Sunday, October 15, 2023

پوختەیەک سەبارەت بە زووانی کومزاری

ئاوایی کومزار


وەک کۆنترین سەرچاوە، یاقووتی حەمەوی باسی کردووە کە گوندێک لەسەر لێوارەکانی دەریا لە خاکی عومان دا و لە دۆڵێک دا و لە نێوان دوو کێو دا هەڵکەوتووە، ناوی (کومزار)ە. سەرچاوەگەلی ئاوی سازگاری هەیە. ماوەی ٤٥ خولەک لە شاری (خەسەب)ەوە دوورە. مەردمەکەی داب و نەریتی جیاوازیان هەیە؛ لە کاتی زەماوەند دا شمشیربازی دەکەن؛ شمشیر هەڵدەدەنە ئاسمان و لە کاتی هاتنە خوارەوەدا بە دەست دەیگرنەوە پێش ئەوەی بکەوێتە سەر هەرد. ئەوان موسڵمانی سوننین و لەسەر مەزهەبی مالیکین. ناوی هۆزەکەیان (شحی)یە کە بە عەرەبی کۆی ئەم ناوە دەبێ بە (شحووح). زووانیان عەرەبییە بەڵام زۆر جار ووشەگەلێک بەکاردێنن کە بۆ خەڵکانی دەوروبەریان نامۆن.
دورگەکانی کشم و لارەک


لە سەردەمی تازەدا دووای ئەوەی کە (ئیستیعمار) کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپایی بە جیهان دا بڵاوەدەکات و دەگاتە دەریای هورمز (کەنداوی فارس)؛ پورتوگاڵی و ئینگلیسەکان بەرەبەرە لە ناوچەکەدا دەسەڵات پەیدا دەکەن. جار نا جارێکیش لەگەڵ هۆز و ئێڵەکانی ناوچەکە سەر و کەللە لە یەک دەدەن. هاوکات دەگەنە ئاوایی (کومزار)یش. کە ئەو چاخە ژمارەی دانیشتووانی زۆر نەبووە؛ بەڵام ئێستا بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەیان لە نێوان چوار تا پێنج هەزار کەسە.
لەو سەردەمە دا رۆژهەڵاتناسە ئەوروپاییەکان پەیدا دەبن کە لە راستی دا پێشەنگ و رێنیشاندەری رێژیمە کۆڵۆنیالیستەکان بوون بۆ داگیرکاری. دەچوونە نێو کۆمەڵگە و جڤاکە جیاوازەکان و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان دەدۆزینەوە و زانیاری و ئاگاییان لەسەر زمان و نەریت و مێژوو و جۆغرافیایان کۆدەکرەوە.
شێوەدورگەی موسەندەم


لەم رووەوە یەکەم جار، کەسێک بە ناوی جایاکار ساڵی ١٩٠٤ دەچێتە ئاوایی (کومزار) لە شێوەدورگەی موسەندەم لە وەڵاتی عومان؛ و توێژینەوە دەکات و دەیسەلمێنێت کە زووانی کومزاری زووانێکی هیندۆ ئەوروپاییە و عەرەبی نییە؛ بەڵام بەهۆی ئەوە کە دەوروبەرەکەی هەموو عەرەبە، زۆر واژە و دەستەواژەی عەرەبیی وەرگرتوو. ساڵی ١٩٣٠ بێرترام تۆماس لێکۆڵینەوەیەکی پاراوی سەبارەت بەم زمانە ئەنجام دا بەڵام گوتی زمانەکە عەرەبییە. بە گوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان گووایە کومزارییەکان پاشەواری ئەو بارزگانە یەمەنییانەن کە لە سەدەکانی رابردوو گەیشتوونەتە ئەوێ. هەروەها باسی ئەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوە کە کومزارییەکان یەک هۆز یا ئێڵن بەڵام دابەش بوون بە سەر هەفت تیرە دا؛ و هەر تیرەیەک پاشەواری میللەت و نەژادێکی جیاوازە. ئەوان بەڵگەیان بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە پێکهاتەی زمانەکەیە کە گوایە ووشەگەلی فارسی، عەرەبی، ئینگلیسی، هیندی و پۆرتوگاڵیی تێدایە.
لە رووی جۆگرافییەوە ئاوایی (کومزار) لە گەرووی هورمز و لەسەر لێواری دەریادا هەڵکەوتووە کە رووبەڕووی دورگەی (لارەک) و دورگەی (قشم) یا کشمە کە گەورەترین دورگەی ئێرانە. دانیشتوانی ئەم دوو دورگەیەیش زووانەکەیان نە فارسییە و نە عەرەبی بەڵکوو هی لارەک ناسراوە بە (لارەکی) و لەگۆر لێکۆڵینەوەکان گۆیشێکی زمانی کومزارییە. جیاوازیی لارەکی لەتەک کومزاری دا بریتییە لەمە کە کەمتر واژەی عەرەبی بەکاردەهێنن و زۆرینەی واژەکانیان هیندۆئەوروپاییە. زووانی مەردمی (کشم)یش ناسراوە بە (کشمی) و تێکەڵاوێکە لە عەرەبی، ئینگلیسی، هیندی و فارسی. کشمییەکانیش لە رووی باوەڕی دینییەوە موسڵمانی سوننین.
کومزار رووبەڕووی دورگەی لارەک


دووای ئەوەی کە ئەوروپایی و رووسیەکان سەلماندیان کومزاری زبانێکی هیندۆئەوروپاییە، توێژەرە ئێرانییەکانیش زمانەکەیان پەیوەست کرد بە زمانی فارسییەوە و دەڵێن هەرکام لە لوڕی و کومزاری و لارەکی پاشماوی فارسیی میانەن. لە (ئینسایکلۆپیدیای ئیرانیکا) دا نووسراوە کە لارەکی و کومزاری نزیکترین پەیوەندییان لەگەڵ لوڕی دا هەیە؛ و لوڕێک بە هاسانی دەتوانێ لێیان تێبگات. هەندێک ژێدەریش باوەڕیان وایە کە کومزاری و لارەکی گۆیشێکن لە زووانی (ئەچۆمی) یا ئەچەمی کە لە پۆستێکی تر دا باسی دەکەین.





گەروو/تەنگەی هورمز


لێرەدا چەند واژەیەکی کومزاری و لارەکی وەک نمووە دەنووسین کە راددەی نزیکایەتیی ئەم زمانە لە لوڕی/کوردی نیشان دەدات.
ئۆرما = خورما
ئانەر = هەنار/ئەنار
شیرین = شیرین
تەحل = تاڵ
نەخی = نۆک/نوخە
بادەم = بادەم
لیمۆ ترش = لیمۆ ترش
روو = روو/روخسار
سەر = سەر
شەم = چەم/چاو
سندووخ = هەنیە (سندووق)ی سەر
چۆش = گۆش/گوێ
دنان = دنان/ددان
لەو = لەو/لێو
ظوان = زووان/زمان
دەست = دەست
پا = پا/پێ
سینە = سینە/سنگ
جوغەر = جگەر
قەزان = قازان/مەنجەڵ
خوا = خوێ
سسسسسسسسسسسسسسـ
چەند رستەیەکی کورت:

پێ گییا تەی؟ لە کوێ تێی/دێی؟
کیا تو خوری؟ چی دەخۆی؟
بەپێ تو گییا هێ؟ (هێ واتە هەیە) رەنگە فارسەکان بە (هێ)ی هیندی تێگەیشتبێتن. بابی تۆ لە کوێیە؟
مە تو خەوم. من دە خەوم.
مە تو گۆم. م ئەگۆم/ من دەڵێم.
مە تو خوروم. من دە خۆم.


 




No comments:

Post a Comment