Thursday, February 22, 2024

مادەر، دایک یا داڵگ


ئەم واژەیە کە لە زووانی فارسی دا واتای (دایک) دەدات، بە شێوازی جیاجیا لە زۆربەی زمانە ئەوروپاییەکان و تەنانەت ئاسیاییەکانیش دا هەیە.   لە ئینگلیسیی ئەمڕۆدا بووە بە (ماذەر)؛ و لە لاتین و یونانی دا (ماتەر) بووە.  ریشەی ئەم واژەیە بریتییە لە (ما)؛ کە لە کوردی دا کۆڵیک واتای قووڵ و فراوانی لە خۆی گرتووە. (ما) واتە مێینە،واتە، خانم، واتە جەوهەر و مایە و ماکە و هەوێن؛ لە زمانی منداڵان دا واتە شیر، مەمک.  هەروەها واتای مێینەی چەند جۆرێک ئاژەڵ وەک مەڕ، مەها، مهـ، مایین، مێش و و مانگا..   (ما) لە هەندێک زاراوەدا گۆڕاوە بۆ (مە) و (مێ) بەڵام واتا بنەڕەتییەکەی خۆی پاراستووە و لەدەستی نەداوە.

لە واژەی مادەر دا (ما) بنەڕەتی ووشەکەیە و (دەر) یا (تەر) پاشگرە.  لە کوردی دا (مەت) و (ماتک)یشمان هەیە بە واتای خوشکی دایک.  کە هەمان (ما)یە و پاشگری (تک)ی پێوە لکێنراوە.  لە زۆر زووانی تردا ئەم ریشەیە واتە (ما) بە دووبارەبوونەوە، گۆڕاوە بۆ (ماما) و بە هەمان واتای (دایک) بەکاردەهێنرێت.

تەنانەت واژەی (پدەر)یش کە لە ئینگلیسی دا بووەتە (فاذەر) و لە زۆرینەی زووانە ئەوروپاییەکانیش دا بەشێوەی جیاجیا هەیە، ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر رەگی  واژەی (پیاو) یا (پیاگ) کە هەمان (پیا، پا، پێ)یە.  کە لە واژەی (پاتاڵ) دا بە واتای پەککەوتوو دێت.  ئەمیش دووپاتە بووەتەوە و بووە بە (پاپا) و دواتریش (بابا)و لە زۆربەی زمانان دا هەیە.  لە لوری دا (پاپا) واتە باپیر.


Thursday, February 1, 2024

دۆڵ


وەک دەزانین واژەی دۆڵ لە سۆرانی دا واتای شیو، خڕ، دەرە دەبەخشێت.   واتە قووڵاییەک کە دەکەوێتە نێوان دوو گرد یا شاخ و چیاوە و سەرێکی بەرزە و سەرەکەی تری روو لە نزمییە.  لە ئینگلیسی دا دەڵێن (دەیڵ). لە زمانی ئەڵمانی دا دەڵێن داڵاز.  لە هۆڵەندی دا داڵ و لەهەندێ زمانی تریش دا دەڵێن داڵر، دۆڵوو و تاد..  گومان دەکرێت داڵان و دالیز و دهلیزیش هەر لەم واژەیەوە سەرچاوەیان گرتبێت. 

واژەی دۆڵ واتای پتری هەیە. وەک لە جووتواژەی (دەفر و دۆڵ) دا هەیە بە واتای کاسە و کەوچک، قاپ و قاچاخ، هەوڕ و ئامان.   دۆڵ لە لوڕی دا واتاکەی رۆشنترە و ئەوان رێک بە واتای قاپ و دەفر بەکاری دەهێنن.   ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەینە ووشەی (دۆلکە) کە واتای (پارچ یا سوراحی) دەدات بۆمان دەردەکەوێت کە لە واژەی (دۆڵ) وەرگیراوە. کاتێ کە دەڵێین دۆلکە واتە دۆڵ یا دەفرێکی بچووک.   هەروەها ووشەی (دۆڵچە)یش هەر لەمەوە وەرگیراوە کە جۆرێک سەتڵ یا پەقرەجە. 

بۆی هەیە هەر ئەم واژەی (دۆڵ)ە بێ کە ناوی (دەهۆڵ)ی لێ ساز بووە؛ چۆنکە ئێستایش لە هەندێ ناوچە لەبری دەهۆڵ دەڵێن دۆڵ.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...