| زۆر گەڕام.. هەمانەی کوردیم دەسنەکەوت |
بە هەگبەیەک یا شێوە هەگبەیەکی چەرمین دەگوترێت کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مرۆڤ بۆ پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییە گرنگ. بایەخدارەکانی بەکاری هانیوە. ئەم ووشەیە لە زمانی فارسیش بە چەند شێوەیەک دەردبڕدرێت؛ و لە هەمووان دیارتر (انبان)ە. لە زمانی کوردیدا ئەم ووشەیە بە تەنیا ماوەتەوە و فرمانی نییە؛ لە فارسیدا فرمانەکەیشی هەیە کە بریتییە لە (انباشتن).
(ئەنباشتەن)ی فارسی واتە کەڵەکەکردن، کۆکردنەوە لەسەریەک، لەسەریەک تۆپەڵکردن..
بە بڕوای من ووشەی هەمبانە\ هەنبانە\انبانە لەگەڵ ووشەی هەموو\هەمە و (انبوه)ی فارسی یەک ریشەیە. هەربۆیە کاتێک دەگوترێت هەمباشتە یا ئەنباشتە واتە هەموو یا هەموو لەسەریەک. تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەم کە ووشەی هەمار\هەمبار؛ئەمبار\عەمبار\ئەنباریش هەر کوردییە؛ و لەگەڵ هەمبانە\هەنبانە یەک رەگ و ریشەن؛ ئەمە لە کاتی گەردانکردندا باشتر رووندەبێتەوە. هەرچەند ئێمە بۆ ئەم ووشەی (انباشتن)ە دانەماوین، بەڵام ئەگەر بەکاری بهێنین لە زۆر رەوش و دۆخ دا یارمەتیدەری باش دەبێت. لەبەرئەوەی کوردی زمانێکی توانا و بەهێزە، بۆی دژوار نییە کە لە ناوی هەمبانە فرمان دروست بکات و گەردانی بکات.
دەکرێت لە جیاتی ووشەی (store)ی ئینگلیسی و (خەزن)ی عەرەبی بەکار بهێنرێت. میننەتی هیچ کەس ناخەینە سەر شانی خۆمان؛ ووشەکە هی خۆمانە و زمانەکەیشمان دەتوانێت وەک فرمان گەردانی بکات.
نموونەیەک لە بەکارهێنانی:
- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتە دەکەن.
- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمبێرن.
لێرەدایە کە دەردەکەوێت (انبار) کوردییە. لە کوردیدا فرمانی (داشتن)مان هەیە کە بۆ ئاودان بەکاردەهێنرێت. لە دەمی ئایندە\داهاتوودا ناگوترێت (ئاو دەداشتم ) بە ڵکوو دەگوترێت (ئاو دەدێرم)، یانی گۆڕانێکی گەورە بەسەر ووشەکەدا دێت. لە ووشەی (هەمباشتن)یشدا بە هەمان شێوە بۆ ئایندە\داهاتوو لەسەر شێوازی (ئووداشتن) فرمانەکە گەردان دەکرێت. ئەمەیش دەریدەخات کە ووشەی ئەنبار یا هەمبار واتە (هەمبێر)کراو یا بە فارسی (انباشتە)کراو.
- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتووە.
- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتبوو.
- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمباشت.
بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان بهەمباشتایە.
سڵاو
ReplyDeleteبابەت و پێشنیارێکی سەرنجڕاکێشە بەڵام هەڵدەگرێ زیاتر لە سەر شێوەی داهاتووی کردارەکە بگوترێ. لە کوردی دا چوار جۆر گۆڕانی ئەو جۆرە کردارە بۆ حاڵەتی ئێستا/داهاتوومان هەیە کە بە "...شتن" تەواو دەبن:
داشتن ؛ دێر (دەدێرم)
ناشتن ؛ نێژ (دەنێژم)
ڕۆیشتن/ڕۆشتن؛ ڕۆ (دەڕۆم)
هێشتن؛ هێڵ (دەهێڵم)
ئەم کاتەت باش کاک تاهیر
Deleteسوپاس و دەسخۆش بۆ سەرنج و تێ بینییەکانت
لە کوردیا هەندێک فرمانمان هەن کە فۆرمەکیان لەگەڵ گۆڕانی دەم\کات دا گۆڕانی قووڵی بەسەردا دێت.. زۆر جار دۆزینەوە هۆاکاری گۆرانەکە زۆر ئاڵۆزە یا رەنگە نەزانرێت چییە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. بۆ وێنە فرمان هاتن
هات
هاتووە
هاتبوو
دەهات
دێت
وەرە\بێ\بیا\ بەو
تۆ بزانە هات چ فۆرمەکە و وەرە چ فۆرمێکە؟ ئەسڵەن لە فۆرمدا تێکناکەنەوە.
یا فرمانی ووتن\گوتن کە چۆن دووایی دەبێتە دەڵێم\ئێژم\ئویشم\ئەگۆم
فرمانی ئاوداشتن یش لەو فرمانانەیە کە دەتوانم بڵێم تاکە. دیار هەڵداشتن یش هەر لەو کەوتووتەوە.
بە بڕوای من چاووگی فرمانەکە (دێران)ە نەک (داشتن). واتە داشتن لە دێرانەوە دروست بووە. رەگەکەیشی (دێر)ە کە دێر+او یش هەمان ریشەی هەیە.
مەبەستم ئەوە بوو بڵێم ئەو فرمانانەی بە (شتن) کۆتاییان دێت جیاوازن لە (داشتن) چونکە داشتن خۆی چاووگی فرمان نییە
بۆیە هەر لەسەر شێوازی داشتن\دێران ووشەی هەماشتن\هەمباشتن گەردان بکرێت وابزانم گرفتی نابێت
دووبارە سوپاس و دەسخۆش
ئەگەر تێبینی و سەرنجی دیکەت هەبوو پێم خۆشە گوێم لێی بێت