لە ئێران کار و پیشەی خەڵکی بووەتە هاوردە و هەناردەی ناقانوونی و لەم رێگایەیشدا رۆژانە چەندان کەس دەگیرێن، بریندار دەبن یا دەکوژرێن. لە ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان سووتەمەنی بە کۆڵ ئاودیوی پاکستان دەکرێت. لە ئوستانە سنوورییەکانی ورمێ، سنە و کرماشان کەلوپەلی جیاواز بە کۆڵ هاوردەی رۆژهەڵات دەکرێت. لە ئوستانەکانی تریش وەک بووشێر، لوڕستان، خووزستان، کۆگلۆ وبۆیرەمەد و فارس و.. ئەو شتومەکانەی بە قاچاخ هاوردە کراون ، بە ناقانوونی دەگوازرێنەوە بۆ شارە دوورەکان و بەتایبەتی بەرەو تاران. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن تڕومبێلی تیژڕەو بەکاردێنن و ئەگەر ناچار بن بازگەکانیش دەبەزێنن و ناوەستن. بەم کەسانە و ترۆمبێلەکانیان دەڵێن شووتی. ئەمانە بە خێرایی سەروو ١٨٠ کیلۆمەتر لە ساتێکدا ترومبێل داژۆن. لەم ساڵانەی دوواییدا ئەم دیاردەیە گوازراوەتەوە بۆ سنوورەکانی ئەفغانستان و ئازەربایجانیش. دوای هاتنە سەر کاری تاڵەبان کە خەڵکێکی زۆر لە ئەفغانستان رایانکرد و هێشتایش بەردەوام ئەوێ بەجێ دەهێڵن، لە رێگەی ئەم شووتیانەوە دەگوازرێنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران.

No comments:
Post a Comment