Friday, February 11, 2022

گرفنچ یا سندان

وێنە: محەممەد بەهادین
شوێن: قۆپیی قەراخ
درەخت: دارەبەن
رێکەوت: ١٣\١٠\٢٠٢١
 بریتییە لە گەشە کردنی درەخت بە شێوەی ناڕێک و شێواو کە لە شێوەی گرێیەکی خڕ بە تەنیشت قەد یا لکی درەختەکەوە دەردەکەوێت.  لە زمانی ئینگلیسی دا پێی دەگوترێت (Burl, burr ).  نێوەکەی پڕە لە گرێی پووخگەلی متبوو.  


دروست بوونی سندان لە سەر درەخت دەشێ ئاکامی ئازار و نارەحەتییەک بێت کە لە هەبوونی زام و برین، هەوکردنی نیتگی یا هەوکردنی کەڕوویین تووشی درەختەکە دەبێت.  دارتاشەکان و هونەرمەندان لە گرفنج\سندان کەرەستە و کاری هونەرییی زۆر جوان و دەگمەن و گرانبەها ساز دەکەن.


زۆربەی سندانەکان لە بنی درەخت و لەسەر رەگەکانی دروست دەبن؛ و زۆر جار هیچ کەس هەستی پێ ناکات تا درەختەکە ووشک دەبێت و دەکەوێت.  قەبارەیەکی دیاریکراویان نییە و بە گوێرەی قەبارەی درەختەکە رەنگە تیرەی گرفنچەکە تا ٨ مەتر گەورە بێت.  هەندێک جار بە چەشنێک گەورە دەبێت کە بە دەوری درەختەکەدا دەسووڕێتەوە.








Wednesday, February 9, 2022

زراو \ زاور



ئەندامێکی لەشی مرۆڤە کە ماددەیەکی ئەسیدی تێدایە. تەکووزی لەش لە هەرس کردنی خۆراک دا ئەم ماددە ئەسیدییە بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت زەرداو.
زراو لە ئاخاوتنی رۆژانەیش دا بە واتای ترسی زۆر بەکاردەهێنرێت. نموونە: بوومەلێڵ بوو، بەفرێکی ئەستوور کەوتبوو، لە ناکاو گورگێک هاتە سەر رێگام، هەر بە جارێک زراوم چوو!
زراو لە لوڕیدا دەبێتە زەلە یا زەهلە. کە واتای غیرەت و بوێری دەدات. وەک دەڵێن (زەهلەم نەبی) واتە غیرەتم نەبوو یا نەموێرا. هەروەها لە سۆرانیدا زەهلە و زیلکیش بەکار دەهێنرێت وەک دەڵێن زەهلەم چوو! زیلکم چوو! یا زیلکم رژا! واتە زۆر زۆر ترسام. بەڵام خوێندەوارەکان چونکە لە رەگ و ریشەی ناگەن، لە نووسین دا بەکاری ناهێنن.
زەهلە یا زەلە دەشێ هاوڕیشە بێ لەگەڵ زەرە، زەردە، زەرداو ، زراو و زاور.

Tuesday, February 8, 2022

زەوەڕ، زمهەڕ، زەمهەڕ، زمهاڕ



زم یا زو\زەو واتە سارد و سەرما. هەڕ یا هار لە لوریدا واتە خواردن یا خۆراک؛ و ور\وەر لە هەورامیدا واتە خواردن.
وەک لە ووشەی زستان\ زمسان\ زوسان و ووشەی زوقم، زەمهەریر، زمکان، زەمبلە، زمبەلیلک، دا هەیە.
بەسەریەکەوە زمهەڕ یا زمهاڕ واتە خۆراکی زستان. پێشتر لام وابوو کە پاشگری هەڕ\هاڕ لە هاڕینەوە هاتووە بەڵام دوواتر کە چوومە بناوانی واتاکەیەوە، بۆم دەرکەوت ووشەکە رەگی لە لوری و هەورامیدایە. لە موکریان بەتایبەتی بەو گەنم و ئاردە کە بۆ زستان دەکرێتە نێو کەندوو یا چاڵەوە یا لە تەلیس دا هەماشتە دەکرێ، دەڵێن زمهەڕ یا زەوەڕ.
لەسەر ئەو باوەڕەم کە (زەمهەریر)یش هەر زمهەڕە و پاشگری (یر)ی بۆ زیادکراوە بە واتای ساردیبەخش یا سەرماهێنەر. پاشگری (یر) لە کۆمەڵێک ووشەی تریش دا هەیە.
خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەمەیە کە لەمەوبەدوا دەکرێ (هەڕ) بە واتای خۆراک وەک پاشگر لە سازکردن و رۆنانی ووشەدا بەکاربهێنین. بەتایبەتی لە بواری زانستی زیندەزانی و کەڕووزانیدا.

 



Tuesday, February 1, 2022

هەمبانە، هەموو، هەمار

 

زۆر گەڕام.. هەمانەی کوردیم دەسنەکەوت

..هەمانە، هەموونە، هەمبانە، هەمبوونە، هەنبانە

بە هەگبەیەک یا شێوە هەگبەیەکی چەرمین دەگوترێت کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مرۆڤ بۆ پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییە گرنگ. بایەخدارەکانی بەکاری هانیوە.  ئەم ووشەیە لە زمانی فارسیش بە چەند شێوەیەک دەردبڕدرێت؛ و لە هەمووان دیارتر (انبان)ە.   لە زمانی کوردیدا ئەم ووشەیە بە تەنیا ماوەتەوە و فرمانی نییە؛ لە فارسیدا فرمانەکەیشی هەیە کە بریتییە لە (انباشتن).

(ئەنباشتەن)ی فارسی واتە کەڵەکەکردن، کۆکردنەوە لەسەریەک، لەسەریەک تۆپەڵکردن..

بە بڕوای من ووشەی هەمبانە\ هەنبانە\انبانە لەگەڵ ووشەی هەموو\هەمە و (انبوه)ی فارسی یەک ریشەیە.  هەربۆیە کاتێک دەگوترێت هەمباشتە یا ئەنباشتە واتە هەموو یا هەموو لەسەریەک.  تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەم کە ووشەی هەمار\هەمبار؛ئەمبار\عەمبار\ئەنباریش هەر کوردییە؛ و لەگەڵ هەمبانە\هەنبانە یەک رەگ و ریشەن؛  ئەمە لە کاتی گەردانکردندا باشتر رووندەبێتەوە.  هەرچەند ئێمە بۆ ئەم  ووشەی (انباشتن)ە دانەماوین، بەڵام ئەگەر بەکاری بهێنین لە زۆر رەوش و دۆخ دا یارمەتیدەری باش دەبێت.   لەبەرئەوەی کوردی زمانێکی توانا و بەهێزە، بۆی دژوار نییە کە لە ناوی هەمبانە فرمان دروست بکات و گەردانی بکات.

 دەکرێت لە جیاتی ووشەی (store)ی ئینگلیسی و (خەزن)ی عەرەبی بەکار بهێنرێت.  میننەتی هیچ کەس ناخەینە سەر شانی خۆمان؛ ووشەکە هی خۆمانە و زمانەکەیشمان دەتوانێت وەک فرمان گەردانی بکات.

نموونەیەک لە بەکارهێنانی:

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتە دەکەن. 

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمبێرن. 

لێرەدایە کە دەردەکەوێت (انبار) کوردییە.  لە کوردیدا فرمانی (داشتن)مان هەیە کە بۆ ئاودان بەکاردەهێنرێت.  لە دەمی ئایندە\داهاتوودا ناگوترێت (ئاو دەداشتم ) بە ڵکوو دەگوترێت (ئاو دەدێرم)، یانی گۆڕانێکی گەورە بەسەر ووشەکەدا دێت.  لە ووشەی  (هەمباشتن)یشدا بە هەمان شێوە بۆ ئایندە\داهاتوو لەسەر شێوازی (ئووداشتن) فرمانەکە گەردان دەکرێت.  ئەمەیش دەریدەخات کە ووشەی ئەنبار یا هەمبار واتە (هەمبێر)کراو یا بە فارسی (انباشتە)کراو.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتووە.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتبوو.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمباشت.

بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان بهەمباشتایە.