شیان، شایان، دەشێ، شایستە، شیان
ئەم واژانەی سەرەوە بەگوێرەی ناوچەکان و زار و شێوەزارەکان کەم و زۆر بەکاردەهێنرێن. هاوتای ئەمانە لە زووانی فارسیشدا هەیە. لە فارسیدا دۆخی ئایندە و رانەبردووی دەبێتە (می شەوەد) و رابردووەکەی دەبێتە (شود). شوێنی بەکارهێنانیان هەندێک جار لەتەک کوردییەکەدا جیاوازە و هەندێک جاریش چونیەکە. (شایان) و (شایستە)یش لە فارسیدا هەن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فارسی (زمانی فەرمیی ئێران) ئەمەیە کە کاریگەریی زووانی کوردیی زۆر بەسەرییەوە دیار و نمایانە. بە تایبەتتر لە بەکارهێنانی رۆژانە و بازاڕیدا. بۆ نموونە:
کاتێک دەڵێن: ناوت چییە؟ دەڵێن نامەت چییێ؟ کە فارسییە رەسەنەکە بریتییە لە نامەت چی هەست؟ یا ئەو کەباب دەخوا/ت. دەڵێن (ئوو کێباب میخۆرێ). کە راستییەکەی (ئوو کێباب میخورەد) ە...
هەروەها وەک لوڕی دەنگی(ئا) دەکەن بە (وو). لوری کاریگەرییەکەی زۆر زۆری لەسەر فارسی هەبووە و هەیە. ئاسمان، ئاسموون؛ نان، نوون. زەمان، زەموون؛ دەرمان، دەرموون. ئەم شێوە گۆڕانەی دەنگی (ئا) تا لە ناوچەکانی لوڕستان پتر دوور دەکەوێتەوە، کەمڕەنگتر دەبێت. لە فارسیی ئەفغانستان و تاجیکستاندا هەر نییە و نابیسترێت.
لەسەر ئەو بروایەم کە زۆربەی واژە و دەستەواژە کوردییەکان لەڕیگەی لەکی و لوڕییەوە چوونەتە نێو زمانی فارسییەوە و لەوێدا چەسپاون. تەنانەت ئەو ووشە کوردیانەیش کە لە زووانی عەرەبیدا هەن یا عەرەبێندراون، زۆرینەیان راستەوخۆ لە لوڕییەوە چوونەت نێو ئەم زمانەوە؛ و هەندێکیشیان لە لوڕییەوە چوونەتە نێو فارسییەوە پاشان لە فارسییەوە کەوتوونەتە نێو زووانی عەرەبییەوە.