ئەو جیا لە زوانی داڵگیی خۆی فارسی، عەرەبی، و ئینگلیسیشی زانیوە.
ساڵی ١٩٣٨ لە زانکۆی ئەفسەریی تاران دەرچووە و دوواتر زۆر بەرپرسایەتیی گرنگی لەشکریی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا پێدراوە. دوو پەرتووکی لە بوواری لەشکریدا نووسیوە کە هەر ئەو سەردەمە زانکۆ بڕیاری داوە چاپیان بکات و لە ساڵی یەکەمی زانکۆدا بە خوێندکاران بگوتريتەوە.
پلەی سەروانی بەدەس هێناوە و بووەتە مامۆستای زانکۆی ئەفسەری.
ساڵی ١٩٤٥ لەسەر داوای خۆی واز لە کاری لەشکری دەهێنێت و روو دەکاتە نووسین و سیاسەت. سەبارەت بە گرفتی گەورەی سیاسیی ئەوسای ئێران واتە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان و رێچارەیان بابەت دەنووسێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٤٦ دەچێتە مەهاباد کە کۆمار تیایدا دامەزرابوو و کورد تیایدا دەسەڵاتدار بوو. لەوێ پێشوازیی گەرمی لێدەکرێت و وەک خەڵکی کرماشان دەناسرێت. هەر ئەوسا وەک جێگری فەرمانگەی فەرهەنگیی کۆماری کوردستان دەسنیشان دەکرێت. ( کاک فارووق نووسیوێتی سەرۆکی گشتی فەرهەنگی کۆماری کوردستان بووە بەڵام من شتێکی ئەوتۆم لە پەرتووکەکەدا نەهاتە بەر چاو. ).
ئیبراهیم خان چەند بابەتێکی بەپێزی بە کوردی و فارسی لە رۆژنامەی کوردستانی زمانحاڵی کۆمار دا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ئەو بابەتگەلی مێژوویی لە کوردی و عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و لە بڵاوکراوە فارسییەکانی تاراندا بڵاوی کردووەتەوە.
دوای رووخانی کۆماری کوردستان ماوەی دوو ساڵێک زیندانی دەکرێت؛ و پاش ئازاد کرانی، پەڕیوەی باشوور دەبێت. لە رێگەی بەغداوە و بە پاسپۆرتێکی ئێرانی کە پێدەچێت ساختە بووبێت، دەچێتە سووریا و لە کۆمپانیای لوولە نەوتی ئێراق ـ سووریا وەک دیلمانج وەردەگیرێت. ئەو سەردەمە سووریای تازە دامەزراو پێویستیی بە ئەفسەری راهێنەر و راوێژکاری لەشکری دەبێت و خەڵکی بیانیش دادەمەزرێنێ؛ هەربۆیە لەوێ کاری دەسدەکەوێت و بە پلەی سەروان دادەمەزرێت. دواتر بە هەمان شێوە دەچێتە عەرەبستانی سەعوودیش و لەوێش وەک کارمەندی پلەی یەکی هێڵاسنی حکومەتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار دەکات.
ئەو کاتە کە لە شام بووە ژینی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی دەوڵەمەند بە ناوی هەنە پێکدەهێنێت؛ و دوو کچی لەم ژنە هەبووە بە ناوەکانی نەسرین و نەرمین کە ئێستا لە تورکیان. پێشتریش لەبەرئەوەی تاقانە بووە دایک و باوکی لە تەمەنی شازدە هەڤدە ساڵیدا ژنێکی بۆ دێنن بە ناوی سەڵتەنە کە لەویش کوڕێکی بە ناوی محەممەد هەبووە کە مردووە و کچێکیشی هەبووە بە ناوی مەهیندۆخت.
رۆژنامەی (القبس) رۆژی ٢٦/٢/١٩٥٦ لە نووچەیەکدا نووسیی کە بەهۆی برووسکەوە فڕۆکەیەکی سووریا لە ئاسمان دوولەت بووە و تەنیا سەرنشینێکی کە ژنێکی کارگوزار بووە پەرجووئاسا رستاوە. سەرنشینەکانی تر بە تیمی فڕۆکەوانیشەوە (کە ژمارەیان ١٩ کەس بوو) هەموویان کوژراون. ئیبراهیمی نادری یەکێک بوو لە سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە پێشتر دوای تەواوبوونی کارەکەی لە عەرەبستانی سەعوودی و گەڕابوویەوە بۆ سووریا و لەم سەفەرەدا کە لە حەلەبەوە دەچوو بۆ شام تووشی ئەم رووداوە ماتەمینە بوو. (شایانی باسە کە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکە رۆژی ٢٤/٢/١٩٥٦ روویداوە. شایانی باسە کە جۆری فڕۆکەکە داکۆتا بووە و رۆژنامەی الاخبار نووسیبووی فڕۆکەکە لە قامیشلوو بەرەو شام فڕیوە).
سەرچاوە:
پەرتووکی: برایم نادری، نووسەر، وەرگێڕ و سەرۆکی گشتی فەرهەنگی کۆماری کوردستان
ئامادەکردنی: فاڕووق فەرهاد
ساڵی ٢٠٢١

No comments:
Post a Comment