Friday, June 30, 2023

کڵاو خەسرەوی یا کڵاو خەسرەوانی


کڵاو بەشێکە لە پۆشاکی مرۆڤ. لە ناوچەکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا هیچ گەل و نەتەوە و نەژادێک نەبووە کە کڵاو بەشێک لە جلوبەرگەکەی پێک نەهێنابێت. کڵاوی لوڕەکان کە دەکرێ بگوترێت کۆنترین جۆری کڵاوە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا کە وەک خۆی ماوەتەوە، تا ئێستایش لای ئەوان گرنگ و بایەخمەندە. دیارە لای ئێزدییەکان و یارسانەکانیش کڵاوێکی هاوشێوە هەیە بە کەمێک جیاوازیی زۆر بچووکەوە.

لە نێو لوڕە بەختیارییەکان دا بە زۆری کڵاوی رەش یا قاوەیی پەسەندە، بەڵام لە مەڵبەندەکانی تر کڵاوی سپی بەکاردەهێنرێت. ئەم جۆرە کڵاوە لە مێژوودا بە کڵاوخەسرەوی یا خەسرەوانی ناسراوە؛ چونکە کڵاوێکی ئاسایی نەبووە کە بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما یا باران بەکارهێنرابێت، بەڵکوو کڵاوی تایبەتی پادشاکانی ساسانی بووە. سەردەمی ساسانییەکان بە پادشا و فەرمانرەواکان گوتراوە (خەسرەو) کە لە دوو واژە پێک هاتووە خاس+ رەو واتە کەسێک کە بە رێگەی چاکە و درووستی دا هەنگاو دەنێت و دەڕوات. هەڵبەت لە هیچ سەرچاوەیەکی فارسی دا ئەم واتایەی پێ نەدراوە و لە خۆیانەوە و بێ ووردبوونەوە لە رەگ و ریشەی ووشەکە وەسفیان کردووە.
فیردەوسی دەڵێ:
(چو من زین زرین نهم بر سیاه)
(بسر بر نهم خسروانی کلاه)
واتە: وەکچۆن زینی زێڕین دەنێمە سەر سیا (ناوی ئەسپی ئەسفەندیار بوو کە رەنگی رەش بوو)؛ لەسەر دەنێم خەسرەوانی کڵاو.
هەروەها نیزامیی گەنجەیی دەڵێ:
(به خـُسرو زادگان پشتت قوی باد)
(ســـرت زیــــر کلاه خـُســروی باد).
واتە: بە خەسرەوزادەکان پشتت قایم بێ؛ سەرت لە ژێر کڵاوی خەسرەوی بێ.
کڵاوی بەختیاریەکان سێ ئەندازەی جیاوازی هەیە. ئەندازەی گەورە، مامناوەندی و بچووک. تەنیا ئەندازە گەورە و مامناوەندییەکە پێی دەگوترێت کڵاو خەسرەوی. ئەم کڵاوە لە خوریی رەش یا قاوەیی دروست دەکرێت. زۆر جاریش لە مەرەزی بزن یا لە کوڵکی ووشتر دروست دەکرێت. وەستای تایبەت و کارامە بە ئاو ڕشاندن و کوتان و هەڵگڵۆفینێکی زۆر، خورییەکە دەکاتە لباد/نمەد/تاتک. دەبێ لباد/ نمەدەکە لە پێنج میلیمەتر ئەستوورتر نەبێت. لێوارەکانی توند و سفتتر بن لە بەشەکانی تری. بەشی تەپلەی کڵاوەکە سێ کونی بچووکی تێدایە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ بکات و زۆر ئارەق نەکات. هەموو لایەکانی وەکیەکن و پاش و پێش و راست و چەپی نییە. زۆر جار پارچە قوماشێک لە دیوی ناوەوەی دەدرێت کە پێی دەڵێن ئاستەڕ .
لە کۆتاییدا دەڵێم سڵاو لە لوڕ و لوڕستان. دروود بۆ ئەو فەرهەنگە کۆن و رەسەنە کە مایەی شانازیمانە.


No comments:

Post a Comment