Tuesday, April 25, 2023

رەئیس عەلی دڵواری

 

ساڵی ١٨٨٢ لە ئاوایی دڵوار سەر بە تەنگستان لە دایکبووە و لە تەمەن ی٣٣ ساڵیدا کوژراوە. ئەو لوڕە و بە رەچەڵەک لە لوڕەکانی نوورابادی مەمەسەنییە. دڵوار ئێستا بووە بە شارۆچکە و سەر بە شاری تەنگستانە لە ئوستانی بووشێر و دەکەوێتە نزیک لێوارەکانی کەنداو. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کاتێک کە رووسەکان لە باکوورەوە و ئینگلیسەکان لە بەندەری بووشێرەوە دەیانەوێ پەلاماری ئێران بدەن، رەئیس عەلی لەسەر فەتوای مەلاکانی ناوچەکە بڕیاری رووبەڕوو بوونەوەی ئینگلیسەکان دەدات. ئەو هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ٢٤ ساڵی کە وەک پێشەنگ و پشتیوانی سیستەمی مەرجداری بوو لە ناوچەکەدا. رەئیس عەلی وەک رێبەری سەرهەڵدانی باشوور لە ئێراندا ناسراوە. سەرهەڵدانی رەئیس عەلی هەفت ساڵی خایاند و ئامانجی ئەوە بوو کە ناوچەکانی تەنگستان و دەشتستان و بووشێر لە داگیرکاریی هێزە بێگانەکان بپارێزێت.

ئەو شەڕی گەریلایی لە دژی ئینگلیسەکان بەڕێوە دەبرد و توانیی بۆ ماوەی نۆ مانگ دەست بەسەر شاری بووشێردا بگرێت و بیپارێزێت.
شەوی ٣ سێپتەمبەری ١٩١٥ لەکاتی شەبەیخوون\پەلامارێکی شەوانەدا بۆ سەر هێزە بێگانەکان و دارودەستەکانیان، لە شوێنێک بە ناوی (تەنگەک سەفەر)دا لەدوواوە لەلایەن خائینێکەوە بە ناوی غوڵام حسێن تەنگەکی تەقەی لێکرا و کوژرا.


No comments:

Post a Comment