Saturday, June 22, 2024

لە پەراوێزی باسی ژنە نیاندرتاڵەکەدا


گەلی ماوری نەژادێکی مرۆڤەکانن کە وەک خەڵکی رەسەنی نیوزیلەند ناسراون. ئەوان لەدەوروبەری ساڵی ١٣٠٠ی زایینی بەهۆی لۆتکە و بەلەمەوە لە دورگەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە و لە چەند کات و کەڕەتی جیاوازدا خۆیان گەیاندووەتە ئەوێ و لەوێ بنەجێ بوون. زمان و نەریتەکانی پێشووی خۆیانیان پاراستووە و هەر ئێستایش زمانەکەیان زۆر نزیکە لە زمانی ئەو دورگانەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە بە دورگەکانی کووک ناسراون. ماورییەکان بە شەڕکەری بەناوبانگن و هەروەها زمانێکی دەوڵەمەند و ریشەداریان هەیە.
هەندێک چیرۆک و بەسەرهات دەگێڕنەوە کە پێش ماورییەکان گەلێکی تر بەناوی مۆریۆری لە رۆژهەڵاتەوە واتە لەدورگەی (چەیتم)ەوە گەیشتوونەتە نیوزیلەند و لە دورگەی باشووری نیوزیلەند نیشتە بوون. کاتێک کە ماورییەکان دەگەنە نیوزیلەند لەگەڵ مۆریۆرییەکان رووبەڕوو دەبنەوە. دیار نییە کە ژمارەی کامیان کەمتر و کامیان زۆرتر بووە بەڵام لە ئاکامی شەڕەکانیاندا مۆریۆرییەکان قریان تێدەکەوێت. ماورییەکان تەنیا بە کوشتنیان نەوەستاون، بەڵکوو خواردوویانن. رەنگە یەکێک لە هۆکاری سەرکەوتنی ماورییەکانی هەر ئەمە بێت کە بۆ مەبەستی تێرکردنی وورگیان پەلاماریا بردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک کەس کە رەنگە ژمارەیان بگاتە ١٠٠٠ کەسێک لە دورگەی (چەیتم) دووای تەقەلایەکی زۆر توانییان بە حکومەتی نیوزیلەند بسەلمێنن کە ئەوان لە نەژادی مۆریۆرین و گەلەکەیان قڕی تێنەکەوتووە.
شایانی باسە کە دوواترین رووداوی قڕکردنی مۆریۆرییەکان لەلایەن ماورییەکانەوە لە سەدەی هەژدەدا روویداوە. ئەی کاتێک کە ئاوڕ لە ٧٠ هەزار ساڵی پێشوو دەدرێتەوە و باس نەک لە زمان و فەرهەنگ و کەلەپووری جیاوازی مرۆڤەکان بەڵکوو باس لە جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ دەکرێت، دەبێ چ دیمەنێک لە مێشکی خۆماندا وێنا بکەین؟ کێ دەتوانێ باوەڕ بکات کە ئەو جۆرە جیاوازە مرۆڤانر پێکەوە ژیاون یا تێکەڵاوییان بووە؟ مەگەر زۆر زۆر زۆر بە دەگمەن. هەر وەک چۆن بە دەگمەن لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵانی ئێستادا جووتبوون دێتە پێش.


No comments:

Post a Comment