Saturday, September 14, 2024

قەستەرە یا کاتێتەر

 

چەند رۆژێ لەمەوبەر سەیری ڤیدیۆیەکم کرد کە دیمانەیەک بوو لەگەڵ پزیشکێک بە ناوی دوکتۆر شوان عوسمان کە دەیگوت نامیلەکەیەکی داناوە سەبارەت بە (قەستەڕە).  ئەو دەیگوت هەوڵیداوە لە بەرامبەر واژە بیانییەکاندا واژەی کوردی بەکاربهێنێت. وەک نموونە باسی لە یەک لەو واژانە کە کردوویەتی بە کوردی؛ ئەویش واژەی (قەستەرە یا قەثتەڕە)یە. دوکتۆر شوان دەڵێت ئەم ووشەیە عەرەبییە و حەزی نەکردووە ووشەی عەرەبی لە کوردیدا بەکاربهێنێت.  هەربۆیە گەڕاوە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا واژەی (تاڵدان)ی دۆزیوەتەوە و بە واتای قەستەڕەی عەرەبی لە پەرتووکەکەیدا بەکاری هێناوە. دیارە، من لە ژێر ڤیدیۆکەدا کورتە سەرنجێکم بۆ نووسی. وا ئێستایش لێرە بە درێژی روونی دەکەمەوە کە هەڵەی ئەم پزیشکە بەڕێزە لە کوێدایە. 

تاڵ دان یا تاڵ دایین فرمانە. کاتێک بە گەڵوان و مازووی هاڕدراو  پێستی ئاژەڵ خۆش دەکرێت پێیدەڵێن تاڵ دان. کەواتە لە دەباغدان و خۆش کردنی پیستی ئاژەڵ، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە قەستەڕەو و شێوازی کارەکەیەوە نییە.

بەڵام واتای قەستەرە چییە؟  قەستەرە واژەیەکی عەرەبی نییە؛ بەڵام بە گۆڕینێکی زۆر ساددە عەرەبێندراوە. (کاثێتەر)ی ئینگلیسی کە بە رەچەڵەک یۆنانییە کراوەتە قەستەڕە یا قەثتەڕە.  عەرەب وەک ئێمە نییە؛ کاتێک ووشە دەعەرەبێنێت، بەکاریشی دەهێنێت.  ئێمە ١٠٠ ساڵە (ئۆتۆمۆبیل)مان کردووەتە (ترومبێل) کەچی پێمان شەرمە بەکاری بێنین. 

کاثێتەری یۆنانی لەمێژە بە واتای هەڵچۆڕاندنی پێشاو لە میزڵدان بەکاردەهێنرێت.  واتە کاتێک مارپێچێکی باریک دەکرێت بە میزەڕۆی مرۆڤدا تا پێشاو لە میزڵدان بهێنێتە دەرەوە، پێیدەگوترێت (کاثيتەرایزەیشن). 

لەم ساڵانەی دوواییدا کە زانستی پزیشکی گەیشتە ئاستێک کە شاڕەگەکانی دڵ لە کاتی داخراندا لە رێگەی  مارپێچێکی زۆر باریکەوە واز بکات، بەم کردە و پێواژۆیەیش گوترا (کاثیتەرایزەیشن). واتە ئەو مارپێچە زۆر باریکەی تەلێکی زۆر باریکتری تیادایە و لەرێگەی شاڕەگەوە دەگەنرێتە نێو دڵ بۆ وازکردنی رێڕەوی هاتوچۆی خوێن پێی دەگوترێت (کاثیتەر).

بەلی پۆکە


لە لوڕیدا بە بەڕوو دەڵێن بەلی. بەلی پۆکە واتە بەڕوو پۆکە. پۆکەیش واتە تەقاو، ترەقاو، تەقیو یا شتێک کە دەتەقێتەوە.  بەسەر یەکەوە بەو بەڕووە دەگوترێت کە کاتێک دەیخەنە سەر پشکۆ و سکڵ دەتەقێتەوە؛ و جاری وایە ناوکەکەی دەردەپەڕێ دوو سێ مەتر دوور دەکەوێتەوە. 

بە بڕوای من ئەم واژەی پۆکەیە زۆر بەجێیە بۆ ئەو درۆنانە بەکار بهێنرێت کە دەتەقنەوە.  زۆر لە واژەی خۆکوژ گونجاوتر و شایستەترە.  یانی لەبری درۆنی خۆکوژ بگوترێت درۆنەپۆکە یا درۆنی پۆکە.

کوردی و لوڕی

 

لە دوو کات و شوێنی جیاوازدا وەگەرد دوو هاوڕێی لوڕ ئاشنا بووم و باسی زمانمان دەکرد. بەتایبەتی سەبارەت بە واژە هاوبەشەکانی نێو ئەو زمانانەی پێیان دەڵێن زمانی ئێرانی.  دووای چەند جارێک گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون هەردووکیان پەییان بە هەڵە تێگەیشتنی خۆیان سەبارەت بە کوردی و لوڕی برد. یەکێکیان گوتی واژەی لوڕی تا تازەتر بێ پتر لە فارسییەوە نزیکە و تا کۆنتریش بێ پتر لە کوردییەوە نزیکە کە هەرگیز بە بیرمدا نەهاتبوو.  ئەوی تر گوتی جاران لام وابوو لوڕی و فارسی لەسەدا نەوەدی ووشەکانیان یەکن و یەک رەگ و ریشەیان هەیە بەڵام ئێستا تێگەیشتووم کە لە سەدا نەوەت و پێنجی واژەکانی لوڕی و کوردی یەک ریشەن و نزیکایەتیی لوڕی لە فارسی تەنیا دەگاتە سەدا هەفتا.   نزیکبوونەوە لە یەکتری بە

ئیبن تەیمییە


 وەک دەزانین یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی فارس مەزەوی شیعەی دوانزە ئیمامییە.  باوەڕ ناکەم هەموو کتێبەکانی ئەم مەزەوە بپشکنیت  لە دوو شوێن ئاماژەیان بە نووسراوەیەکی ئیبن تەیمییە   کردبێت و وەک ژێدەرێکی جێی باوەڕ ناویان بردبێت.   لە مەزەوی سوننی دا ئیبن تەیمییە داڕێژەری بیردۆزەی ئیسلامی تونداژۆیە.  ئەم ئیبن تەیمییەیە لە پەرتووکێکی دا گوایە باسی کوردی کردووە و لەوێدا شەکری شکاندووە و گوتوویەتی ووشەی کورد واتە شوان و کۆچەری.  ناسیۆنالیزمی فارس ئەم قسەیەی ئیبن تەیمییەی کردووەتە بەڵگە و دەڵێت لە هەر پەرتووک و سەرچاوەیەکی مێژووییدا ووشەی کورد نووسرابێت ، ئەوا مەبەست لێی گەل و نەژادی ئەمڕۆی کورد نییە بەڵکوو خەڵکانی کۆچەرین.   جا رەنگە کۆچەرییەکان فارس بووبێتن یا هەر نەژادێکی تری بە ووتەی خۆیان ئێرانی. 

دیارە سەبارەت بە خودی ئیبن تەیمییەیش باسی ئەوە هەیە کە کورد بووە چونکە خەڵکی شاری حەرانی باکووری کوردستان بووە؛ بەڵام ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

مەغز


ئەمە واژەیەکە لە فارسی دا بە کاردەهێنرێت. سۆرانییەکەی  (مێشک)ە و لە کورمانجی و هۆرامیش دا دەگوترێت مژی، مێژی، مەژی، مژگ، مەژگ، مەژک. 

کە دەڵێم فارسی زێدە دەنگ دەخاتە پێش، ناوەراست یا دووایی ووشەوە، لێرەدا روون و ئاشکرایە. ئەوە کوردی نییە کە ووشەکان دەسوێتەوە و هەندێک لە پیتەکان قووت دەدات، بەڵکوو فارسییە ووشەکان ئاڵۆز و قورس دەکات.

مەغۆلەکانی چین


لە چین ٥٦ نەژادی جیاواز لەلایەن حکومەتەوە بە فەرمی دانیان پێدا نراوە.  مەغۆلەکان یەکێکن لەم ٥٦ نەژادە. نیشتمان و ناوچەی ژیانیان باکووری چینە کە دەکاتە هاوسنووری دەوڵەتی مەغۆلستانی سەربەخۆ.  مەغۆلەکانی چینیش وەک ئەوانەی مەغۆلستانی سەربەخۆ پێکهاتوون لە ئێڵ و هۆزی جیاجیا و بە زۆری رەوەند و کۆچەرن و ژیانیان لەسەر ئاژەڵدارییە. 

بەڵام بە بەراوەرد لەتەک نەژادەکانی تری چین، زۆر دواکەوتوون و ناوچەکەیان هیچ پێشکەوتنێکی پێوە دیار نییە. 

حکومەتی چین بە چەندین رێگەی جیاواز هەوڵ دەدات مەغۆلەکان بتوێنێتەوە. بۆ وێنە خوێندنی زمانی مەغۆلیی نەتێڵ کردووە.  نێوە نێوە بە بیانووی تێکدانی ژینگەوە هەر جارەی کۆمەڵێکیان لە نیشتمانی خۆیان دوور دەخاتەوە بۆ هەرێمەکانی تر؛ بە تایبەتی بۆ ناوچە هان نشینەکان تا لە ژێر کاریگەریی زمان و نەریتی هانەکاندا زووان و ناسنامەی خۆیان فەرامۆش بکەن و بتوێنەوە.  


شایانی باسە کە ژمارەی مەغۆلەکانی چین نزیکەی هەفت میلیۆنە؛ واتە دوو بەرابەری دانیشتوانی مەغۆلستانی سەربەخۆ.

ئاسمانگەڕ

زۆر جار ئەم واژەیە بۆ ئەو کەس یا کەرەستەیە بەکاردەهێنرێت کە دەنێردرێنە دەرەوەی ئاسمانی زەوی.

بەڵام ئەگەر لێی وورد بینەوە ئەم واژەی (ئاسمانگەڕ)ە واژەیەکی ناڕۆشنە. کاتێ تۆ دەڵێیت ئاسمانگەڕ، ئایا مەبەست ئەو کەسەیە کە ئاسمان دەگەڕێ یا ئەو کەرەستەیەی کەسەکە سواری دەبێت و بەکاری دەهێنێت بۆ گەڕانی ئاسمان وەک مووشەک و تاد..؟

ئینجا ئەم کەسانە و کەرەستەکانیان دەچنە ئاسمان یا دەچنە بۆشایی (ئاسمان)؟  مەگەر نەسەلمێندراوە کە شتێک بە ناوی ئاسمان نییە و هەرچی هەیە بۆشاییەکی فراوانە و بێسنوورە؟!  بۆچی لەباتی ئاسمان یا بۆشایی ئاسمان ناڵێن کەیهان؟  کەیهان واژەیەکی پەهلەوییە و هاوبیچمی جیهانە.  دەکرێ بە کەرەستەی گەڕان بە کەیهان دا بگوترێ (کەیهانگەڕ) و بە کەسەکانیش بگوترێ (کەیهانەوا) لەسەر بنەمای نانەوا، پێشەوا؛ یا (کەیهانوان) لەسەر بنەمای شاخەوان، مەلەوان؛ یا (کەیهانوەر) لەسەر بنەمای سەروەر، دادوەر.  


وەک دەزانین لە ئینگلیسی دا  (سپەیس شیپ) بە کەرەستەکە دەگوترێت و (ئەسترۆنۆت)یش بە کەسەکە دەگوترێت؛ واتە ووشەکان جیاوازن؛ ناکرێ لە کوردیدا یەک واژە یا دەستەواژە بۆ هەردووکیان بەکاربهێنرێت.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...