ ئەمەدا و لە نوێترین پێشهاتدا کۆمپانیای زادکۆ تێچووی توێژینەوە و وانستەی زیندەفرەجۆریی لەم دورگەیەدا گرتووەتە ئەستۆ؛ کە مەبەست لێی بایەخدانە بە سەرژمێری و نیگاداری لە زیندەوەرەکانی ئەوێ.

Sunday, April 28, 2024

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یا درۆن

درۆن یا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مێژوویەکی لانیکەم دووسەد ساڵەی هەیە.  سادەترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ساڵی ١٧٨٢ دوو برای فرانسەیی بە ناوەکانی ژۆزێف -میشێل مۆنتگۆڵفیەر و ژاک -ئێتیەن مۆنتگۆڵفیەر باڵۆنیان دروستکرد و بەرلەوەی سواری ببن، بەبێ سەرنشین هەڵیاندا و نیشاندیانەوە.  ئەمە وەک دەسپێکیک بۆ جڵەوکردنی فڕۆکەیەک بەبێ سەرنشین.  ساڵی ١٨٤٩ ووڵاتی ئۆتریش (نەمسا) بە باڵۆنی بێسەرنشین پەلاماری ئیتاڵیای دا و بۆمبارانی کرد.  دوواتریش لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، ساڵی ١٩١٧ لە بریتانیا و ساڵی ١٩١٨ لە ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست کرا کە بە شەپۆلی رادیۆ لە دوورەوە جڵەو دەکرا.  ئەمەی دووایی سەرەتای دروستکرانی درۆنی تازە بوو کە تەکنۆلۆجیای ئەلەکترۆنیی تێدا بەکارهێنرابوو.  بەڵام نەوەی تازەی درۆنەکان کە تەکنۆلۆجیای کۆمپیووتەریان تێدا بەکارهێنرا لە دەیەی هەفتا و هەشتای سەدەی رابردوودا بوو.

 واژەی (درۆن) کە لە زمانی ئینگلیسی دا بەم شێوەیە (drone) دەنووسرێت، ناوە زانستییەکەی (Unmanned aerial vehicle)ە بە واتای "گاریی بێسەرنشینی هەوایی". خودی واژەی (درۆن) لە دەنگی ئامرازەکەوە وەرگیراوە نەک لە کار و کردەوە و شێوە و قەبارەکەی. بە دەربڕێنێکی تر، ووشەی (درۆن) واتە شتێک کە ڤڕەڤڕ، ویزەویز یا گیزەگیزی لێوە دێت.

لە زووانی فارسیدا واژەی (درۆن) نەکراوەتە فارسی؛ بەڵکوو ناوە درێژەکە وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی و رستەیەکی لێوە دروست بووە کە پاشان رستەکەیان لە پێنج پێت دا کورت کردووەتەوە؛ و بووە بە (پهپاد). رستەکە ئەمەیە (پرندە هدایت پزیر از راه دور). وەرگێڕدراوی رستە فارسییەکە ئەمەیە: باڵندە یا فڕۆکەی ئاراستەکراو لە دوور. لە عەربی دا ناویان ناوە (مسیرة) واتە رەوەک یا شتێک کە کاری رۆیشتنە.

من دوو ساڵ لەمەوبەر لە کیاستەیەکی فەیسبوک دا باسی ئەمەم کردووە و لام وایە وەرگێرانی واتای(درۆن)ی ئینگلیسی بە کوردی زۆر دژوار و چەتوون نییە، گرنگ ئەمەیە لەسەر ووشەیەک ساغ ببینەوە کە دەربڕی دەنگی کەرەستەکە بێت. لەپاڵ ڤڕەڤڕ، ویزەویز، گیزەگیز، هازەهاز، ڤنەڤن چی دەنگێکی ترمان هەیە کە گونجاوتر بێت بۆ دەربڕینی دەنگی ئەم کەرەستەیە. ئیتر پاشگرێک دەخرێتە سەر دەنگەکە و ناوی کەرەستەکە دەردەچێت. من لە نێو پاشگرە کوردییەکاندا گەڕام پاشگرێکم دەس نەکەوت لە پاشگری (ێنکە) گونجاتر بێت بۆ ئەم ناوە؛ هەربۆیە ئەو کاتە گوتم (ڤڕێنکە) ناوێکی گونجاوە، واتە شتێک کە ڤڕەی لێوە دێت. ئەمەیش لەسەر بنەمای ناوی (کزێنکە) کە جۆرە نانێکە لە هەویرێکی شل و ئاوەکی دروست دەکرێت کە دەخرێتە سەر ساج و کزەکزی لێوە دێت.


Friday, April 26, 2024

سەبارەت بە رەچەڵەکی سەعدی



 لەمێژە بیستوومە کە گوایە سەعدی کورد بووە.  دیارە تا پەنجا ساڵ لەمەوبەر کە خوێندن تەنیا لە حوجرە و مزگەوتەکان بوو، بووستان و گوڵستانی سەعدی لە هەموو مزگەوتێکی ئەم کوردستانە فراوانە هەبوون و دەخوێنران.

ئەم وێنەیەی کە دەیبینن کۆپیی لاپەڕەیەکە کە لە ئەرشیڤی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران پارێزراوە.

ئەمە نامەیەکە بە لوڕی نووسراوە و گوایە دەوروبەری ساڵانی ٦٥٠ تا ٧٠٠ی کۆجی سەعدی نووسیووێتی.  دیارە لوڕیزانێکی باش پێویستە کە بتوانێت هەمووی بە دروستی بخوێنێتەوە و بیھێنیتە سەر رێنووسی هاوچەرخ.

ئەم نامەیە ئەمە دەسەلمێنێت کە سەعدی یا لوڕ بووە یا زمانی لوڕیش شانبەشانی فارسی لەو سەردەمەدا زمانی نووسین بووە و سەعدی لوڕیی زانیوە.

لەلایەکی ترەوە مامۆستا یووسفی ئەردەڵان لە تێچنێکدا کە لە فەیسبوک بۆ منی نووسی گوتی: نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەقێکی یەکێک لە پەرتووکەکانی (نەجەف دەریابەندەری)م خوێندەوە کە دروست لە یادم نییە خۆی نووسیبووی یا وەریگێڕابوو؛ لەوێدا نووسرابوو کە سەعدی پەرتووکێکی داناوە بە ناوی (فەهلەویات) بەڵام نووسەرانی فارسی هیچ بایەخیان پێنەداوە.  دەریابەندەری هەر ئەوەندەی نووسیوە و لەمە زیاتر روونی نەکردووەتەوە.  جا ئەگەر ئەمە راست بێ کەواتە سەعدی یا کوردی فەیلی بووە یا زمانی کوردی و شێوازی هۆنراوەی کوردیی فەیلیی زانیوە.   چونکە وێدەچێ ئەو پەرتووکە کە بە ناوی (فەهلەویات) بووە تایبەت بەو هۆنراوانەی بێ کە بە زمانی کوردیی فەیلی نووسیونی یا هەر فارسی بوون و بە شێوازی هۆنراوەی کوردی دایناون.  چونکە فەهلەویات شێوازی نوووسینی هۆنراوەیە بە کوردی؛ بۆ وێنە هۆنراوەکانی باوە تاهیری هەمەدانی هەموویان بە شێوازی فەهلەوی نووسراون.  بەڵام خودی ئەوە کە نووسەرانی فارس بایەخیان پێنەداوە وێدەچێت کە پەرتووکەکە کوردی بووبێت و ئەوان لێی تێنەگەیشتوون؛ و نەیانویستووە سەری خۆیانی پێوە بیەشێنن.  

شایانی باسە کە بەیتە هۆنراوەیەکیش پێشتر بڵاو بووەتەوە کە گوایە هی سەعدییە و دەڵێت:

گاە بە تازی آستین بر من زند گوید تعال!

گاه بە کوردی گویدم: بۆرە نشین و نان هور!



چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...