لە گەرمەی گفتوگۆمان دا لەگەڵ هاوڕێیەکی لوڕ، گوتی دەزانم کورد و لوڕ یەکن و لوڕ بەشێکە لە کورد، بەڵام ترسی من ئەمەیە کە ئێمە بە لک و خۆتان بە بنەچە هەژمار بکەن؛ من دڵنیام کە ئێمە بنەچەین. لوڕ یەکەم جار زاگرۆسی ئاوەدان کردووەتەوە و پەلی هاویشتووە بۆ ناوچەکانی تر و هۆبە و تیرە و خێڵی جیاوازتری لێکەوتووەتەوە. لە رووی نەژادیشەوە ئێستا ئەوەی زۆرتر بە پاکی و پەتی ماوەتەوە لوڕە؛ کە بە هۆکاری جۆگرافیایی لەتەک تورک و ئەرمەن و قەوقازی و عەرەب و ئاسۆریدا تێکەڵ نەبووە..
ئەم ووتەیەی هاوڕێ لوڕەکەم راستیی زۆری تێدایە و من وەک خۆم رەتی ناکەمەوە و دەیپەسەندم. هەبوونی ئیلامی و کاسییەکان لە جەرگەی زاگرۆس دا و لە پێش مادەکان گەواهیی زۆر راستی دەدات. بە ووتەی مێژووزانان، ئیلامی و کاسییەکان ئاریایی نەبوون؛ بەڵکوو نەژادی رەسەنی زاگرۆسی بوون. شارستانییەتی کاسی و ئیلامی شتێکە کە نابێ بکەوێتە ژێر سێبەری مادەکانەوە و پەراوێز بخرێت. نزیکی و هاوسنووریی ئیلامییەکان لەگەڵ سوومەر بایەخی زۆری هەیە و لەیەکچوونەکانیان لەبارەی دین و نەریتەوە بۆی هەیە بەڵگەی یەکبوونیان بداتە دەستەوە.
ئەم ناوچانەی کە لە کۆندا پێیان گوتراوە ئیلام، سەرەڕای تێپەڕینی هەزاران ساڵ و سەرەڕای ئەو هەموو تاڵانی و کاولکارییەی بە دەستی بێگانە و خۆماڵی تێیاندا ئەنجام دراوە، هێشتا پڕن لە ئاسەواری کۆنی سەرسوڕمێن. یەکێک لەوانە بریتییە لە بەردەگۆڕ یا بەردەگاور. تەنیا لە ناوچەکانی بەختیاری پتر لە ٣٠٠ بەردەگۆڕ تۆمار کراون کە هەموویان هی سەردەمانی ماد و کاسی و ئیلامین؛ ئەمە جگە لەوانەی کە لە ناوچەکانی تر هەن؛ کە بەگوێرەی راستییە مێژووییەکان سنووری دەسەڵاتی ئیلام ئوستانی فارسی ئێستایشی گرتووتەوە. نەخشی رۆستەم کە یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئوستانی فارس، هیچ پەیوەندیی بە فارسەوە نییە بەڵکوو هی ئیلامییەکانە.
تا ئێستا رۆشن نییە ئەم بەردەگۆرانە بە چی مەبەستێک کەندراون؛ بەڵام گوایە بەهۆی زەردەشتی بوونی خەڵکەکەوە، باوەڕیان وا بووە کە لاشەی مرۆڤ لە دوای مردن ناکرێ لە خاک دا هەڵبگیرێت چونکە پیسی دەکات؛ خاکیش بەلای زەردەشتییەکانەوە یەکێک لە چوار توخمە پیرۆزەکان بووە. لەلایەکی ترەوە کە باسی زەردەشتی بوونی ئیلامییەکان دەکرێت، خودی زەردەشتیش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئایا زەردەشت کە ٦٠٠ ساڵ پێش زایین ژیاوە، چۆن دینەکەی لە سەردەمی سومەریدا بڵاو بووەتەوە کە کەمتەمەنترین سەردەمی سومەری دەکاتە ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین؟!

No comments:
Post a Comment