ئەم واژەیە کە لە زووانی فارسی دا واتای (دایک) دەدات، بە شێوازی جیاجیا لە زۆربەی زمانە ئەوروپاییەکان و تەنانەت ئاسیاییەکانیش دا هەیە. لە ئینگلیسیی ئەمڕۆدا بووە بە (ماذەر)؛ و لە لاتین و یونانی دا (ماتەر) بووە. ریشەی ئەم واژەیە بریتییە لە (ما)؛ کە لە کوردی دا کۆڵیک واتای قووڵ و فراوانی لە خۆی گرتووە. (ما) واتە مێینە،واتە، خانم، واتە جەوهەر و مایە و ماکە و هەوێن؛ لە زمانی منداڵان دا واتە شیر، مەمک. هەروەها واتای مێینەی چەند جۆرێک ئاژەڵ وەک مەڕ، مەها، مهـ، مایین، مێش و و مانگا.. (ما) لە هەندێک زاراوەدا گۆڕاوە بۆ (مە) و (مێ) بەڵام واتا بنەڕەتییەکەی خۆی پاراستووە و لەدەستی نەداوە.
لە واژەی مادەر دا (ما) بنەڕەتی ووشەکەیە و (دەر) یا (تەر) پاشگرە. لە کوردی دا (مەت) و (ماتک)یشمان هەیە بە واتای خوشکی دایک. کە هەمان (ما)یە و پاشگری (تک)ی پێوە لکێنراوە. لە زۆر زووانی تردا ئەم ریشەیە واتە (ما) بە دووبارەبوونەوە، گۆڕاوە بۆ (ماما) و بە هەمان واتای (دایک) بەکاردەهێنرێت.
تەنانەت واژەی (پدەر)یش کە لە ئینگلیسی دا بووەتە (فاذەر) و لە زۆرینەی زووانە ئەوروپاییەکانیش دا بەشێوەی جیاجیا هەیە، ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر رەگی واژەی (پیاو) یا (پیاگ) کە هەمان (پیا، پا، پێ)یە. کە لە واژەی (پاتاڵ) دا بە واتای پەککەوتوو دێت. ئەمیش دووپاتە بووەتەوە و بووە بە (پاپا) و دواتریش (بابا)و لە زۆربەی زمانان دا هەیە. لە لوری دا (پاپا) واتە باپیر.

No comments:
Post a Comment