ساڵی ٢٠٠٤ لە زانکۆی وایکاتۆ لە نیوزیلەند لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی عومان ئاشنا بووم زۆر پرسیارم سەبارەت بە عومان و سیستمی وڵاتەکەی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لێدەکرد. جارێک پرسیاری ناوی قابووسم کرد. گوتی هیچکەس رێگەی پێنادرێت ناوی منداڵەکەی بنێ قابووس. گوتم مانای چییە؟ گوتی منیش نازانم و هیچکەسیش نازانێت.
سوڵتان قابووس ساڵی ١٩٧٠ بە پشتیوانیی بریتانیا کودێتای بەسەر باوکیدا کرد و بوو بە سوڵتانی عومان.
ساڵی ٢٠٢٠ کۆچی دووایی کرد. لەبەرئەوەی هیچ پاشەوارێکی نەبوو کە ببێتە جێگرەوەی، نامەیەکی وەک وەسێت نووسیبوو، گوتبووی هەرکاتێک دادگای سەڵتەنەتی نەگەیشت بە ئەنجامێک بۆ دەسنیشانکردنی سوڵتانی نوێ، ئەم نامەیە بکەنەوە. کاتێک کە نامەکەیان کردەوە نووسیبووی هەیتەم بن تاریق بکەن بە سوڵتان. هەیتەم بن تاریق ئامۆزای بوو.
ناوی قابووس ناوێکی کوردییە بەڵام عەرەبێندراوە، بۆیە نایناسینەوە و لە هەمان کاتدا عەرەبیش واتاکەی نازانێت.
قابووس لە راستیدا هەمان کاووس، کاوێس، کاوەیس و کاوێزی خۆمانە. کاوس لە زووانی کوردیدا مانای جوان و هێژایە. لە بنەڕەتدا ووشەکە بریتییە لە کاو +س. (کاو) لە کوردیدا یەکێک لە ماناکانی بریتییە لە جوان و هێژا و بەنرخ. (س)یش پاشگرە.

No comments:
Post a Comment