هەزاران دروود بۆ گیانی نەمر و جاویدانی هەموو ئەوانەی کە تەنانەت بە یەک واژەیش خزمەتی زوانی کوردییان کردووە.
ناوی کیومەرس یا کەیوومەرس لە سەرچاوە فارسییەکان دا لەسەر بنەمای واتای رەگ و ریشەی واژەکە بەگوێرەی فارسی لێکدراوەتەوە؛ و واتای بۆ سازکراوە. یانی بنەمایەکی پتەوی نییە کە وەک بەڵگەیەکی زانستیی نەگۆڕ سەیر بکرێت.
بە ووتەیەکی تر ئێمەیش وەک کورد دەتوانین لەسەر بنەمای رەگ و ریشەی ناوەکە واتای تایبەت بە خۆمان بدەین بە ناوی کەیوومەرس.
ئەم ناوە کۆنە و لە شانامەدا هاتووە و گوایە یەکەم پاتشای پێشدادییەکان ئەم ناوەی هەبووە. تا ئێستایش لە مەڵبەندەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی کوردستان کەسانێکی زۆر ئەم ناوەیان هەیە.
یەکێک لە سەرچاوە فارسییەکان دەڵێ ووشەی (گیو یا گیە) واتە گیان و ژیان. هەروەها (مەرتەن) واتە مردن. چونکە مرۆڤ هەر دەمرێ ناوەکە بە واتای گیانی مردوو یا گیانی مردەنی دێت. بەلای منەوە قۆڕترین لێکدانەوەیە و باوەڕ ناکەم هیچ دایک و باوکێک وەها ناوێک لە منداڵەکەی بنێت. دیارە لێرەدا فێڵێکیشیان کردووە. کاتێک کە دەڵێن (گیو یا گیە) مانای گیانە و ژیانە. لە راستیدا ووشەکە لوڕییە نەک فارسی. لە لوڕیدا زۆر جار دەنگی (ا) دەگۆڕێت بۆ (وو)، هەرکاتێکیش لە دوای (وو)ەکە دەنگی (ن) هەبوو، ئەوا قووت دەدرێت. بۆ وێنە ئاسمان =ئاسموو، گیان= گیوو، لوڕستان =لوڕسوو، زوان= زوو. هەر کاتێکیش لە دوای واژەکان واژەیەی تر هات ئەوان دەنگ (ن) گۆ دەکرێت وەک: ئاسموون کەوو = ئاسمانی شین. گیوون شیرین. زوون لوڕی= زوانی لوڕی وتاد…
لە سەرچاوەیەکی تردا کە بریتییە لە (تاریخ بلعمی) گوایە کەیومەرس واتای (زیندووی گۆیا) دەگەیەنێت، واتە کەسێ کە زیندووە و قسەدەکات. لێرەدا هەردووک سەرچاوە دەنگی(ک) دەگۆڕن بۆ (گ) ئەمەیش بێ هۆکار نییە.
با بێینە سەر دۆزینەوەی رەگ و ریشەی وووشەکە لە کوردی دا.
ئەگەر ئێمەیش بۆچوونی ئەوان بپەسەندین و بڵێین دەنگی (ک) لە بنەڕەتدا (گ) بووە، دەکرێ بڵێین. (گیو مەرت یا گەیوو مەرت) واتە پیاوی ئازا. گیو لە کوردی دا واتە ئازا، و (مەرت)یش هەمان مەردە واتە پیاو.
خۆ ئەگەر ناوەکە بە (ک) دەست پێبکات دەشێ بێ دوودڵی بێژین (کیومەرت) واتا پیاوی کێو. کەسێک کە لە کێو دەژیێت وەک چۆن ناوی شاخەوان، شاکێومان، کۆسار و .. هەیە. یا پاشگری (کۆ)مان بە دوای زۆرێک لە ناوەکانی پیاواندا هەیە. لەلایەکی ترەوە دەکرێ بڵێین ناوەکە بریتیە لە کەی (ۆ) + مەرت هەروەک چۆن ناوەکانی کەیقوباد، کەیخوسرەو، کەیکاووس، کەیخوا، کەیوانوو و ئەمانە هەبوون و هەن. کەی واتە کاک. کە سەردەمانی زوو وەک پێشناو بۆ شا و بەگ و خاوەن دەسەڵاتەکان بەکارهێنراوە.
No comments:
Post a Comment