Tuesday, January 30, 2024

(طبق) تەبەق


هەر کەسێ چاوی بەم واژەیە دەکەوێ یا دەیبیستێ، یەکسەر دەڵێ ئەمە عەرەبییە. ناهەقیش نییە؛ چونکە عەرەب تەنیا بەمەوە نەوەستاوە کە (ت) بکات بە (ط) و (ک) بکا بە (ق)؛ چەندین فرمان و ناو و ئاوڵفرمانیشی لێ ساز کردووە و بە چەند واتای جیاوازیش بەکاریان دەهێنێت. طبق، طبقة، مطابق، تطبیق، طابق، مطبق، اطبقة، یطبق، تطبیقا... سەرچاوەی هەموو ئەم واژە عەرەبییانە واژەی (تاوە)یە. تاوە کە واتای دەفر دەدات، بە زۆر شێوە و بیچمی جیاواز لە زار و گۆیشە جیاوازەکانی کوردی دا هەیە. وەک تاوە، تاڤە، تابە، مایتاوە، مایتابە، ماهیتاوە، ماهیتابە و هەروەها لە واژەی ئافتاوەیش دا هەیە واتە تاوەی ئاو. هەر ئەم (تاوە)یە بە زیادکردنی پاشبەندی (ک) واژەی (تاوەک)ی لێوە ساز کراوە. تاوەک یا تەوەک یا تەبەک کە لە پەهلەوی دا گوتراوە (تەپەک)، زیاتر بۆ دەفری گەورەتر لە (تاوە) وەک سینی و مەجمە و تەشت بەکارهێنراوە. لە موکریان بەو تەشتە کە نانی تێدا پارێزراوە دەگوترا (تەبەک). تەبەک یا تەبەق بۆ ئەو دەفرەیش بەکارهێنراوە کە سەردەمی کۆن نەوزاد و ساوای چەند چەند رۆژانەیان تیادا خەواندووە. وەک لە چیرۆکێکی شێخی سەنعانی دا هاتووە؛ و یەکێک لە ژنە خاوەن کەرامەتەکان بە شێخ دەڵێت: تا سێت نەنان لە تەبەق؛ نەتگوت ئەڵڵاهو سەددەق! (ئاماژە بە چیرۆکێک دەکات کە لەودا شێخی سەنعانی لە ماوەی چەند چرکەیەک دا گۆڕاوە بۆ ژن و سێ منداڵی بووە؛ و پاشان بووەتەوە پیاو). ئیتر ئەم (تەبەک)ە چووەتە نێو زووانی عەرەبییەوە و واتاکەیشی بە چەندین جۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. لە کاتێکدا کە تەبەک واتای دەفرێک دەدات کە خۆراکی تێدا دەپارێزرێت، لە عەرەبی دا تەبەک بە واتای خودی خۆراک بەکاردەهێنرێت؛ یا وەک لە واژەکانی تریان دا دیارە، بە واتای چین و ئاست و ئەندازە و تاد... دێت.

طوفان

ئەم واژەیە لە هەردوو زووانی عەرەبی و فارسی دا  بە چەچەی چونیەک و واتای وەکیەک بەکاردەهێنرێت.  دیارە لە کوردیش دا هەیە؛ بەڵام باوەڕ وایە کە ئێمە لە عەرەبیمان وەرگرتووە.  گوایە عەرەبیش لە واژەی (تایفوون)ی یونانیی  وەرگرتووە.   دیارە هەندێک سەرچاوەیش هەن کە بڕوایان وایە ووشەکە لە بنەڕەتدا سامییە و زمانی یۆنانی وەریگرتووە. 

 من دەڵێم ئەم واژەیە بە رەگ و ریشە کوردییە و لە ووشەی تۆف و تاف وەرگیراوە.  ئەم دوو ووشەیە لە هۆرامی و لوڕی دا هەن و اتاکەیان پەیوەستە بە تەوژمی ئاوەوە.  کاتێک ئاو بە لووزەو لە بەرزاییەوە دێتە خوارەوە و بە تین و تەوژمەوە دەیدات لە بەردێک و کەف و پڕیشک بەملاو ئەولادا بەرز دەبێتەوە و دەپڕژێت پێیدەگوترێت تۆف یا تاف و تۆف.  لە کورمانجیی باکووریش دا پەیڤی (تاڤگ)مان هەیە کە لە هەمان (تاڤ) ساز بووە؛ بە واتای شوێنێک کە تاڤی یا تۆفی لێیە.

تۆف پاشبەندی (ان)ی وەرگرتووە و بووە بە تۆفان. کە بە واتای شتێک لە شێوەی تۆف دێت.   وەک روون و ئاشکرایە تۆفانیش (تۆف)ێکە لە قەبارەیەکی زۆر زۆر گەورەتردا.  لە کورمانجیی خواروودا تۆف لەگەڵ بارانیش بەکاردەهێنرێت؛ وەک دەڵێن باران و تۆفە یا باران و تفانە.  تەنانەت فرە کەڕەت لەتەک بایش دا بەکار دەهێنرێت و ئێژن با و تۆفە.

خاڵێکی زۆر زۆریش سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە لە لوڕی دا بە تۆفان دەگوترێت (تیفوون)؛ واتە بێ دوودڵی و راشکاوانە دەبێ بگوترێت، (تایفوون)ی یۆنانی  راستەخۆ لە لوڕی وەرگیراوە نەک  لە عەرەبی؛ هەرچەندە (طوفان)ی عەرەبیش هەر هی خۆمانە.

هۆنەری هەورامیش دەڵێت:

چەنی تۆف‌ِ تاف شنە و شەتاوا؛

تەقە و چەقچەقەی گرمە و ئاساوا.


Wednesday, November 8, 2023

نەیزەک


لە زووانی عەرەبی دا دەڵێن (نیزک) و کۆیەکەی (نیازک)ە. لە زووانی فارسی دا دەڵێن (شهاب سنگ). بە واتای ئەو پارچە بەردەیە کە لە کەیهانەوە بەردەبێتەوە سەر گۆی زەوی و لەکاتی رێکردنی دا بەهۆکارگەلی فیزیایی وەک نێزەیەکی گڕدار دەردەکەوێت.
ئاشکرایە کە واژەی نەیزەک کوردییە و چووەتە نێو زبانی عەرەبییەوە. فۆرمێکی تری نەیزەک لە کوردی دا بریتییە لە (نەقیزە). لە راستیدا کورد خۆی، بێ هۆکار دەنگی (ق)ی بۆ زیاد کردووە. نەیزەک واتە شتێک وەک نەیزە یا نێزە. بنەڕەتی نەیزەیش ناوی (نەی)یە. نەی، نەیجە، نەیژە، قامیش.

Tuesday, November 7, 2023

ئەولیای چەلەبی


وەک زۆربەمان ئاگادارین ئەولیای چەلەبی کوڕی دەروێش محەممدەاغای زیللی، گەڕیدەیەکی تورکی عوسمانی بوو. ئەو لە نێوان ساڵەکانی ١٦١١ و ١٦٨٢ دا ژیاوە. ئەو لە ئەستەمبووڵ لەدایک. بووە و لە ساڵی ١٦٣٠ وە دەستی کردووە بە گەڕان و لە ماوەی جل ساڵدا وەڵاتەکانی عوسمانی و دەوروبەری گەڕاوە. لە هەموو شوێن و ناوچەکان یادداشتی نووسیوە و پاشان لە پەرتووکێکی دە بەرگی دا بە ناوی (سیاحەتنامە) یا (گەشتنامە) گرد و کۆی کردووەتەوە.

سەبارەت بە کورد و کوردستان زۆر شتی نەبیستراو و گرنگی نووسیوە کە هەندێکیان ئەو رووداو و پێشهاتانە بوون کە بە چاو بینیونی و هەندێکیشیان لێکدانەوەی خۆی یا زانیارییەکانی خۆی بوون.
ئەو سەبارەت بە شاری قەزوین دەڵێت کە مەردمی ئەوێ کورد و دەیلەمین و بۆ لەیەکگەیشتن فارسییەکی ساددە بەکاردەهێنن و هەروەها عەرەبیش دەزانن. هەروەها دەڵێت: وێژەوان و هۆنەر و نووسەری زۆری تیدایە و کۆڕە وێژەییەکانیان گەرمە. هەروەها دەڵێت پزیشک و نەشتەرگەری هێژای لێیە.
باسی شاری ماکۆیش دەکات کە دەڵێ سەردەمی خۆی لەلایەن سولەیمان موحتەشەم سوڵتانی عوسمانییەوە قەڵای ماکۆ دراوە بە خانێکی کورد لە هۆزی مەحموودی؛ بەڵام پاشان عەجەمەکان بە فێڵ لە دەستی دەردەهێنن.


Sunday, November 5, 2023

سێسیل جۆن ئێدمۆندز


ئەفسەری سیاسی و رۆژهەڵاتناسی بریتانیایی بوو ١٨٨٩-١٩٧٩. باوکی قەشە بوو؛ ناوی واڵتەر و دایکیشی ناوی لۆرا ئێدمۆند بوو. ئەو لە وەڵاتی ژاپۆن لە دایک بوو. تا تەمەنی هەشت ساڵی لە ژاپۆن ژیاو پاشان چوونە بریتانیا و لەوێ خوێندنی دەسپێکرد. دوای تەواوکردنی خوێندن لە وەزارەتی دەرەوە دامەزرا و بەم جۆرە تێکەڵ بە سیاسەت و لەشکر بوو. لە هەردووک وەڵاتی ئێران و ئێراق، یا باشتر بڵێێن لە باشووری کوردستان و باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکدار بووە.


یەکێک لە پەرتووکە بەنرخەکانی سەبارەت بە کوردستان، بریتییە لە (کوردەکان، تورکەکان و عەرەبەکان) کە ئیبراهیمی یوونسی کردوویەتی بە فارسی. هەروەها فەرهەنگی کوردی -ئینگلیسیی بە هاوکاریی تۆفیق وەهبی بەگ نووسیوە. هەروەتر دووو یادداشتنامەی سەبارەت بە لوڕستان نووسیوە؛ کە پرۆفیسۆر سکەندەر ئەمانوڵڵاهی بیرانوەند کردوویەتی بە فارسی. دووا پەرتووکی سەبارەت بە کورد کە نووسیوێتی بە ناوی (زاگرۆسی رۆژهەڵات و رۆژاوا) یە کە بۆ باس لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان واتە لوڕستان بە درێژایی و پانایی نێوان ئێران و ئێراق تەرخان کراوە.

Saturday, November 4, 2023

ئاوەتەماتە یا دۆشاوی تەماتە


بڕوا ناکەم بە هەموو ماڵەکانی گەڕەکەکەمان بە قەد ماڵی ئێمە ئاوەتەماتە بخۆن. هەفتەیەک بەرلەوەی ئاوەتەماتەمان لێ ببڕێت، هاوسەرم هاواری لێ هەڵدەستێت و دەڵێ ئاوەتەماتەمان نەماوە، نازانم ئەمڕۆ چی لێبنيم؟! ئەگەر بڵێم خانم زڵفنجاوم بۆ لێنێ، کاتێ کە لێیدەنێت و دەیهێنێتە سەر خوان، سەیر دەکەم ئاوەتەماتەی تێکردووە. کە دەپرسم خانم ئەمە چییە بۆ منت لێناوە؟ شلەی ئاوەتەماتەیە یا زڵفنجاو؟ دەڵێ باشە زڵفنجاو چۆن بێ ئاوەتەماتە دەخورێت؟

قورئان بە هەقت بە ساحەبت، نازانم باوەڕم پێدەکەن یا نا، ئەو ژنەی من شلەی تەماتەی تەڕ و تازەی لێناوە، ئاوەتەماتەی تێکردووە!! دەی تۆخوا ئەوە چێشت لێنانە؟ خۆ بە ناشکوری نەبێ نایشوێرم بڵێم چيشتەکەت خۆش نییە؛ دەڵێ دەی باشە لەمەوبەدوا فەرموو خۆت چێشت لێبنێ و ئێمە دەیخۆین.
جا با بزانیت، لەم ماڵەی ئێمەدا دۆڵمە بێ ئاوەتەماتە دۆڵمە نییە؛ جەرگ و بەز سووردەکرێتەوە، پڕ دەکرێ لە ئاوەتەماتە. شۆرباوی نۆک بێ ئاوەتەماتە لێنانرێت… ماشێنە بە ئاوەتەماتە رەنگ دەکرێت؛ قارچک بەو بۆن و بەرامە خۆشەیەوە لە ئاوەتەماتە هەڵدەکێشرێت؛ ئاوەتەماتە بووەتە شێرپەنجە لە شیوپێژگەی ئێمەدا. ئەو رۆژە گوتم خانم خاس ئەگەر رۆژێک ئاوەتەماتە لە بازاڕ نەما تۆ چیدەکەیت؟ چیمان بۆ لێدەنێیت بیخۆین؟ گوتی هێندەیش دەست و پێ سپی نیم؛ دوو سندووق تەماتەی رزیوت بۆ دەکڕم و بۆت دەکەمە ئاوەتەماتە. هەمووی کاری سێ چوار ساتە.


Friday, November 3, 2023

نامەنووسییەکانی مەکماهۆن- حسێن

حسێن ئیبن عەلی ناسراو بە شەریفی مەککە


سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری مەکماهۆن، ئەفسەرێکی سپای هیندی بریتانیایی کە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وەک کۆمیسیۆنەری باڵا لە میسر کاری دەکرد. لە ماوەی ساڵێکدا چەند نامەیەکی لەگەڵ شەریف حسێن ئیبن عەلی ئاڵوگۆڕ کرد. حسێن ئیبن عەلی دەسەڵاتداری حیجاز بوو. لەلایەن عوسمانییەوە ناسناوی شەریفی مەککەی پێدرابوو. لەو سەردەمەدا، بریتانیا پلانی لێکهەڵوەشاندنی ئیمپراتۆریی عوسمانیی هەبوو. لە نامەکاندا مەکماهۆن پشتگریی شەریفی مەککەی کرد بۆ شۆرشکردن لە دژی عوسمانی و هەروەها پێیڕاگەیاند کە وا بریتانیا پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی دەکات.. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە شەریفی مەککە ئێستایش وەک باوکی نەتەوەگەرایی عەرەبی سەیر بکرێت.
هەر ئەمە بوو کە حسێن بن عەلی سەربەخۆیی حیجازی راگەیاند و خۆی وەک خەلیفەی حیجاز راگەیاند. بەکردەوە شا بوو بەڵام ناسناوی شای بۆ خۆی پەسەند نەدەکرد. کوڕە گەورەکەی (عەبدوڵڵا) کرایە شای ئۆردۆن و کوڕەکەی تریشی (فەیسەڵ) کرایە شای ئێراق. کاتێک پرسی جوولەکە و دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ ئەوان لە فەلەستین لەلایەن بریتانیاوە پەسەند کرا، حسێن بن عەلی دژایەتیی کرد و پەسەندی نەکرد. ئەمەیش بووە هۆی ئەوە کە بریتانیا پشتی ئیبن سەعوود بگرێت بۆ شکستدانی ئیبن عەلی.
سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری

حسێن ئیبن عەلی لە خێڵی بەنوو قەتادە بوو کە تیرەیەکی هۆزی بەنوو هاشمی. ئیبن سەعوود کە ناوی عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو، لە میرەکانی (نەجد) بوو کە لە مێژبوو دەیانەوێست دەسەڵاتی ناوچەکە بگرنە دەست خۆیان. ئەمان پەیوەندیی توندتۆڵیان لەگەڵ وەهابیزم هەبوو؛ بە پشتگریی بریتانیا توانیان دەسەڵات لە دەست حسێن بن عەلی دەربهێنن. بریتانیا حسێن بن عەلیی تاراند بۆ دورگەی قیبروس و تا نەخۆشیی تەنگی پێ هەڵچنی و لە مردن نزیک بوویەوە لەوێ بوو؛ ئینجا رایانگواست بۆ ئۆردۆن لای عەبدوڵڵای کوڕی و لەوێ مرد.
عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو بە یەکەم شای ئەوێ و وەڵاتەکە بە ناوی شانشینی سەعوودی ناسێنرا.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...