ماوەیەکە لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک دا یا لە هەر باس و ووتارێک دا کە قسە لەوە دەکرێت بزووتنەوەی کورد چۆن ببێتە هێزێکی دیار و و دەوڵەتان وەک کارەکتەرێک لە پلان و گەڵاڵەکانیان دا لەبەرچاوی بگرن، پێشنیاز دەکرێت کە کورد خۆی بەهێز بکات. پێشنیاز دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە هێز گەرەکە یەکگرتوو بێت. تا کورد نەبێتە هێز، هیچکەس و لایەنێک حیسابی بۆ ناکات. ئەمە راستییەکی نکۆڵی لێنەکراوە کە یەکگرتن کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ بەهێزبوونی نەتەوەیەک. بەڵام تۆ بڵێی یەکگرتن تاکە رێگا بێت؟ زۆر جار نەتەوەیەک یەکگرتوویش بووە بەڵام لە بەرامبەر هێزێک یا کۆمەڵێک هێز و لایەنی لە خۆی گەورەتر و بەهێزتر دا تێکشکاوە. ئەمە دەریدەخات یەکگرتن هەرچەندە کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتن بەڵام بە تەنیا بەس نییە. بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد کە دوژمنەکانی زۆر و بەهێزن و دۆستەکانیشی جێگەی متمانە نین؛ کۆمەڵێک هۆکار و کەرەستە هەن کە دەشێ بۆ مەبەستی بوون بە هێز سوودیان لێوەربگرێ.
نەتەوەیەکی وەک کورد بەم پێکهاتە جیاواز و رەنگاوڕەنگە زمانی و نەریتی و دینییەوە کە هەیەتی، و هەروەها بەم رەوشە جۆگرافی-سیاسییە کە دوچاری کراوە و لە نێوان چوار دەوڵەت-نەتەوەدا خاک و میللەتەکەی پارچە پارچە کراوە؛ و بە سیاسەتی فاشیستانە و ستەمکارانە هەوڵی تواندنەوەی دراوە، یەکگرتن ئەگەر مەحاڵ نەبێت، زۆر دژوارە. ئاخر یەکگرتن گەرەکە بنەما و بەرەماگەلێکی هاوبەشی هەبێ تا هەستی هاوبەشیان لەسەر رۆبنرێ؛ و ئەو هەستە هاوبەشە لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگە رەنگاوڕەنگ و لەت و کوت کراوەکەدا جێگەبگرێ.
لە سیاسەت و قانوون و کۆمەڵناسی دا دین زۆر گرنگە، کە بەداخەوە کورد لە دینێکی هاوبەش بێبەشە. ئیدی لەم چاخ و سەردەمەیش دا دینی هاوبەشی بۆ دروست نابێ، چونکە سەردەمی دینسازی بەسەرچووە. تەنانەت لە جەرگەی شارستانیەتە پێشکەوتووەکانی جیهانی ئەمڕۆ دا دین کاریگەریی خۆی لەسەر سیاسەت و شەڕ و ئاشتی دا لەدەست نەداوە. ئەوە کە هەموو دنیای پرۆتێستانت و کاتۆلیک لەدژی رووسیای ئۆرتۆدۆکس یەکیان گرتووە، سەلمێنەری ئەم قسەیەیە. تەنانەت جیهانی پرۆتستانت و کاتۆلیکییش لەنێو خۆیان دا جیاوازن و شێوازی هزرینیان جیاوازە و بەرژەوەندییەکانیان لە زۆر خاڵجدا یەکتری ناخوێننەوە. ئەم دوو جیهانە بەزۆری لەو کاتانە دا یەکدەگرن، کە رووبەڕووی شارستانیەتەکانی تری وەک ئۆرتۆدۆکس و ئیسلام و چینی و.. دەبنەوە. کەواتە بابەتی دینی هاوبەش کە یەکێکە لەو مەرجە سەرەکییانەی دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی ئاسان و مسۆگەر دەکات، لە نێو کورد دا نییە و لەمەوبەدوایش کە سەردەمی پێغەمبەرایەتی نەماوە، نابێت. لە رووی زمانیشەوە رۆژ بە رۆژ بەهۆی دابڕان لە یەکترییەوە، بە هۆی سیاسەتە فاشیستیەکانی داگیرکەرانەوە و بە هۆی گڵۆباڵیزم و کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنۆڵۆژیای تازەوە، پتر لە یەکتری دادەبڕێن؛ لەیەکتری بێگانە دەبن و تاک و کەرتە جیاوازەکانی میللەتی کورد بێشتر لە یەکتری دووردەکەونەوە.
تەکنۆلۆژیای سەردەمیش بە هۆی ئەوە کە دەوڵەت-نەتەوە دەتوانێت لە زۆر بووار دا پاوانی بکات بۆ خۆی، کوردی نەتەوەی بێدەوڵەت لێی بێبەشە و دەستی پێی نەگەیشتووە؛ تا لە بوواری لەشکری دا سوودی لێوەربگرێت.
چارە چییە؟
لە دووای جەنگی ساردەوە زۆرێک لە رووناکبیران و سیاسەتوانانی کورد فێربوون بڵێن (ئایدیۆلۆژی باوی نەماوە) یا (سەپاندنی یەک ئایدیۆلۆژی واتە دیکتاتۆری و ستەم). بێ ئاگا لەوە کە لیبراڵیزمیش خۆی ئایدیۆلۆژییە، دێمۆکراسی و سۆسیالدێمۆکراسیش ئایدیۆلۆژین، پرۆتستانتیزمیش ئایدیۆلۆژییە. ناسیۆناڵیزم و نەتەوەخوازیش ئایدیۆلۆژییە. تەنانەت خودی ئەوە کە دەڵێن نابێ ئایدیلۆلۆژییەکی تایبەت ب ۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵ و جڤاک پەیڕەوە بکرە، ئایدیۆلۆژییە... بۆچی خۆخستنە پاڵ ئەمانە ئاساییە بەڵام کۆبوونەوەی کورد لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت بەخۆی، کە هەڵگری توخمەکانی ژیان و ژینگە و یەکسانیی جێندەری بێت، ستەمکاری و دیکتاتۆری و خۆسەپاندنە؟ بۆچی ئەو دێمۆکراسییە نوێنەرایەتییەی کە هێشتا لە ئەمریکای لانکەی دێمۆکراسی! دا لە سایەی دا رەشپێستێک و ئاسیاییەک دەچەوسێندرێنەوە، دەبێ کورد پەسەندی بکات، بەڵام دێمۆکراسییەکی رادیکاڵ کە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەکەی خۆی دایە و هەزاران ساڵە دایباپیرانی پەیڕەوی دەکەن، دەبێ بە بیانووی نابەجێ دژایەتی بکرێت و و رەت بکرێتەوە؟
لە نەبوونی دینی هاوبەش دا، گردبوونەوە لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی هاوبەش دا کە نەک بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی جیهان و تەنانەت بۆ هەسارەکەیشمان مایەی خۆشبەختی و رزگاربوون لە نەمان و فەوتان دەبێت، ئەوپەڕی پێویستییە. هەبوونی ئایدیۆلۆژی نیشانەی نەزانی و پەیڕەویکردنی دەروێشانە نییە؛ بەڵکوو غیرەت و شەهامەت و شانازی و گەورەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت. سەرکەوتنی عەرەبە موسڵمانەکان و گەیشتنیان بە چین و ئیسپانیا بە هێزی چەک نەبوو. پێغەمبەری ئیسلام بۆچوونە پێشکەوتنخوازەکانی خۆی لەگەڵ تانوپۆی فەرهەنگی عەربی دا لێکدا و دینێکی پێشکەوتووی لێ. سازکرد، ئەوسا توانیی کۆمەڵگەی عەرەبی رێکبخات و بیکاتە هێزێک کە بەسەر دوو ئیمپراتۆریی مەزنی رۆم و مید-فارس دا سەرکەوێت. هیندییەکان تا لە دەوری بۆچوونە نەرم و ئاشتیخوازانە و جیانگرەوەکانی گاندی کۆنەبوونەوە، نەیانتوانی سەربەخۆیی بەدەست بێنن. گاندی بۆچوونەکانی خۆی لە زمان و مێژوو و فەرهەنگ و شارستانییەتی هیندی وەرگرتبوو؛ کە لە هەست و نەستی تاکی هیندی دا ریشەیان داکوتابوو. تەنانەت دەستەواژەکانیشی لە زمانی هیندی وەردەگرت و بە هیندی بەکاری دەهێنان. ئەو دەستەواژانەی هەموو داڕشتنەوە و لە قاڵبی نوێدا بە زمانێکی سەردەمیانە بە گوێی هیندییەکانی دا خوێند. گاندی تاکی هیندیی تێگەیاند، سەرەتا هزری خۆی ئازاد بکات؛ ئەوسا هەنگاو بنێت بۆ ئازادکردنی نیشتمانی. ئەو هەرگیز نەیویست تاکە سەربازێکی ئینگلیس بە دەستی هیندییەکان بکوژرێت، چونکە دژی ئینگلس نەبوو؛ بەڵکوو دژی سیاسەت و شێوازی بیرکردنەوەی ئینگلیس بوو. کەواتە هەبوونی ئایدیۆلۆژییەکی پێشکەوتووی جیهانگرەوە یەکێکە لە مەرجەکانی یەکخستن و یەکگرتووکردنی کورد و بوونی کورد بە هێز .
ئایدیۆلۆژی چ سیاسی و فەلسەفی بێ و چ دینی یەکێکە لە کەرەستە نەرمەکان. لە پاڵ ئەمە دا دەکرێ کورد بیر لە کەرەستەگەلی تریش بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێکی حیساب بۆکراو. ئێستا لە دوو بەشی باشوور و رۆژاڤا دا کورد خۆی ووڵاتی خۆی بەڕێوەدەبات و دەسەڵاتێکی بانتر نییە کە بەسەری دا سەپابێت. بەشێکیش لە بزووتنەوەی شۆرشگێریی کورد لە شاخ و چیاکان جێگیرە و بە گوێرەی توانست و قەبارەی خۆی ناوچەگەلێکی لە سەختترین ناوچەکان خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوە. ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە ناوچەگەلێکن کە تەنانەت بەهێزترین دەسەڵاتەکانی جیهانیش بۆ خۆپاراستن یا بۆ شاردنەوەی چەکە نهێنییەکانیان پەنایان بۆ دەبەن. کەوابوو، کوردیش دەتوانێت ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە بەکاربهێنێت بۆ سازکردنی چەک و چەکدار کردنی خۆی بە چەکگەلێک کە دوژمن لێی بپرینگێتەوە. پێشینان گوتوویانە مشت لە درۆشە دەگەڕێتەوە! کەسێک بە مشت پەلامارت بدات، تۆ بە درۆشە رووبەڕووی ببیتەوە بێگومان مشتەکە دەگەڕێتەوە دوواوە.
سوپا و ئەرتەشێکی یەکگرتوو بۆ هەموو نەتەوە و گەلێک کە گەرەکی بێت خۆی لە فەوتان بپارێزێت، بەردی بناغەیە. بەڵام جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد هەمیشە هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەر میرێک و ئاغایەک و والییەک لە هەوایەک بخوێنێ و بە گوێرەی بەرژەوەندییە کەسینییەکانی خۆی رەفتار بکات. لە سەردەمی تازەیش دا کە حیزبەکان جێگای ئاغا و میر و شێخەکانیان گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە هەر حیزبێک خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگا و دامەزراوە و رێکخستنی خۆیەتی؛ و بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی و پەلامار و داکۆکی دەدات. هەر خودی ئەزموونی فرەسوپایی باشوور و تاکسوپایی رۆژاڤا لە رۆژگاری ئەمڕۆ دا باشترین وانەیە؛ و پێمان دەڵێ کە ئەگەر کورد بیەوێ سەرکەوتوو بێ پێویستە، پێویستە، پێویستە یەک سوپای یەکگرتووی هەبێ. کە دەگوترێ یەک سوپا، مەرج نییە یەک سوپای وەک ئێران و تورکیا و ئەمریکا و رووسمان هەبێ؛ نەخێر دەشێ سوپایەکی وەک رۆژاڤای کوردستان هەبێ. لەوێ سوپای عەرەبەکان، سوپای سوریانیەکان و سوپای کوردان و سوپای ژنان، هەموویان لە ژێر یەک سەرکردایەتیی باڵا دا رێکخراون؛ و ئەم سەکردایەتییەیش دەسەڵاتی پتوونی بەسەر یەک بە یەکی ئەندام و بەشەکانی سوپا دا هەیە. وەها سوپایەک بۆ کورد گونجاوە کە لە یەک کات دا هەم جیاوازییەکانی تێدا رەچاوکراوە و هەم یەکگرتووە و لە یەک سەرکردایەتییەوە فەرمان وەردەگرێت.
تەکنۆلۆژیای سەردەم کە دەوڵەت-نەتەوەکان لە بوواری لەشکری دا ئەوپەڕی سوودیان لێوەرگرتووە، گەرەکە کوردیش بە هەر شێوەیەک بێ بەدەستی بهێنێ و کەڵکی لێوەربگرێ. بەتاییەتی ڤڕێنکە (درۆن) چەکێکی زۆر کاریگەر و سەردەمیانەیە و پێویستە جۆرێک لە ڤڕێنکە دروستبکرێت و بەرهەم بهێنرێت کە جێگەی چەکە نەریتییەکانی پێشمەرگە و گەریلا بگرێتەوە. وەک لەم چەند ساڵەی رابردوو دا دەرکەوتووە، کردەی ڤڕێنکە لەشکرییەکان هیچ قانوونێکی بۆ دانەنراوە و هەر دەوڵەت-نەتەوە و دەستە و کۆمەڵێک بە گوێرەی خواست و ویستی خۆی بۆ سیخوڕی، ئاگایی و پەلامار بەکاری دەهێنێ. حووسیەکانی یەمەن لە دژی عەرەبستان و ئیمارات بەکاریان هێناوە؛ پاکستان لە ئەفغانستان، ئێران لە باشووری کوردستان، تورکیا لە باشوور، رۆژاڤا و قەرەباغ و... بەکاریان هێناوە و هیچ بڕگەیەکی قانوونی نێونەتەوەیی نەیتوانیوە دەوڵەتان لەسەر ئەوە کۆک بکات تا لایەنی بەکارهێنەر سزا بدرێت.
بوواری دارایی یەکێکە لە گرنگترین ئەو بووارانە کە بڕبڕەی پشتی هەموو کۆمەڵگە و بزووتنەوەیەکە؛ هەربۆیە گەرەکە ئەوپەڕی گرینگی و بایەخی پێبدرێت. لە ئاستی هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین دا پارتییەک نەبووە کە لە رووی داراییەوە پشتی بە ووڵاتێکەوە نەبەستبێت و بەقەد پەکەکەیش دەوڵەمەند بێت. ئەو شێوازەی پەکەکە لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیی دارایی دا دایمەزراندووە و کاری لەسەر کردووە، لە مەیدانی کردەوە دا سەرکەوتووە. پێویستە هەموو حیزب و لایەنەکانی تری کوردستان سوود لەم ئەزموونەی پەکەکە وەربگرن، تا بتوانن لە رووی داراییەوە سەربەخۆ بن و باکیان بە هاوکاری و دەسگیرۆیی ووڵاتانی دەوروبەر یا دوور و نزیک نەبێ. هەر بزووتنەوەیەکی دژبەر بەتایبەتی کە چەکدار بێت، کاتێک کە سەربەخۆیی دارایی نەبێت، بە ناچار سەربەخۆیی سیاسیش لەدەست دەدات.
لە پێش جەنگی جیهانییەوە ووڵاتانی ئەوروپایی دەستیان کرد بە دروست کردنی کوورەگەلی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم. دوواتر چەند ووڵاتی تری وەک چین، هیندوستان، ئیسراییل و پاکستانیش ئەم بۆمبەیان دروست کرد. بەر لە بۆمبی ئەتۆمیش جۆرەها چەکی کیمیایی و بایۆلۆژیک لەلایەن ئەم ووڵاتانەوە دروست کرابوو. دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم کارێکی قورس و زانستێکی وورد و تێچوویەکی زۆر و رووبەرێکی زۆر و کاتێکی زۆر و تەناهیی دەوێ. بەڵام دروست کردنی چەکی ژەهراوی و بایۆلۆژیک کە ناسراوە بە (چەکی ئەتۆمی دەوڵەتە هەژارەکان)، نە رووبەرێکی زۆری پێویستە، نە تێچوویەکی زۆر و نە کاتێکی زۆری دەوێت. لێ بێگومان پێویستیی بە کۆمەڵێک زانای دڵسۆزی بایۆلۆژی و کیمیاییە لەگەڵ دەزگایەکی ئاسایشی نەتەوەیی کارامە و دەسپاک. تەنیا هۆکارێک کە ووڵاتە هەژارەکان یا گەشەسێنەکانی لە بەرهەمهێنانی ئەم چەکە دا خۆدەپارێزن، بریتیە لە لایەنە قانوونییەکەی؛ چونکە بەگوێرەی کۆنڤەنسیۆنی قەدەغەکردنی چەکە بایۆلۆژی و ژەهراوییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و هەماشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی قەدەغە و ناقانوونییە. ١٨٣ ووڵات ئەم قانوونەیان واژۆکردووە. لێ، بزووتنەوەی کورد چ وەک دەسەڵاتی باشوور و رۆژاڤا، چ وەک حیزبە چەکدارەکانی رۆژهەڵات و باکوور ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین، تا پابەندی بڕیارەکانی ئەم رێکخراوەیە و لقەکانی بن. نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوی ئەو نەتەوانەیە کە خاوەنی دەوڵەتن. کورد نزیکەی پتر لە سەد ساڵە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەدایە و هێمان پێی نەگەییشتووە. بە ووتەیەکی تر سیستمی هەنووکەیی جیهان رێگەی نەداوە میللەتێکی چل پەنجا میلیۆنی ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی تایبەت بە خۆی وەک هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی تر. هەربۆیە ئێستا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت ناسراوە. دەوڵەتانی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لە راستی دا نوێنەری کورد نین؛ بەڵکوو نوێنەری نەتەوە و نەژادی تورک و فارس و عەرەبن. ئێمە لە رووی ئەکادێمیکیشەوە پاساومان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چەکە. بمانکەنە! ئەندامی نەتەوە-یەکگرتووەکان، تا پابەندی ڕیارەکانی بین. لە کاتێک دا کە ئێوە ئامادە نین ئێمە ببینە ئەندامی ئەم رێکخراوەیە، مافی ئەوەیشتان نییە بڕیارەکانی بەسەر ئێمە دا بسەپێنن.
کورد کە پەنا بۆ دروسکردن و هەمباشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی ببات، هیچ بە مەبەستی هێرشبردن و پەلاماردانی کەس و لایەنێک نییە؛ بەڵکوو وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سڕانەوە و تووانەوەدایە، دەیەوێ ئەم چەکە بۆ پرینگاندنەوەی دوژمن و نەیارەکانی بەکاربهێنێت. رابردووی نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە ئەگەر لەسەر نەخشەی جیهانیش بسڕدرێتەوە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەناو مرۆڤایەتی باکی نییە؛ و لەسەری نایەتە دەنگ. وەکچۆن لە هەڵەبجە ٥٠٠٠ مرۆڤی کورد لە چەند هنگارێک دا بە چەکی کیمیایی کوژران و شارێک بە پتوونی کاولکرا. لە چەندین کردەی لەشکریی ئێراقدا ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد زیندەبەچاڵ کران. ٨٠٠٠ نێرینەی بارزانی بە هەمان شێوەی ئەنفالەکان کوژران یا زیندەبەچاڵ کران. هەروەها دەوڵەتانی ئێران و تورکیایش هاوشێوەی رێژیمی ئێراق لە جەنگی دژی پێشمەرگە و گەریلای کوردستان دا دەیان جار چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و هەرگیز رۆژێک لە رۆژان نەتەوە یەکگرتووەکان نەک شەرمەزاری نەکردوون بەڵکوو باسیشی نەکردووە. دەوڵەتی تورکیا بە بەرچاوی جیهانەوە چەکی فۆسفۆریی لە دژی رۆژاڤا بەکارهێنا و هیچ دەوڵەتێک متەقی لێوە نەهات. تەنانەت میدیای خۆراوا کە زمانحاڵ و داکۆکیکاری سیستمی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ یەک جاریش رێگەی نەداوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئێران و تورکیاوە بە گوێی گەلان و ئازادیخوازانی جیهان بگات. بەڵام ئەگەر نەیارەکانی ئەم نەتەوەی کوردە بیانزانیبایە کە کورد خاوەنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوییە، هەرگیز ئەو هەڵە و شاشەتییەیان نەدەکرد و ئەو بوێرییەیان نەدەبوو ئەو سیاسەتە توند و تیژ و رەقە لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەو بکەن.
ئاکام
کوردان وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی چەند دین و مەزەوی جیاواز و چەندین زار و زمانی جیاوازن؛ و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە ژێر ستەم و ناهەقییەکانی ناوچەیی و هەرێمی و جیهانی دا خەریکە دەپلیشێنەوە. بۆ رزگاربوون لەم دۆخە مەترسیدارە، جگە لە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەک ئایدیۆلۆژی هیچ رێگەیەکی تریان نییە. ئایدیۆلۆژییەک کە ئەمڕۆیان ببەستێتەوە بە رەگ و ریشەی هەزاران ساڵەیان; و سبەینێیان لەسەر بنەمای نەریت و شارستانیەتی کەوناری خۆیان، بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە دابڕێژێتەوە و بنیات بنێتەوە. ئایدیۆلۆژییەک کە بۆشایی دینێکی یەکگرتوویان بۆ پڕ بکاتەوە و لە هەمان کات دا جیهانگرەوە بێت و کراوە بێت بە رووی گەل و نەتەوە و دین و مەزەوە جیاوازەکانی تریش دا. لە پاڵ ئەمەیش دا کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەکدارەکانی کوردستان بە جیاوازیی بۆچوونە سیاسی و دینییەکانیانەوە لە ژێر چەتری یەک سوپای رزگاریخوازی دا، کە چەکدار کرابێ بە تەکنۆلۆژیای ڤڕێنکە (درۆن)، هەم پێویستییە و هەم ئەرکە. هەروەسا، بەبێ بوونی سوپایەکی یەکگرتوو، هەرگیز مەترسیی شەڕ و لێکدانی نێوخۆیی لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دا دووایی نایێت. هەروەها کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کارگێڕیی دارایی پەکەکە پێویستە بکرێتە ئەرک لەلایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی کوردستانی لە پێناو بەدەسهێنانی دراو دا سەربەخۆیی سیاسیی خۆی نەدۆڕێنێت. هەروەتر خۆپڕچەک کردنی کوردان بە چەکی پێشکەوتووی هەرزان و ئاسانی خۆماڵی و دوور لە چاوی داگیرکەران و بێگانەکان، مەرجێکی گرنگی بوونیانە بە هێزی حیساب بۆکراو. چونکە رابردوو سەلماندوویەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر نەتەوە بێدەوڵەتەکان نایەتە دەنگ؛ و ئەوە نەتەوە بێدەوڵەتەکان خۆیانن کە دەبێ بۆ پرینگاندنەوەی نەیارەکانیان چەکی پرینگێنەریان هەبێت.