Monday, June 24, 2024

رەواج


لە عەرەبیدا رایج و تەرویج و زۆر واژەی تری لێ سازکراوە؛ بەڵام خودی ووشەکە کوردییە و هەمان پەیڤی (رەوا)یە. عەرەب گەلێک واژەی تری ئێمەیان لەسەر ئەم شێوازە و تەنیا بە خستنەسەری یەک پیتی (ج) عەرەباندووە. وەک تازە > تازج، بەرنامە> بەرنامج، ناسک>نازج، زاوا > زەواج و تاد.. لەبەرئەوەی لە زمانی عەرەبیدا گەردانکردنی ووشە و گۆڕینی بۆ فرمان کارێکی ئاسان و ئاساییە، هەربۆیە بۆ کەسانی ناعەرەب ئاسان نییە واژەکانی خۆیان لە عەرەبیدا بناسنەوە؛ ئەگینا ئەو عەرەبییەی ١٤٠٠ ساڵە مەدح و ستایشی توانایی دەکرێت هێجگار وا دەوڵەمەندیش نییە.


Saturday, June 22, 2024

پلاتۆ

 

لە زمانە ئەوروپاییەکان دا واژەی(Plateau) هەیە کە بەرامبەرەکەی لە کوردی دا (بان، بانوو یا بەن)ە. بە دەشت و گۆڕاییەک دەگوترێت کە لەسەر بەرزاییەک هەڵکەوتووە. سەد ساڵێک لەمەوبەر کاتێک کە ئێرانییەکان دەستیان کرد بە وەرگێڕانی پەرتووکە ئەوروپاییەکان بۆ سەر زووانی فارسی، لە بەرامبەر (پلاتۆ) دا ووشەی (فَلات)ی عەرەبییان دانا کە بە دەشتێکی ووشک و قاقڕ دەگوترێت. تەنیا لەبەر ئەوەی (فەلات) لە بیچم و روواڵەت دا لە (پلاتۆ)وە نزیک بوو، ئەم واتایەیان پێدا و تا ئێستایش بەکار دەهێنرێت.

مایەی داخ و کەسەر ئەمەیە کە دەبینم کابرا بە کوردی دەدوێت و بۆ کورد داخێوێت کەچی پەیتا پەیتا واژەی چەوتی (فەلات) بەکار دەهێنێت لەجیاتی بەرانبەرە کوردییەکەی.

سوء استفادە

 

ئەم دەستەواژەیە کە لە دوو واژە ساز بووە و هەردووکیان عەرەبین، لە فارسی دا بەکاردەهێنرێت و زۆریش باوە. کاتێک کەسێک لە رووداوێک، دۆخێک یا شتێک بۆ مەبەستی خۆی کەڵک و سوود وەردەگرێت واتە ئەو دۆخە یا رووداوە بۆ قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە، دەڵێن فڵانی (سوء استفادە)ی لەو کارە یا دۆخ و رەوشە کرد.

لەم یەک دوو ساڵی رابردووە دا لێرە و لەوێ دیتوومە بەرامبەر ئەم دەستەواژەیە کەسێک ووشەی (کەڵکاژۆ)ی ساز و پێشنیازی کردووە؛ و دیتوومە کەسانێکیش هەن بەکاریان هێناوە. بەڵام چەندی بیری لێ دەکەمەوە واتای (سوء استفادە) نادات بە دەستەوە. کەڵکاژۆ پتر مانای سوودجۆیی و بەرژەوەندیخوازی دەدات، نەک کەڵک و سوود وەرگرتن بە نیاز و نییەتی خراپ. ئەمە جگە لەوە کە خودی (کەڵک)یش شایستەی ئاژۆتن و لێخوڕین نییە؛ مەگەر مەبەست مەلی (کەڵک) بێت😊.

شەوە


ئەمە لە زووانی عارەبی دا واتە تارمایی، گیان، سایە، گیانێکی مردوو کە خۆی نیشانی زیندووەکان دەدات و تاد..

زۆر واژەی وەک ئەمە عەرەبێندراون و نایانناسینەوە. شەبەح هەر هەمان (شەوە)ی کوردییە و عەرەبێندراوە.
(شەوە) بوونەوەرێکی خەیاڵییە پەلاماری کۆرپەی نەوزاد و دایکی دەدات ئەگەر بە تەنیا بن و کەس بە لایانەوە دیار نەبێت.
گۆرانییەکی گەلەری دەڵێت:
ماڵت وێران بێ شەوە!
بۆچ ئەمنت نەبردەوە؟

ئاخوڕ

 

ئاخوڕ یا ئاخور بەو شوێنە دەگوترێت کە بە قوڕ دروست دەکرێت بۆ ئالیکی ئاژەڵ تا لێئ بخۆن واتە لەسەری بچەرن / بلەوەڕن. جۆرێکیش دروست دەکرێت لە دار یا بەرد و تازەترینیان لە ماددەی کانزا کە لە کاتی پێویستدا لەباتی ئالیک ئاوی تێدەکەن بۆ ئاژەڵ. بەمەیان دەگوترێ کۆل. دیارە کۆل واتای تریشی هەیە بەڵام لێرەدا ئێمە ناپەرژێینە سەر ئەوان.

واژەی ئاخوڕ پێدەچێ هەمان ئاوخۆر یا ئاوخۆرە بێت. واتە پێشتر ئاخوڕ لە دار دروستکراوە و بۆ ئاو بەکارهاتووە بۆیە ناویان ناوە ئاوخۆر یا ئاوخۆرە؛ دوواتر لەشێوەی ئەو دروستیان کردووە بۆ ئالیک و. هەمان ناویشیان بۆ بەکار هانیوە.
ووشەی (ئەکواریەم)ی ئینگلیسیش کە خۆی لاتینە و لە بنەچەدا مانای ئاخوڕ دەدات لە رووی بیچم و روواڵەتەوە زۆر لە ئاخوڕ نزیکە. بەڵام ئەکواریەم دوو بەشە و بەشی یەکەمی کە (ئەکوا)یە یۆنانییە و واتەی ئاو دەدات.

ئەفسەر

 

لە واژەنامە فارسییەکان دا کۆمەڵێک واتای هەیە کە هەموویان پەیوەندییان بە تاج و کڵاوەوە هەیە. دێهخودا دەڵێت ئەم ووشەیە ووشەیەکی لێکدراوی ئاڤێستاییە و لەوێدا نووسراوە (ئەو+سەر). واتە ئەو شتەی لە سەر دەنرێت کە هەمان کڵاو یا تاجە.

دووای ئەوەی کە ئەوروپاییەکان ئەرتەش و سوپای مۆدێرنیان بۆ ئێران ريکخست و دامەزراند، ئێرانییەکان دیتیان کە لە زمانی ئەورروپاییەکاند واژەی (ئۆفیسەر) هەیە و وەک پلە و پایەیەکی لەشکری بەکاری دەهێنن. هەربۆیە ووشەی ئەفسەریان لە بەرانبەر (ئۆفیسەر)دا پەسەند کرد هەرچەند هیچ پەیوەندییەکی واتاییان پێکەوە نەبوو.
ئیتر واتا تازەکەی لە فارسییەوە کەوتە نێو زمانی کوردیشەوە. شایانی باسە کە ئەفسەر لای فارسەکان وەک ناویش بۆ ژن بەکاردەهێنرێت.

جیاوازییەکی لوڕی و سۆرانی

 

جیاوازییەکی رێزمانیی گەورەی نێوان لوڕی و زار و زمانە زاگرۆسییەکانی تر بریتییە لە ئامرازێکی پەیوەندی کە لە فارسی و لوڕی دا هەیە بەڵام لە هۆرامی، کەڵهوڕی، گۆران، سۆرانی و کورمانجی و… دا نییە. ئەم ئامرازە پەیوەندییە هەمیشە بە دووای ناو یا راناودا دێت و دەیبەستێتەوە بە ووشەکەی دووای خۆیەوە. ئەم ئامرازە پەیوەندییە لە فارسی دا بریتییە لە (را) و لە لوڕیش دا (ن)ە.

چەند نموونەیەک:
لوڕی: بوزەلن هاوەردی؟
فارسی: بُزها را آوردی؟
سۆرانی: بزنەکانت هێنان؟
لوڕی: دارەلن ئاو دیە!
فارسی: درختها را آب بدە!
سۆرانی: دارەکان ئاو بدە!
وەک دەبینین لە سۆرانی دا هیچ ئامرازێکی پەیوەندی لە نێوان بزنەکان و هێنان یا دارەکان و ئاودان دا نییە؛ بەڵام لە لوڕی دا (ن) و لە فارسی دا (را) هەیە.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...