یەکێک لە نیشانەکانی توانایی و دەوڵەمەندیی زمان، هەبوونی پاشگر و پێشگر یا پاشبەند و پێشبەند یا پاشکۆ و پێشکۆیە. هەر زمانێک ژمارەی پاشگر و پێشگرەکانی زۆرتر بێ، دەتوانێ واژەی زیاتر بەرهەم بهێنێت و پتر هاوتەریب لەگەڵ داهێنراوە نوێیەکان دا گەشە بکات و بەرەو پێش بڕوات. هەر خودی ئەوە کە لە بەرامبەر واژەی (ملحق)ی عەرەبی و (پسوند)ی فارسی دا تا ئێستا سێ واژەی پاشگر، پاشبەند و پاشکۆمان هەیە، زۆر جێگەی تێڕامانە. ئەگەر بە ووردی توێژینەوەیەک سەبارەت بە ژمارەی دروستی پاشگرەکانی زمانی کوردی بکرێت، من دڵنیام ژمارەیان لە ٣٠٠ دانە تێدەپەڕێ. باوەڕ ناکەم هیچ زمانێک لە جیهاندا هەبێ ژمارەی پاشگرەکانی ئەوەندە زۆر بێ.
Monday, April 11, 2022
(ملحق \ پسوند) یا پاشگری _اک
Sunday, April 10, 2022
گونەشەیتان
زمانی ئێمە زمانێکی دەوڵەمەند و توانایە ئەگەر بە شێوەیەک کە زانستی زمانزانی پەسەندی کردووە لە بواری ووشەسازی دا لەگەڵ زمانەکەمان رەفتار بکرێت، باوەڕ ناکەم هیچ ووشەیەک هەبێت کە نەتوانین لە زمانی کوردیدا بیدۆزینەوە یا دایبڕێژین و دایتاشین. زۆر جار مەرج نییە ووشەکان لەلایەن زمانزانەکانەوە دابڕێژرێن، مەردم خۆی لەبری ووشەیەک، لە هەر ناوچەیەک یەک یا چەند ووشە دروست دەکات و بەکاری دەهێنێت. ئەم جۆرە ووشانە نابێ نادیدە بگیرێن؛ ئەمانە زۆر گرنگتر و رەسەنترن لەوانەی زمانزانەکان دایاندەڕێژن. بۆ نموونە: لەم وێنەیەی سەرەوەدا کۆمەڵێک تەنی شێوە تۆپی رەنگاوڕەنگ هەن کە هەموومان دەزانین کورد داینەهێناون؛ کەچی چەندین ناویان لە زمانی کوردیدا هەیە و زمانزانەکانیش لە دروستکردنیاندا رۆڵیان نەبووە.
میزەڵان\میزڵدان
دەبدەبە
فوودانە
تیزان\تیزانگ
گونەشەیتان
شیشڵدان
پسدانە\پزدانە
پڤدانۆک
بەلبەلۆک
Monday, March 21, 2022
نەورۆز
نەورۆز واتە رۆژێکی نوێی ساڵی نوێ. واتە دوای دووازدە مانگ سەفەری بێگەڕانەوەی هەسارەی زەوی بە خولگەی گەرمای سووتێنەری هاوین و بەستەڵەکی زستانیدا، دەگاتەوە شوێنی دەسپێک؛ و دووبارە ژیان بەبەر گیا و گوڵ و درەخت و هەموو زیندەوەراندا دەکاتەوە. نەورۆز رۆژی زایینی دایکە سروشتە؛ رۆژی تووانەوەی شەختە و بەستەڵەکی زستانی و چۆڕاوگە بەستنی بەفراوی سەر لووتکەکانە بەرەو دۆڵ و دەرە و شیوەکان. نەورۆز جەژنی گوڵە، جەژنی گیا و درەخت و خاک و هەور و هەتاوە. لە نێو هەر چوار وەرزی ساڵدا ئەوەی لە هەمووان پتر واتا بە ژیان دەبەخشێ نەورۆزە. مردووەکان زیندوودەکاتەوە و گیانیان وەبەر دێنێ، خەوتووەکان لەخەو بێدار دەکات و خەو لە چاویان دەتارێنێ، دڵەکان واز دەکات و هیوایان تێدزێنێ.
لەگەڵ هاتنی نەورۆز زیندەوەران لە بەندی خاک رزگار دەبن و چوزەرەی گیا و خونچەی گوڵ و شکۆفەی درەختەکان موژدەی ژیانەوە و هەڵدانەوە بە جیهان و سروشت دەدەن. کەنگر و کارگ و کاشمە و کاردوو، گێلاخە و گیابرژیوە و گوێزبەلە، ئەسرێلک و ئەسپینگ و ئالۆ، رێواس و رازیانە و رێزڕێزووکە، قازیاخە و قەلەندۆر و قوونسوور، گڵگاز و گنۆڕ و گەپڵە، پنگە و پیفۆک و پۆڵکە و پێقەلە، سوورتک و سڵمۆکە و سیرمۆکە، ترشۆکە و ترپۆکە و تۆڵەکە، هەموویان دوا بە دوای گەیشتنی نەورۆز سەر لە خاک دێننە دەر و کێو و دەشت و دۆڵ و هەردی ئەم نیشتمانە دەخەمڵێنن. لەگەڵ هاتنی نەورۆز کانییەکان دەژیێنەوە و تاڤگە و قەڵبەزەکان بە لووزەو ئاو دەپڕژێنن. دەر و دیمەن سەوزی دەپۆشێت و گوڵی رەنگا و رەنگ مافووری رەنگینی پای کێوان و مێرگ و پێدەشتان دەڕازێننەوە.
نەورۆز لە هیچ شوێنێک و بۆ هیچ میللەتێک واتادار نەبێت، لە نیشتمانی دێرینی ئێمەدا و بۆ گەلی ریشەداری ئێمە واتای قووڵ و فراوانی هەیە. نەورۆز فەلسەفەی ژیانی ئێمە و باوباپیرانی ئێمەی پێکهێناوە. شیرازەی ساختاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئێمەیە. لە نیشتمانی ئێمەدا نەورۆز بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، بەشێکە لە سروشت، بەشێکە لە هەڵسوکەوت و نەریت و ئاکارمان. نەورۆز بۆ ئێمە شیرینییە لە دوای تاڵی، تین و تاوی ژیانە لە دوای سڕی و سەرما، هیوا و ئومێدە لە دوای دڵشکاوی و هیوابڕاوی. شادی و بەختەوەرییە لە دوای خەم و پەژارە و مەینەتی. هەر بۆیە نەورۆزی ئێمە جیاوازە لە نەورۆزی ئەوانی دی. نەورۆزی ئێمە بێ گڕی ئاگر و بێ سروودی بەرخوەدان واتایەکی نییە. نەورۆزی ئێمە وەک داربەڕووەکان و داروەنەکان ریشەی لە قووڵایی مێژووی زاگرۆس دایە؛ و چڵووکی لە هەورە بەرزەکانی سەر دوندی قەندیل و شاهۆ سەر دەسوێ.
لەم وڵاتە دێرین و نیشتمانە کەونارایەی ئێمەدا هەموو گفت و بەڵێنییەکان بۆ نەورۆزن. سەرەداوی ماشەری هەموو گەڵاڵەکان لە نەورۆزەوە دەسپێدەکەن. سێ مانگی خەزانی پاییز و سێ مانگی شەختە و رێبەندانی زستان بە هیوای نەورۆز رۆژەکان تێپەڕدەکرێن و شەوەکان رۆژدەکرێنەوە. کۆرپەکان لە بەهار و نەورۆزدا لە دایک دەبن و پێڕەوکە دەبن، بووکەکان لە نەورۆزدا گڕی ئاگر دەکەنە تارای سووری بووکێنی، و دڕ بە تاریکی و شەوەزەنگ دەدەن. لاوان لە نەورۆزدا وەک نیشانەی سەرکەوتن و رزگاری، گڕە مەشخەڵەی سوور و زەردی ئاگر لە سەر دوندەکان دادەگیرسێنن؛ و ئەو چاوانە کوێر دەکەن کە نەورۆ نابینن. کۆترەکان لە شادیی ئەم رۆژە چڵە زەیتوونی پێدەشتەکان وەک نیشانەی ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ لووتکەکانی جوودی و ئاگری بەدیاری دەبەن. هەر بۆیە نەورۆز چرای هیوای دڵەکانە و لە دوورەوە و لە بەرزایی دوندی کێوەکانەوە وەک ئەستێرەی رێنوێن گرشە گرشی دێ. تا کوردێک مابێ لەسەر ئەم گۆی زەوییە ئاگری نەورۆز هەر بڵێسەی دێ و دەدرەوشێتەوە؛ و هەموو ساڵێک بە باوەشی پڕ لە گوڵی سوور و زەرد و بنەوشییەوە، بەرەو پیری دەچین و میداڵی ئاگر لە بەرۆکی دەدەین.
Saturday, March 12, 2022
گێڕانەوەیەک سەبارەت بە لوڕی
دۆستێک گێڕایەوە ووتی: کوڕێکی گەنجی خزمیان لە خۆرمووای لوڕستان، لە سەرەتای شۆرشی ئێراندا چووبوو بۆ ئەمریکا و دووای چەند دەیە مانەوە لە ئەمریکا گەڕایەوە بۆ ووڵات. یەکەم بەیانی کە لە خەو هەڵدەستێ و دەیەوێ بچێتە دەرەوە، روودەکاتە دایکی و دەڵێ: گۆرەمی یام هان کوجا؟
دایکی کە لە رۆژی گەیشتنەوەی کوڕەکەیەوە لەبەر زۆریی میوان و خزم و کەسوکار دەرفەتی نەبوو ئامۆژگاریی کوڕەکەی بکات، لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت و دەڵێ: ئێستا ئیدی وەک جاران نییە لەم شاری خۆرمووایەی ئێمە هیچکەس لەم جۆرە واژانە بەکارناهێنێ.
هیچکەس ناڵێ گۆرەمی،
دەڵێن جووراب یا جووراو.
هیچکەس ناڵێ دەوری،
دەڵێن بوشقاب.
هیچکەس ناڵێ زنهاڵوو،
دەڵێن زەندائی.
هیچکەس ناڵێ کاڵە،
دەڵێن کەفش.
هیچکەس ناڵێ ئسپی،
دەڵێن سفید و …
سەبارەت واژەی رەگەز
Saturday, March 5, 2022
چاڵکاریی مێو لە دورگەکانی کەناری
دورگەکانی کەناری هەفت دورگەی بچووکن لە ئۆقیانووسی ئەتڵانتیک دا کە دەکەونە ٨٠ مایلی خۆراوای بیابانی گەورە و سەر بە وڵاتی ئیسپانیان. کەش و هەوای ئەم دورگانە مامناوەندییە و تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانەی لە نێوان ١٣ تا ٢٩ پلەی سەدی دایە. خاکەکەی لە ئاستی دەریاوە دەسپێدەکات تا دەگاتە لووتکەی کێوی (تەیدی) کە ٣٧١٨ مەتر بەرزە. ناوی هەفت دورگەکان لە گەورەوە بۆ بچووک بریتییە لە: تەنەریف، فوێرتوڤێنتوورا، گران کاناریا، لانزارۆت، لا پاڵما، لا گۆمێرا و ئێل هیرۆ و بچووکترینیشیان لا گراسیۆسا. ئەم دورگانە لە سەدەی ١٦ ەوە بە ترێ و شەراب ناوبانگیان دەرکردووە. ویلیام شەیکسپیەر، جۆرج واشنگتن، تۆماس جیفرسن و زۆر لە کەسانی بەناوبانگی جیهان ناوی ئەم شەرابەیان بردووە. لە سەردەمەیش دا هەم شەرابەکەی و هەم مێوەکەی یا باشتر بڵێین شێوازی روواندنی مێوەکە ناوبانگی جیهانییان هەیە.
زۆر جار لە لاپەڕە و ماڵپەڕە کوردییەکان دا وێنەکانی ئەم شێوازە روواندنەی مێو بڵاودەکرێنەوە کە هیچ زانیارییەکی دروستیان لەگەڵدا نانووسرێت. ئەوانەی وێنەکان بڵاودەکەنەوە هەم خۆیان لە کاکڵی بابەتەکە نەگەیشتوون و هەم بەردەنگیش چەواشە دەکەن؛ وای تێدەگەیەنن کە ئەم ناوچەیە وشک و بێ ئاوە و تەنیا کەندنی چاڵەکە دەبێتە هۆی ئەوە کە مێوەکە لەو شوێنە بڕوێت. واتە نازانن کە نهێنیی پەیدابوونی ئاو و نمناکی هەبوونی خۆڵەمێش و گووراسنە گڕکانییەکەیە نەک خودی چاڵەکە. چاڵەکە بۆ ئەوە کەندراوە تا مێوەکە رەگ و ریشەی لە خاک دا بنێژرێت.
لە یەکەمی مانگی سێپتەمبەری ساڵی ١٧٣٠ گڕکانێک لەم دورگانە بووە هۆی کاولکردنی ٢٠ ئاوایی و ماوەی شەش ساڵ درێژەی کێشا. ئەم گڕکانە سێ یەکی دورگەکانی گرتەوە و چینێکی گووراسن و خۆڵەمێشی گڕکانی بە ئەستووریی دوو تا سێ مەتر دورگەکەی داپۆشی.
ساڵانێکی خایاند تا وەرزێرەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو خۆڵەمێشە گڕکانییە بەهرەیەکە بۆ روواندنی مێو. ئەم خۆڵەمێشە کە وەک چینێک خاکەکەی داپۆشیوە لە بەرەبەیانان دا بە هۆی کاریگەریی پلەی گەرما و رێژەی شێ لە هەوا دا نمناک دەبێت و دلۆپەگەلی ئاو دروست دەکات. هەربۆیە وەرزێرەکان دەستیان کرد بە کەندنی چاڵگەلی فراوان و بە قووڵایی دوو تا سێ مەتر؛ واتە چاڵەکان ئەوەند قووڵ دەکەن تا دەگاتە خاک؛ و لە نێو هەر چاڵێک دا نەمامێکی مێو یا هەر درەختێکی بەردار دەڕوێنن کە بەبێ ئاودان، خۆیان لە نمناکیی خۆڵەمێشەکەی دەوروبەریانەوە ئاو وەردەگرن.
لەبەرئەوەی ناوچەکە بە زۆری ئەو بایە کە ناسراوە بە بای بازرگانی دەیگرێتەوە، وەرزێرەکان لە هەندێک شوێن دا لە دەوری هەر درەختێک پاردەیەکی بەردین بەشێوەی کەوانەیی هەڵدەچنن تا کاریگەریی بایەکە لەسەر درەختەکە کەم بکەنەوە.
سەرچاوە
سکەنجەڤین
| سکەنجەڤین و کاهوو |
سکەنجەمین، سکەنجەوین، سکەنجەڤین، ئەسکەنجەڤین، جۆرە نۆشاوەیەکی خەستی دێرینە لە ئێران و کوردستان کە زۆرتر لە وەرزی هاوین و پاییزدا بەکاردەهێنرێت. بە ئاوێتەکردنی سرکە و هەنگوین دروست دەکرێت. زۆر جار جاترە یا ئاوتکی جاترەی تێدەکرێت تا بۆنی خۆش بێت. ووشەی سکەنجەبین عەرەبێندراوی سرکە و ئەنگبین\هەنگڤینە. زۆر شێواز هەیە بۆ دروسکردنی سکەنجەڤین. لێرەدا بۆ نموونە شێوازێک دەخەینە بەر چاو.
دوو پێوانە سرکەی ترێ لەگەڵ پێنج پێوانە هەنگوینی سروشتی تێکەڵدەکرێت و چوار پێوانەیش ئاوی بێ کلۆری تێدەکرێت و دەکوڵێندرێت، تا کەمێک خەست دەبێتەوە. ئاوتکی جاترە یا جاترەی تەڕ و تازەی تێدەکرێت؛ و پاشان ئەو کەفەی دەکەوێتە سەری بە کەفگیر فڕێدەدرێت و سار ددەکرێتەوە بۆ خواردن. لە کوردەواریدا کاهوو لەگەڵ سەکەنجەڤین دەخورێت. ووتەیەکی باوە کە دەڵێن کاهوو سەوزەیەکی بێبۆن و چێژە. کاهوو واتە وەکوو کا بێتام و بۆنە. بۆ ئەوەی چێژێکی خۆشی پێبدرێت دەژەنرێتە نێو سکەنجەبینەوە و دەخورێت.
ساڵانی زوو نوکتهیهک له ناوچهی مههاباد ههبوو. دهیانگوت مههابادی به لادێییهکان دهڵێن ئێوه نان و موو دهخۆن. مهبهستیان ئهمه بوو که پهنیر و بهرههمهکانیان پڕن له مووی پهز و مانگا. لادێییهکانیش به مههابادییهکانیان دهگوت ئێوه نان و گوو دهخۆن. مهبهستیان ئهمه بوو که کاهوووهکهیان ههموو به ئاوی زێرابهکان گهوره دهبێت و پێ دهگات.
چووچ
چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە. سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت. بەڵام...
-
ئەم واژەیە ەگەڵ (رخنە)ی فارسی یەک بنەڕەتیان هەیە؛ هەرچەندە مانایان جیاوازە. لە کوردیدا بەشێوەی (رەغنە)یش بێژە دەکرێت. رەخنە یا رەغنە...
-
ئیبراهیم نادری کوڕی باوکێک بە ناوی فەیزوڵڵا نادری فەیلی و دایکێک بە ناوی نوقرە بوو. ( لە پەرتووکەکەی کاک فاڕووق فەرهاد دا بە هەڵە ناوی دایکی...
-
مەشک، مەشکە، مەسکە وژاەیەکی کۆنە و لە زمانەکانی پەهلەوی و سامی و ئارامیدا هەیە. کارم بەسەر ئەوەوە نییە کە لە واژەڕەتناسیی عەربی و فارسیدا چ...


