جۆرە شیرینییەکە لە لوڕستان دروست دەکرێت لە شێوەی جوجووش بە کەمێک جیاوازییەوە. پێشتر باسی جوجووشمان کردووە. ئەم شیرینییەیش وەک جوجووش رۆژێک بەر لە رۆیشتنی بووک ئامادە دەکرێت و لەگەڵ بووک دا دەنێردرێتە ماڵی زاوا. دروسکردنی هەڵوا ئەرووسی بەم شێوەیەی خوارەوەیە.
سەرەتا ئارد لە تاوە یا لەسەر ساج بۆدەدرێت تا کەمێک رەنگی تاریک دەبێت. نابێ بسووتێت. زەردەچێوە، زەنجەفیل، دارچین و مێخەکی هاڕراو لەگەڵ ئاردەکە تێکەڵ دەکرێت. ئینجا رۆنی ئاژەڵ یا کەرەی تێدەکرێت و باش تێکەڵ دەکرێت. پاشان ئاو و هەنگوین یا دۆشاوی ترێی تێدەکرێت. ئەگەر پەیت بوو شیر یا ئاوی تێدەکرێت تا شل ببێتەوە. لەسەر ئاگر دادەنرێت و کاکڵی گوێز و پستە و بادامی تێدەکرێت. لەسەر ئاگرەکە دەمێنێتەوە و تێکەڵ دەکرێت تا بە بنی مەنجەڵەکەوە نەسووتێت، تا خەست دەبێتەوە. ئەوسا لەسەر ئاگر دادەگیرێت و دەکرێتە نێو دەفری بچووکەوە و سەرەکەی بە چینێک کاکڵی گوێز و ووشکەباری جۆراوجۆر دەڕازێنرێتەوە. شایانی باسە کە هەڵوا ئەرووسیش وەک هەموو جۆرەکانی تری هەڵوا بە ساردی دەخورێت.

No comments:
Post a Comment