Saturday, March 12, 2022
سەبارەت واژەی رەگەز
Saturday, March 5, 2022
چاڵکاریی مێو لە دورگەکانی کەناری
دورگەکانی کەناری هەفت دورگەی بچووکن لە ئۆقیانووسی ئەتڵانتیک دا کە دەکەونە ٨٠ مایلی خۆراوای بیابانی گەورە و سەر بە وڵاتی ئیسپانیان. کەش و هەوای ئەم دورگانە مامناوەندییە و تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانەی لە نێوان ١٣ تا ٢٩ پلەی سەدی دایە. خاکەکەی لە ئاستی دەریاوە دەسپێدەکات تا دەگاتە لووتکەی کێوی (تەیدی) کە ٣٧١٨ مەتر بەرزە. ناوی هەفت دورگەکان لە گەورەوە بۆ بچووک بریتییە لە: تەنەریف، فوێرتوڤێنتوورا، گران کاناریا، لانزارۆت، لا پاڵما، لا گۆمێرا و ئێل هیرۆ و بچووکترینیشیان لا گراسیۆسا. ئەم دورگانە لە سەدەی ١٦ ەوە بە ترێ و شەراب ناوبانگیان دەرکردووە. ویلیام شەیکسپیەر، جۆرج واشنگتن، تۆماس جیفرسن و زۆر لە کەسانی بەناوبانگی جیهان ناوی ئەم شەرابەیان بردووە. لە سەردەمەیش دا هەم شەرابەکەی و هەم مێوەکەی یا باشتر بڵێین شێوازی روواندنی مێوەکە ناوبانگی جیهانییان هەیە.
زۆر جار لە لاپەڕە و ماڵپەڕە کوردییەکان دا وێنەکانی ئەم شێوازە روواندنەی مێو بڵاودەکرێنەوە کە هیچ زانیارییەکی دروستیان لەگەڵدا نانووسرێت. ئەوانەی وێنەکان بڵاودەکەنەوە هەم خۆیان لە کاکڵی بابەتەکە نەگەیشتوون و هەم بەردەنگیش چەواشە دەکەن؛ وای تێدەگەیەنن کە ئەم ناوچەیە وشک و بێ ئاوە و تەنیا کەندنی چاڵەکە دەبێتە هۆی ئەوە کە مێوەکە لەو شوێنە بڕوێت. واتە نازانن کە نهێنیی پەیدابوونی ئاو و نمناکی هەبوونی خۆڵەمێش و گووراسنە گڕکانییەکەیە نەک خودی چاڵەکە. چاڵەکە بۆ ئەوە کەندراوە تا مێوەکە رەگ و ریشەی لە خاک دا بنێژرێت.
لە یەکەمی مانگی سێپتەمبەری ساڵی ١٧٣٠ گڕکانێک لەم دورگانە بووە هۆی کاولکردنی ٢٠ ئاوایی و ماوەی شەش ساڵ درێژەی کێشا. ئەم گڕکانە سێ یەکی دورگەکانی گرتەوە و چینێکی گووراسن و خۆڵەمێشی گڕکانی بە ئەستووریی دوو تا سێ مەتر دورگەکەی داپۆشی.
ساڵانێکی خایاند تا وەرزێرەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو خۆڵەمێشە گڕکانییە بەهرەیەکە بۆ روواندنی مێو. ئەم خۆڵەمێشە کە وەک چینێک خاکەکەی داپۆشیوە لە بەرەبەیانان دا بە هۆی کاریگەریی پلەی گەرما و رێژەی شێ لە هەوا دا نمناک دەبێت و دلۆپەگەلی ئاو دروست دەکات. هەربۆیە وەرزێرەکان دەستیان کرد بە کەندنی چاڵگەلی فراوان و بە قووڵایی دوو تا سێ مەتر؛ واتە چاڵەکان ئەوەند قووڵ دەکەن تا دەگاتە خاک؛ و لە نێو هەر چاڵێک دا نەمامێکی مێو یا هەر درەختێکی بەردار دەڕوێنن کە بەبێ ئاودان، خۆیان لە نمناکیی خۆڵەمێشەکەی دەوروبەریانەوە ئاو وەردەگرن.
لەبەرئەوەی ناوچەکە بە زۆری ئەو بایە کە ناسراوە بە بای بازرگانی دەیگرێتەوە، وەرزێرەکان لە هەندێک شوێن دا لە دەوری هەر درەختێک پاردەیەکی بەردین بەشێوەی کەوانەیی هەڵدەچنن تا کاریگەریی بایەکە لەسەر درەختەکە کەم بکەنەوە.
سەرچاوە
سکەنجەڤین
| سکەنجەڤین و کاهوو |
سکەنجەمین، سکەنجەوین، سکەنجەڤین، ئەسکەنجەڤین، جۆرە نۆشاوەیەکی خەستی دێرینە لە ئێران و کوردستان کە زۆرتر لە وەرزی هاوین و پاییزدا بەکاردەهێنرێت. بە ئاوێتەکردنی سرکە و هەنگوین دروست دەکرێت. زۆر جار جاترە یا ئاوتکی جاترەی تێدەکرێت تا بۆنی خۆش بێت. ووشەی سکەنجەبین عەرەبێندراوی سرکە و ئەنگبین\هەنگڤینە. زۆر شێواز هەیە بۆ دروسکردنی سکەنجەڤین. لێرەدا بۆ نموونە شێوازێک دەخەینە بەر چاو.
دوو پێوانە سرکەی ترێ لەگەڵ پێنج پێوانە هەنگوینی سروشتی تێکەڵدەکرێت و چوار پێوانەیش ئاوی بێ کلۆری تێدەکرێت و دەکوڵێندرێت، تا کەمێک خەست دەبێتەوە. ئاوتکی جاترە یا جاترەی تەڕ و تازەی تێدەکرێت؛ و پاشان ئەو کەفەی دەکەوێتە سەری بە کەفگیر فڕێدەدرێت و سار ددەکرێتەوە بۆ خواردن. لە کوردەواریدا کاهوو لەگەڵ سەکەنجەڤین دەخورێت. ووتەیەکی باوە کە دەڵێن کاهوو سەوزەیەکی بێبۆن و چێژە. کاهوو واتە وەکوو کا بێتام و بۆنە. بۆ ئەوەی چێژێکی خۆشی پێبدرێت دەژەنرێتە نێو سکەنجەبینەوە و دەخورێت.
ساڵانی زوو نوکتهیهک له ناوچهی مههاباد ههبوو. دهیانگوت مههابادی به لادێییهکان دهڵێن ئێوه نان و موو دهخۆن. مهبهستیان ئهمه بوو که پهنیر و بهرههمهکانیان پڕن له مووی پهز و مانگا. لادێییهکانیش به مههابادییهکانیان دهگوت ئێوه نان و گوو دهخۆن. مهبهستیان ئهمه بوو که کاهوووهکهیان ههموو به ئاوی زێرابهکان گهوره دهبێت و پێ دهگات.
Friday, March 4, 2022
چۆن ببین بە هێز؟
ماوەیەکە لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک دا یا لە هەر باس و ووتارێک دا کە قسە لەوە دەکرێت بزووتنەوەی کورد چۆن ببێتە هێزێکی دیار و و دەوڵەتان وەک کارەکتەرێک لە پلان و گەڵاڵەکانیان دا لەبەرچاوی بگرن، پێشنیاز دەکرێت کە کورد خۆی بەهێز بکات. پێشنیاز دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە هێز گەرەکە یەکگرتوو بێت. تا کورد نەبێتە هێز، هیچکەس و لایەنێک حیسابی بۆ ناکات. ئەمە راستییەکی نکۆڵی لێنەکراوە کە یەکگرتن کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ بەهێزبوونی نەتەوەیەک. بەڵام تۆ بڵێی یەکگرتن تاکە رێگا بێت؟ زۆر جار نەتەوەیەک یەکگرتوویش بووە بەڵام لە بەرامبەر هێزێک یا کۆمەڵێک هێز و لایەنی لە خۆی گەورەتر و بەهێزتر دا تێکشکاوە. ئەمە دەریدەخات یەکگرتن هەرچەندە کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتن بەڵام بە تەنیا بەس نییە. بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد کە دوژمنەکانی زۆر و بەهێزن و دۆستەکانیشی جێگەی متمانە نین؛ کۆمەڵێک هۆکار و کەرەستە هەن کە دەشێ بۆ مەبەستی بوون بە هێز سوودیان لێوەربگرێ.
نەتەوەیەکی وەک کورد بەم پێکهاتە جیاواز و رەنگاوڕەنگە زمانی و نەریتی و دینییەوە کە هەیەتی، و هەروەها بەم رەوشە جۆگرافی-سیاسییە کە دوچاری کراوە و لە نێوان چوار دەوڵەت-نەتەوەدا خاک و میللەتەکەی پارچە پارچە کراوە؛ و بە سیاسەتی فاشیستانە و ستەمکارانە هەوڵی تواندنەوەی دراوە، یەکگرتن ئەگەر مەحاڵ نەبێت، زۆر دژوارە. ئاخر یەکگرتن گەرەکە بنەما و بەرەماگەلێکی هاوبەشی هەبێ تا هەستی هاوبەشیان لەسەر رۆبنرێ؛ و ئەو هەستە هاوبەشە لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگە رەنگاوڕەنگ و لەت و کوت کراوەکەدا جێگەبگرێ.
لە سیاسەت و قانوون و کۆمەڵناسی دا دین زۆر گرنگە، کە بەداخەوە کورد لە دینێکی هاوبەش بێبەشە. ئیدی لەم چاخ و سەردەمەیش دا دینی هاوبەشی بۆ دروست نابێ، چونکە سەردەمی دینسازی بەسەرچووە. تەنانەت لە جەرگەی شارستانیەتە پێشکەوتووەکانی جیهانی ئەمڕۆ دا دین کاریگەریی خۆی لەسەر سیاسەت و شەڕ و ئاشتی دا لەدەست نەداوە. ئەوە کە هەموو دنیای پرۆتێستانت و کاتۆلیک لەدژی رووسیای ئۆرتۆدۆکس یەکیان گرتووە، سەلمێنەری ئەم قسەیەیە. تەنانەت جیهانی پرۆتستانت و کاتۆلیکییش لەنێو خۆیان دا جیاوازن و شێوازی هزرینیان جیاوازە و بەرژەوەندییەکانیان لە زۆر خاڵجدا یەکتری ناخوێننەوە. ئەم دوو جیهانە بەزۆری لەو کاتانە دا یەکدەگرن، کە رووبەڕووی شارستانیەتەکانی تری وەک ئۆرتۆدۆکس و ئیسلام و چینی و.. دەبنەوە. کەواتە بابەتی دینی هاوبەش کە یەکێکە لەو مەرجە سەرەکییانەی دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی ئاسان و مسۆگەر دەکات، لە نێو کورد دا نییە و لەمەوبەدوایش کە سەردەمی پێغەمبەرایەتی نەماوە، نابێت. لە رووی زمانیشەوە رۆژ بە رۆژ بەهۆی دابڕان لە یەکترییەوە، بە هۆی سیاسەتە فاشیستیەکانی داگیرکەرانەوە و بە هۆی گڵۆباڵیزم و کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنۆڵۆژیای تازەوە، پتر لە یەکتری دادەبڕێن؛ لەیەکتری بێگانە دەبن و تاک و کەرتە جیاوازەکانی میللەتی کورد بێشتر لە یەکتری دووردەکەونەوە.
تەکنۆلۆژیای سەردەمیش بە هۆی ئەوە کە دەوڵەت-نەتەوە دەتوانێت لە زۆر بووار دا پاوانی بکات بۆ خۆی، کوردی نەتەوەی بێدەوڵەت لێی بێبەشە و دەستی پێی نەگەیشتووە؛ تا لە بوواری لەشکری دا سوودی لێوەربگرێت.
چارە چییە؟
لە دووای جەنگی ساردەوە زۆرێک لە رووناکبیران و سیاسەتوانانی کورد فێربوون بڵێن (ئایدیۆلۆژی باوی نەماوە) یا (سەپاندنی یەک ئایدیۆلۆژی واتە دیکتاتۆری و ستەم). بێ ئاگا لەوە کە لیبراڵیزمیش خۆی ئایدیۆلۆژییە، دێمۆکراسی و سۆسیالدێمۆکراسیش ئایدیۆلۆژین، پرۆتستانتیزمیش ئایدیۆلۆژییە. ناسیۆناڵیزم و نەتەوەخوازیش ئایدیۆلۆژییە. تەنانەت خودی ئەوە کە دەڵێن نابێ ئایدیلۆلۆژییەکی تایبەت ب ۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵ و جڤاک پەیڕەوە بکرە، ئایدیۆلۆژییە... بۆچی خۆخستنە پاڵ ئەمانە ئاساییە بەڵام کۆبوونەوەی کورد لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت بەخۆی، کە هەڵگری توخمەکانی ژیان و ژینگە و یەکسانیی جێندەری بێت، ستەمکاری و دیکتاتۆری و خۆسەپاندنە؟ بۆچی ئەو دێمۆکراسییە نوێنەرایەتییەی کە هێشتا لە ئەمریکای لانکەی دێمۆکراسی! دا لە سایەی دا رەشپێستێک و ئاسیاییەک دەچەوسێندرێنەوە، دەبێ کورد پەسەندی بکات، بەڵام دێمۆکراسییەکی رادیکاڵ کە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەکەی خۆی دایە و هەزاران ساڵە دایباپیرانی پەیڕەوی دەکەن، دەبێ بە بیانووی نابەجێ دژایەتی بکرێت و و رەت بکرێتەوە؟
لە نەبوونی دینی هاوبەش دا، گردبوونەوە لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی هاوبەش دا کە نەک بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی جیهان و تەنانەت بۆ هەسارەکەیشمان مایەی خۆشبەختی و رزگاربوون لە نەمان و فەوتان دەبێت، ئەوپەڕی پێویستییە. هەبوونی ئایدیۆلۆژی نیشانەی نەزانی و پەیڕەویکردنی دەروێشانە نییە؛ بەڵکوو غیرەت و شەهامەت و شانازی و گەورەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت. سەرکەوتنی عەرەبە موسڵمانەکان و گەیشتنیان بە چین و ئیسپانیا بە هێزی چەک نەبوو. پێغەمبەری ئیسلام بۆچوونە پێشکەوتنخوازەکانی خۆی لەگەڵ تانوپۆی فەرهەنگی عەربی دا لێکدا و دینێکی پێشکەوتووی لێ. سازکرد، ئەوسا توانیی کۆمەڵگەی عەرەبی رێکبخات و بیکاتە هێزێک کە بەسەر دوو ئیمپراتۆریی مەزنی رۆم و مید-فارس دا سەرکەوێت. هیندییەکان تا لە دەوری بۆچوونە نەرم و ئاشتیخوازانە و جیانگرەوەکانی گاندی کۆنەبوونەوە، نەیانتوانی سەربەخۆیی بەدەست بێنن. گاندی بۆچوونەکانی خۆی لە زمان و مێژوو و فەرهەنگ و شارستانییەتی هیندی وەرگرتبوو؛ کە لە هەست و نەستی تاکی هیندی دا ریشەیان داکوتابوو. تەنانەت دەستەواژەکانیشی لە زمانی هیندی وەردەگرت و بە هیندی بەکاری دەهێنان. ئەو دەستەواژانەی هەموو داڕشتنەوە و لە قاڵبی نوێدا بە زمانێکی سەردەمیانە بە گوێی هیندییەکانی دا خوێند. گاندی تاکی هیندیی تێگەیاند، سەرەتا هزری خۆی ئازاد بکات؛ ئەوسا هەنگاو بنێت بۆ ئازادکردنی نیشتمانی. ئەو هەرگیز نەیویست تاکە سەربازێکی ئینگلیس بە دەستی هیندییەکان بکوژرێت، چونکە دژی ئینگلس نەبوو؛ بەڵکوو دژی سیاسەت و شێوازی بیرکردنەوەی ئینگلیس بوو. کەواتە هەبوونی ئایدیۆلۆژییەکی پێشکەوتووی جیهانگرەوە یەکێکە لە مەرجەکانی یەکخستن و یەکگرتووکردنی کورد و بوونی کورد بە هێز .
ئایدیۆلۆژی چ سیاسی و فەلسەفی بێ و چ دینی یەکێکە لە کەرەستە نەرمەکان. لە پاڵ ئەمە دا دەکرێ کورد بیر لە کەرەستەگەلی تریش بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێکی حیساب بۆکراو. ئێستا لە دوو بەشی باشوور و رۆژاڤا دا کورد خۆی ووڵاتی خۆی بەڕێوەدەبات و دەسەڵاتێکی بانتر نییە کە بەسەری دا سەپابێت. بەشێکیش لە بزووتنەوەی شۆرشگێریی کورد لە شاخ و چیاکان جێگیرە و بە گوێرەی توانست و قەبارەی خۆی ناوچەگەلێکی لە سەختترین ناوچەکان خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوە. ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە ناوچەگەلێکن کە تەنانەت بەهێزترین دەسەڵاتەکانی جیهانیش بۆ خۆپاراستن یا بۆ شاردنەوەی چەکە نهێنییەکانیان پەنایان بۆ دەبەن. کەوابوو، کوردیش دەتوانێت ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە بەکاربهێنێت بۆ سازکردنی چەک و چەکدار کردنی خۆی بە چەکگەلێک کە دوژمن لێی بپرینگێتەوە. پێشینان گوتوویانە مشت لە درۆشە دەگەڕێتەوە! کەسێک بە مشت پەلامارت بدات، تۆ بە درۆشە رووبەڕووی ببیتەوە بێگومان مشتەکە دەگەڕێتەوە دوواوە.
سوپا و ئەرتەشێکی یەکگرتوو بۆ هەموو نەتەوە و گەلێک کە گەرەکی بێت خۆی لە فەوتان بپارێزێت، بەردی بناغەیە. بەڵام جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد هەمیشە هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەر میرێک و ئاغایەک و والییەک لە هەوایەک بخوێنێ و بە گوێرەی بەرژەوەندییە کەسینییەکانی خۆی رەفتار بکات. لە سەردەمی تازەیش دا کە حیزبەکان جێگای ئاغا و میر و شێخەکانیان گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە هەر حیزبێک خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگا و دامەزراوە و رێکخستنی خۆیەتی؛ و بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی و پەلامار و داکۆکی دەدات. هەر خودی ئەزموونی فرەسوپایی باشوور و تاکسوپایی رۆژاڤا لە رۆژگاری ئەمڕۆ دا باشترین وانەیە؛ و پێمان دەڵێ کە ئەگەر کورد بیەوێ سەرکەوتوو بێ پێویستە، پێویستە، پێویستە یەک سوپای یەکگرتووی هەبێ. کە دەگوترێ یەک سوپا، مەرج نییە یەک سوپای وەک ئێران و تورکیا و ئەمریکا و رووسمان هەبێ؛ نەخێر دەشێ سوپایەکی وەک رۆژاڤای کوردستان هەبێ. لەوێ سوپای عەرەبەکان، سوپای سوریانیەکان و سوپای کوردان و سوپای ژنان، هەموویان لە ژێر یەک سەرکردایەتیی باڵا دا رێکخراون؛ و ئەم سەکردایەتییەیش دەسەڵاتی پتوونی بەسەر یەک بە یەکی ئەندام و بەشەکانی سوپا دا هەیە. وەها سوپایەک بۆ کورد گونجاوە کە لە یەک کات دا هەم جیاوازییەکانی تێدا رەچاوکراوە و هەم یەکگرتووە و لە یەک سەرکردایەتییەوە فەرمان وەردەگرێت.
تەکنۆلۆژیای سەردەم کە دەوڵەت-نەتەوەکان لە بوواری لەشکری دا ئەوپەڕی سوودیان لێوەرگرتووە، گەرەکە کوردیش بە هەر شێوەیەک بێ بەدەستی بهێنێ و کەڵکی لێوەربگرێ. بەتاییەتی ڤڕێنکە (درۆن) چەکێکی زۆر کاریگەر و سەردەمیانەیە و پێویستە جۆرێک لە ڤڕێنکە دروستبکرێت و بەرهەم بهێنرێت کە جێگەی چەکە نەریتییەکانی پێشمەرگە و گەریلا بگرێتەوە. وەک لەم چەند ساڵەی رابردوو دا دەرکەوتووە، کردەی ڤڕێنکە لەشکرییەکان هیچ قانوونێکی بۆ دانەنراوە و هەر دەوڵەت-نەتەوە و دەستە و کۆمەڵێک بە گوێرەی خواست و ویستی خۆی بۆ سیخوڕی، ئاگایی و پەلامار بەکاری دەهێنێ. حووسیەکانی یەمەن لە دژی عەرەبستان و ئیمارات بەکاریان هێناوە؛ پاکستان لە ئەفغانستان، ئێران لە باشووری کوردستان، تورکیا لە باشوور، رۆژاڤا و قەرەباغ و... بەکاریان هێناوە و هیچ بڕگەیەکی قانوونی نێونەتەوەیی نەیتوانیوە دەوڵەتان لەسەر ئەوە کۆک بکات تا لایەنی بەکارهێنەر سزا بدرێت.
بوواری دارایی یەکێکە لە گرنگترین ئەو بووارانە کە بڕبڕەی پشتی هەموو کۆمەڵگە و بزووتنەوەیەکە؛ هەربۆیە گەرەکە ئەوپەڕی گرینگی و بایەخی پێبدرێت. لە ئاستی هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین دا پارتییەک نەبووە کە لە رووی داراییەوە پشتی بە ووڵاتێکەوە نەبەستبێت و بەقەد پەکەکەیش دەوڵەمەند بێت. ئەو شێوازەی پەکەکە لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیی دارایی دا دایمەزراندووە و کاری لەسەر کردووە، لە مەیدانی کردەوە دا سەرکەوتووە. پێویستە هەموو حیزب و لایەنەکانی تری کوردستان سوود لەم ئەزموونەی پەکەکە وەربگرن، تا بتوانن لە رووی داراییەوە سەربەخۆ بن و باکیان بە هاوکاری و دەسگیرۆیی ووڵاتانی دەوروبەر یا دوور و نزیک نەبێ. هەر بزووتنەوەیەکی دژبەر بەتایبەتی کە چەکدار بێت، کاتێک کە سەربەخۆیی دارایی نەبێت، بە ناچار سەربەخۆیی سیاسیش لەدەست دەدات.
لە پێش جەنگی جیهانییەوە ووڵاتانی ئەوروپایی دەستیان کرد بە دروست کردنی کوورەگەلی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم. دوواتر چەند ووڵاتی تری وەک چین، هیندوستان، ئیسراییل و پاکستانیش ئەم بۆمبەیان دروست کرد. بەر لە بۆمبی ئەتۆمیش جۆرەها چەکی کیمیایی و بایۆلۆژیک لەلایەن ئەم ووڵاتانەوە دروست کرابوو. دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم کارێکی قورس و زانستێکی وورد و تێچوویەکی زۆر و رووبەرێکی زۆر و کاتێکی زۆر و تەناهیی دەوێ. بەڵام دروست کردنی چەکی ژەهراوی و بایۆلۆژیک کە ناسراوە بە (چەکی ئەتۆمی دەوڵەتە هەژارەکان)، نە رووبەرێکی زۆری پێویستە، نە تێچوویەکی زۆر و نە کاتێکی زۆری دەوێت. لێ بێگومان پێویستیی بە کۆمەڵێک زانای دڵسۆزی بایۆلۆژی و کیمیاییە لەگەڵ دەزگایەکی ئاسایشی نەتەوەیی کارامە و دەسپاک. تەنیا هۆکارێک کە ووڵاتە هەژارەکان یا گەشەسێنەکانی لە بەرهەمهێنانی ئەم چەکە دا خۆدەپارێزن، بریتیە لە لایەنە قانوونییەکەی؛ چونکە بەگوێرەی کۆنڤەنسیۆنی قەدەغەکردنی چەکە بایۆلۆژی و ژەهراوییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و هەماشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی قەدەغە و ناقانوونییە. ١٨٣ ووڵات ئەم قانوونەیان واژۆکردووە. لێ، بزووتنەوەی کورد چ وەک دەسەڵاتی باشوور و رۆژاڤا، چ وەک حیزبە چەکدارەکانی رۆژهەڵات و باکوور ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین، تا پابەندی بڕیارەکانی ئەم رێکخراوەیە و لقەکانی بن. نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوی ئەو نەتەوانەیە کە خاوەنی دەوڵەتن. کورد نزیکەی پتر لە سەد ساڵە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەدایە و هێمان پێی نەگەییشتووە. بە ووتەیەکی تر سیستمی هەنووکەیی جیهان رێگەی نەداوە میللەتێکی چل پەنجا میلیۆنی ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی تایبەت بە خۆی وەک هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی تر. هەربۆیە ئێستا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت ناسراوە. دەوڵەتانی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لە راستی دا نوێنەری کورد نین؛ بەڵکوو نوێنەری نەتەوە و نەژادی تورک و فارس و عەرەبن. ئێمە لە رووی ئەکادێمیکیشەوە پاساومان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چەکە. بمانکەنە! ئەندامی نەتەوە-یەکگرتووەکان، تا پابەندی ڕیارەکانی بین. لە کاتێک دا کە ئێوە ئامادە نین ئێمە ببینە ئەندامی ئەم رێکخراوەیە، مافی ئەوەیشتان نییە بڕیارەکانی بەسەر ئێمە دا بسەپێنن.
کورد کە پەنا بۆ دروسکردن و هەمباشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی ببات، هیچ بە مەبەستی هێرشبردن و پەلاماردانی کەس و لایەنێک نییە؛ بەڵکوو وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سڕانەوە و تووانەوەدایە، دەیەوێ ئەم چەکە بۆ پرینگاندنەوەی دوژمن و نەیارەکانی بەکاربهێنێت. رابردووی نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە ئەگەر لەسەر نەخشەی جیهانیش بسڕدرێتەوە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەناو مرۆڤایەتی باکی نییە؛ و لەسەری نایەتە دەنگ. وەکچۆن لە هەڵەبجە ٥٠٠٠ مرۆڤی کورد لە چەند هنگارێک دا بە چەکی کیمیایی کوژران و شارێک بە پتوونی کاولکرا. لە چەندین کردەی لەشکریی ئێراقدا ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد زیندەبەچاڵ کران. ٨٠٠٠ نێرینەی بارزانی بە هەمان شێوەی ئەنفالەکان کوژران یا زیندەبەچاڵ کران. هەروەها دەوڵەتانی ئێران و تورکیایش هاوشێوەی رێژیمی ئێراق لە جەنگی دژی پێشمەرگە و گەریلای کوردستان دا دەیان جار چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و هەرگیز رۆژێک لە رۆژان نەتەوە یەکگرتووەکان نەک شەرمەزاری نەکردوون بەڵکوو باسیشی نەکردووە. دەوڵەتی تورکیا بە بەرچاوی جیهانەوە چەکی فۆسفۆریی لە دژی رۆژاڤا بەکارهێنا و هیچ دەوڵەتێک متەقی لێوە نەهات. تەنانەت میدیای خۆراوا کە زمانحاڵ و داکۆکیکاری سیستمی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ یەک جاریش رێگەی نەداوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئێران و تورکیاوە بە گوێی گەلان و ئازادیخوازانی جیهان بگات. بەڵام ئەگەر نەیارەکانی ئەم نەتەوەی کوردە بیانزانیبایە کە کورد خاوەنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوییە، هەرگیز ئەو هەڵە و شاشەتییەیان نەدەکرد و ئەو بوێرییەیان نەدەبوو ئەو سیاسەتە توند و تیژ و رەقە لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەو بکەن.
ئاکام
کوردان وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی چەند دین و مەزەوی جیاواز و چەندین زار و زمانی جیاوازن؛ و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە ژێر ستەم و ناهەقییەکانی ناوچەیی و هەرێمی و جیهانی دا خەریکە دەپلیشێنەوە. بۆ رزگاربوون لەم دۆخە مەترسیدارە، جگە لە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەک ئایدیۆلۆژی هیچ رێگەیەکی تریان نییە. ئایدیۆلۆژییەک کە ئەمڕۆیان ببەستێتەوە بە رەگ و ریشەی هەزاران ساڵەیان; و سبەینێیان لەسەر بنەمای نەریت و شارستانیەتی کەوناری خۆیان، بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە دابڕێژێتەوە و بنیات بنێتەوە. ئایدیۆلۆژییەک کە بۆشایی دینێکی یەکگرتوویان بۆ پڕ بکاتەوە و لە هەمان کات دا جیهانگرەوە بێت و کراوە بێت بە رووی گەل و نەتەوە و دین و مەزەوە جیاوازەکانی تریش دا. لە پاڵ ئەمەیش دا کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەکدارەکانی کوردستان بە جیاوازیی بۆچوونە سیاسی و دینییەکانیانەوە لە ژێر چەتری یەک سوپای رزگاریخوازی دا، کە چەکدار کرابێ بە تەکنۆلۆژیای ڤڕێنکە (درۆن)، هەم پێویستییە و هەم ئەرکە. هەروەسا، بەبێ بوونی سوپایەکی یەکگرتوو، هەرگیز مەترسیی شەڕ و لێکدانی نێوخۆیی لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دا دووایی نایێت. هەروەها کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کارگێڕیی دارایی پەکەکە پێویستە بکرێتە ئەرک لەلایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی کوردستانی لە پێناو بەدەسهێنانی دراو دا سەربەخۆیی سیاسیی خۆی نەدۆڕێنێت. هەروەتر خۆپڕچەک کردنی کوردان بە چەکی پێشکەوتووی هەرزان و ئاسانی خۆماڵی و دوور لە چاوی داگیرکەران و بێگانەکان، مەرجێکی گرنگی بوونیانە بە هێزی حیساب بۆکراو. چونکە رابردوو سەلماندوویەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر نەتەوە بێدەوڵەتەکان نایەتە دەنگ؛ و ئەوە نەتەوە بێدەوڵەتەکان خۆیانن کە دەبێ بۆ پرینگاندنەوەی نەیارەکانیان چەکی پرینگێنەریان هەبێت.
Wednesday, March 2, 2022
جەنگی رووسیا-ئوکراین و چەند سەرنجێک
ئەمڕۆ پێنج رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ووڵاتی ئوکراین دا تێپەڕی. بۆ زۆربەی چاودێران و کارناسانی سیاسی روون و ئاشکرا بوو کە ئەمریکا و ئەوروپا سەرەڕای نیگەرانییان و سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ پێشگیری لە روودانی ئەو هێڕشە، هەڵوێستێکی توند بەرامبەر رووسیا نیشان نادەن. دوواتریش کە رووسیا فەرمانی هێرشەکەی دەرکرد، ئەوروپا و ئەمریکا هەڵوێستیان زۆر نەرم بوو، چاوەڕوان بوون لە چەند هنگار(سەعات)ێکدا، یا ئەوپەڕەکەی لە یەک دوو رۆژ دا حکومەتی ئوکرانیا بکەوێت و بە خوێنڕێژییەکی کەم رووسیا ئامانجی خۆی لەم ووڵاتەدا بپێکێت. لووتکەی هەڵوێستی ئەمریکا ئەمە بوو کە جۆ بایدن داوای کرد لە رووسیا کە ڤڵۆدیمیر زیلینسکی نەکوژێت! و پێشنیاریشی بە زیلینسکی کرد کە پەنا بۆ ئەمریکا ببات.
بەڵام هەڵوێستی زیلینسکی کە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو چاودێرانی سیاسی چاوەڕواننەکراو بوو، ئاراستەی یارییەکانی گۆڕی؛ و دەکرێ بگوترێ کە پێچەوانەی کردەوە. خۆراوایش کاتێک بۆی دەرکەوت زیلینسکی پیاوی جەنگ و بەرخوەدانە، خێرا هەڵّوێستی خۆی گۆڕی؛ و ئەمجارە پێشنیاری هاوکاریی دەرمانی و چەک و تەقەمەنیی بە زیلینسکی کرد. ئینجا یەک لە دووای یەک ووڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەوروپا و بە گشتی خۆراوا لەگەڵ ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و نیوزیلەند هەڵوێستی دژ بە رووسیا و پشتگیرانەی خۆیان بۆ ئوکراین دەربڕی. ئێستا ئیدی زۆرینەیەکی بەرچاو لە ووڵاتانی جیهان چوونەتە بەرەی ناتۆوە لە دژی رووسیا؛ و لەم میانەدا ژمارەیەکی زۆر لە زلکۆمپانیاکانی ئایتی و خزمەتگوزارییە سایبرییەکانیش بەرەنگاری رووسیا وەستاون.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئوکراین ستەمکارانە و ملهوڕانەیە. ئەو هۆکارانەی پووتین بۆ هێرشکردنە سەر ئوکراین باسیان دەکات تەنیا بەهانەن و بەس. بەڵام نەریتی زلهێزەکانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وایە کە دەسەڵات و رێگەیان پێدەدرێت بە بەهانەی یاخیبوون هێرش بکەنە سەر هەر ووڵاتێک کە مەبەستیان بێت بیگۆڕن. هەر بە گوێرەی ئەم نەریتە بوو کە ئەمریکا و فرانسە و بریتانیا لە چەندین ووڵاتی ئەوروپایی، ئەفریقایی و رۆژهەڵاتی ناویندا دەسوەردانیان کردووە و رێژیمەکانیان گۆڕیون. دەکرا لە بابەتی ئوکراینیشدا ووڵاتانی خۆراوا بێدەنگی هەڵبژێرن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ووڵاتانی ئینگلیززمان هەرگیز رووسیا بە هاوشانی خۆیان ناپەسەندن. هەرچەند رووسیا خاوەنی هێزێکی زلی ناووکیە و لەم ساڵانەی دوواییشدا لە رووی تەکنۆلۆژیی نوێوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام ووڵاتانی ئینگلیز زمان ئامادە نین روووسیا وەک ئەندامێکی (کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی) وەربگرن و هەمیشە وەک نامۆ و غەوارە هەژماریان کردووە.
رووسیایش خۆی هەستی بەم رووانگە نادروستەی خۆراوا کردووە. هەربۆیە دەیەوێ سنوورێک بۆ فراوانبوونی چوارچێوەی ناتۆ دابنێت. لە سیاسەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا هەرگیز زلهێزەکان رێگە نادەن سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەبێت. بەتایبەتی کاتێک ئەو زلهێزانە وەک دژبەری یەکتری هەژماردەکرێن، یەک لە مەرجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی هەردووک لایان بریتییە لە هەبوونی ناوچەی نیتار (buffer zone) لە نێوانیاندا. واتە پێویستە دەوڵەتێکی بێلایەن یا سەر بە یەکێک لە زلهێزەکان لە نێوانیاندا هەبێت تا ئەم دوو زلهێزە راستەخۆ بەریەک نەکەون. وەک دەرکەوت ئامانجی پووتن لە هێرشکردنە سەر ئوکراین بریتی بوو لە چەکداماڵین لە ئوکراین و گۆڕینی رێژیمەکەی بە رێژیمێکی لە شێوەی بێلارووسیا؛ لێ دەسوەردانی خۆراوا پێدەچێت ئامانجەکە بگۆڕێت.
خۆراوا وەک بڕیاری داوە دەرمان و چەک و چۆڵ و کەرەستە و پێداوایستی سەربازی رەوانەی ئوکراین بکات؛ و هەروەها تەواوی دەزگاکانی راگەیاندنی جیهانیشی بۆ پێکانی مەبەستی خۆی رێکخستووە. ئەمەیش وا دەکات کە ئوکراینیەکان بتوانن جەنگەکە درێژە پێبدەن؛ و رەنگە ئەگەر رووسیا تەواوی ئوکراینیش داگیر بکات، هێشتا نەتوانێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت؛ و ئوکراینییەکان بەو هەموو پشتیوانییەی کە لە خۆراواوە پێیان دەدرێت، بە جەنگی پارتیزانی رووبەڕووی رووسیا ببنەوە. دیارە ئوکراینیەکان مافی خۆیانە داکۆکی لە ئاو و خاک و سەروەریی ووڵات و دەوڵەتیان بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەم پشتگیرییەی خۆراوا سەرەنجام سەری ئوکراینیەکان دەخوات؛ و دووا جار دەبێتە هۆی لەتبوونی ووڵاتەکەیان لە نێوان رووسیا و ئەوروپا-ناتۆ دا. یانی دەشێ بگوترێت کە زیلینسکی بۆ ریش دەچێ، بەڵام سمێڵیشی دەخاتە بانی.
چووچ
چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە. سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت. بەڵام...
-
ئەم واژەیە ەگەڵ (رخنە)ی فارسی یەک بنەڕەتیان هەیە؛ هەرچەندە مانایان جیاوازە. لە کوردیدا بەشێوەی (رەغنە)یش بێژە دەکرێت. رەخنە یا رەغنە...
-
ئیبراهیم نادری کوڕی باوکێک بە ناوی فەیزوڵڵا نادری فەیلی و دایکێک بە ناوی نوقرە بوو. ( لە پەرتووکەکەی کاک فاڕووق فەرهاد دا بە هەڵە ناوی دایکی...
-
مەشک، مەشکە، مەسکە وژاەیەکی کۆنە و لە زمانەکانی پەهلەوی و سامی و ئارامیدا هەیە. کارم بەسەر ئەوەوە نییە کە لە واژەڕەتناسیی عەربی و فارسیدا چ...