Monday, April 10, 2023

شۆرشی ژینا یا ژن، ژیان، ئازادی؟


 ژینا\مەهسا ئەمینی قوربانی بوو. ئەو نە شۆرشگێڕ بوو نە خۆپێشاندەر و نە بیریشی لەوە کردبوویەوە کە بە مەرگی ئەو میللەتێک رادەپەڕێ. ئەو تەنانەت وەک بوعەزیزی توونسیش نەبوو کە بە دەستی خۆی ئاگری لە لەشی خۆی بەردابێت. ژینا بە بیانووی ئەوەی کە تۆزێک لەچکەکەی شل بەستووە و پرچی دەرکەوتووە، لەلایەن گەشتی ئیرشادی ئیسلامییەوە هێرش کرایە سەری، دەسگیرکرا و پاشان ئەشکەنجە درا تا گیانی سپارد.

هەزاران دروود بۆ گیانی ژینای جوانەمەرگ؛ و سەرکەوتن بۆ ئەوانەی مەرگی ژینایان کردە شۆرش و سەرهەڵدان لە دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی.
ئەوانەی بۆ داکۆکی لە خوێنی بەناهەق رژاوی ژینا هاتنە سەر شەقام، ژینایان تەنیا وەک کوردێک نەدیت بەڵکووە وەک ژنێکی ستەملێکراو کە هەزاران ساڵە دەچەوسێنرێتەوە وێنایان کرد. ئەوان دروشمی ژن، ژیان ئازادییان بۆ داکۆکی لە کوردستان نەدا، بەڵکوو بۆ داکۆکی لە ژنانی سەرتاسەری ووڵات بوو کە کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین دوژمنی خۆی لێیاندەڕوانێت و بە دەیان بەهانە کەند و کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم ژیان و گەشە و پێشکەوتنیاندا ساز دەکات.
ئەوانەی بەم راپەڕین و سەرهەڵدانە گشتگیرەی ئێران دەڵێن شۆرشی ژینا، نە لە کرۆکی پەیامی ئەم سەرهەڵدانە تێگەیشتوون، نە باوەڕیان بە ئازادیی ژن هەیە، بەڵکوو دەیانەوێ خۆیان بە دروشمەکانەوە هەڵواسن، خۆیان بە ناوی ژیناوە هەڵواسن تا بەڵکوو لە دوواڕۆژی سەرکەوتندا نان و نووایەکیان دەس بکەوێت.
ئەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو کە لە گۆڕستانی قەڵایچیی سەقزەوە راستەوخۆ بڵێسەی راپەڕینی گواستەوە بۆ شەقامەکانی تاران؛ نەک مەزڵوومنمایی.
سەرکەوێ شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی
دروود بۆ گیانی نەمری ژینا و نیکا و فریشتە و هەموو شەهیدانی ئەم راپەڕینە کە بە دڵنیاییەوە سەرەنجام کۆتایی بە تەمەنی نەگریسی کۆماری ئیسلامی دەهێنێت.

بەردەشێر


لە هەرێمەکانی لوڕستان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی بەختیارییەکان لێی نیشتەجێن وەک کۆگلوو بۆیر ئەحمەد، چارماڵ، خووزستان و ئیسفەهان و تاد.. لە کۆنەوە لەسەر گڵکۆی کەسایەتییە ئازا و بەناونگەکانیان پەیکەری شێر لە بەرد ساز دەکرێت و پێی دەڵێن بەردەشێر. بەردەشێرەکان پێیەکانیان لەو بەردە جیاناکرێنەوە کە لێی داتاشراون بەڵکوو وەک بنکەیەک بۆ راگرتنی پەیکەرەکە بەکاردەهێنرێ و ئەم بەشە دەکەوێتە ژێر خاک.

ئەم لاو ئەو لای بەردەشێر بە نیگاری شمشێر و ئەسپ و گورز و تفەنگ و تەسبیح دەڕازێنرێتەوە و ناوی
کەسایەتییەکەیشی لەسەر دەنووسرێت. قەبارەی بەردەشێر دیاریکراو نییە بەڵکوو پەیوەندیی بەوە هەیە کە خاوەنی مردووەکە چەندە دەسەڵاتی دارایی هەیە.
شایانی باسە کە مێژووی سازکردنی بەردەشێری سەر گڵکۆ لە زاگرۆس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان.
لەم رۆژانە دادگەیەک لە کۆگلوو و بۆیر ئەحمەد فەرمانی دەرکردووە بەردەشێر لەسەر گڵکۆکان دانەنرێت و ئەوانەیش هەن بشکێنرێن چونکە ناشەرعین.

مارووتە

دەفرێکی پێتری کە مارووتە (کۆڵۆنی)ی کەڕووی تێدایە

زۆر واژەی جوان و رێک و رەوانی کوردیمان هەن، بە هۆی ئەوە کە لە شێوەزارە دیارەکاندا نیین، لە ئاستی جەماوەری خوێندەواردا کەمتر دەبیسترێن. جا هەر کاتێک کە هاوواتایەکی دیار و بەرچاو یا گونجاو و سادەمان نەبوو، خەڵکی واژەیەکی بیانی بەکاردێنن. نموونە: واژەی ئیستیعمار کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە هەژماری پێشووی فەیسبوکم دا باسم کردووە. ئیستیعمار کە ئینگلیسییەکەی بریتییە لە کۆڵۆنی، واژەیەکە لە رووی واتاوە تەواو پێچەوانەی کۆڵۆنییە؛ بەڵام عەرەب خۆی بەم واتایە بەکاریدەهێنێت. ئیستعمار لە رووی واتا و رەگ و ریشەوە مانای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانە بەڵام واژەی کۆڵۆنی واتە بە مۆڵگە کردن، یا زۆرکردنی ژمارەی مرۆڤ یا هەر زیندەوەرێک لە سنوورێک یا چوارچێوەیەکدا. ئەم واتایە لە سەردەمی ئیستعماریی ئەوروپاییەکاندا بەکاردەهێنرا، کاتێک کە ئەمریکا و ئوسترالیا و ئەفریقا و زۆر شوێنی تریان لە سەرتاسەری جیهاندا پڕ کرد لە ئەوروپایی. هەروەها لە بوواری زیندەزانیش دا بە واتای زاوزێپێکردن و زۆرکردنی زیندەوەر یا ووردەزیندەوەر بەکاردەهێنرێت. بۆ وێنە نموونەیەک لە هاگی قارچک وەردەگرن و لەگەڵ ماددەیەکی خۆراکی لە کەشوهەوایەکی لەباردا دایدەنێن بۆ ماوەی چەند رۆژێک، هاگەکان زۆر دەبن و بەم شتە دەڵێن کۆڵۆنی و بە کردەکەیش دەڵێن کۆڵۆنایز.


لە کوردیدا جاران ئیستعمارمان بەکاردەهێنا، ئێستایش لەم لاو لەو لا دەبیستم کە خەریکە جێگەی ئیستعمار بە کۆڵۆنی پڕدەکەنەوە. 
دیارە زمانی کوردی ئەوەندە لاواز و بێدەسەڵات نییە کە ووشەیەکی هاوواتای کۆڵۆنی و ئیستعماری نەبێت؛ بەڵام بەداخەوە زمانەوانەکان و شارەزایانی کوردی کاتێ کە لە سۆرانی و بادینی و ئەمانەدا دەستیان نەکەوتووە، خۆیان ماندوو نەکردووە بۆ دۆزینەوەی لە ناوچە و زاراوەکانی تردا، یان ئەوەندە کاتیان تەرخان نەکردووە بۆ گەڕان بە واژەنامەکاندا.
بە سەرنجدان بە فەرهەنگی (زانستگای کوردستان) - کە لە سای میهرەبانی و دڵگەورەیی کاک هیوا ساڵحەوە بووم بە خاوەنی دانەیەکی چواربەرگی- نووسراوە کە ووشەی (مارووتە) رێک ئەم مانایە دەبەخشێ. واتە رێک هاوواتای کۆڵۆنیی ئینگلیسییە.
مارووتە ووشەیەکی جوان و رەوان و کورت و سادەیە. دەکرێت زۆر واژەی تری لێوە ساز بکرێت.



Sunday, April 2, 2023

جەژن و سووری میدیا


دوای ئەوەی دیاکۆی مەزن بە پەسەند و رەزامەندیی ش او فەرمانڕەوای هەموو هۆز و ئێڵ و ناوچەکان بوو بە پادشای میدیا، ماوەی شەش مانگ خۆی بە هیچ کەس نیشان نەدا؛ و کۆشکێکی گەورەی لە نێو قەڵایەکی پتەو و تۆکمەدا هەڵچنی و سێ شوورەی بەرز و بەهێزی بەدەوریدا کێشا.
پاش شەش مانگ دووری لە دیدی مەردم و کاربەدەست و خانەدان و سەرۆک ئێڵ و هۆزەکان، بە نێو شاراندا جاڕ درا کە وا لە ساڵی تازەدا پادشای پادشایان ئاهەنگ و جەژنێکی فراوان رێکدەخات و بەبۆنەی تەواوبوونی قەڵا و شوورەکانەوە و بەبۆنەی بوونی بە یەکەم پادشای میدیای مەزن، هەموو پاتشا و فەرمانڕەوایانی دراوسێ و سەرۆک و فەرماندارانی باجدەری ناوچەیی بانگهێشتووە و ئاهەنگێکی گەپ و گەورە ساز دەکات.
بڕیار درا ماوەی سێ رۆژ سوور و شادمانی بگێڕن و بە چۆپی و هەڵپەڕین بەرەوپیری ئەم رۆژە پیرۆزەوە بچن. رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەشەممە لە هەموو کووچە و کۆڵانی هەمەدانی پایتەختی میدیا بوو بە شادی و جەژن و ئاهەنگ. ژن و پیاو و گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند دەستی داوەت و چۆپییان دەگرت و بە دەنگی شایەر و خۆشخوانان و نەوای دەهۆڵ و زوڕنای هونەرمەندان هەڵدەپەڕین.
رۆژی چوارشەممە یەکەمی خاکەلێوە و یەکەم رۆژی ساڵی نوێ رۆژی جەژن و شادمانیی مەزن بوو. ئەو رۆژە کۆشکی شاهانە بە رەنگی سوور و سەوز و زەرد رازێندرایەوە. ئاڵای رەنگاوڕەنگ لە هەموو گۆشە و کەنارێک لە ئاسمان دەشەکایەوە. دیاکۆشای تاکانەی میدیای مەزن جلک و جامەی رازاوەی زێڕکفتی شاهانە و چۆغە و کەواشۆڕی چنراو بە بافتەی ئاوریشمی خاسەڕەنگی زەرد و سوور و کەسک لەبەر؛ لەسەر شانەوە تا زەند و مەچەکی پۆشراو بە کەڵپۆسی زێڕنیگار؛ و کڵاوخەسرەویی رەش لەسەر، کاڵەی رەخشان و بریقەداری لە چەرمی کەرگەدەن لە پێیدا، دانیشتوو لەسەر تەختی رەوان، لە کۆشکی پۆڵایینەوە بەرەو سەکۆی ووتاردان بەڕێخرا.
لەسەر سەکۆ دوو کورسیی رازاوە بە گرانبەهاترین زێڕ و گەوهەر و مروارییەکانی ئەو چاخە دانرابوون؛ کە تەختی پادشا و هاوسەری بوون؛ و هێمای شانازی و سەروەریی ووڵات و گەل بوون. لە پشتەوەی تەختی پاتشا و بە دیوارەوە وێنەی دوو شێری جەنگی، داڕژاو لە زێوی سوور رووبەڕووی یەکتری هەڵواسرابوون. مەودایەک دوورتر لە تەختی پاتشا و هاوسەری، لە چەپ و راست چەند کورسییەکی رازاوە ریز کرابوون کە تایبەت بوون بە وەزیران و گەورە کاربەدەستانی کۆشکی پادشایی.
پاتشا لەسەر تەختی رەوان و لەسەر شانی چوار گەنجی چاپوک و بە شان و باهۆ گەیەنرایە سەر سەکۆ. بە ئەسپایی دابەزی و رووی کردە پادشا و فەرمانڕەوایانی ئامادەبوو کە لەبەردەمی و لە خوار سەکۆی کۆشکەوە بەتاسەوە چاوەڕوان بوون. بە نیشانەی دروود و رۆژباش دەستی راستی بە رووی ئامادەبوواندا بەرز کردەوە. لە خوار سەکۆکەوە پادشا و فەرمانڕەوایان دەستیان خستە سەر سینگ و سەریان دانەواند. لە ریزەکانی دوواوەی ئامادەبوواندا بوو بە شادی و هەلهەلە؛ و نەوا و زرمەی دەهۆڵ و کەڕەنا گەیشتە کاکێشان. هەرد و دار و دیواری کۆشک لە زرمە زرمی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ هاتە لەرزە.
لە کۆشکی رازاوەدا سەدان کچی جوان و دەم بە خەندە بە سەروێنی زەرد و کوڵنجەی سوور و کراسی سەوزەوە، بادەی ئاڵ و خۆشاوی شیرینیان پێشکەش بە میوانان دەکرد. سەدان کوڕی ژێهاتی و چوست چالاکیش دەست لەسەر چەک بێوچان و نەسرەوتن ئێشکگری پادشا و کۆشک و میوانان و پارێزەری جەژن و ئاهەنگی پیرۆز بوون.
ئینجا دیاکۆشای تاکانە، شانازیی میدیای مەزن، پاتشای هەلبژێراوی پادشایانی میدیا، شێری بێشەڵانی زاگرۆس، مازەی پشتی خۆراسان و خۆرنشین، دەمی کردەوە و ئاخاوت:
خاسان! خاسرەوان!
کەیان! کەیوانووان!
رۆژی تازەی ساڵی تازەتان پیرۆز بێ!
دروودی فراوان بۆ ئێوە پادشا و فەرمانڕەوایانی بەڕێز!
خۆش هاتن بۆ جەژن و سوور و ئاهەنگی گەپی میدیای مەزن!
ئەمڕۆ پیرۆزترین رۆژە لە ژیانی ئەم نەتەوە و وەڵاتەدا. ئەمڕۆ تەنیا یەکەم رۆژی ساڵی نوێ نییە، بەڵکوو یەکەم رۆژی تەمەنی پادشایەتیی میدیای مەزنیشە. ئەمڕۆ بەرهەمی یەکێتی و یەکدڵی و یەکدەنگیی فەرمانڕەوایانی خانەدانی پاک و دڵسۆزی میدیا پێگەیشتووە. وەڵاتێکی بەهێز و هەڕەت، نەتەوەیەکی هۆشیار و ووڵاتپارێز، و دەسەڵاتێکی دادپەروەر سەقامگیر بووە. ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ لە شانازییە لە دیرۆک و ژیانی نەتەوەی میدیادا. ئەمڕۆ گیانی نەمری نیاکانمان ئارام و ئاسوودەیە و دڵنیان کە نەوەکانیان بە سەربەرزی و بەختەوەری دەژێن و جێگەی ئەوانیان پڕکردووەتەوە. ئەمڕۆ نەیارانی ئێمە لە هەموو کاتێک زەبوونتر و دۆستانمان لە هەموو کاتێک شادترن. هەر بەم بۆنەیەوە هەموو ئەو سەرۆک و فەرمانڕەوایانەی لەم شادمانییەدا بەشدارن لە داینی باجی ساڵێک دەبەخشم. هاوکات فەرمانی من ئەمەیە کە ئێوەیش بۆ سەلماندنی دڵسۆزیتان بۆ دەوڵەتی میدیای مەزن، دەوڵەمەندان و زەویداران و پیشەسارانی ژێر دەسەڵاتی خۆتان بۆ ماوەی ساڵێک لە دانی باج و پیتاک ببەخشن.
خانەدانانی هێژا!
ئەمڕۆ تەنیا رۆژی شادمانی نییە بەڵکوو رۆژی نزا و پاڕانەوەیشە. رۆژێکی پیرۆزە و لەم رۆژەدا ویرد و نزامان گیرا دەبێ و خوداوەند بە دیدی بەزەیییەوە دەڕوانێتە ئاواتەکانمان؛ ئەوسا رووی کردە لای رۆژهەڵات و گوتی: ئەی خوداوەندی ئاسمان و زەوی! ئەی یەزدانی مانگ و خۆر و هەسارەکان! ئەی خوداوەندی کۆسار و دەریا و بیابان! هێز و هەڕەنگ بەم بەندەیەی خۆت ببەخشە تا بکارم ئەم ووڵاتە لە گەزەندی نەیار و بێباکان و ئێرەیی نەگریس و ناپاکان بپارێزم! هێز و توانست و زانستم پێ ببەخشە تا بشێم رێگەی رووناکی بگرمە بەر و پشت بکەمە تاریکی. ئەی خوداوەندی میدیا و جیهانی هەراو! تەمەنێکی درێژم پێ ببەخشە تا بتوانم لە راژەی ئەم نیشتمان و نەتەوەیەدا بم؛ و خواستەکانی تۆیش کە دادپەروەری و یەکسانییە بهێنمە دی!

Thursday, March 16, 2023

خەونم دیت


خەونم دیت.. لەو خەونەدا باڵم گرت.. فڕیم وەک قاز و قورینگان، وەک سی و مراوی و مەلە کۆچەرییەکان بەسەر زەریا و دەریاکاندا فڕیم. بەسەر چۆڵەوار و بیابانەکاندا فڕیم... لە دوورەوە دوندە بەرزەکانی زاگرۆسم بەدیکرد. شوێنپێی کەڵەکێوییەکانم بەدیکرد کە لەسەر پلەی زەردوما رژد و سەختەکانی کەوەرکۆ چاپ ببوو.. رەنگاڵەی چغانمەکەکانی داوێنی زاگرۆسم بەدیکردن وامزانی شەبەنگی سەوزەسیلی تاڤگەی نووژیانە بە لیسگی هەتاوی شەوسوو خۆی رازاندووەتەوە. بەسەر کێوە خوێیەکاندا رابردم و ئۆشترانکۆ، شاهۆ، بێستوون قەندیل، هەڵگورد و گارە و…م بە چاو ئەنگاوتن. لە خۆشییان بێ سڵەمینەوە لووری هەردی ووڵاتی کەونار بووم؛ تا کوچکەڕەشی رووگەکەی ماچ کەم؛ و هەفت گەڕ بەدەوری مەزاری پیرۆزی پێشەوادا بخولێمەوە؛ و بە سورمەی خاکەکەی چاوەکانم بڕێژم. تا بۆنی گوڵە رەنگاوڕەنگەکانی بەهاری زێد و نیشتمان بکەم.

هیچکەس دەزانێ ئەم وڵاتەی من، ئەم خەونەوارەی من چەند جۆر گوڵی جوان و رەنگاوڕەنگی لێدەڕوێت؟ کەس هەیە پەی بە نهێنیی رووانی ئەم هەموو چەشنە گوڵە بردبێت؟ کەس دەزانێ ئەم نیشتمانەی من بۆچی ساڵ دووازدە مانگ رەنگ و بۆنی گوڵاڵەی سووری لێنابڕێت؟ لەبن درەخت، لە سەر تاوێر، لەسەر لێوار و رۆخی کەنداڵ، لەسەر گرد و تەپە و ملە و باسک، لەمین بەردەڵان و رەقەنان؛ تەنانەت لەپاڵ بەڕەزای رەوەزەکانیشدا گوڵاڵەی سوور دەڕوێن. گوڵاڵەکانی زێدی من بە خوێن ئاودەدرێن و لە خوێن دەڕوێن و خوێنیان لێدەتکێ. بۆنیان هەمان بۆنی پرچی کچە گەریلایە کە خوناوەی ئارەقی شەکەتی تەڕی کردووە.
لەو خەونەم دا، بە هێواشی لە کەنار چۆمی ئاواژەرۆ، لە سەرینچاوەی زێی بچووک دابەزیم. ئەو زێیە کە پاشاوەکەی دەڕژێتە نێو رووباری شەرابەوە و شان بەشانی رووباری هەنگوین بەرەو وەڵاتی تراویلکەی بێپایان رێ دەپێون.
بەڵام مخابن، ئاواژەڕۆ وەک ئەوسا پڕ لە ماسی نەبوو؛ قڕژانگەکانی کەناری نەدەجووڵان و پەلپەل ببوون. گۆمیلکەی گەرماوەکانی قەراغ چۆمیش ووشک ببون و سەلکەتەشییان تێدا نەبوو. ئاواژەرۆ ئەوەندە کز و باریک و بنێس بوو، خەریک بوو خۆیشی لە تینووان دەخنکا. هەتا چاو هەتەر دەکا رووانیم بۆ دوور، یەک دانە ماسیگرە، یەک دانە سەرسەوز، بۆرچین، یەک دانە سوورەقانگم نەهاتە بەرچاو. جاران ئێرە پڕ بوو لەم مەلە جوانانە. شان و شەپیلکی ئاواژەرۆ هەموو دارستان و زەمەند بوو. خاڵە حەمە بە شووڵە شلک و ناسکەکانی ئەم دارستانە قەرتاڵە و سەوەتە و تریانەی دەچنی.
من لە یادمە ئاواژەرۆ سەرەبەهاران هەر لرفەی دەهات و دەیگوڕاند. هیچ پردێک خۆی لەبەر خوڕە و هاڕە و هاژەی رانەدەگرت. هیچ رێبوارێک زاتی نەبوو خۆی لە بواری ئاواژەرۆ بدات.. من ئێرە زۆر باش شارەزام. ئاواژەرۆ و لاوێن و کەڵوێ و گادەر و هەموو دەستە خۆشکەکانیان باش دەناسم. ماسی و قرژاڵ و کەمچەکوڵەکانی ناویشیان دەناسم، ئاوڕوونکەرەوەی مەنداوەکانیان دەناسم. لم و چەوی بنیان، خڕەبەردە قەوزەگرتووەکانیان، کانیلەی رۆخەکانیان زۆر باش دەناسم. هەرچەند دەیان ساڵە لێیان دوورم، بەڵام تۆماری بیری منداڵیم، وێنە و دەنگ و رەنگ و هەستی هەموویانی لە خۆیدا هەمباشتەکردووە. هەرگیز دەربەدەری و ئاوارەیی و دووری و نامۆیی نەیتوانیوە ئەمانە لە مێشمکدا بسڕێتەوە و لەبیرمیان بباتەوە.
بەڵام ئەفسووس..، با لەبیریشم نەچووبێتنەوە؛ تازە سوودی چییە؟ ئێستا کە ئەوان لە سەرەمەرگ دان، دیتنەوەیان بۆ من چ سوودێکی هەیە؟ خۆ تازە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیشم لە ژیاندا نەماون تا باسی ئەم چل و چوار ساڵ دوورییەیان بۆ بگێڕمەوە. کێ باوەڕم پێدەکات کە خوشکە بچووکەکەم، ئەوەیان کە دە ساڵ لە من بچووکترە لە ئاوارەیی لەدایکبوو، لە ئاوارەیی پێڕەوکە بوو، لە ئاوارەیی پێگەیشت و شووی کرد و کەزیی سپیشی هۆندەوە؟! زۆر باش لەبیرمە من خۆم نەنە ئاسکێیی دراوسێی ئاوارەییمانم بانگ کرد تا مامانی بۆ دایکم بکات. باوکم لە ماڵ نەبوو، پێشمەرگە بوو، ئێمە و دایکێکی تەنیا بووین لە ماڵێکی تەنیادا. لە راستیدا ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە مرێمی دایکم وەک مرێمی دایکی عیسا لە کاتی زاییماندا تەنیا بوو؛ کەس نەبوو گەڵای دارخورمایەکی بۆ ببکاتە سا و سێوەر. ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە کێ دەیزانی دایکم لەم زگە رزگاریی دەبو یا نا؟! دایکم هەرچەند تەنیابوو، وەک خۆی دەیگوت یەکتەن و یەکباڵ بوو؛ بەڵام لە مرێمی دایکی عیسا ئازاتر و بەجەرگتر بوو. زۆر جار بۆ تەنیایی خۆی دەگریا؛ هەندێک جار بێدەنگ و بڕێک جاریش بە دەنگی بەرز دەگریا و دەیلاواندەوە تا کڵ و کۆی ئاوری دەروونی دادەمرکا؛ ئینجا فرمێسکەکانی دەسڕییەوە و بە سەڵاواتێک دڵی خۆی دەدایەوە. زۆر باش لە بیرمە لەسەردەمی رەش و تاریکی پەهلەویدا، ئەو رۆژانەی بابم بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک دەڕۆیشت بۆ تاران و ئابادان، شەوانە دایکم بە دزیی ئێمەوە بڕنووە درێژە قاچاغەکەی باوکمی دەردەهێنا و لە بن سەرینەکەی درێژی دەکرد، تا نەکا چەتە و پیاوخراپ بێنە سەرمان و زەفەرمان پێ بەرن. بەیانیانیش بەرلەوەی ئێمە لەخەو بێداربین بڕنووەکە وون دەبوو. ئەو رۆژەیشم باش باش لە یادە کە شکۆی برا بچووکم هات و گوتی تفەنگەکەی باوکم لەبن پێڕک دا شاردراوەتەوە، بەڵام لای هیچکەس مەیدرکێنە! دایکم کە زانیی ئێمە تفەنگەکەمان لە بن پێڕک دا دیتووە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین، خێرایەک رایتەوڵاندبوو؛ لە جێیەکی تر شاردبوویەوە.
ئای چ هەڵەیەکم کرد کە گەڕامەوە ئێرە؟! ئیتر من لەمەوبەداوا چیرۆکی چل و چوار ساڵ دووری و دەربەدەریم لە کوێوە دەسپێبکەم و کێ هەیە گوێی لێبگرێ؟! بۆ کێ گرنگە کە بڵێم باوکم لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە گۆڕغەریب بوو؛ نەمانتوانی تەنانەت بە لوێچێک خۆڵی ئەم زێد و نیشتمانە چاوەکانی گڵەبان کەین؟ ئەگەر بڵێم باوکم لە مەراقی دووریی نیشتمان و هاوەڵانی هەناسەی لێبڕا نەک بە دووکەڵی تووتن، کێ هەیە بروام پێبکا؟

ئای کە چەندە لەم گەڕانەوەیەم پەشیمانم! باشە بۆچی گەڕامەوە؟! ئێستا من چیبکەم؟ بوخچەی دڵم بۆ کێ واز کەم؟ کێ گوێ بۆ چیرۆکەکانم دەتەکێنێ؟ باشتر نەبوو بۆخۆم هەر لە دووریدا و لە دنیای ئەندێشە و خەوندا، لەگەڵ ئاواژەڕۆ بژیابام و وەک چیرۆکی ئادەم و حەوا بۆ منداڵەکانی خۆمم بگێڕایەتەوە؟ قەیچی ئەکا؟ منداڵەکانم هیچ ئاگایان لێ نییە. روودەکەمەوە هەندەران و پێیان ناڵێم چ قەوماوە. با هەر نەزانن. با جوانیەکانی زێدم بۆ ئەوان ببێتە راز و ئەفسانە؛ و بۆ منیش تاسە و مەراقێکی بێپایان و مەرگێکی لەگوین مەرگی بابم. با ئیتر وەک بابم بەتەما نەبم لاشەم بە خاک و خۆڵی وڵاتی پیرۆز بشاردرێتەوە و قوڕی سەر گۆڕیچەم بە ئاوی سەرینچاوەی بەهەشت بگیرێتەوە.


پڵیتە یا فتیلە



ساڵانی زوو زۆربەی چراکانی رووناکی و خۆگەرمکردنەوە و چێشت لێنان و ... کە بە نەوت کاریان دەکرد، پێویستییان بەوە هەبوو پڵیتەیان هەبێت. پڵیتە پارچە قوماشێکی لۆکەی ئەستوور بوو کە سەرێکی لە نێو نەوتەکەدا بوو، نەوتەکەی دەگواستەوە بۆ سەرەکەی تری و لەوێ ئاگرەکەیان دادەگیرساند.

لە فارسی و عەرەبیدا پێیدەڵێن (فتیل یا فتیلە). لە کوردیدا دەڵێن پڵیتە، پەڵیتە، فتیلە، فتێڵە، فەتیلە و پەتیلە. راستییەکەی پەتیلە واژە رەسەنەکەیە و ئەوانی تر هەموویان گۆردراوی پەتیلەن. ئێستایش لە خوارووی لورستان دەڵێن پەتیلە؛ واتە پەتێکی بچووک.


Thursday, March 9, 2023

سەعات

لە فارسی دا دەڵێن ساعەت و لە عەرەبیش دا ئەلساعە. کۆی ناوە عەرەبییەکە دەبێتە ساعات. راستییەکی نکۆڵینەکراوە
 ئامێری پێوانی کات کە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان، لە میزۆپۆتامیا، لەسەر بنەمای هاتن و رۆیشتنی هەتاو و سێبەر رۆنراوە. سێبەر یا سێوەر فۆرم و بیچمێکی تری گەشەکردووی ووشەی (سا)یە. خودی (سا) بووە بە (سایە)یش. لە فارسی دا تەنیا سایە بەکاردەهێنرێت. یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی زووانی کوردی کە سەلمێنەری کۆنەواری و دێرینییەتی، بریتییە لە هەبوونی هەزاران واژەی کورتی یەک بڕگەیی. ئەم واژە یەک بڕگەییانە سەرەڕای سادەبوونیان هەرکامیان چەندین واتای گرنگ و بنچینەیی هەیە کە زۆر جار زۆر لە یەکترییەوە دوورن. 

ووشەی (سا) ی کوردی دووای ئەوەی بووەتە (سایە) لەلایەن عەرەبەکانەوە دەنگی (یە) گۆڕدراوە بۆ (عە). ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی زووانی عەرەبی کە دەنگی (ح) یا (ع) بۆ زۆربەی ئەو ووشانە سازدەکات کە لە زمانانی ترەوە وەریاندەگرێ. تازەترین نموونە ووشەی (ماکاروونی)ی ئیتاڵیاییە کە کردوویانە بە (مەعکەروونە). بەڵێ پەیڤی (ساعەت) هەمان (سا، سایە و سات)ی کوردییە.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...