Saturday, September 14, 2024

ئانشرتۆ


بە بڕوای زۆرێک لە دانیشتووانی لێوارەکانی کەنداوی فارس بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لە دەریادا هەیە بە ناوی ئانشرتۆ.  شێوەی لە مرۆڤ دەچێت بەڵام لە ژێر شەپکەشانەکانیدا دوو باڵی هەیە لە شێوەی پەڕی ماسی کە دەتوانێت بۆ مەلەکردن لە دەریادا بەکاریان بهێنێت.  دەڵێن جارێکیان کۆمەڵێک راوچی کە لە دەریادا دەبن بۆ راوی ماسی دەگەنە دورگەیەک تەماشا دەکەن ژمارەیەکی زۆری ئانشرتۆ لەوێ خەریکی پشوودان و سانەوەن.  پەلاماریان دەدەن و هەموویان دەسگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیانهێننە نێو کەشتی و کاتێک بەڕێدەکەون بەرەو ماڵ، ئانشرتۆکان یەک بە یەک خۆیان فڕێدەدەنە نێو دەریا و دەڕۆن؛ تەنیا دانەیەکیان دەمێنێتەوە کە ئەویش لە ژێرخانی کەشتیەکەدا گیری کردبوو نەیدەتوانی بچێتە دەرەوە.  ئەویان کچ دەبێت؛ هەر بۆیە ناخودای کەشتی دەیکاتە هاوسەری خۆی و چەند منداڵی لێی دەبێت بەڵام هێشتا پێوەند بە قاچەکانییەوە دەبێت و ناوێرێت ئازادی بکات چونکە دەزانێت رادەکات.  رۆژێکیان منداڵەکانی پێوەندەکە لە قاچی دایکیان دادەماڵن و ئەویش بە پڕتاو رادەکات و دەگەڕێتەوە نێو دەریا.

No comments:

Post a Comment