Thursday, July 11, 2024

رەخسان

 

فرمانی (رەخساندن/رەخسان) لە کەسم و بیچم دا لە (رقص)ی عەرەبییەوە نزیکە و زۆر کەس لای وایە کە لەمەوە وەرگیراوە و کراوە بە فرمان. بەڵام وەک دەزانین واتاکەی زۆر دوور و جیاوازە لە (رقص).

(رقص) واتە سەما و هەڵپەڕین؛ بەڵام رەخساندن واتە فەراهەم کردن و لووان و دەربازبوون. ئەگەر لەم مانایانە وورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا لە ووشەی (رەست)ەوە وەرگیراوە؛ بەڵام گۆڕانکاری لە دەنگەکانیدا پێکهاتووە و دەنگی (خ)ی تێخراوە. (رەست) رەگی ووشەی (رزگار) یا (رەستگار)ە. لە پەندێکی پێشیناندا کە دایکم زۆر جار دەیڵێتەوە گوتراوە “ کەر بەستە، لە خەم رەستە”. واتە کەرەکەت ببەستەوە و خۆت لە خەم رزگار بکە. یانی کاتێک کەرەکەت بە پەتێکەوە دەبەستیتەوە، خەمی ئەوەت نابێت بڕوات.
واژەی (رەست) کە (رەها)یشی لێ کەوتووەتەوە، لەو واژانەیە کە فرمانەکەی لە کوردیدا زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێت؛ بەتایبەتی لە کورمانجیی ژووروو و ژێروودا. رەنگە هەر بە هۆی کەم بەکارهێنانییەوە بێت کە فرمانەکەی لە (رەستان) و (رەستاندن)ەوە گۆڕاوە بۆ (رەخسان) و (رەخساندن). کاتێ دەڵێین “لە خەم رەخساوە”، راستییەکەی بریتییە لە “لە خەم رەستاوە”. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش واژەی (رزگار) هەڵەیە و راستییەکەی (رەستگار)ە.


No comments:

Post a Comment