Sunday, May 21, 2023

خوشکل


 هەر کەس فارسی بزانێ ئەم واژەیەی بیستووە و دەزانێ کە واتای جوانی و قەشەنگی و بەژن ڕێکی دەدات. واتای (خۆش) ئاشکرایە بەڵام (کل) لە فارسیدا هیچ واتایەک نادات بەدەستەوە کە لەگەڵ (خوش) بگونجێت. هەربۆیە فارسەکان دەڵێن ووشەی (خوشکل) کورتکراوەی (خۆش+هەیکەل)ە.

لە لوریش دا ئەم واژەیە بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر کەمەوە. جیاوازییەکە تەنیا یەک پیتە. لەباتی خۆشکل لە لوڕیدا دەڵێن خۆشگل. هەرکەس لوڕییەکە ببینێ یا ببیستێ، بێ ئەملاوئەولا دەڵێ لە فارسییەکەیان وەرگرتووە؛ بەڵام بە ووردبوونەوە لە مانای خۆش+گل دەردەکەوێت کە (گل)ی لوڕی واتادارترە لە (کل)ی فارسی. گل جیا لەوە کە لە سۆرانی و جافی و ئەردەڵانی و هۆرامیدا واتای دانە، دەنک، تاک، قل، جار، چەل، کەڕەت، ژان، ئێش دەدات و چاوگی فرمانی گلان و گلێران و گلۆربوونەوەیە، لە لوڕیشدا واتای جوانی و ناسکی و خڕی دەدات.
خاڵێکی گرنگی تر کە دەکرێ وە سەلمێنەری ئەوە بێت خۆشگلی لوڕی واژە رەسەنەکەیە، ئەمەیە کە لە لوڕیدا پێچەوانەکەیشی هەیە. واتە لە بەرامبەر خۆشگل دا بەدگل هەیە بە واتای ناشیرینی و دزێوی.

واژەی پان


ئەم واژەیە لە زووانە ئەوروپاییەکاندا وەک پێشگر/ پێشبەند بەکاردەهێنرێت بە واتای هەموو، گشت، هەر شت، بەتەواوی. لە زمانی یوونانی وەەگیراوە و ریشەی هیندۆ ئەوروپاییە.

لە یوونانیشدا هەر واتای هەموو دەدات. لە فارسیدا بووە بە (پەهن). لە لوڕی دا (پەن). لە سۆرانی دا جیا لەوە کە مانای تەختایی و گۆڕایی دەدات، واتای بەرینییش دەدات؛ و هەروەها واتای هەموویش دەبەخشێت. رەنگە لە هەموو شێوەزار و گۆیشەکاندا واتای (هەموو) نەدات هەر بۆیە نموونەیەک پێویستە.
کەسێک دەپرسێ ئایا ئەو رۆژە ئێوە چوون بۆ سەیران؟
لە وەڵامدا کەسی دووەم دەڵێ: بەڵێ، خانەوادە و خزم و دراوسێ، بەپانەوە چووین.



قڵیایی

 

ئەوانەی کیمیایان خوێندووە ئەم ووشەیەیان بیستووە و واتاکەی دەزانن. لە بنەڕەتدا بە ماددەیەک دەگوترێت کە لە خۆڵەمێش ساز دەکرێت و سووتێنەرە.
گوایە واژەیەکی عەرەبییە بەڵام بە گومانی من لە هەمان ووشەی (خۆڵ)ە کە لە لوڕیدا بووەتە (قەل یا قل) و عەرەبیش وەریگرتووە و بەم مانایە بەکاری هێناوە.
ماددەی قڵیایی لە دروستکردنی سابوون دا بەکاردەهێنرێت. بۆ دروستکردنی ماددەی قڵیایی لە کوردستان زۆر جۆرە رووەک هەبوون دەسووتێنران و خۆڵەکەوەکەیان کۆدەکرایەوە و دەکرایە نێو ئاوەوە بۆ ماوەی شەو و رۆژێک؛ ئەمجا دەپاڵێورا و لەگەڵ بەز و پیو و دونگ دا بەکاردەهێنرا بۆ سازکردنی سابوون.
وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا خۆڵ، خۆڵەکەوە، خۆڵەمێش لە لوڕیدا بووە بە قل یا قەل. بۆ دڵنیابوونی پتر ئاماژە بە واژەی (قلسا) دەکەین کە لە لوڕیدا واتە شوشتنی پیاڵە و دەفر بە خۆڵەکەوە. قل واتە خۆڵ و سا واتە ساوین و سووان.
هەر ئەم قلیایە لە زووانی عەرەبییەوە پەڕیوەتە نێو زووانە ئەوروپاییەکانەوە و بووە بە ئەڵکەڵاید، ئەڵکەڵۆید، ئەڵکاڵین و تاد...


سوڵتان قابووس بن سەعید

 ساڵی ٢٠٠٤ لە زانکۆی وایکاتۆ لە نیوزیلەند لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی عومان ئاشنا بووم زۆر پرسیارم سەبارەت بە عومان و سیستمی وڵاتەکەی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لێدەکرد. جارێک پرسیاری ناوی قابووسم کرد. گوتی هیچکەس رێگەی پێنادرێت ناوی منداڵەکەی بنێ قابووس. گوتم مانای چییە؟ گوتی منیش نازانم و هیچکەسیش نازانێت.

سوڵتان قابووس ساڵی ١٩٧٠ بە پشتیوانیی بریتانیا کودێتای بەسەر باوکیدا کرد و بوو بە سوڵتانی عومان.
ساڵی ٢٠٢٠ کۆچی دووایی کرد. لەبەرئەوەی هیچ پاشەوارێکی نەبوو کە ببێتە جێگرەوەی، نامەیەکی وەک وەسێت نووسیبوو، گوتبووی هەرکاتێک دادگای سەڵتەنەتی نەگەیشت بە ئەنجامێک بۆ دەسنیشانکردنی سوڵتانی نوێ، ئەم نامەیە بکەنەوە. کاتێک کە نامەکەیان کردەوە نووسیبووی هەیتەم بن تاریق بکەن بە سوڵتان. هەیتەم بن تاریق ئامۆزای بوو.
ناوی قابووس ناوێکی کوردییە بەڵام عەرەبێندراوە، بۆیە نایناسینەوە و لە هەمان کاتدا عەرەبیش واتاکەی نازانێت.
قابووس لە راستیدا هەمان کاووس، کاوێس، کاوەیس و کاوێزی خۆمانە. کاوس لە زووانی کوردیدا مانای جوان و هێژایە.  لە بنەڕەتدا ووشەکە بریتییە لە کاو +س. (کاو) لە کوردیدا یەکێک لە ماناکانی بریتییە لە جوان و هێژا و بەنرخ. (س)یش پاشگرە.





Tuesday, April 25, 2023

رەئیس عەلی دڵواری

 

ساڵی ١٨٨٢ لە ئاوایی دڵوار سەر بە تەنگستان لە دایکبووە و لە تەمەن ی٣٣ ساڵیدا کوژراوە. ئەو لوڕە و بە رەچەڵەک لە لوڕەکانی نوورابادی مەمەسەنییە. دڵوار ئێستا بووە بە شارۆچکە و سەر بە شاری تەنگستانە لە ئوستانی بووشێر و دەکەوێتە نزیک لێوارەکانی کەنداو. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کاتێک کە رووسەکان لە باکوورەوە و ئینگلیسەکان لە بەندەری بووشێرەوە دەیانەوێ پەلاماری ئێران بدەن، رەئیس عەلی لەسەر فەتوای مەلاکانی ناوچەکە بڕیاری رووبەڕوو بوونەوەی ئینگلیسەکان دەدات. ئەو هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ٢٤ ساڵی کە وەک پێشەنگ و پشتیوانی سیستەمی مەرجداری بوو لە ناوچەکەدا. رەئیس عەلی وەک رێبەری سەرهەڵدانی باشوور لە ئێراندا ناسراوە. سەرهەڵدانی رەئیس عەلی هەفت ساڵی خایاند و ئامانجی ئەوە بوو کە ناوچەکانی تەنگستان و دەشتستان و بووشێر لە داگیرکاریی هێزە بێگانەکان بپارێزێت.

ئەو شەڕی گەریلایی لە دژی ئینگلیسەکان بەڕێوە دەبرد و توانیی بۆ ماوەی نۆ مانگ دەست بەسەر شاری بووشێردا بگرێت و بیپارێزێت.
شەوی ٣ سێپتەمبەری ١٩١٥ لەکاتی شەبەیخوون\پەلامارێکی شەوانەدا بۆ سەر هێزە بێگانەکان و دارودەستەکانیان، لە شوێنێک بە ناوی (تەنگەک سەفەر)دا لەدوواوە لەلایەن خائینێکەوە بە ناوی غوڵام حسێن تەنگەکی تەقەی لێکرا و کوژرا.


بی بی مەریەمی بەختیاری

 

بی بی مەریەمی بەختیاری ناسراو بە سەردار مەریەم، یەکێک بوو لەو ژنە ئازا و نەترس و هۆشیارانە کە سەدەیەک لەمەوبەر ژیاوە، فەرماندەیەکی ئازای لەشکری بووە. خوێندەوار بووە و هامنشینی رووناکبیران و وێژەوانانی سەردەمی خۆی بووە. پێش مردنی بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوە.

باسی رەنج و مەینەتییەکانی ژنانی کردووە و داوای کردووە کە ژنان وەک پیاوان لە بووارە جیاوازەکاندا رۆڵیان پێ بدرێت.
لە بەشێکد باسی باوکی دەکات کە لە سەردارە مەزنەکانی بەختیاری بوو. دەڵێ:
ساڵی ١٢٩٩ ناسرەددین شای قاجار لە سەربەخۆیی باوکم دەترسا و فەرمانی دا بە (ظل السلطان) کە کوڕی بوو و فەرمانڕەوای ئیسفەهان بوو، حسێن قوڵیخان بکوژێت چونکە چاوی بڕیوەتە تەختی پادشایەتی و دەیەوێ کۆتایی بە زنجیرەی قاجار بهێنێ و پادشایەتی بگوازێتەوە بۆ ئێڵی بەختیاری... باوکم موسڵمانێکی راستەقینە بوو، هەمیشە شەونوێژی دەکرد، چوار وەرزی ساڵ، هەموو دووشەممە و پێنجشەممان بەڕۆژوو دەبوو؛ و پارەی زۆری دەدا بە هەژار و نەداران.
رۆژێک هەواڵ هات کە ئێڵخانیان کوشتووە... لە نێو (چغاخۆر)دا بوو بە شیوەن. چغاخۆر پایتەختی بەختیارییان بوو. دە هەزار ژن پرچی خۆی بڕیبوو، دەتوانم بڵێم هەزار مەن قژ بڕدرابوو.


چرا

 


ساڵانی زوو کە هێشتا چرای لەمپا و فانۆس/لەوەنتەر پەیدا نەببوو، جگە لە چرا فتیلە/ پەتیلە کە دەفرێکی ساددە بوو رۆنی گەرچەکی تێدەکرا، چرایەکی تریش هەبوو کە پێیدەگوترا چراقووری.

چراقووری بۆ زۆر شوێن بەکاردەهێنرا کە چرافتیلە بۆی نەدەگونجا.
چراقووری بریتی بوو لە قۆری یا چادانێک لە گڵ یا کانزا دروستدەکرا. پڵیتە/پەتیلەیەک لە رێگەی لوولەی قۆرییەکەوە دەگەیشتە نێو رۆن گەرچەکەکەوە و دەیگەیاندە سەرەوە و لە لوولەکەوە ئاگر دەدرا.
گومان لەوەدا نییە کە مێژووی چراقووری کۆنترە لە مێژووی چا هەر بۆیە دەکرێ ووشەی قۆریش زۆر کۆنتر بێ لە چادان.
ئەم واژەیە لە گۆیشی لوڕیدا هێشتا ماوەتەوە و نەفەوتاوە؛ بەڵام لە سۆرانی و ئەوانی تردا نەمبیستووە.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...