تەمەنی واژەی چاپ رەنگە ٧٠٠ تا ١٠٠٠ ساڵ بێت. لە گۆر سەرچاوەکان، ساڵی ١٢٩٥ی زایینی ئێلخانی مەغۆل گیخاتو خان کە فەرمانڕەوای ئێران بوو، بە چاولێکەری لە کوبلای خانی مەغۆل کە ئەویش فەڕمانڕەوای چین بوو، پارەی کاغەزی دروست کرد. نزیکەی بیست ساڵێک پێشتر کوبلای خان پارەیەکی لە چین دروست کردبوو بە ناوی (چاو) کە زۆر بە باشی کاروبارە دارایی و بازاڕوانییەکانی ئەوێی راییکردبوو. گیخاتوو خانیش لاسای ئەوی ئەوی کردەوە و لە شاری تەورێز بنکەیەکی بۆ دروس کردنی چاو دامەزراند کە ناوی لێنرا چاوخانە. چاو پارچەیەکی کاغەزی یا چەرمی بوو لە دیوێکی ناوی گیخاتووخانی لەسەر نووسرا بوو، هەروەها دەستەواژەی (لا الە الا اللە، و محمد رسول اللە(ی بە زمانی چینی لەسەر نووسراوبوو. لە دیوەکەی تری نووسرابوو بە فەرمانی شای جیهان ساڵی ٦٩٣ ئەم چاوە رەوایەتی پێدراوە و هەرکەس ساختەکاریی تێدا بکات بە ماڵ و منداڵەوە سزا دەدرێت و هەموو داراییەکەی لێدەسەنرێت. گوایە ووشەی چاپ و چاپخانە لە چاو و چاوخانەوە لەوساوە دروست بوون.
لە گۆر چەند سەرچاوەیەکی تر پێش ئەم سەردەمەیش ووشەی چاپ هەبووە و شان بە شانی ووشەی تەبع (طبع)ی عەرەبی بەکارهێنراوە. لە بنەڕەتدا لە واژەی (چەهاپ، چەهاپا، چەهاپەخانە، چەهاپاتی، چەهاپتا)ی هیندییەوە وەرگیراوە. ئەو نووسەر و گەڕیدە ئێرانییانەی پەرتووک و بڵاڤۆکی چاپکراوی میسر و عوسمانییان دیتبوو بەم کارەیان دەگوت تەبع؛ بەڵام ئەوانەی لە هیندوستان دیتبوویان، پێیان دەگوت چاپ. چونکە هەر کام لە میسر و عوسمانی و هیندوستان پێش ئێران پەرتووکیان تێدا چاپ دەکرا. چاپ لە زمانی هیندی دا بە مۆر یا مۆرکردن دەڵێن. زۆر پێش ئەو سەردەمانە لە هیندوستان قوماشیان بە قاڵبی لە چێو هەڵکەنراو مۆر دەکرد و بە رەنگی جیاجیا دەیانڕازاندەوە؛ بەم کارەیان دەگوت(چەهاپانیا( یا (چەهاپارە). ئەم کارە هاوشێوەی دروسکردنی پارە بوو. ئیتر ئەم ووشەیە بە کەمێک گۆڕان لە واتا و بێژەکردن دا بووە بە چاپی ئێستامان.

No comments:
Post a Comment