Tuesday, January 30, 2024
(طبق) تەبەق
طوفان
ئەم واژەیە لە هەردوو زووانی عەرەبی و فارسی دا بە چەچەی چونیەک و واتای وەکیەک بەکاردەهێنرێت. دیارە لە کوردیش دا هەیە؛ بەڵام باوەڕ وایە کە ئێمە لە عەرەبیمان وەرگرتووە. گوایە عەرەبیش لە واژەی (تایفوون)ی یونانیی وەرگرتووە. دیارە هەندێک سەرچاوەیش هەن کە بڕوایان وایە ووشەکە لە بنەڕەتدا سامییە و زمانی یۆنانی وەریگرتووە.
من دەڵێم ئەم واژەیە بە رەگ و ریشە کوردییە و لە ووشەی تۆف و تاف وەرگیراوە. ئەم دوو ووشەیە لە هۆرامی و لوڕی دا هەن و اتاکەیان پەیوەستە بە تەوژمی ئاوەوە. کاتێک ئاو بە لووزەو لە بەرزاییەوە دێتە خوارەوە و بە تین و تەوژمەوە دەیدات لە بەردێک و کەف و پڕیشک بەملاو ئەولادا بەرز دەبێتەوە و دەپڕژێت پێیدەگوترێت تۆف یا تاف و تۆف. لە کورمانجیی باکووریش دا پەیڤی (تاڤگ)مان هەیە کە لە هەمان (تاڤ) ساز بووە؛ بە واتای شوێنێک کە تاڤی یا تۆفی لێیە.
تۆف پاشبەندی (ان)ی وەرگرتووە و بووە بە تۆفان. کە بە واتای شتێک لە شێوەی تۆف دێت. وەک روون و ئاشکرایە تۆفانیش (تۆف)ێکە لە قەبارەیەکی زۆر زۆر گەورەتردا. لە کورمانجیی خواروودا تۆف لەگەڵ بارانیش بەکاردەهێنرێت؛ وەک دەڵێن باران و تۆفە یا باران و تفانە. تەنانەت فرە کەڕەت لەتەک بایش دا بەکار دەهێنرێت و ئێژن با و تۆفە.
خاڵێکی زۆر زۆریش سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە لە لوڕی دا بە تۆفان دەگوترێت (تیفوون)؛ واتە بێ دوودڵی و راشکاوانە دەبێ بگوترێت، (تایفوون)ی یۆنانی راستەخۆ لە لوڕی وەرگیراوە نەک لە عەرەبی؛ هەرچەندە (طوفان)ی عەرەبیش هەر هی خۆمانە.
هۆنەری هەورامیش دەڵێت:
چەنی تۆفِ تاف شنە و شەتاوا؛
تەقە و چەقچەقەی گرمە و ئاساوا.

