Monday, July 8, 2024

دزی


تا سەد ساڵ لەمەوبەر لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردەواری، دزی هەرچەندە کارێکی دزێو و بێزراو بوو؛ بەڵام هاوکات لە توانایی هەموو کەسیش دا نەبوو. لە هەندێک ناوچە کەسێک دزێکی باش نەبووایە، ژنیان پێ نەدەدا. لەم بارەیەوە هاوڕێیەکی لوڕ گوتی بەخوا لە ناوچەی ئێمەیش ئەم نەریتە هەبووە. جا بەسەرهاتێکی باپیری گێڕایەوە گوتی:

باپیرم لەگەڵ زاواکەی دەچن بۆ دزی. تەماشا دەکەن کابرای خاوەن ماڵ جووتێک گای زۆر چاکی هەیە. هەردووک گایەکەی کردووەتە تەویلەوە و خۆیشی لەبەر دەرگای خەوتووە. گوتی من بە گورزێکەوە لەسەر سەری کابرا راوەستام و زاواکەم ناردە ژوورەوە کە گایەکان بکاتە دەرەوە. گایەکان هاتن تا بەر دەرگا کە دیتیان خاوەنەکەیان لەسەر رێگەیانە، گەڕانەوە. جارێکی تر بە زاواکەمم گوت کە بیانکاتەوە دەرەوە. خۆم گورزەکەم بە هەردووک دەستم بەرز کردەوە لەسەر کابرای خاوەن گا. دیتم کابرا چاوەکانی کەمێک کردەوە و دیتی بارودۆخ ئەوپەڕی مەترسییە، خەوی لە خۆی خستەوە. بە پاڵەپەستۆ گایەکانمان بە سەر لاشەی کابرادا کردنە دەرەوە؛ و لێماندا رۆیشتین بۆ چۆڵەوار. دوواییش نەمانبیستەوە کابرای خاوەنماڵ گلە و گازەندەی کردبێت.

No comments:

Post a Comment