بیبی مەریەمی بەختیاری، لە ساڵی ١٨٧٣ لە ناوچەی بەختیاری لەدایک بووە - لە ساڵی ١٩٣٧ لە ئیسفەهان کۆچی دوایی کردووە، ناسراو بە سەردار مریەمی بەختیاری، نووسەرێکی مەزنی لوڕ بووە و یەکێک بووە لە ژنانی چالاکی شۆڕشی مەرجداری. بنەماڵەی بیبی مەریەم لە سەردەمی قاجاردا بە یەکێک لە بنەماڵە خاوەن نفووزەکانی ئێران دادەنرا. باوکی ئەو، حسێن قولی خان ئێلخانی بوو؛ و براکانی، عەلی قولی خان - سەردار ئەسعەد - (یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی مەرجداری) و نەجەف قولی - سەمسامو لسەڵتەنە (دوو خول سەروەزیری ئێران)؛ و هەروەها ئامۆزاکانی گەورەپیاوی سەردەمی قاجار و پەهلەوی هەژمار دەکران . بیبی مەریەم دایکی عەلیمەردان خانی بەختیاری بوو؛ کە دەیویست بزووتنەوەی چەکداری لە چیاکانی لوڕستان بخاتە رێ. بیبی مەریەم وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی خەبات بۆ مافی ژنان و یەکێک لە داکۆکیکارانی نەتەوەیی ئێران دادەنرا لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا.
بیبی مەریەم بە یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی سەردار ئەسعەد بەختیاری بۆ داگیرکردنی تاران دادەنرا. لە ڕێگەی نامە و تەلەگرامی جۆراوجۆر لە نێوان سەرۆکەکانی ئێڵی بەختیاری و وتاری ورووژێنەر، ئێڵی بەختیاریی ئامادە کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارییەکانی محەممەد عەلی شای قاجار؛ و هەمیشە وەک یەکێک لە کەسایەتییە دژە ئیستیعماری و دژە ملهوڕییەکانی سەردەمی قاجار. سەیر دەکرا.
بیبی مەریەمی بەختیاری پێش داگیرکردنی تاران، بە نهێنی لەگەڵ هەندێک سوار دەچێتە ناو تاران و لە ماڵی باوکی حوسێن سەقەفی نیشتەجێ دەبێت. هەر کە سوارەی بەختیاری بە فەرماندەیی عەلی قولی خان، سەردار ئەسعەد هێرشیان کردە سەر تاران، سەربانی ماڵەکەی سەنگەربەندی کرد کە زاڵ بوو بەسەر مەیدانی بەهارستاندا؛ و لە پشتەوە لەگەڵ بەشێک لە سوارەی بەختیاری لەگەڵ قەزاقەکانی لایەنگری محەمەد عەلی شا خەریکی شەڕ بوو. ڕۆڵی لە رزگارکردنی تاران، ناوبانگ و جەماوەرییەکەی لە نێو ئێڵی بەختیاری و لایەنگرانی مەرجداریدا زیاتر کرد و هەوادارێکی زۆری پەیدا کرد، بەجۆرێک کە ناسناوی سەرداری پێ بەخشرا.
ماڵی بیبی مەریەم لە سەردەمی مەرجداریدا پەناگەیەک بوو بۆ زۆرێک لە ئازادیخوازان؛ بەجۆرێک کە کاتێک ئیسفەهان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەلایەن ڕووسەکانەوە داگیرکرا، فەن کاردەف؛ بەرپرسی کاروباری باڵوێزخانەی ئەڵمانیا پەنای بۆ ماڵی بیبی مەریەمی بەختیاری برد و بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو لە پەنای ئەودا مایەوە. دوای شکستی بەختیارییەکان لەلایەن ڕووسەکانەوە و گیانلەدەستدانی ٥٨ کەس لە سوارەکانی بەختیارییەکان، کاردیف چووە کرماشان و لەوێشەوە بەرەو بەرلین ڕۆیشت.
وەک پاداشێک بۆ پاڵپشتیی بیبی مەریەم لە ئەرکی کاروباری باڵوێزخانەی ئەڵمانیا لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ویلهێلمی دووەم (ئیمپراتۆری ئەڵمانیا) گرنگترین خەڵاتی ئەو سەردەمەی ئەڵمانی بۆ دەنێرێت کە بریتی بوو لە کەوانێکی رازاوە بە مینا و ئەڵماس، و هەروەها خاچێکی ئاسن. ئەو سەردەمە لۆگۆی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا بوو. ململانێکانی سەردار مەریەمی بەختیاری لەگەڵ ئینگلیسەکان لە کاتی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩١٩ و کودەتاکەی 1920بەردەوام بوو، بە جۆرێک محەمەد موسەددیق، فەرمانڕەوای فارس لە کاتی کودەتاکەی ١٩٩٩، دوای دژایەتی و... لە ئیسفەهان دەرکرا، چووە ناوچەی بەختیاری و بۆ ماوەیەکی زۆر میوانی بیبی مریەم بوو. زۆر لە پیاوانی سیاسی و نووسەرانی ئازادیخوازی ئێرانی وەک عەلی ئەکبەری دێهخودا، مەلیکولشوعەرای بەهار و وەحید دەسگردی لەگەڵ خانەواەی بیبی مەریەم و خودی خۆی پەیوەندی و ئامشۆیان هەبوو.
بیبی مەریەم ژنێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوو؛ و یەکێک بوو لەو ژنە دەگمەنانەی سەردەمی خۆی کە لەبارەی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیەوە نووسیویەتی. پەرتووکی بیرەوەرییەکانی بیبی مەریەم ساڵانێک دوای کۆچی دوایی بڵاوکرایەوە، کە تیایدا باسی منداڵی و هەرزەکاری و وەسفی ژیان و ڕووداوە سیاسییەکانی تا کۆتایی قۆناغی مەرجدایری نووسیوە. ئەو بیرەوەرییەکانی لە ساڵی١٩١٧ی کۆچییەوە بە شێوازێکی سادە و رەوان تۆماری کردوون.
محەممەد ئیبراهیمی باستانی پاریزی؛ یەکێک لە مێژوونووسانی هاوچەرخ سەبارەت بە بیبی مریەم دەنووسێت:
لەم کوێستانەدا ژنێک دەژیا کە هێندەی ١٠٠ پیاو دەستی لە چارەنووسی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەبووە. مەبەستم بیبی مەریەمی بەختیارییە، کە لە سەردەمی یەکەمین جەنگی نێودەوڵەتیدا، کاتێک ئێرانییە نیشتمانپەروەرەکان بەهۆی ئۆلتیماتۆمی ڕووسیا و پاشان لەشکرکێشیی ئینگلیسەوە ناچاربوون بەرەو شاخ کۆچ بکەن، ئەم ژنە بەناوبانگە هەموویانی داڵدە دا.
سەردار مەریەمی بەختیاری، ساڵی ١٩٣٧، سێ ساڵ دوای لەسێدارەدانی کوڕە گەورەکەی؛ عەلیمەردان خان، لە شاری ئیسفەهان کۆچی دوایی کرد و لە تەکییەی میرفێندەرسکی لە تەخت فولاد لە ئیسفەهان بە خاک سپێردرا. لە دوای بیبی مەریەم و براکانیشی تا سەردەمی پەهلەوییەکانیش کەسایەتیی گرنگی ئەم بنەماڵەیە لە دەسەڵاتی ئێراندا کاریگەر بوون و جێگە و پێگەی گرنگیان هەبوو. تەیموور بەختیاری دامەزرێنەری دەزگای ساواک بوو کە دوواتر رایکرد بۆ ئێڕاق و رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٧٠ لە ناوچەی باقووبە لەلایەن بەکرێگیراوانی شای ئێرانەوە تیرۆر کرا. هەروەها شاپوور بەختیار کەسایەتییەکی گرنگی تر بوو کە لایەنگری دوکتۆر موسەددیق و دژبەری سیاسەتەکانی شا بوو؛ کە لە دووا رۆژەکانی دەسەڵاتی حەمەڕەزا شادا بوو بە سەروەزیر و پاشان رایکرد بۆ ئەوروپا؛ و سەرەنجام ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پاریس تیرۆر کرا.
دروود بۆ گیانی شێرەژن و رۆشنبیری لوڕ، سەردار مەریەمی بەختیاری.
ـــــــــــــــــــــــــــ
بیبی = خانم، خاتوون

No comments:
Post a Comment