Wednesday, April 15, 2020

ووشەی کوردی و زمانی فارسی


بەشێکی زۆر لە پەیڤ و واژەکانی زمانی ئێمە بەناڕەوا دزراون.  زمانەوان و فەرهەنگ نووسانی فارس لە ئێمەیان دزیون و لە فەرهەنگی خۆیان دا جێگایان بۆ کردوونەتەوە.  ووشەکان بە راددەیەک دوورن لە زمانی فارسییەوە و بە راددەیەکیش کوردین کە کابرای فارس زمان ناتوانێ رەگ و ریشەیەک بۆ ووشەکان لە زمانی فارسیدا بدۆزێتەوە.  بە پێچەوانەوە ووشەکان بەراددەیەک کوردین کە هەرچەندە فارسەکان بەکاریان دەهێنن، بەڵام لە کوردێکی نەخوێندەوار بپرسە زۆر سووک و ئاسان رەگ و ریشەی ووشەکەت بۆ روون دەکاتەوە.  زۆرێک لەم ووشانە تۆزکاڵێک گۆڕانیان بەسەرداهێنراوە تا لە کوردیبوون دابشۆرێن.  هەندێکیشیان هەروەک خۆیان ماون؛ بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە خۆمان هێندە بە سووک و کەم و بچووک دەزانین؛ و پێزانینمان لەسەر زمان و دیرۆک و فەرهەنگمان هێندە کەمە، ناوێڕین بڵێین فڵان یا فیسار ووشەیە هی ئێمەیە.  ئەوەندەیش وێرەکیمان نییە واژەکە لە پەیڤین و نووسینمان دا بەکاربێنین.
من ماوەی دە ساڵ دەبێ دەگەڕێم بە شوێن ووشەیەکی کوردیدا کە واتای [ سپۆر]ی ئینگلیسی بدات.  لەگەڵ زۆر کەسی زمانەوان و شارەزای بوواری کشتوکاڵی و زیندەزانی گفتوگۆ و راوێژم کرد.  هەموو پەرتووکەکانی زیندەزانی و ژیانزانی کە لە فێرگەکانی باشوور دەخوێندرێن، پەیدام کردن و بە ووردی سەرنجم لێدان.  چەند جارێک، چەند ووشەی جیاوازم داتاشی و لە نووسینەکانمدا بەکارم هێنا..
پاشان کەوتمە شوێن وشەی [هاگ] کە لە فارسیدا بەکاری دەهێنن لە بەرامبەر وشەی [سپۆر]ی ئینگلیسی.  سەرەنجام بۆم دەرکەوت ووشەی [هاگ]، واتە ئەو ووشەیەی کە فارسەکان بەکاری دەهێنن و نایشزانن لە چییەوە هاتووە، و واتای [ سپۆر]یان پێ بەخشیوە، هەمان [هێلکە]ی سۆرانییەکەی خۆمانە و لێمانیان دزیوە.  بەڵێ لە زمانی دەوڵەمەندی کوردی دا ووشەکانی [هێڵە، هێلک هێک، هێکە، هاک، هاگ، خا، خای] هەر هەموویان هاوواتای هێلکەن.

هەر بۆیە جارێکی دیکەیش دەڵێم هەموو واژەیەکی فارسی کوردییە؛ بەڵام هەموو کوردییەک فارسی نییە.
سپۆر لە زمانی ئینگلیسی دا بە تۆوێکی وردیلەی کەڕووەکان، قەوزەکان، رووەک و بەکتریاکان دەگوترێت کە بە چاو نابینرێت و تاکخانەییە و هەر کاتێک بکەوێتە شوێنێکی گونجاو و کەشوهەوای لەبار دەپیتێت و دەڕوێت.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...