وەک لە یادمە چەند جارێ لە گرووپی فەرهەنگی ژین کە گرووپێک بوو لە فەیسبووک تەرخان کرابوو بۆ کۆکردنەوەی واژەگەلی کوردی، باس لە واژەڕتناسیی وشەی خان\خانم کراوە و بە چەندین بەڵگە و سەنەد و تاپۆ لەگەڵ ووشەی خانوو و خانەوادە و خانەدان لە یەکتریان شەتەک داون و کردوویانن بە مەغۆلی.
بە بڕوای من راستە لە رووی فۆرم و بیچمەوە ووشەکان لە یەکترییەوە نزیکن بەڵام ریشە و رەچەڵەکیان لێک جیایە؛ و ماقووڵ نییە ئێمە بە مێژوویەکی لانیکەم ٦٠٠٠ ساڵەوە، دەستەوئەژنۆ دامابین تا جەنابی چەنگیزخان لە کۆتایی هەزارەی یەکەمی زایینی دا دێت ووڵاتمان داگیر دەکات و لە ناسناوی خۆی ووشەی خانوومان بۆ دادەتاشێت و بەگزادەکانمان دەکاتە خانەدان.
من لام وایە ووشەی خانوو، خانەوادە و خانەدان ریشەیان لە یانەی هۆرامی و هانە یا هوونە یا یوونەی لوڕی دایە نەک خانی مەغۆلی . راستە (خان یا خانم)ی مەغۆلی لە کوردی دا بەکار دەهێنرێن ەک ناونیشان بۆ پیاو یا ژنی گەورە و دەسەڵاتدار بەڵام ئەو (خان)ەی کە لە ووشەی خانەدان یا خانوو دا هەیە جیاوازە و لە بنەڕەتدا لە (هانە، یانە، هوونە، یوونە)ەوە سەرەچاوەی گرتووە. دەکرێ بگوترێت کە واژەکان بەهۆی نزیکایەتیی بیچم و واتا و تێکەڵ کراون؛ بەڵام لە راستی دا لە یەکتری جیاوازن.

No comments:
Post a Comment