واژەی (ناو) لە کورمانجیی خواروودا دوو واتەی هەیە یەکەم: ناوی شتێک یا کەسێک کە پێیدەناسرێتەوە و بەرامبەرەکەی لە عەرەبی و فارسی دا بریتییە لە (اسم). دووەم: دەروون یا هەندوڕی شتێک، بە عەرەبی و فارسی دەبێتە (داخل). لە موکریان دەنگی (ا)ی ووشەکە دەگۆڕێت بۆ (ێ) واتە دەبێتە (نێو). بەڵام واتاکەی ناگۆڕێت و هەمان ئەم دوو واتایەی سەرەوەی هەیە.
لە رابردوودا زۆر هەوەڵدراوە (ناو) و (نێو) بکرێن بە دوو ووشەی جیاواز؛ و هەرکامیان بە یەک واتا بەکاربهێنرێت. هەندێک کەس (ناو)یان بە واتای (اسم) بەکاردەهێنا و (نێو) بە واتەی (داخل)؛ هەندێک کەسیش پێچەوانەکەی.
بەڵام من لە هیچ شوێنێک نەمدیت لێکۆڵینەوەیەک یا شرۆڤەیەک بۆ ئەم دوو ووشەیە بکرێت و روون بکرێتەوە کە بنەمای ووشەکان چین؟ ئایا هەر یەک ووشەن و بەگوێرەی ناوچە و زارەکان گۆڕان لە دەنگە بزوێنەکەیدا دروست بووە، یا لە بنەڕەتدا دوو ووشەی جیاوازن و واتاکەیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ زمانەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و ووشە لە یەکتری وەردەگرن و بە یەکتری دەدەن. بە هەمان شێوە لە نێو زمانێکیشدا زار و شێوەزارەکان ئاڵوگۆڕی ووشە و دەنگ و ئەمانە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن و کاریگەریی زۆریان بەسەر یەکترییەوە هەیە. لە فارسی و کوردیدا ووشەیەکمان هەیە بە واتەی (داخل) هەندوڕ یا دەروون کە بریتییە لە (میان). ئەم واژەیە سۆرانیەکان لە بەکارهێنانی خۆدەپارێزن بە بیانووی ئەوە کە فارسییە. لە راستیدا ئەم واژەیە وەک زۆرێک لە واژەکانی تر چەندە فارسییە، پتر کوردییە بەڵام بە هەر هۆکارێک بێ لە ناوچە سۆرانی ئاخێوەکاندا بەکارنەهێنراوە؛ ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کە کوردی نییە.
ئەم ووشەیە لە لوڕیدا بریتییە لە (مین، من). لەر استیدا لوڕەکان زۆر زیاتر و باشتر و ووردتر لە فارسی ئەم ووشەیە بەکاردەهێنن. ئەگەر لە فارسیدا زۆرتر بە واتای (لە نێوان) دا بەکاردێت. لە لوڕیدا رێک بە واتای (داخل) و هەندوڕ بەکاردێت. بۆ وێنە: دْ مینْ دڵم، دْ مینْ دەسم. لە نێو دڵم دا، لە نێو دەستم دا.
بە بڕوای من ووشەی (نێو) لە بنەڕەتدا هەر هەمان (مین) ی لوڕی بووە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گۆڕانی (و) بۆ (م) لە نێوان کورمانجیی خواروو و لوڕیدا زۆر ئاساییە. وەک ناو، چاو، هەویر، لە کوردیی خواروو و لوڕیدا دەبن بە نام، چەم، خەمیر. هەروەها پاش و پێش کردن بە بڕگەکانی ووشەیش زۆر ئاساییە. بۆ وێنە. تامەزرۆ\ تەمەرزوو، ئاشتەبا\ ئاوشتە، گۆچان\ چەوگان و تاد..
بەگوێرەی بۆچوونی من واژەی (مین، من) سەرەتا دەنگەکانی هەڵگەڕاوەتەوە و بووە بە (نیم) دوواتر دەنگی (م) سڕاوەتەوە و بووە بە (و) واتە (نیم) بووە بە (نیو یا نێو).بە هۆی ئەمەیش کە زۆر لەگەڵ (ناو) لەیەکترییەوە نزیک بوون و.. کە (ناو) بە هەردووک واتا بەکارهێنراوه.
ئاکام و مەبەستی نووسینەکە دەڵێ ئێمە دەتوانین لەبری ووشەی (اسم)ی عەرەبی و فارسی بڵێین (ناو) بەڵام لەجیاتی (داخل) بڵێین (نێو) یا (مین، من) یا (میان). هاوکات ئێمە دەتوانین لە واژەکانی (مین، من) وەک پێشگریش سوود وەربگرین. لێرەدا بە واتای (نێوان) یا (لەنێوان) بۆ سازکردنی واژەی تازە بەکاری بهێنین بۆ وێنە لە بەرامبەر واژەی (میزۆپۆتامیا) یا (بین النهرین)ی عەرەبی دەکرێت بڵێین (میناوان) یا (میندواوان)، واتە نێوان دوو ئاوان.

No comments:
Post a Comment