Friday, July 5, 2024

موور و هوورە



لە نێو لەکەکان دا جۆرێک گۆرانی هەیە کە پتر رەنگدانەوەی هەستی ناخی گۆرانیبێژە لە بەرانبەر رووداو و پێشهاتێکی ناخۆش و نەخوازراودا؛ یاخۆ دەربڕینی ئەوین و خۆشەویستییە لە هۆنراوەی یەک بەیتی دا و بە ئاوازێکی غەمناک و ماتەمبار کە پێی دەگوترێت (موور). مووریش وەک هوورە بەبێ مۆسیقا دەخوێنرێت. موورێک کە لە دڵەوە دەربچێت لە دڵیش دەنیشێت.

هاوکات (هوورە یا هۆرە)یش هەیە کە لە ناوچەگەلێکی فراوانتری وەک ئەردەڵان، هۆرامان، کرماشان، سلێمانی، گەرمیان و ئیلام باوە.
بە گوێگرتن و ووردبوونەوە لە هەردووکیان دەردەکەوێت کە نزیکایەتییەکی زۆر لە نێوانیان دا هەیە. بە جۆرێک کە یا دەبێ بگوترێت هۆرە جۆرێک موورە یا بە پێچەوانەوە بگوترێت موور جۆرێک هۆرەیە. شایانی سەرنجە کە کرماشان دەبێ پێی بگوترێت پایتەختی هوورە چونکە هەموو شێوەزارەکانی ئەم ناوچەیە بە بێ جیاوازی هوورەیان هەیە. هوورە و موور لە لوڕستانیش نامۆ نین؛ هەرچەند موورە و هوورەچڕێکی بەناوبانگی لوڕمان نییە، بەڵام بەشێکی زۆریان گوێ دەدەنە هەردووک ئاواز و چێژیان لێ وەردەگرن.





Monday, June 24, 2024

شاژن


 لە زمانی کوردیا وشەی شاژن نەبووە بەڵکوو زمانەوانەکانمان لە سەدەی بیستەم دا دروستیان کردووە. ئێستایش هەڵە و کەموکووڕیی پێوە دیارە. لە کوردیدا شا هەر شا بووە چ ژن بووبێت چ پیاو. ئێستایش لە چیرۆک و داستانەکاندا دەگێڕنەوە دەڵێن وڵاتێک هەبوو شایەکەی ژن بوو ؛ ناڵێن شاژنی هەبوو. شاژن واتە ژنی شای وڵات نەک ژنێک کە دەسەڵاتەکانی شای هەبێت و کاری شایەتی بکات.

کاتێک کە باسی شای بریتانیا دەکەین نابێ بڵێین شاژن چونکە لە راستیدا ئەو خۆی شایە و مێردەکەی شا نییە. بە هەمان شێوە بۆ شای هەنگ دەبێ بڵێین شا نەک شاژن چونکە ئەو هەنگەی لەگەڵی جووت دەبێ شا نییە.


رەواج


لە عەرەبیدا رایج و تەرویج و زۆر واژەی تری لێ سازکراوە؛ بەڵام خودی ووشەکە کوردییە و هەمان پەیڤی (رەوا)یە. عەرەب گەلێک واژەی تری ئێمەیان لەسەر ئەم شێوازە و تەنیا بە خستنەسەری یەک پیتی (ج) عەرەباندووە. وەک تازە > تازج، بەرنامە> بەرنامج، ناسک>نازج، زاوا > زەواج و تاد.. لەبەرئەوەی لە زمانی عەرەبیدا گەردانکردنی ووشە و گۆڕینی بۆ فرمان کارێکی ئاسان و ئاساییە، هەربۆیە بۆ کەسانی ناعەرەب ئاسان نییە واژەکانی خۆیان لە عەرەبیدا بناسنەوە؛ ئەگینا ئەو عەرەبییەی ١٤٠٠ ساڵە مەدح و ستایشی توانایی دەکرێت هێجگار وا دەوڵەمەندیش نییە.


Saturday, June 22, 2024

پلاتۆ

 

لە زمانە ئەوروپاییەکان دا واژەی(Plateau) هەیە کە بەرامبەرەکەی لە کوردی دا (بان، بانوو یا بەن)ە. بە دەشت و گۆڕاییەک دەگوترێت کە لەسەر بەرزاییەک هەڵکەوتووە. سەد ساڵێک لەمەوبەر کاتێک کە ئێرانییەکان دەستیان کرد بە وەرگێڕانی پەرتووکە ئەوروپاییەکان بۆ سەر زووانی فارسی، لە بەرامبەر (پلاتۆ) دا ووشەی (فَلات)ی عەرەبییان دانا کە بە دەشتێکی ووشک و قاقڕ دەگوترێت. تەنیا لەبەر ئەوەی (فەلات) لە بیچم و روواڵەت دا لە (پلاتۆ)وە نزیک بوو، ئەم واتایەیان پێدا و تا ئێستایش بەکار دەهێنرێت.

مایەی داخ و کەسەر ئەمەیە کە دەبینم کابرا بە کوردی دەدوێت و بۆ کورد داخێوێت کەچی پەیتا پەیتا واژەی چەوتی (فەلات) بەکار دەهێنێت لەجیاتی بەرانبەرە کوردییەکەی.

سوء استفادە

 

ئەم دەستەواژەیە کە لە دوو واژە ساز بووە و هەردووکیان عەرەبین، لە فارسی دا بەکاردەهێنرێت و زۆریش باوە. کاتێک کەسێک لە رووداوێک، دۆخێک یا شتێک بۆ مەبەستی خۆی کەڵک و سوود وەردەگرێت واتە ئەو دۆخە یا رووداوە بۆ قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە، دەڵێن فڵانی (سوء استفادە)ی لەو کارە یا دۆخ و رەوشە کرد.

لەم یەک دوو ساڵی رابردووە دا لێرە و لەوێ دیتوومە بەرامبەر ئەم دەستەواژەیە کەسێک ووشەی (کەڵکاژۆ)ی ساز و پێشنیازی کردووە؛ و دیتوومە کەسانێکیش هەن بەکاریان هێناوە. بەڵام چەندی بیری لێ دەکەمەوە واتای (سوء استفادە) نادات بە دەستەوە. کەڵکاژۆ پتر مانای سوودجۆیی و بەرژەوەندیخوازی دەدات، نەک کەڵک و سوود وەرگرتن بە نیاز و نییەتی خراپ. ئەمە جگە لەوە کە خودی (کەڵک)یش شایستەی ئاژۆتن و لێخوڕین نییە؛ مەگەر مەبەست مەلی (کەڵک) بێت😊.

شەوە


ئەمە لە زووانی عارەبی دا واتە تارمایی، گیان، سایە، گیانێکی مردوو کە خۆی نیشانی زیندووەکان دەدات و تاد..

زۆر واژەی وەک ئەمە عەرەبێندراون و نایانناسینەوە. شەبەح هەر هەمان (شەوە)ی کوردییە و عەرەبێندراوە.
(شەوە) بوونەوەرێکی خەیاڵییە پەلاماری کۆرپەی نەوزاد و دایکی دەدات ئەگەر بە تەنیا بن و کەس بە لایانەوە دیار نەبێت.
گۆرانییەکی گەلەری دەڵێت:
ماڵت وێران بێ شەوە!
بۆچ ئەمنت نەبردەوە؟

ئاخوڕ

 

ئاخوڕ یا ئاخور بەو شوێنە دەگوترێت کە بە قوڕ دروست دەکرێت بۆ ئالیکی ئاژەڵ تا لێئ بخۆن واتە لەسەری بچەرن / بلەوەڕن. جۆرێکیش دروست دەکرێت لە دار یا بەرد و تازەترینیان لە ماددەی کانزا کە لە کاتی پێویستدا لەباتی ئالیک ئاوی تێدەکەن بۆ ئاژەڵ. بەمەیان دەگوترێ کۆل. دیارە کۆل واتای تریشی هەیە بەڵام لێرەدا ئێمە ناپەرژێینە سەر ئەوان.

واژەی ئاخوڕ پێدەچێ هەمان ئاوخۆر یا ئاوخۆرە بێت. واتە پێشتر ئاخوڕ لە دار دروستکراوە و بۆ ئاو بەکارهاتووە بۆیە ناویان ناوە ئاوخۆر یا ئاوخۆرە؛ دوواتر لەشێوەی ئەو دروستیان کردووە بۆ ئالیک و. هەمان ناویشیان بۆ بەکار هانیوە.
ووشەی (ئەکواریەم)ی ئینگلیسیش کە خۆی لاتینە و لە بنەچەدا مانای ئاخوڕ دەدات لە رووی بیچم و روواڵەتەوە زۆر لە ئاخوڕ نزیکە. بەڵام ئەکواریەم دوو بەشە و بەشی یەکەمی کە (ئەکوا)یە یۆنانییە و واتەی ئاو دەدات.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...