Saturday, September 14, 2024

شووتی

 

لە ئێران کار و پیشەی خەڵکی بووەتە هاوردە و  هەناردەی ناقانوونی و لەم رێگایەیشدا رۆژانە چەندان کەس دەگیرێن، بریندار دەبن یا دەکوژرێن.  لە ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان سووتەمەنی بە کۆڵ ئاودیوی پاکستان دەکرێت. لە ئوستانە سنوورییەکانی ورمێ، سنە و کرماشان کەلوپەلی جیاواز بە کۆڵ هاوردەی رۆژهەڵات دەکرێت. لە ئوستانەکانی تریش وەک بووشێر، لوڕستان، خووزستان، کۆگلۆ وبۆیرەمەد و فارس و.. ئەو شتومەکانەی بە قاچاخ هاوردە کراون ، بە ناقانوونی دەگوازرێنەوە بۆ شارە دوورەکان و بەتایبەتی بەرەو تاران. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن تڕومبێلی تیژڕەو بەکاردێنن و ئەگەر ناچار بن بازگەکانیش دەبەزێنن و ناوەستن. بەم کەسانە و ترۆمبێلەکانیان دەڵێن شووتی. ئەمانە بە خێرایی سەروو ١٨٠ کیلۆمەتر لە ساتێکدا ترومبێل داژۆن. لەم ساڵانەی دوواییدا ئەم دیاردەیە گوازراوەتەوە بۆ سنوورەکانی ئەفغانستان و ئازەربایجانیش.  دوای هاتنە سەر کاری تاڵەبان کە خەڵکێکی زۆر لە ئەفغانستان رایانکرد و هێشتایش بەردەوام ئەوێ بەجێ دەهێڵن، لە رێگەی ئەم شووتیانەوە دەگوازرێنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران.

عەبدولمەجید ئەرفەعی


دۆم بێ و کڵاش بۆ کوڕی خۆی بکا.

عەبدولمەجید ئەرفەعی ئیلامیزانی ناسراوی ئێرانی. 

ساڵی ١٩٣٩ لە ئاوایی گەنوو یا ئەبووگەرمەی گەنوو سەر بە بەندەرعەباس لەدا بووە.   باوکی بە رەچەڵەک خەڵکی شارۆچکەی ئەوەز بووە لە باشووری ئوستانی فارس.  خەڵکی ئەوەز موسڵمانی سوننین.  

عەبدولمەجید پاشان وێڕای بنەماڵەکەی دەگوازنەوە بۆ تاران و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدات. لەتەک نووسراوەکانی ئیبراهیم پوورداوود ئاشنا دەبێت.  هاوکات فێری خوێندنەوەی ئەلفبێی کۆنی فارسی دەبێت.  پاشان زوانی پەهلەوی لە رێگەی خوێندنەوەی کارنامەی ئەردەشێری بابەکانەوە فێردەبێت. 

هەروەها زمانی ئاڤێستایی لە رێگەی پوورداوودەوە فێردەبێت. پاشان بۆ خوێندن دەچێتە ئەمریکا. لەوێ هەشت ساڵ خەریکی فێربوونی زوانەکانی ئیلامی و ئەکەدی دەبێت و  دوکتۆرا وەردەگرێت.  سەدان  نووسراوەی سەر تاتە گڵینەی پەیوەندیدار بە داریووشی هەخامەنیشیی خوێندووەتەوە و وەرگێراوە.   یەکەم کەس بووە کە لوولەکە نووسراوەکەی کۆرشی خوێندووەتەوە و وەریگێڕاوە.

ووریا



زۆر بیرم لەم واژەیە کردووەتەوە بەم ئاکامە گەیشتووم کە بنەچە و بناخەکەی بریتیە لە هیر یا هۊر، هویری کوردیی خوارین؛ کە لە سۆرانی و کورمانجی دا دەبێتە بیر.   ووریا واتە بیریا یا کەسێک کە خاوەنی هۊر یا بیرە.

قەفەز


ئەم واژەیە لە عەرەبی و فارسی دا وەک (قفص) دەنووسرێت.  لە کوردی دا قەوەز و قەپەز و قەفەسیشی پێ دەگوترێت. 

بنەچەی ئەم ووشەیە بریتییە لە (کۆز) کە ژوورێکی کاتییە بە چیخ دروس دەکرێت بۆ بەرخ و کارژۆڵە تا لە دایکیان هاوێر بکرێن.   واتە کۆز گۆڕانی بەسەردا هێنراوە و بووە بە کەوەز و قەوەز و قەفەز و سەرەنجام وەک (قفص) بووەتە موڵکی عەرەب.

بووسەلامە


بوونەوەرێکی ئەفسانەیی نێو دەریایە.  نیوەی لەشی ماسییە و نیوەکەی تریشی لە دڕندە دەچێت. خەڵکی شاری بووشێر لایان وایە کە بووسەلامە هەمیشە بە دووای ئازاترین ماسیگردا دەگەڕێت تا پەلکێشی بنی دەریای بکات و بیخنکێنێت.  دەڵێن هەر منداڵێک بە تەنیا لە کەناراوەکان بێت، بووسەلامە دەیگرێت و رایدەکیشێتە نێو دەریا و دەیخنکێنێت.   هەروەها دەڵێن شەوەکی زوو کاتێک کە ماسیگرەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ کەوتنە رێگە بەرەو قووڵایی دەریا بۆ راوی ماسی، بووسەلامە دەچێت لەلای پێشەوەی بەلەمەکە دادەنیشێت تا خاوەنەکەی بێتە لای.  کە هەست دەکات کابرا لە نزیک بەلەمەکەیە خۆی دەخاتە نێو ئاوەکە و کابرایش وادەزانێت کە هاوڕێیەکی خۆیەتی بەم شەوە کەوتە نێو دەریاوە، بەفریایەوە دەچێت کە رزگاری بکات؛ بەڵام بووسەلامە دەیگرێت و رایدەکێشێتە نێو دەریا و دەیخنکێنێت.  


هەروەها دەریاوانەکانی ئەم ناوچەیە لە سەر ئەو باوەڕەن کە بووسەلامە دێوێکی دڕندەیە و شەوانە لە دەریادا پەلاماری کەشتی و بەلەمەکان دەدات و سەرنشین و مەلەوانەکان دەگرێت و گۆشت و خوێنیان دەخوات.

ئانشرتۆ


بە بڕوای زۆرێک لە دانیشتووانی لێوارەکانی کەنداوی فارس بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لە دەریادا هەیە بە ناوی ئانشرتۆ.  شێوەی لە مرۆڤ دەچێت بەڵام لە ژێر شەپکەشانەکانیدا دوو باڵی هەیە لە شێوەی پەڕی ماسی کە دەتوانێت بۆ مەلەکردن لە دەریادا بەکاریان بهێنێت.  دەڵێن جارێکیان کۆمەڵێک راوچی کە لە دەریادا دەبن بۆ راوی ماسی دەگەنە دورگەیەک تەماشا دەکەن ژمارەیەکی زۆری ئانشرتۆ لەوێ خەریکی پشوودان و سانەوەن.  پەلاماریان دەدەن و هەموویان دەسگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیانهێننە نێو کەشتی و کاتێک بەڕێدەکەون بەرەو ماڵ، ئانشرتۆکان یەک بە یەک خۆیان فڕێدەدەنە نێو دەریا و دەڕۆن؛ تەنیا دانەیەکیان دەمێنێتەوە کە ئەویش لە ژێرخانی کەشتیەکەدا گیری کردبوو نەیدەتوانی بچێتە دەرەوە.  ئەویان کچ دەبێت؛ هەر بۆیە ناخودای کەشتی دەیکاتە هاوسەری خۆی و چەند منداڵی لێی دەبێت بەڵام هێشتا پێوەند بە قاچەکانییەوە دەبێت و ناوێرێت ئازادی بکات چونکە دەزانێت رادەکات.  رۆژێکیان منداڵەکانی پێوەندەکە لە قاچی دایکیان دادەماڵن و ئەویش بە پڕتاو رادەکات و دەگەڕێتەوە نێو دەریا.

ئایماوی


ناوی بوونەوەرێکی ئەفسانەییە. وەک لە واژەکەوە دیارە واتە ئادەمی ئاوی. مەردمی ناوچەکانی کۊگلۆ و بۆیرەمەد لە لوڕستان  لەسەر ئەو باوەڕەن بوونەوەرێک لە رووبارەکاندا هەیە کە هەموو لاشەی لە ئاو ئافرێندراوە.  بەردەوام لەو ئاوانەدا دەژیێت. هەر ئەویشە دەبێتە هۆی خنکانی مرۆڤەکان لە ئاودا؛ کاتێک کە رایاندەکێشێتە بنی رووبارەکان و زۆر جار بۆ ماوەی چەند رۆژ و هەفتە ئازادیان ناکات.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...