حازرم بۆ حیفزی ئاو و خاکەکەت ئەی نیشتمان
شەرتە بیڕێژم لەبەر پێت خوێنی گەش، رۆحی رەوان
خوێنەکەم بۆ تۆ حەڵاڵە، ماڵیشم، هەردووکیان
یا دەبێ هیچیان نەبن، یا دوژمنت هیچکامیان.
دەچمە بەر مەیدانی دوژمن جا حەڵاڵ کە گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم.
ئەی وەتەن لە وەختەوە ئەم رۆڵەیەت خستووەتە رۆ
شیری تۆی کەوتووتە یاد و مێهری تۆی گرتووەتە خۆ
دڵ بە سازیی تۆ بە کەیفە روو بە خۆشیی رووی تۆ
پێم گوتی دەبمە بەڵاگەردانی تۆ، بێ هیچ درۆ
وەختی ئیجرای قەولمە ئۆباڵ بە تەختی گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم
غەم مەخۆ دایکی وەتەن تۆوی مرادت شین ئەکا
لاوی تۆ سەرخۆشە ئەوڕۆ، پاکی داوای ژین ئەکا
داغی باڵای سەوزی تۆیە دوژمنت هەر شین ئەکا
تینی زوڵمی کۆنی تۆیە قەلبی من پڕ تین ئەکا
نامەوێ ژێردەستیی دوژمن بێتە تۆقی گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم
ئەی وەتەن گەر ژین هەبێ، هەقا کە تۆ ژینی منی
نامەوێ سەیری گوڵستان تۆ کە پەرژینی منی
ئاورم بۆ هێزی دوژمن چونکە تۆ تینی منی
قیبلەکەم، ئیمانەکەم، پەیمانەکەم، دینی منی
گەر بوتی زوننار دەبەستم ببیە خاچی گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم.
No comments:
Post a Comment