Saturday, September 14, 2024

مەغز


ئەمە واژەیەکە لە فارسی دا بە کاردەهێنرێت. سۆرانییەکەی  (مێشک)ە و لە کورمانجی و هۆرامیش دا دەگوترێت مژی، مێژی، مەژی، مژگ، مەژگ، مەژک. 

کە دەڵێم فارسی زێدە دەنگ دەخاتە پێش، ناوەراست یا دووایی ووشەوە، لێرەدا روون و ئاشکرایە. ئەوە کوردی نییە کە ووشەکان دەسوێتەوە و هەندێک لە پیتەکان قووت دەدات، بەڵکوو فارسییە ووشەکان ئاڵۆز و قورس دەکات.

مەغۆلەکانی چین


لە چین ٥٦ نەژادی جیاواز لەلایەن حکومەتەوە بە فەرمی دانیان پێدا نراوە.  مەغۆلەکان یەکێکن لەم ٥٦ نەژادە. نیشتمان و ناوچەی ژیانیان باکووری چینە کە دەکاتە هاوسنووری دەوڵەتی مەغۆلستانی سەربەخۆ.  مەغۆلەکانی چینیش وەک ئەوانەی مەغۆلستانی سەربەخۆ پێکهاتوون لە ئێڵ و هۆزی جیاجیا و بە زۆری رەوەند و کۆچەرن و ژیانیان لەسەر ئاژەڵدارییە. 

بەڵام بە بەراوەرد لەتەک نەژادەکانی تری چین، زۆر دواکەوتوون و ناوچەکەیان هیچ پێشکەوتنێکی پێوە دیار نییە. 

حکومەتی چین بە چەندین رێگەی جیاواز هەوڵ دەدات مەغۆلەکان بتوێنێتەوە. بۆ وێنە خوێندنی زمانی مەغۆلیی نەتێڵ کردووە.  نێوە نێوە بە بیانووی تێکدانی ژینگەوە هەر جارەی کۆمەڵێکیان لە نیشتمانی خۆیان دوور دەخاتەوە بۆ هەرێمەکانی تر؛ بە تایبەتی بۆ ناوچە هان نشینەکان تا لە ژێر کاریگەریی زمان و نەریتی هانەکاندا زووان و ناسنامەی خۆیان فەرامۆش بکەن و بتوێنەوە.  


شایانی باسە کە ژمارەی مەغۆلەکانی چین نزیکەی هەفت میلیۆنە؛ واتە دوو بەرابەری دانیشتوانی مەغۆلستانی سەربەخۆ.

ئاسمانگەڕ

زۆر جار ئەم واژەیە بۆ ئەو کەس یا کەرەستەیە بەکاردەهێنرێت کە دەنێردرێنە دەرەوەی ئاسمانی زەوی.

بەڵام ئەگەر لێی وورد بینەوە ئەم واژەی (ئاسمانگەڕ)ە واژەیەکی ناڕۆشنە. کاتێ تۆ دەڵێیت ئاسمانگەڕ، ئایا مەبەست ئەو کەسەیە کە ئاسمان دەگەڕێ یا ئەو کەرەستەیەی کەسەکە سواری دەبێت و بەکاری دەهێنێت بۆ گەڕانی ئاسمان وەک مووشەک و تاد..؟

ئینجا ئەم کەسانە و کەرەستەکانیان دەچنە ئاسمان یا دەچنە بۆشایی (ئاسمان)؟  مەگەر نەسەلمێندراوە کە شتێک بە ناوی ئاسمان نییە و هەرچی هەیە بۆشاییەکی فراوانە و بێسنوورە؟!  بۆچی لەباتی ئاسمان یا بۆشایی ئاسمان ناڵێن کەیهان؟  کەیهان واژەیەکی پەهلەوییە و هاوبیچمی جیهانە.  دەکرێ بە کەرەستەی گەڕان بە کەیهان دا بگوترێ (کەیهانگەڕ) و بە کەسەکانیش بگوترێ (کەیهانەوا) لەسەر بنەمای نانەوا، پێشەوا؛ یا (کەیهانوان) لەسەر بنەمای شاخەوان، مەلەوان؛ یا (کەیهانوەر) لەسەر بنەمای سەروەر، دادوەر.  


وەک دەزانین لە ئینگلیسی دا  (سپەیس شیپ) بە کەرەستەکە دەگوترێت و (ئەسترۆنۆت)یش بە کەسەکە دەگوترێت؛ واتە ووشەکان جیاوازن؛ ناکرێ لە کوردیدا یەک واژە یا دەستەواژە بۆ هەردووکیان بەکاربهێنرێت.

شیان


شیان، شایان، دەشێ، شایستە، شیان

ئەم واژانەی سەرەوە بەگوێرەی ناوچەکان و زار و شێوەزارەکان کەم و زۆر بەکاردەهێنرێن.   هاوتای ئەمانە لە زووانی فارسیشدا هەیە. لە فارسیدا دۆخی ئایندە و رانەبردووی دەبێتە (می شەوەد) و رابردووەکەی دەبێتە (شود).  شوێنی بەکارهێنانیان هەندێک جار لەتەک کوردییەکەدا جیاوازە و هەندێک جاریش چونیەکە.  (شایان) و (شایستە)یش لە فارسیدا هەن. 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فارسی (زمانی فەرمیی ئێران) ئەمەیە کە کاریگەریی زووانی کوردیی زۆر بەسەرییەوە دیار و نمایانە. بە تایبەتتر لە بەکارهێنانی رۆژانە و بازاڕیدا. بۆ نموونە:

کاتێک دەڵێن: ناوت چییە؟ دەڵێن نامەت چییێ؟  کە فارسییە رەسەنەکە بریتییە لە نامەت چی هەست؟  یا  ئەو کەباب دەخوا/ت.  دەڵێن (ئوو کێباب میخۆرێ).  کە راستییەکەی (ئوو کێباب میخورەد) ە...

هەروەها وەک لوڕی دەنگی(ئا) دەکەن بە (وو).  لوری کاریگەرییەکەی زۆر زۆری لەسەر فارسی هەبووە و هەیە.  ئاسمان، ئاسموون؛ نان، نوون. زەمان، زەموون؛ دەرمان، دەرموون.  ئەم شێوە گۆڕانەی دەنگی (ئا) تا لە ناوچەکانی لوڕستان پتر دوور دەکەوێتەوە، کەمڕەنگتر دەبێت.  لە فارسیی ئەفغانستان و تاجیکستاندا هەر نییە و نابیسترێت.

 لەسەر ئەو بروایەم کە زۆربەی واژە و دەستەواژە کوردییەکان لەڕیگەی لەکی و لوڕییەوە چوونەتە نێو زمانی فارسییەوە و لەوێدا چەسپاون.  تەنانەت ئەو ووشە کوردیانەیش کە لە زووانی عەرەبیدا هەن یا عەرەبێندراون، زۆرینەیان راستەوخۆ لە لوڕییەوە چوونەت نێو ئەم زمانەوە؛ و هەندێکیشیان لە لوڕییەوە چوونەتە نێو فارسییەوە پاشان لە فارسییەوە کەوتوونەتە نێو زووانی عەرەبییەوە.

Thursday, July 11, 2024

رەخسان

 

فرمانی (رەخساندن/رەخسان) لە کەسم و بیچم دا لە (رقص)ی عەرەبییەوە نزیکە و زۆر کەس لای وایە کە لەمەوە وەرگیراوە و کراوە بە فرمان. بەڵام وەک دەزانین واتاکەی زۆر دوور و جیاوازە لە (رقص).

(رقص) واتە سەما و هەڵپەڕین؛ بەڵام رەخساندن واتە فەراهەم کردن و لووان و دەربازبوون. ئەگەر لەم مانایانە وورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا لە ووشەی (رەست)ەوە وەرگیراوە؛ بەڵام گۆڕانکاری لە دەنگەکانیدا پێکهاتووە و دەنگی (خ)ی تێخراوە. (رەست) رەگی ووشەی (رزگار) یا (رەستگار)ە. لە پەندێکی پێشیناندا کە دایکم زۆر جار دەیڵێتەوە گوتراوە “ کەر بەستە، لە خەم رەستە”. واتە کەرەکەت ببەستەوە و خۆت لە خەم رزگار بکە. یانی کاتێک کەرەکەت بە پەتێکەوە دەبەستیتەوە، خەمی ئەوەت نابێت بڕوات.
واژەی (رەست) کە (رەها)یشی لێ کەوتووەتەوە، لەو واژانەیە کە فرمانەکەی لە کوردیدا زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێت؛ بەتایبەتی لە کورمانجیی ژووروو و ژێروودا. رەنگە هەر بە هۆی کەم بەکارهێنانییەوە بێت کە فرمانەکەی لە (رەستان) و (رەستاندن)ەوە گۆڕاوە بۆ (رەخسان) و (رەخساندن). کاتێ دەڵێین “لە خەم رەخساوە”، راستییەکەی بریتییە لە “لە خەم رەستاوە”. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش واژەی (رزگار) هەڵەیە و راستییەکەی (رەستگار)ە.


سپا


واژەی "سپا" کە لە باشوور بووە بە "سوپا" لە فارسیدا بە واتای لەشکر بەکاردەهێنرێت. دیارە لە کوردیشدا بە هەمان واتا بەکاردەهێنرێت. بەڵام ریشە و رەچەڵەکی ووشەکە کامەیە؟

لە زووانی پەهلەوی و ئاڤێستایش دا هەیە و لە ئاڤێستا دا بە لەشکر و ئەرتەش گوتراوە "سپاڏە". پێدەچێت ریشەی ووشەکە "سپ"ی کوردی بێت. "سپ" واتە تەواو، کامل، بێ کەموکوووڕی. دەنگی "ا" کە دەکەوێتە دووای "سپ"ەوە، پاشگر / پاشبەندە؛ هەروەک لە واژەکانی "دارا"، "خۆرا"، "زانا"، "توانا" دا هەیە. "سپا" واتە کۆمەڵێکی پتوون و تۆکمە و تەواو.


پەیکەرێکی دزراوە


رۆژی ٩/٧٢٠٢٤ هەواڵدەری تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە کە پۆلیسی شاری تاران سێ کەسی دەسگیر کردووە بە تاوانی مامەڵە کردن بە پەیکەرێکی کانزایی کە گوایە لە باشووری ئێرانەوە گەیەنراوەتە تاران. دووکەس لە دەسگیرکراوەکان فرۆشیار بوون و کەسی سێیەمیش کڕیار بووە و بەتەما بووە بە بڕی ٣٣٧ هەزار دۆڵار پەیکەرەکە بکڕێت. شایانی باسە کە پەیکەرەکە هی ژنێکە لەسەر کورسی دانیشتووە. پێدەچێت کە ئەم پەیکەرە هی ماخودایەک یا گەورەژنێکی گرنگ و خانەدانی دێرین بێت. فەرماندەی پۆلیسی تاران گوتوویەتی کە مێژووی پەیکەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.



چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...