Tuesday, January 30, 2024

(طبق) تەبەق


هەر کەسێ چاوی بەم واژەیە دەکەوێ یا دەیبیستێ، یەکسەر دەڵێ ئەمە عەرەبییە. ناهەقیش نییە؛ چونکە عەرەب تەنیا بەمەوە نەوەستاوە کە (ت) بکات بە (ط) و (ک) بکا بە (ق)؛ چەندین فرمان و ناو و ئاوڵفرمانیشی لێ ساز کردووە و بە چەند واتای جیاوازیش بەکاریان دەهێنێت. طبق، طبقة، مطابق، تطبیق، طابق، مطبق، اطبقة، یطبق، تطبیقا... سەرچاوەی هەموو ئەم واژە عەرەبییانە واژەی (تاوە)یە. تاوە کە واتای دەفر دەدات، بە زۆر شێوە و بیچمی جیاواز لە زار و گۆیشە جیاوازەکانی کوردی دا هەیە. وەک تاوە، تاڤە، تابە، مایتاوە، مایتابە، ماهیتاوە، ماهیتابە و هەروەها لە واژەی ئافتاوەیش دا هەیە واتە تاوەی ئاو. هەر ئەم (تاوە)یە بە زیادکردنی پاشبەندی (ک) واژەی (تاوەک)ی لێوە ساز کراوە. تاوەک یا تەوەک یا تەبەک کە لە پەهلەوی دا گوتراوە (تەپەک)، زیاتر بۆ دەفری گەورەتر لە (تاوە) وەک سینی و مەجمە و تەشت بەکارهێنراوە. لە موکریان بەو تەشتە کە نانی تێدا پارێزراوە دەگوترا (تەبەک). تەبەک یا تەبەق بۆ ئەو دەفرەیش بەکارهێنراوە کە سەردەمی کۆن نەوزاد و ساوای چەند چەند رۆژانەیان تیادا خەواندووە. وەک لە چیرۆکێکی شێخی سەنعانی دا هاتووە؛ و یەکێک لە ژنە خاوەن کەرامەتەکان بە شێخ دەڵێت: تا سێت نەنان لە تەبەق؛ نەتگوت ئەڵڵاهو سەددەق! (ئاماژە بە چیرۆکێک دەکات کە لەودا شێخی سەنعانی لە ماوەی چەند چرکەیەک دا گۆڕاوە بۆ ژن و سێ منداڵی بووە؛ و پاشان بووەتەوە پیاو). ئیتر ئەم (تەبەک)ە چووەتە نێو زووانی عەرەبییەوە و واتاکەیشی بە چەندین جۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. لە کاتێکدا کە تەبەک واتای دەفرێک دەدات کە خۆراکی تێدا دەپارێزرێت، لە عەرەبی دا تەبەک بە واتای خودی خۆراک بەکاردەهێنرێت؛ یا وەک لە واژەکانی تریان دا دیارە، بە واتای چین و ئاست و ئەندازە و تاد... دێت.

طوفان

ئەم واژەیە لە هەردوو زووانی عەرەبی و فارسی دا  بە چەچەی چونیەک و واتای وەکیەک بەکاردەهێنرێت.  دیارە لە کوردیش دا هەیە؛ بەڵام باوەڕ وایە کە ئێمە لە عەرەبیمان وەرگرتووە.  گوایە عەرەبیش لە واژەی (تایفوون)ی یونانیی  وەرگرتووە.   دیارە هەندێک سەرچاوەیش هەن کە بڕوایان وایە ووشەکە لە بنەڕەتدا سامییە و زمانی یۆنانی وەریگرتووە. 

 من دەڵێم ئەم واژەیە بە رەگ و ریشە کوردییە و لە ووشەی تۆف و تاف وەرگیراوە.  ئەم دوو ووشەیە لە هۆرامی و لوڕی دا هەن و اتاکەیان پەیوەستە بە تەوژمی ئاوەوە.  کاتێک ئاو بە لووزەو لە بەرزاییەوە دێتە خوارەوە و بە تین و تەوژمەوە دەیدات لە بەردێک و کەف و پڕیشک بەملاو ئەولادا بەرز دەبێتەوە و دەپڕژێت پێیدەگوترێت تۆف یا تاف و تۆف.  لە کورمانجیی باکووریش دا پەیڤی (تاڤگ)مان هەیە کە لە هەمان (تاڤ) ساز بووە؛ بە واتای شوێنێک کە تاڤی یا تۆفی لێیە.

تۆف پاشبەندی (ان)ی وەرگرتووە و بووە بە تۆفان. کە بە واتای شتێک لە شێوەی تۆف دێت.   وەک روون و ئاشکرایە تۆفانیش (تۆف)ێکە لە قەبارەیەکی زۆر زۆر گەورەتردا.  لە کورمانجیی خواروودا تۆف لەگەڵ بارانیش بەکاردەهێنرێت؛ وەک دەڵێن باران و تۆفە یا باران و تفانە.  تەنانەت فرە کەڕەت لەتەک بایش دا بەکار دەهێنرێت و ئێژن با و تۆفە.

خاڵێکی زۆر زۆریش سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە لە لوڕی دا بە تۆفان دەگوترێت (تیفوون)؛ واتە بێ دوودڵی و راشکاوانە دەبێ بگوترێت، (تایفوون)ی یۆنانی  راستەخۆ لە لوڕی وەرگیراوە نەک  لە عەرەبی؛ هەرچەندە (طوفان)ی عەرەبیش هەر هی خۆمانە.

هۆنەری هەورامیش دەڵێت:

چەنی تۆف‌ِ تاف شنە و شەتاوا؛

تەقە و چەقچەقەی گرمە و ئاساوا.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...