بابم گێڕایەوە:
لە سەردەمی قاتی و قڕییەکەی جەنگی جیهانیی یەکەم نانی گەنم و جۆ دەسنەدەکەوت؛ و مەردم بەناچاری دانەوێڵەکانی تری وەک گەنمەشامی، نۆک، هەرزن و تەنانەت داڕوجانیان بە دەستاڕ دەهاڕی و دەیانکردە پەپۆڵە و دەیانخوارد. لەو ناوچانەی کە رووبەری تەختایی کەم بوو، دەرفەتی چاندنی گەنم و جۆ کەم بوو، خەڵک بارودۆخیان خراپتر بوو، چونکە پاشەکەوتی ئارد و گەنمیان زۆر کەم بوو. ئەوان پتر گەنمەشامی و هەرزنیان پاشەکەوت کردبوو؛ هەربۆیە پتر خواردنیان نانی هەرزن بوو.
یەکێک لە سیفەتە خراپەکانی خواردنی هەرزن ئەمە بوو کە لە ریخۆڵەی مرۆڤدا بە تەواوی هەرس نەدبوو، ئەوانەی چەند رۆژێک لە سەریەک دەیانخوارد تووشی گرفتی هەرس دەبوون و دەگیران (قەبز) دەبوون.
دەڵێن لەو سەروبەندە دا رۆژێک لەو قەندیلە کابرایەک بە رێبواری لە رۆژهەڵاتەوە دەیەوێ بڕوات بۆ ئەودیو. کاتی نیوەڕۆ دەبێ، دەگاتە دەوروبەری گوندی قەرناقەو. ئەو سەردەمە وا باو بوو، کەسی غەوارە و رێبوار و میوان کە خزم و ناسیاویان لە شوێنێک نەبووایە، کە دەچوونە ئاوەدانییەک، یەکسەر دەچوونە مزگەوت. کابرایش روودەکاتە مزگەوت و دەیەوێ دەسنوێژێک بشوات. تەماشا دەکات لەو دەوروبەرە لەبن هەر بنچکێک و هەر دارێک کەسێک هەڵترووشکاوە و سێنگێکی لەپێش خۆی داکوتاوە؛ و هەردوو دەستی بە سێنگەکەوە گرتووە و نەقە نەقێتی. شایانی باسە کە خەڵکی ئەو ناوچەیەی قەندیلەیش زۆربەیان موریدی شێخ ئەمینی سندۆڵان بوون.
کابرا کە گوێی هەڵخست و سەرنجی لە خەڵکەکەدا دیتی یەکێکیان کە ئەوەندە هەرزنی خواردبوو، رەوشی زۆر لەوانی تر خراپتر بوو، هاواری بۆ شێخ و مەشایەخ دەبرد، پڕ بە دەنگی خۆی دەنەقێنێ و هاوار دەکا، یا شێخ ئەمینی سندۆڵان!!!
# پەپۆڵە = جۆرێک لە کولێرەی ساددە و و سەرەتایییە، کاتێک ئاردێک پێزی نابێت و بۆ نان و کولێرە ناشێت، بۆ ئەوەی خەسار نەبێت و فڕێ نەدرێت دەیکەنە پەپۆڵە و دەیخۆن.
# داڕووجان = جۆرە دانەوێڵەیەکە لەگەڵ گەنم دەڕوێت. زۆر جار خەڵکی هەژار و نەدار بە ناچاری دەیانخوارد.
# سینگ = پاچلە، گڵمیخی چێو. دارێکی نزیکەی نیوگەز یا زیاتر لێک و لووس دەکرێت و سەرێکی تیژ دەکرێت بۆ داکوتان لەسەر زەوی. بۆ بەستنەوەی ئاژەڵ یا بەستنی رستەی چادر و دەوار و تاد..
# هەڵترووشکان = چینچک دان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤ دادەنیشێ بۆ کاری سەراو.

No comments:
Post a Comment