Wednesday, November 8, 2023

نەیزەک


لە زووانی عەرەبی دا دەڵێن (نیزک) و کۆیەکەی (نیازک)ە. لە زووانی فارسی دا دەڵێن (شهاب سنگ). بە واتای ئەو پارچە بەردەیە کە لە کەیهانەوە بەردەبێتەوە سەر گۆی زەوی و لەکاتی رێکردنی دا بەهۆکارگەلی فیزیایی وەک نێزەیەکی گڕدار دەردەکەوێت.
ئاشکرایە کە واژەی نەیزەک کوردییە و چووەتە نێو زبانی عەرەبییەوە. فۆرمێکی تری نەیزەک لە کوردی دا بریتییە لە (نەقیزە). لە راستیدا کورد خۆی، بێ هۆکار دەنگی (ق)ی بۆ زیاد کردووە. نەیزەک واتە شتێک وەک نەیزە یا نێزە. بنەڕەتی نەیزەیش ناوی (نەی)یە. نەی، نەیجە، نەیژە، قامیش.

Tuesday, November 7, 2023

ئەولیای چەلەبی


وەک زۆربەمان ئاگادارین ئەولیای چەلەبی کوڕی دەروێش محەممدەاغای زیللی، گەڕیدەیەکی تورکی عوسمانی بوو. ئەو لە نێوان ساڵەکانی ١٦١١ و ١٦٨٢ دا ژیاوە. ئەو لە ئەستەمبووڵ لەدایک. بووە و لە ساڵی ١٦٣٠ وە دەستی کردووە بە گەڕان و لە ماوەی جل ساڵدا وەڵاتەکانی عوسمانی و دەوروبەری گەڕاوە. لە هەموو شوێن و ناوچەکان یادداشتی نووسیوە و پاشان لە پەرتووکێکی دە بەرگی دا بە ناوی (سیاحەتنامە) یا (گەشتنامە) گرد و کۆی کردووەتەوە.

سەبارەت بە کورد و کوردستان زۆر شتی نەبیستراو و گرنگی نووسیوە کە هەندێکیان ئەو رووداو و پێشهاتانە بوون کە بە چاو بینیونی و هەندێکیشیان لێکدانەوەی خۆی یا زانیارییەکانی خۆی بوون.
ئەو سەبارەت بە شاری قەزوین دەڵێت کە مەردمی ئەوێ کورد و دەیلەمین و بۆ لەیەکگەیشتن فارسییەکی ساددە بەکاردەهێنن و هەروەها عەرەبیش دەزانن. هەروەها دەڵێت: وێژەوان و هۆنەر و نووسەری زۆری تیدایە و کۆڕە وێژەییەکانیان گەرمە. هەروەها دەڵێت پزیشک و نەشتەرگەری هێژای لێیە.
باسی شاری ماکۆیش دەکات کە دەڵێ سەردەمی خۆی لەلایەن سولەیمان موحتەشەم سوڵتانی عوسمانییەوە قەڵای ماکۆ دراوە بە خانێکی کورد لە هۆزی مەحموودی؛ بەڵام پاشان عەجەمەکان بە فێڵ لە دەستی دەردەهێنن.


Sunday, November 5, 2023

سێسیل جۆن ئێدمۆندز


ئەفسەری سیاسی و رۆژهەڵاتناسی بریتانیایی بوو ١٨٨٩-١٩٧٩. باوکی قەشە بوو؛ ناوی واڵتەر و دایکیشی ناوی لۆرا ئێدمۆند بوو. ئەو لە وەڵاتی ژاپۆن لە دایک بوو. تا تەمەنی هەشت ساڵی لە ژاپۆن ژیاو پاشان چوونە بریتانیا و لەوێ خوێندنی دەسپێکرد. دوای تەواوکردنی خوێندن لە وەزارەتی دەرەوە دامەزرا و بەم جۆرە تێکەڵ بە سیاسەت و لەشکر بوو. لە هەردووک وەڵاتی ئێران و ئێراق، یا باشتر بڵێێن لە باشووری کوردستان و باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکدار بووە.


یەکێک لە پەرتووکە بەنرخەکانی سەبارەت بە کوردستان، بریتییە لە (کوردەکان، تورکەکان و عەرەبەکان) کە ئیبراهیمی یوونسی کردوویەتی بە فارسی. هەروەها فەرهەنگی کوردی -ئینگلیسیی بە هاوکاریی تۆفیق وەهبی بەگ نووسیوە. هەروەتر دووو یادداشتنامەی سەبارەت بە لوڕستان نووسیوە؛ کە پرۆفیسۆر سکەندەر ئەمانوڵڵاهی بیرانوەند کردوویەتی بە فارسی. دووا پەرتووکی سەبارەت بە کورد کە نووسیوێتی بە ناوی (زاگرۆسی رۆژهەڵات و رۆژاوا) یە کە بۆ باس لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان واتە لوڕستان بە درێژایی و پانایی نێوان ئێران و ئێراق تەرخان کراوە.

Saturday, November 4, 2023

ئاوەتەماتە یا دۆشاوی تەماتە


بڕوا ناکەم بە هەموو ماڵەکانی گەڕەکەکەمان بە قەد ماڵی ئێمە ئاوەتەماتە بخۆن. هەفتەیەک بەرلەوەی ئاوەتەماتەمان لێ ببڕێت، هاوسەرم هاواری لێ هەڵدەستێت و دەڵێ ئاوەتەماتەمان نەماوە، نازانم ئەمڕۆ چی لێبنيم؟! ئەگەر بڵێم خانم زڵفنجاوم بۆ لێنێ، کاتێ کە لێیدەنێت و دەیهێنێتە سەر خوان، سەیر دەکەم ئاوەتەماتەی تێکردووە. کە دەپرسم خانم ئەمە چییە بۆ منت لێناوە؟ شلەی ئاوەتەماتەیە یا زڵفنجاو؟ دەڵێ باشە زڵفنجاو چۆن بێ ئاوەتەماتە دەخورێت؟

قورئان بە هەقت بە ساحەبت، نازانم باوەڕم پێدەکەن یا نا، ئەو ژنەی من شلەی تەماتەی تەڕ و تازەی لێناوە، ئاوەتەماتەی تێکردووە!! دەی تۆخوا ئەوە چێشت لێنانە؟ خۆ بە ناشکوری نەبێ نایشوێرم بڵێم چيشتەکەت خۆش نییە؛ دەڵێ دەی باشە لەمەوبەدوا فەرموو خۆت چێشت لێبنێ و ئێمە دەیخۆین.
جا با بزانیت، لەم ماڵەی ئێمەدا دۆڵمە بێ ئاوەتەماتە دۆڵمە نییە؛ جەرگ و بەز سووردەکرێتەوە، پڕ دەکرێ لە ئاوەتەماتە. شۆرباوی نۆک بێ ئاوەتەماتە لێنانرێت… ماشێنە بە ئاوەتەماتە رەنگ دەکرێت؛ قارچک بەو بۆن و بەرامە خۆشەیەوە لە ئاوەتەماتە هەڵدەکێشرێت؛ ئاوەتەماتە بووەتە شێرپەنجە لە شیوپێژگەی ئێمەدا. ئەو رۆژە گوتم خانم خاس ئەگەر رۆژێک ئاوەتەماتە لە بازاڕ نەما تۆ چیدەکەیت؟ چیمان بۆ لێدەنێیت بیخۆین؟ گوتی هێندەیش دەست و پێ سپی نیم؛ دوو سندووق تەماتەی رزیوت بۆ دەکڕم و بۆت دەکەمە ئاوەتەماتە. هەمووی کاری سێ چوار ساتە.


Friday, November 3, 2023

نامەنووسییەکانی مەکماهۆن- حسێن

حسێن ئیبن عەلی ناسراو بە شەریفی مەککە


سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری مەکماهۆن، ئەفسەرێکی سپای هیندی بریتانیایی کە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وەک کۆمیسیۆنەری باڵا لە میسر کاری دەکرد. لە ماوەی ساڵێکدا چەند نامەیەکی لەگەڵ شەریف حسێن ئیبن عەلی ئاڵوگۆڕ کرد. حسێن ئیبن عەلی دەسەڵاتداری حیجاز بوو. لەلایەن عوسمانییەوە ناسناوی شەریفی مەککەی پێدرابوو. لەو سەردەمەدا، بریتانیا پلانی لێکهەڵوەشاندنی ئیمپراتۆریی عوسمانیی هەبوو. لە نامەکاندا مەکماهۆن پشتگریی شەریفی مەککەی کرد بۆ شۆرشکردن لە دژی عوسمانی و هەروەها پێیڕاگەیاند کە وا بریتانیا پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی دەکات.. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە شەریفی مەککە ئێستایش وەک باوکی نەتەوەگەرایی عەرەبی سەیر بکرێت.
هەر ئەمە بوو کە حسێن بن عەلی سەربەخۆیی حیجازی راگەیاند و خۆی وەک خەلیفەی حیجاز راگەیاند. بەکردەوە شا بوو بەڵام ناسناوی شای بۆ خۆی پەسەند نەدەکرد. کوڕە گەورەکەی (عەبدوڵڵا) کرایە شای ئۆردۆن و کوڕەکەی تریشی (فەیسەڵ) کرایە شای ئێراق. کاتێک پرسی جوولەکە و دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ ئەوان لە فەلەستین لەلایەن بریتانیاوە پەسەند کرا، حسێن بن عەلی دژایەتیی کرد و پەسەندی نەکرد. ئەمەیش بووە هۆی ئەوە کە بریتانیا پشتی ئیبن سەعوود بگرێت بۆ شکستدانی ئیبن عەلی.
سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری

حسێن ئیبن عەلی لە خێڵی بەنوو قەتادە بوو کە تیرەیەکی هۆزی بەنوو هاشمی. ئیبن سەعوود کە ناوی عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو، لە میرەکانی (نەجد) بوو کە لە مێژبوو دەیانەوێست دەسەڵاتی ناوچەکە بگرنە دەست خۆیان. ئەمان پەیوەندیی توندتۆڵیان لەگەڵ وەهابیزم هەبوو؛ بە پشتگریی بریتانیا توانیان دەسەڵات لە دەست حسێن بن عەلی دەربهێنن. بریتانیا حسێن بن عەلیی تاراند بۆ دورگەی قیبروس و تا نەخۆشیی تەنگی پێ هەڵچنی و لە مردن نزیک بوویەوە لەوێ بوو؛ ئینجا رایانگواست بۆ ئۆردۆن لای عەبدوڵڵای کوڕی و لەوێ مرد.
عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو بە یەکەم شای ئەوێ و وەڵاتەکە بە ناوی شانشینی سەعوودی ناسێنرا.

Tuesday, October 31, 2023

ئامرازی پەیوەندیی (لە)


ئەم ئامرازە بۆ پێکەوە بەستنەوەی دوو واژە لە رستەدا بەکاردەهێنرێت و رۆڵێکی گرنگی لە رستەدا هەیە.  لە سەرەتا و نێوەڕاستی واژەدا دێت و هەرگیز ناکەوێتە پێنی رستەوە. 

ئەم ئامرازی پەیوەندییە لە زووانی فارسی دا دەبێتە (دەر) و لە لوڕی و لەکی دا دەبێتە (دْ).  لە کورمانجیی باکوور دا بریتییە لە (لْ) یا (ژْ) و لە هۆرامیش دا دەڵێن (جە).  شایانی باسە کە لە زۆربەی ناوچەکانی موکریانیش لە بری (لە) دەڵێن (دە)؛ هەرچەند لە سی ساڵی رابردوودا لە بواری نووسین دا زۆر کەمڕەنگ بووەتەوە و پتر (لە) بەکاردەهێنن. 

ئەگەر بە ووردی لێیان بکۆڵرێتەوە ئاشکرایە کە هەموویان یەک ریشەیان هەیە و بەگوێرەی سەردەم و ناوچە دەنگەکان کەمێک گۆڕاون.  لێرەدا (دەر) ی فارسی، (دْ)ی لوڕی و (دە)ی موکریانی هەر یەکن؛ بەڵام فارسییەکە لە دوواوە پیتێکی پێوە زیاد کراوە کە ئەمە دیاردەیەکی گشتییە لە فارسی دا و لە زۆربەی واژە هاوبەشەکانی لەگەڵ کوردی دا ئەمە بەرچاوە. بۆ وێنە: 

سی/سیا = سیاهـ 

رێ/را = راهـ 

ما/مانگ = ماهـ

تەش = ئاتەش

بێتر/باشتر = بێهتەر

مۆ = مۆهر

رۆ = روود

تاڵ = تەڵخ

سپی = سێفید


  بە ووتەیەکی تر، ئەوە زووانە زاگرۆسییەکان نین کە ووشەکان کورت دەکەنەوە، بەڵکوو فارسییە کە دەنگی نەخوازراو، بەبێ هۆکار  دەخاتە نێوەراست یا پێنی واژەکانەوە، تەنانەت هەندێک جار دەنگی زیادە دەخاتە سەرەتایشەوە.



Saturday, October 21, 2023

مۆرتەزا خانی ئەعزەمی لوڕستانی


مۆرتەزا ئەعزەمی لوڕستانی (١٣٧٠-١٢٩٧)چالاکێکی سیاسی لوڕ بوو و نوێنەری خولی یەکەمی بازنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئیسلامیی لوڕستان بوو کە دەکاتە باوکی دوکتۆر هۆشەنگ ئەعزەمی. ئەو خەڵکی لوڕستان بوو و یەکێک بوو لە سەرگەورەکانی هۆزی بیرانوەند.

مورتەزا خانی ئەعزەمی، کوڕی عەلی مەردان خانی بیرانوەندە، کە ناسناوی ئەمیر ئەعزەمی هەبوو. لە مانگی ئاداری ساڵی ١٢٩٧ لە ناوچەی چەغڵوەندی لەدایکبووە. لە تەمەنی ساواییەوە بە دایەن سپێردراوە، کە نەریتێکی لەمێژینەی خێڵایەتی بوو لە لوڕستاندا. بئەو هێشتا منداڵ بوو کە باوکی کوژرا. دووای کوژرانی باوکی خراویە ژێر سەرپەرشتی برا گەورەکەی (عەلیرەزا خانی ئەعزەمی).
گەورەبوونی لە ژینگەی خێڵایەتی و هۆزایەتی دا وای لێکرد کە هەر لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی بە هێزە یاخیبووەکانی هۆزە لوڕەکانەوە بکات؛ بەجۆرێک لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، سەرەڕای تەمەنی بچووکی، بە تاوانی شەڕکردن دژی حکومەتی ناوەندی دەستگیرکرا و لە زیندانی قەڵای فەلەکول ئەفلاک دا بەند کرا. پاش ماوەیەک لە ژێر پاراستن و چاودێریی پیاوەکانی حکوومەتی پەهلەوی دا، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی، دوورخراوەتەوە بۆ کەلات نادری لە خۆراسان.
دوای گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی دەگەڕێتەوە لوڕستان و لە ساڵی ١٣٢٧ تا ١٣٣٠ (بەخشداری (بەڕێوەبەری ناحیە)ی چەغڵوەندی پێدەدرێت. دووای ئەوەی لە کارەکەی لادەبردرێت، دیسان دەس دەکاتەوە بە بەربەرەکانێ لە دژی حکومەتی پەهلەوی. لەم پێناوەدا و بۆ دیارکیردنی هێڵی خەبات و تێکۆشانی خۆی پەیوەندی دەکات بە (بەرەی میللییەوە) و بە خێرایی و بە جیددی بە ۆشتیوانیی هۆزەکانی لوڕستان هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ پشتگیری لە محەممەد موسەدیق و بەرەی نیشتمانیی ئێران. سەرەنجام ئەو بوو بە یەکێک لە لایەنگرانی سەرەکیی پڕۆ -بزووتنەوەی حکومەتی نیشتمانی موسەدیق.بووە لە ئوستانی لوڕستان.
زنجیره‌ی ئه‌م کردار و کاردانه‌وه‌ سیاسیانه‌ وایکرد که‌ حکومه‌تی په‌هله‌وی جارێکی تر ئەعزەمی بگوازنه‌وه‌ بۆ زیندان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ هۆی ناوبانگ و خۆشەویستییەک که‌ وێردی سەر زمانی هه‌موو هۆز و خێڵه‌کانی لوڕستان بوو، حکومت ڕووبه‌ڕووی خۆڕاگریی خه‌ڵک و بەتایبەتی گەورەکانی هۆزی بیرانوەند بوویه‌وه‌؛ کە ئەمەیش بووە هۆی ئازادکردنی مۆرتەزا خانی ئەعزەمی لە زیندان.
دووای کودەتاکەی ٢٨ی گەلاوێژ و لەگەڵ دروستبوونی کەشێکی سیاسیی ئاڵۆز لە وڵاتدا، چیتر نەدەکرا بە شێوەی پێشوو درێژە بە چالاکییەکانی بدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​مۆرتەزاخان وەک خەباتکارانی دیکەی سیاسی ئەو سەردەمە نەیتوانی بۆ ماوەیەک درێژە بە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بدات؛ و بۆ ماوەیەک بخۆی بە کاروباری کشتوکاڵەوە خەریک کرد. جارێکی تر لە ساڵی ١٣٥٣ بەهۆی یاخیبوونی چەکداریی کوڕەکەیەوە، واتە دوکتۆر هۆشەنگ ئەعزەمی، زیندانی دەکرێت و تا سەروبەندی شۆڕشی ١٣٥٧ لە زیندان بوو.
دوای ئازاد کردنی لە زیندان، لە یەکەم خولی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیدا وەک نوێنەری شاری خۆرمووە هەڵبژێردرا؛ و دوواتر نەخۆش کەوت و سەرەنجام لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧ی هەتاوی کۆچی دووایی کرد و لە یەکێ لە گۆڕستانەکانی شاری وەروگرد (بروجرد) بە خاک سپێردرا.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...