دوای ئەوەی دیاکۆی مەزن بە پەسەند و رەزامەندیی ش او فەرمانڕەوای هەموو هۆز و ئێڵ و ناوچەکان بوو بە پادشای میدیا، ماوەی شەش مانگ خۆی بە هیچ کەس نیشان نەدا؛ و کۆشکێکی گەورەی لە نێو قەڵایەکی پتەو و تۆکمەدا هەڵچنی و سێ شوورەی بەرز و بەهێزی بەدەوریدا کێشا.
پاش شەش مانگ دووری لە دیدی مەردم و کاربەدەست و خانەدان و سەرۆک ئێڵ و هۆزەکان، بە نێو شاراندا جاڕ درا کە وا لە ساڵی تازەدا پادشای پادشایان ئاهەنگ و جەژنێکی فراوان رێکدەخات و بەبۆنەی تەواوبوونی قەڵا و شوورەکانەوە و بەبۆنەی بوونی بە یەکەم پادشای میدیای مەزن، هەموو پاتشا و فەرمانڕەوایانی دراوسێ و سەرۆک و فەرماندارانی باجدەری ناوچەیی بانگهێشتووە و ئاهەنگێکی گەپ و گەورە ساز دەکات.
بڕیار درا ماوەی سێ رۆژ سوور و شادمانی بگێڕن و بە چۆپی و هەڵپەڕین بەرەوپیری ئەم رۆژە پیرۆزەوە بچن. رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەشەممە لە هەموو کووچە و کۆڵانی هەمەدانی پایتەختی میدیا بوو بە شادی و جەژن و ئاهەنگ. ژن و پیاو و گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند دەستی داوەت و چۆپییان دەگرت و بە دەنگی شایەر و خۆشخوانان و نەوای دەهۆڵ و زوڕنای هونەرمەندان هەڵدەپەڕین.
رۆژی چوارشەممە یەکەمی خاکەلێوە و یەکەم رۆژی ساڵی نوێ رۆژی جەژن و شادمانیی مەزن بوو. ئەو رۆژە کۆشکی شاهانە بە رەنگی سوور و سەوز و زەرد رازێندرایەوە. ئاڵای رەنگاوڕەنگ لە هەموو گۆشە و کەنارێک لە ئاسمان دەشەکایەوە. دیاکۆشای تاکانەی میدیای مەزن جلک و جامەی رازاوەی زێڕکفتی شاهانە و چۆغە و کەواشۆڕی چنراو بە بافتەی ئاوریشمی خاسەڕەنگی زەرد و سوور و کەسک لەبەر؛ لەسەر شانەوە تا زەند و مەچەکی پۆشراو بە کەڵپۆسی زێڕنیگار؛ و کڵاوخەسرەویی رەش لەسەر، کاڵەی رەخشان و بریقەداری لە چەرمی کەرگەدەن لە پێیدا، دانیشتوو لەسەر تەختی رەوان، لە کۆشکی پۆڵایینەوە بەرەو سەکۆی ووتاردان بەڕێخرا.
لەسەر سەکۆ دوو کورسیی رازاوە بە گرانبەهاترین زێڕ و گەوهەر و مروارییەکانی ئەو چاخە دانرابوون؛ کە تەختی پادشا و هاوسەری بوون؛ و هێمای شانازی و سەروەریی ووڵات و گەل بوون. لە پشتەوەی تەختی پاتشا و بە دیوارەوە وێنەی دوو شێری جەنگی، داڕژاو لە زێوی سوور رووبەڕووی یەکتری هەڵواسرابوون. مەودایەک دوورتر لە تەختی پاتشا و هاوسەری، لە چەپ و راست چەند کورسییەکی رازاوە ریز کرابوون کە تایبەت بوون بە وەزیران و گەورە کاربەدەستانی کۆشکی پادشایی.
پاتشا لەسەر تەختی رەوان و لەسەر شانی چوار گەنجی چاپوک و بە شان و باهۆ گەیەنرایە سەر سەکۆ. بە ئەسپایی دابەزی و رووی کردە پادشا و فەرمانڕەوایانی ئامادەبوو کە لەبەردەمی و لە خوار سەکۆی کۆشکەوە بەتاسەوە چاوەڕوان بوون. بە نیشانەی دروود و رۆژباش دەستی راستی بە رووی ئامادەبوواندا بەرز کردەوە. لە خوار سەکۆکەوە پادشا و فەرمانڕەوایان دەستیان خستە سەر سینگ و سەریان دانەواند. لە ریزەکانی دوواوەی ئامادەبوواندا بوو بە شادی و هەلهەلە؛ و نەوا و زرمەی دەهۆڵ و کەڕەنا گەیشتە کاکێشان. هەرد و دار و دیواری کۆشک لە زرمە زرمی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ هاتە لەرزە.
لە کۆشکی رازاوەدا سەدان کچی جوان و دەم بە خەندە بە سەروێنی زەرد و کوڵنجەی سوور و کراسی سەوزەوە، بادەی ئاڵ و خۆشاوی شیرینیان پێشکەش بە میوانان دەکرد. سەدان کوڕی ژێهاتی و چوست چالاکیش دەست لەسەر چەک بێوچان و نەسرەوتن ئێشکگری پادشا و کۆشک و میوانان و پارێزەری جەژن و ئاهەنگی پیرۆز بوون.
ئینجا دیاکۆشای تاکانە، شانازیی میدیای مەزن، پاتشای هەلبژێراوی پادشایانی میدیا، شێری بێشەڵانی زاگرۆس، مازەی پشتی خۆراسان و خۆرنشین، دەمی کردەوە و ئاخاوت:
خاسان! خاسرەوان!
کەیان! کەیوانووان!
رۆژی تازەی ساڵی تازەتان پیرۆز بێ!
دروودی فراوان بۆ ئێوە پادشا و فەرمانڕەوایانی بەڕێز!
خۆش هاتن بۆ جەژن و سوور و ئاهەنگی گەپی میدیای مەزن!
ئەمڕۆ پیرۆزترین رۆژە لە ژیانی ئەم نەتەوە و وەڵاتەدا. ئەمڕۆ تەنیا یەکەم رۆژی ساڵی نوێ نییە، بەڵکوو یەکەم رۆژی تەمەنی پادشایەتیی میدیای مەزنیشە. ئەمڕۆ بەرهەمی یەکێتی و یەکدڵی و یەکدەنگیی فەرمانڕەوایانی خانەدانی پاک و دڵسۆزی میدیا پێگەیشتووە. وەڵاتێکی بەهێز و هەڕەت، نەتەوەیەکی هۆشیار و ووڵاتپارێز، و دەسەڵاتێکی دادپەروەر سەقامگیر بووە. ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ لە شانازییە لە دیرۆک و ژیانی نەتەوەی میدیادا. ئەمڕۆ گیانی نەمری نیاکانمان ئارام و ئاسوودەیە و دڵنیان کە نەوەکانیان بە سەربەرزی و بەختەوەری دەژێن و جێگەی ئەوانیان پڕکردووەتەوە. ئەمڕۆ نەیارانی ئێمە لە هەموو کاتێک زەبوونتر و دۆستانمان لە هەموو کاتێک شادترن. هەر بەم بۆنەیەوە هەموو ئەو سەرۆک و فەرمانڕەوایانەی لەم شادمانییەدا بەشدارن لە داینی باجی ساڵێک دەبەخشم. هاوکات فەرمانی من ئەمەیە کە ئێوەیش بۆ سەلماندنی دڵسۆزیتان بۆ دەوڵەتی میدیای مەزن، دەوڵەمەندان و زەویداران و پیشەسارانی ژێر دەسەڵاتی خۆتان بۆ ماوەی ساڵێک لە دانی باج و پیتاک ببەخشن.
خانەدانانی هێژا!
ئەمڕۆ تەنیا رۆژی شادمانی نییە بەڵکوو رۆژی نزا و پاڕانەوەیشە. رۆژێکی پیرۆزە و لەم رۆژەدا ویرد و نزامان گیرا دەبێ و خوداوەند بە دیدی بەزەیییەوە دەڕوانێتە ئاواتەکانمان؛ ئەوسا رووی کردە لای رۆژهەڵات و گوتی: ئەی خوداوەندی ئاسمان و زەوی! ئەی یەزدانی مانگ و خۆر و هەسارەکان! ئەی خوداوەندی کۆسار و دەریا و بیابان! هێز و هەڕەنگ بەم بەندەیەی خۆت ببەخشە تا بکارم ئەم ووڵاتە لە گەزەندی نەیار و بێباکان و ئێرەیی نەگریس و ناپاکان بپارێزم! هێز و توانست و زانستم پێ ببەخشە تا بشێم رێگەی رووناکی بگرمە بەر و پشت بکەمە تاریکی. ئەی خوداوەندی میدیا و جیهانی هەراو! تەمەنێکی درێژم پێ ببەخشە تا بتوانم لە راژەی ئەم نیشتمان و نەتەوەیەدا بم؛ و خواستەکانی تۆیش کە دادپەروەری و یەکسانییە بهێنمە دی!

No comments:
Post a Comment