Monday, May 29, 2023

نۆکەر


واژەڕەتناسییەکی ووردم بۆ ئەم واژەیە نەدیوە.. بیستوومە گوایە لە فارسی دا گوتوویانە ووشەکە (نوکار) بووە بە واتای کەسێک کە کارێکی نوێی پێدراوە؛ و پاشان بووە بە (نوکر). هەندێک کوردیش هەر بنێشتەیان جاویوە؛ بەڵام ئەمە ناچێتە مێشکەوە.. لە فارسی و لوڕی دا هاوکات لە پاڵ (نۆکەر) دا (چاکر، چاکەر)یش هەیە.
بەم ئاکامە گەیشتووم کە ئەم ووشانەیش هەردووکیان لوڕین، بۆیە نە لە سۆرانی دا رەگ و ریشەیان دەدۆزرێتەوە نە لە فارسی دا. بەڵام کاتيک سەیری لوڕی دەکەین دەبینین لەودا هەردووک ووشە هەم واتایان هەیە و هەم تا ئێستایش بە واتا کۆن و رەسەنەکە بەکاردەهێنرێن.
لە لوڕیدا (نووکەری) واتە شوێنی ئامادەکردنی خۆراک. (نوو) واتە نان؛ و (کەری) واتە کردن. بە هەمان شێوە (چاکەری) واتە شوێنی ئامادەکردنی چا. کەوابوو نووکەر واتە کەسێک نان و خۆراک ئامادە دەکات و چاکەریش کەسێک کە چا ئامادە دەکات.

Tuesday, May 23, 2023

چوارشەممە سووری


 هەرکەسێک بیر لە واتای چوارشەممە سووری دەکاتەوە، بەر لە هەموو شتێک بیری بۆ ئەوە دەچێت کە مەبەست رەنگی سوورە کە لە کورمانجی دا دەبێتە سۆر و لە فارسیش دا سۆرخ. بۆچی؟ چونکە لەم رۆژەدا ئاگر دادەگیرسێنرێت و ئاگریش رەنگی سوورە. دیارە سوور لە سۆرانی دا مانای مکوڕبوون و پێداگربوونیش دەدات کە هاوڕیشەیە لەگەڵ (شوور)ی ئینگلیسی.

هاوکات ووشەی سوور لە لوڕی دا دوو واتای زۆر جیاوازی هەیە. یەکەم واتە شادی و خۆشی؛ و دووەم واتە زەماوەند. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە واتای راستەقینەی چوارشەممە سووری لە لوڕیدایە. چوارشەممە سووری یانی چوارشەممەی جەژن و شادی، نەک چوارشەممەی رەنگ سوور.

Monday, May 22, 2023

هایێ!



 ووشەی سەلام لە لوڕیدا ووشەیەکی کۆن نییە. زیاتر لە ٥٠ ساڵی رابردوودا لەژێر کاریگەریی دەزگاکانی راگەیاندن و خوێندن و شارنشینیدا پەرەی سەندووە.

لوڕەکا پێشتر و تەنانەت ئێستایش لە ناوچە دووردەست و خێڵەکییەکاندا لەجیاتی سەلام دەڵێن هایێ! وەڵامەکەیشی هەر هەمان ووشەیە.
- هایێ!
- هایێ!
رێک هەمان های، هەی، هێی ...ی ئەوروپاییەکانە.

Sunday, May 21, 2023

بیمار


لە کوردی دا بەشێوەی ویمار و وێماریش گۆ دەکرێت کە ووشە رەسەنەکەیە.  لە پەهلەویشدا هەر ویمار گوتراوە. لە فارسی دا چیرۆکێکی بۆ سازکراوە تا حەڵاڵی بکەن بۆ خۆیان.  گوایە لە سەردەمی ئەبو عەلی سینا دا بەهۆی هورووژمی مشکەوە پەتای وەبا/ تاعوون بڵاو بووەتەوە. ئەبوو عەلی سینا رایگەیاندووە کە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی مشکەکان دەبێ سوود لە مار وەربگرن.  ئینجا لەسەر رێگەی هاتوچۆی مارەکان جامی پڕ لە شەرابی ترێیان داناوە تا مارەکان لێی بخۆنەوە و بەم هۆیەوە ژەهریان زیاتر بێت.   لەو کاتەوە نیشانەی مار بووە بە هێمای تەندروستی و دەرمانی. هەر بەم هۆیەشەوە بەو کەسانەی کە زۆر نەخۆش دەبوون، دەگوترا بێ مار. واتە ماری نییە بۆیە نەخۆش بووە. ئیتر بەرەبەرە ووشەی بیمار بە واتای نەخۆش بەکارهات.

ناراستیی ئەم چیرۆکە زۆر روون و ئاشکرایە. مار بۆ کوشتنی مشک پێویستیی بە ژەهر نییە، مارێک کە یەک دڵۆپ ژەهریشی نەبێ هەر دوژمنی مشکە، چونکە دەیخوات نەک نێشی لێبدات و پێوەیبدات. ئینجا سەردەمی ئەبو عەلی سینا خۆ چاخەکانی پێش ئیسلام نییە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامدا کێ دەیوێرا جامی شەراب لە دەستیدا بێ و لەسەر رێگا و بانان دایبنێ؟؟
بە بڕوای من ووشەی بیمار، ویمار، وێمار لە بنەرەتدا پێکهاتووە لە وەی+مار.
وەی واتا دەرد، ئێش، ژان، گل و ئازار. ماریش پاشکۆ\پاشبەندە. و لە زۆر واژەی تریشدا هەمانە؛ وەک: تیمار، دەمار، کۆمار، تۆمار، تامار، گەمار، خومار، دێمار. لە نەریتی شیوەنگێڕی دا لە باشووری رۆژهەڵات ژنان وەی دەکەن. بەتایبەتی لە نێو لوڕ و لەکەکان دا ژنان دەگریێن و هەردووک دەستیان بەرامبەر یەکتری بەشێوەی چەرخ دەسووڕێنن کە بەمە دەڵێن وەی کردن. هەروەها کەسێک بە بەرامبەرەکەی دەڵێ بێوەی بی! واتە بێ ژان و ئازار بیت.

خوشکل


 هەر کەس فارسی بزانێ ئەم واژەیەی بیستووە و دەزانێ کە واتای جوانی و قەشەنگی و بەژن ڕێکی دەدات. واتای (خۆش) ئاشکرایە بەڵام (کل) لە فارسیدا هیچ واتایەک نادات بەدەستەوە کە لەگەڵ (خوش) بگونجێت. هەربۆیە فارسەکان دەڵێن ووشەی (خوشکل) کورتکراوەی (خۆش+هەیکەل)ە.

لە لوریش دا ئەم واژەیە بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر کەمەوە. جیاوازییەکە تەنیا یەک پیتە. لەباتی خۆشکل لە لوڕیدا دەڵێن خۆشگل. هەرکەس لوڕییەکە ببینێ یا ببیستێ، بێ ئەملاوئەولا دەڵێ لە فارسییەکەیان وەرگرتووە؛ بەڵام بە ووردبوونەوە لە مانای خۆش+گل دەردەکەوێت کە (گل)ی لوڕی واتادارترە لە (کل)ی فارسی. گل جیا لەوە کە لە سۆرانی و جافی و ئەردەڵانی و هۆرامیدا واتای دانە، دەنک، تاک، قل، جار، چەل، کەڕەت، ژان، ئێش دەدات و چاوگی فرمانی گلان و گلێران و گلۆربوونەوەیە، لە لوڕیشدا واتای جوانی و ناسکی و خڕی دەدات.
خاڵێکی گرنگی تر کە دەکرێ وە سەلمێنەری ئەوە بێت خۆشگلی لوڕی واژە رەسەنەکەیە، ئەمەیە کە لە لوڕیدا پێچەوانەکەیشی هەیە. واتە لە بەرامبەر خۆشگل دا بەدگل هەیە بە واتای ناشیرینی و دزێوی.

واژەی پان


ئەم واژەیە لە زووانە ئەوروپاییەکاندا وەک پێشگر/ پێشبەند بەکاردەهێنرێت بە واتای هەموو، گشت، هەر شت، بەتەواوی. لە زمانی یوونانی وەەگیراوە و ریشەی هیندۆ ئەوروپاییە.

لە یوونانیشدا هەر واتای هەموو دەدات. لە فارسیدا بووە بە (پەهن). لە لوڕی دا (پەن). لە سۆرانی دا جیا لەوە کە مانای تەختایی و گۆڕایی دەدات، واتای بەرینییش دەدات؛ و هەروەها واتای هەموویش دەبەخشێت. رەنگە لە هەموو شێوەزار و گۆیشەکاندا واتای (هەموو) نەدات هەر بۆیە نموونەیەک پێویستە.
کەسێک دەپرسێ ئایا ئەو رۆژە ئێوە چوون بۆ سەیران؟
لە وەڵامدا کەسی دووەم دەڵێ: بەڵێ، خانەوادە و خزم و دراوسێ، بەپانەوە چووین.



قڵیایی

 

ئەوانەی کیمیایان خوێندووە ئەم ووشەیەیان بیستووە و واتاکەی دەزانن. لە بنەڕەتدا بە ماددەیەک دەگوترێت کە لە خۆڵەمێش ساز دەکرێت و سووتێنەرە.
گوایە واژەیەکی عەرەبییە بەڵام بە گومانی من لە هەمان ووشەی (خۆڵ)ە کە لە لوڕیدا بووەتە (قەل یا قل) و عەرەبیش وەریگرتووە و بەم مانایە بەکاری هێناوە.
ماددەی قڵیایی لە دروستکردنی سابوون دا بەکاردەهێنرێت. بۆ دروستکردنی ماددەی قڵیایی لە کوردستان زۆر جۆرە رووەک هەبوون دەسووتێنران و خۆڵەکەوەکەیان کۆدەکرایەوە و دەکرایە نێو ئاوەوە بۆ ماوەی شەو و رۆژێک؛ ئەمجا دەپاڵێورا و لەگەڵ بەز و پیو و دونگ دا بەکاردەهێنرا بۆ سازکردنی سابوون.
وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا خۆڵ، خۆڵەکەوە، خۆڵەمێش لە لوڕیدا بووە بە قل یا قەل. بۆ دڵنیابوونی پتر ئاماژە بە واژەی (قلسا) دەکەین کە لە لوڕیدا واتە شوشتنی پیاڵە و دەفر بە خۆڵەکەوە. قل واتە خۆڵ و سا واتە ساوین و سووان.
هەر ئەم قلیایە لە زووانی عەرەبییەوە پەڕیوەتە نێو زووانە ئەوروپاییەکانەوە و بووە بە ئەڵکەڵاید، ئەڵکەڵۆید، ئەڵکاڵین و تاد...


سوڵتان قابووس بن سەعید

 ساڵی ٢٠٠٤ لە زانکۆی وایکاتۆ لە نیوزیلەند لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی عومان ئاشنا بووم زۆر پرسیارم سەبارەت بە عومان و سیستمی وڵاتەکەی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لێدەکرد. جارێک پرسیاری ناوی قابووسم کرد. گوتی هیچکەس رێگەی پێنادرێت ناوی منداڵەکەی بنێ قابووس. گوتم مانای چییە؟ گوتی منیش نازانم و هیچکەسیش نازانێت.

سوڵتان قابووس ساڵی ١٩٧٠ بە پشتیوانیی بریتانیا کودێتای بەسەر باوکیدا کرد و بوو بە سوڵتانی عومان.
ساڵی ٢٠٢٠ کۆچی دووایی کرد. لەبەرئەوەی هیچ پاشەوارێکی نەبوو کە ببێتە جێگرەوەی، نامەیەکی وەک وەسێت نووسیبوو، گوتبووی هەرکاتێک دادگای سەڵتەنەتی نەگەیشت بە ئەنجامێک بۆ دەسنیشانکردنی سوڵتانی نوێ، ئەم نامەیە بکەنەوە. کاتێک کە نامەکەیان کردەوە نووسیبووی هەیتەم بن تاریق بکەن بە سوڵتان. هەیتەم بن تاریق ئامۆزای بوو.
ناوی قابووس ناوێکی کوردییە بەڵام عەرەبێندراوە، بۆیە نایناسینەوە و لە هەمان کاتدا عەرەبیش واتاکەی نازانێت.
قابووس لە راستیدا هەمان کاووس، کاوێس، کاوەیس و کاوێزی خۆمانە. کاوس لە زووانی کوردیدا مانای جوان و هێژایە.  لە بنەڕەتدا ووشەکە بریتییە لە کاو +س. (کاو) لە کوردیدا یەکێک لە ماناکانی بریتییە لە جوان و هێژا و بەنرخ. (س)یش پاشگرە.





چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...