Tuesday, January 4, 2022

یادگاری زەڕیران





ئاسەوارێکی نووسرای پەهلەوی

وەرگێڕانی بۆ فارس: ژاڵە ئامۆزگار

ساڵی چاپ: ٢٠١٢


ئەو چوارگۆشەیە کە لە نەخشەکەدا کێشراوە لە مێژووی کۆندا پێیدەگوترا رۆژهەڵات.  خۆراواییەکان لایان وابوو کە ئێرە رۆژهەڵاتی دنیایە و لە پشت ئەوێوە ژیان و ئاوەدانی نییە.  ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەزاران ساڵ پێشتر لەم ناوچەیەوە هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هیندوستان و چین هەبوو..  دوواتر کە خۆراواییەکان پەیان بەوە برد لە پشت ئێرەیش ئاوەدانی و ژیان هەیە، ناوەکەیان گۆڕی و کردیان بە (رۆژهەڵاتی نزیک).  هەر ئەم ناوچەیە ئێستا پێیدەڵێن رۆژهەڵاتی ناوین؛ و لەم ساڵانەی دوواییدا فراوانتر بووە و ناوەکەیشی گۆڕاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە.  


ئەم رۆژهەڵاتە یا رۆژهەڵاتی نزیکە تا هاتنی ئیسلام، نە تورکی تێدا هەبوو نە عەرەبیش تیایدا دەنگ و رەنگ و قەبارەی هەبوو.  ئەمە قسەی من نییە؛ هەموو مێژوونووس و مێژووزانان وا دەڵێن.  شەڕ و جەنگ و ئاڵۆزییە مەزنەکانی ئەم رۆژهەڵاتی نزیکە لە دوای دەسەڵاتی ئاسۆرییەکان، بە زۆری لە نێوان دوو هێزی گەورەدا روویاندەدا.  ئیمپراتۆریی فارس-ماد و ئیمپراتۆریی رۆم.   هەرکام لەمانەیش لە نێو خۆیاندا بەردەوام تیرە و هۆزی جیاجیایان تێدابوو کە زۆر جار لە نێو خۆیاندا دەجەنگان و هەر جارەی یەک سەردەکەوت و یەک رایدەکرد و یەک خاکی ئەوی تری داگیردەکرد و…



نێو جەرگەی جەنگ و لێکدان و پێکهەڵپڕژانەکان بە زۆری ئەو ناوچانە بوون کە ئەمڕۆ کورد تیایاندا نیشتەجێیە و پێیدەگوترێت کوردستان.  هۆکارەکەیش روونە کە هۆکاری ئابووری و بازرگانی بوو.  هەر تیرە و هۆز و لایەنێک دەیویست لەم ناوچە دەوڵەمەند بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەدا جێگیر ببێت تا کۆنترۆڵی تەواوی بە سەر بازرگانی و داهاتی باج و پیتاکە فراوانەکاندا هەبێت.


ئێستا و لەم سەردەمەدا کە زۆرترین ئاسەوار و پاشماوە مێژووییەکان بە نووسراوە، یا وەک کەرەستە و بینا و چیرۆکی زارەکی و پەرتووکی دینی لەبەردەستدان و خوێندنەوەیان لە هەموو سەردەمێک ئاسانترە، ئیدی ئەوپەڕی گەمژەییە بڵێین کورد لەم هەموو مێژووە دوور درێژەدا بێ پشکە و دەستی لە هیج بەشێکیدا نەبووە.   ئەوپەڕی گەوجێتییە بە بیانووی نابەجێ و نامەنتقی خۆمان و مێژوومان ئەوەندە بچووک و سووک و چرووک نیشان بدەین کە بڵێین هەرچی لە موکریان و سۆران و ئەردەلان مەردم ئاگاداری و زانیاریی لەسەری نەبێت، هی کورد نییە و نەبووە.  


ئاخر چ هۆش و ئاوەزێک ئەوە پەسەند دەکات کە لە ئەو سەردەمانەدا نە فڕۆکە هەبووە و نە ئۆتۆمۆبیل و تۆپ و تانک و مووشەک، فارسێک لە دەشتی لووت لە ناوەراستی ئێرانەوە بە سەر کوردستاندا هەنگاوی هەڵهێنابێت و چووبێتە یۆنان و میسر شەری کردبێت و کوردیش زەق زەق تەماشای کردبێت؟!  یا بە پێچەوانەوە رۆم و یونانی هاتبێتن میزۆپۆتامیا و تۆرۆس و زاگرۆسیان داگیرکردبێت و بە ساڵان حوکمڕانییان بەسەردا کردبێت و کوردیش  دەستەوئەژنۆ دانیشتبێت و باج و پیتاکی بەوان دابێت؛ و سەرباز و لەشکری ئەوانی بەخێوکردبێت؟!  ئەگەر وایە بۆچی خێڵێک و تیرەیەکی رۆمی لە کوردستان نەماوەتەوە؟. دەسەڵاتی ئاسۆری،  ئەرمەنی، عەرەب و تورک چونکە راستییە، تا ئێستایش نەک پاشماوەکانیان لە کوردستان ماوە، بەڵکوو هەرکامیان بەشێکیشیان داگیرکردووە؛ بەڵام بۆچی پاشماوەی فارس و رۆم  لەم ووڵاتی کوردستانە نەماوە؟


پتر لەسەر ئەم بابەتە ناڕۆم و دەچمە سەر مەبەستی سەرەکی کە (یادگاری زەریران)ە.

یادگاری زەریران کتێبێکی حەماسییە.  وەک دەڵێن بە زمانی پەهلەویی ساسانی نووسراوە.  ئەم پەرتووکە بەشێوەی پەخشانە شیعر نووسراوە و باس لە شەڕی نێوان ساسانی و هیۆنەکان دەکات.  لەسەر ناسنامەی هیۆنەکان بۆچوونی جیاواز هەیە.. بەڵام رەنگە هەر هەمان یۆنەکان بن کە لە باکووری کوردستان دەژیان و  دەبنە باوانی یۆنانیەکانی ئەمرۆ.  لە چیرۆکەکەدا پاڵەوانێکی گەنج کە برای وێشتاسب شا بووە دەکوژرێت… و دوواتر لە جەنگەکەشدا سەردەکەون.  پەرتووکەکەیش بە ناوی ئەمەوە ناونراوە (یادگاری زەریران) واتە  ئەو چیرۆک و بەسەرهاتە پاڵەوانانەیە بە یادی زەریرەوە هۆنراوەتەوە.  

ئەم پەرتووکە لەلایەن دوو کەسی ئێرانییەوە و لە دوو سەردەمی جیاوازدا کراوەتە فارسی.  ئەوەی من خوێندوومەتەوە، هەرچەندە هەموو کردە و کۆشەی ئەوە بووە بیسەلمێنێت کە زمانی پەهلەویی ساسانی هەمان فارسیی ئەمڕۆیە، بەڵام لە نێوان وەرگێڕان و لێکدانەوەکەیدا بۆ منی کورد زۆر ئاسانە واژە کوردیەکان بناسمەوە و بیسەلمێنم کە وەرگێڕە فارسەکە درۆ لەگەڵ خۆی و خەڵکەکەی و جیهاندا دەکات.


سەبارەت بە خودی ووشەی زەریران دەڵێت: پاشگری (ان) نیشانەی کۆیە.   هەروەک چۆن لە ناوی (ئەردەشیری بابەکان)یش دا هاتووە و بابەک بووە بە بابەکان.  بەڵام سەبارەت بە زەریر هیچ بەڵگەیەکی فارسیبوون ناداتە دەست؛ بەڵکوو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئاڤێستا چەند بەشێک لە نێوەڕۆکی ئەم چیرۆکە هەیە؛ و لەوێدا نووسراوە (زێڕی ڤەرەی) واتە خاوەنی جەوشەنی زێڕین.  دیارە ئاڤێستایەکە زۆر سووک و ئاسان دەتوانین بڵێین یانی(زرێ لەبەر یا زێڕ لەبەر) واتە کەسێک کە زرێ یا زێڕی پۆشیوە.  جا ئیتر نووسەری فارس مانای ووشە پەهلەوییەکە لە ئاڤێستاییەکەوە وەردەگرێت و خۆی پێ قانع دەکات.  بەڵام من پێم وایە ووشەی زەریر  مانای تری هەیە و تا ئێستایش لە زمانی کوردیدا ووشە هاوشێوەکانی زەڕیرمان هەیە.


بە بڕوای من زەریر پێکهاتووە لە ناوی زەڕ واتە زێڕ، لەگەڵ پاشگری یر. پێکەوە واتەی زێڕدار یا خاوەنی زێڕ یا زێڕین  دەبەخشێت.  دەیشکرێت زەر بە واتای رەنگی زەرد لێکبدرێتەوە کە پاشگری یر بە دوایدا هاتووە و لە سیفەتەوە گۆڕیوێتی بۆ ناو.  تا ئەم ساڵانەی دوواییش لە کوردەواریدا زەردە ناوی پیاوان بووە؛ و زەردێ یا زەرێ ناوی کچان بووە. واتە ناوێکی نامۆ نییە بۆ کوردان.

نموونە ووشەی زەریر لە کوردیدا: ووشەی پەنیر، پەن واتە ئاوسان، پەنەمان، لەگەڵ پاشگری یر، پێکەوە واتە شتێک کە دەپەنەمێ. لەکاتی دروسکردنیدا شیرەکە دەپەنەمێت و دەگۆڕێت بۆ پەنیر.

هەروەها ووشەی هەویر،  پێکهاتووە لە هەو واتە ئاوسان و هەڵاوسان و و هەوین، لەگەڵ پاشگری یر ، پێکەوە واتە شتێک کە دەئاوسێت و دەهەوێت.
هەروەتر کەفیر، پێکهاتووە لە ووشەی کەف لەگەڵ پاشگری یر، پێکەوە واتە شتێک کە کەف دەکات.

دوواتر لە شوێنێک دەڵێت وێشتاسب شا لەگەڵ کوڕان، برایان، شازادەکان و هەماڵانی خۆی ئەم دینە تایبەتەی لە مەزدیەسنایی لە ئەهۆرامەزدا وەرگرت.  لە لێکدانەوەی ووشەی هەماڵان دا دەڵێت لە پەهلەویی کۆندا ئەم ووشەیە واتە هاوتایان، یانی لە فارسیدا هیچ مانایەکی نییە بەڵام ئاگای لەوە نییە هەماڵانی پەهلەوی هەڤاڵانی کورمانجییە…


پەرتووکەکە شتی لەم بابەتەی زۆر تێدایە، بەڵام سەد خۆزگە دەقە پەهلەوییەکە لەبەردەست بووایە، ئەوسا دەمانزانی (یادگاری زەریران)یش وەک زۆر لە ئاسارە چەواشەکراوەکانی تر موڵکی ئێمەی کوردە و لێمانیان دزیوە. 



No comments:

Post a Comment