Saturday, September 14, 2024

دەساتیر یا دەساتیری ئاسمانی


ئەمە ناوی پەرتووکێکە کە لە سەدەکانی شازدە و هەڤدەدا نووسراوە.  نووسەری دەساتیر پارسییەکی هیندوستان بوو بە ناوی ئازەر کەیوان.   گوایە ئازەر کەیوان لە شیراز لەدا بووە بەڵام زۆرینەی تەمەنی لە هیندوستان گوزەراندووە.  ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم پەرتووکە هی پێغەمبەرێکە بە ناوی (ساسانی پێنجەم).  بە زووانێکی زۆر تایبەت و جیاواز نووسراوە کە لە هیچ زمانێک ناچێت.  شارەزایان لایان وایە کە ئازەر کەیوان خۆی ئەو زمانەی داهێناوە.   ئەو هەوڵی داوە هیچ واژەیەکی عەرەبی بەکارنەهێنێت؛ هەر بۆیە بەشێک لە واژەکانی سانسکریتە. بەشێکیان ئاڤێستاییە و بەشێکیشی هەر خۆی لە خۆیەوە دروستی کردوون.  شێوازی دروسکردنی ووشەکانیشی بەگوێرەی زانستی زمانەوانی نەبووە و گۆترەکاری بووە.  هەر خۆیشی فەرهەنگێکی داناوە و واتاکانی بە زووانی پارسی نووسیوەتەوە. شایانی باسە کە زۆرێک لەو واژە گۆترەکارییانە لەلایەن نووسەران و هەڵبەستوانانی ئێرانییەوە لە بەرهەمەکانیاندا بەکارهێنراون.  تەنانەت بورهان قاتع و دێهخودایش لە واژەنامەکانیان دا بە بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە، زۆر لەوم ووشانەیان بەکارهێناوە.  شایانی باسە کە خودی ووشەی دەساتیر بە زووانی عەرەبی کۆی واژەی (دەستوور)ە.  لە کاتێکدا کە دەستوور خۆی کوردییە بەڵام لە عەرەبیشدا بەکاردەهێنرێت.


دوواتر کۆمەڵێک لەو ووشانە لێرەدا دەنووسم کە خۆی سازی کردوون. تەنانەت هەندێکیان لە رێگەی فارسییەوە هاتوونەتە نێو زووانی کوردیشەوە.


فرووزە = سیفەت

دەهناد = سیستەم

فەرزبوود = حیکمەت

فەرجوود = پەرجوو ، موعجیزە

فەرنوود = بەڵگە

فەرساد = زانا

فەرسار = هێزی داد

تیمسار = حەزرەت

فەرگا = حەزرەت

فەرجاد = زانا

فەرگفت = فەرمان

هەڵوا ئەرووسی یا شام ئەرووسی


جۆرە شیرینییەکە لە لوڕستان دروست دەکرێت لە شێوەی جوجووش بە کەمێک جیاوازییەوە.  پێشتر باسی جوجووشمان کردووە.  ئەم شیرینییەیش وەک جوجووش رۆژێک بەر لە رۆیشتنی بووک ئامادە دەکرێت و لەگەڵ بووک دا دەنێردرێتە ماڵی زاوا.  دروسکردنی هەڵوا ئەرووسی بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

سەرەتا ئارد لە تاوە یا لەسەر ساج بۆدەدرێت تا کەمێک رەنگی تاریک دەبێت.  نابێ بسووتێت.  زەردەچێوە، زەنجەفیل، دارچین و مێخەکی هاڕراو لەگەڵ ئاردەکە تێکەڵ دەکرێت.  ئینجا رۆنی ئاژەڵ یا کەرەی تێدەکرێت و باش تێکەڵ دەکرێت. پاشان ئاو و هەنگوین یا دۆشاوی ترێی تێدەکرێت.  ئەگەر  پەیت بوو شیر یا ئاوی تێدەکرێت تا شل ببێتەوە.  لەسەر ئاگر دادەنرێت و کاکڵی گوێز و پستە و بادامی تێدەکرێت.  لەسەر ئاگرەکە دەمێنێتەوە و تێکەڵ دەکرێت تا بە بنی مەنجەڵەکەوە نەسووتێت، تا خەست دەبێتەوە. ئەوسا لەسەر ئاگر دادەگیرێت و دەکرێتە نێو دەفری بچووکەوە و سەرەکەی بە چینێک کاکڵی گوێز و ووشکەباری جۆراوجۆر دەڕازێنرێتەوە.  شایانی باسە کە هەڵوا ئەرووسیش وەک هەموو جۆرەکانی تری هەڵوا بە ساردی دەخورێت.

پاشوەندی (ویە)ی فارسی


وەسیەتێک بۆ ئەوانەی دەیانەوێ واژەی کوردی و فارسی لە یەکتری هاوێر بکەن. 

هەر واژەیەک لە فارسی دا بە (ویە) دووایی هات، بە مەرجێک واژەکە تورکی و عەرەبی نەبێ؛ دڵنیابە کە کوردییە و لە کوردی دا ئەم (ویە) دەبێتە (ۆ).  نموونەمان زۆرە. اشنویە = شنۆ

کهگیلویە = کۊگلۆ

شیرویە = شێرۆ

……بادرنجبویە = بارەنگبۆ


برساق


برساق، بورساق، بریشک، بژی، برژی، برژیلە.  ناوی جۆرە شیرینییەکە لە ناوچەکانی، ئەردەڵان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان و بەختیاری دروس دەکرێت.  هەرچەندە مێژووەکەی دیار نییە؛ بەڵام بەگوێرەی سادەیی و بەرفرەهیی پێکهاتەکانی و ئاسانیی دروسکردنی، دەکرێ تەمەنی لەم نیشتمانەی ئێمەدا هەزاران ساڵ کۆن بێت.

کاک #سارۆ_خوسرەوی لە ئاماژەیەکی کورتدا باسی کرد کە داپیرەی بەڕێزیان فەرموویەتی لە بنەڕەتدا ناوی ئەم شیرینییە (برژیلە)یە؛ بەڵام دوواتر واژەکە سواوەتەوە و بووە بە (بژی).  منیش ئەمەی پێوە زیاددەکەم و دەڵێم. تەنانەت ووشەی (برساق یا بورساق)یش هەر لە (برژی یا برژیلە)وە وەرگیراوە.  باوەڕم وایە (برژیاگ) گۆڕاوە بۆ (برساق).


لەم ڤیدیۆیەیش دا بە کورتی و خێرایی بە زوانی فارسی باسی دروسکردنەکەی کراوە.

مەزےمووڼ


هاوڕێیەکی لوڕ ئەمەی گيڕایەوە. 

کابرایەکی پاپی هەبوو ناوی (محەممەد زەمان) بوو. پاپی ناوی تیرەیەکی لوڕە لە لوڕستان و خووزستان نیشتەجێن.  کورتەی ئەم ناوە درێژە لە لوڕیدا دەبێتە (مەزمووڼ). دووا پیتی (ڼ)یش ناخوێنرێتەوە.   کابرایەک بوو لەوەتەی هەبوو کەس ووشەیەکی راستی لێ نەبیستبوو. ئامۆزایەکی هەبوو ناوی عەوداڵ بوو.  پێی گوت وەرە بتبەمە مەشهەد، حەرەمی ئیمام رەزا بەڵکوو ئەو درۆیانە تەرخ بکەیت.  هەرچۆنێک بوو رێککەوتن و بردی.  کە چوونە ژووری حەرەمی ئیمام رەزا، عەوداڵ گوتی: ئیمام رەزا ئەوا مەزموونم هێناوە. یا ئەو درۆیانەی پێ تەرخ بکە، یا بیکوژە لە کۆڵ ئێمەی بکەوە، ئابڕووی ئێمەی بردووە بەم هەمکە درۆیانەی.  لە نێو حەرەمەکەدا شووشەیەکی ئەستوور هەیە کە دیوی ژنان و پیاوان لە یەکتری جیا دەکاتەوە.  عەوداڵ دیتی مەزمووڼ هەر دەست بە شووشەکەدا دەماڵێ. تومەز سەیری ژنەکان دەکات و چاوچەرانی دەکات.   لێی پرسی: ها مەش مەزمووڼ بۆ دەس بەو شووشەیەدا دەماڵیت؟ خێرە؟  مەزمووڼ گوتی:  کاکە چی بڵێم؟ جنسی ئەم شووشەیە رێک لەو شووشەیە کە لە ماڵەوە هەمانە.  عەوداڵیش بە هەرچی هێز و هرنگی لە قوڕگیدا بوو بەسەریدا گوڕاندی و گوتی: هەی سەگی سەگباب لە حەرەمی ئیمام رەزایشدا درۆ دەکەیت؟! خەریک بوو لە سەرو سەکوتی یەکتری بدەن. خەڵک چوونە نێوانیانەوە. مەزمووڼ هەتا مرد وازی لە درۆ نەهێنا.

سەفسەتە چییە؟


ئەمە زانستێکە لە حەوزە عیلمییەکانی ئیسلامیدا دەخوێنرێت.  

مامۆستا لە خوێندکارەکانی پرسی: دوو کەس دەبنە مێوانتان. یەکیان پاک و خاوێنە و یەکیش دژوێن و چڵکن.  من داوایان لێدەکەم بچنە حەمام و خۆیان بشۆن.  ئینجا رووی کردە خوێندکارەکان و پرسیی: لاتان وایە کامیان خۆی دەشوات؟

وەڵامیان دایەوە: بە دڵنیاییەوە چڵکنەکە. 

مامۆستا: نەخێر، پاکەکە خۆی دەشوات؛ چونکە خووی پێگرتووە. چڵکنەکە ئەگەر خۆی شوشتبایە دژوێن و چڵکن نەدەبوو. 

مامۆستا: کەوابوو کێ خۆی دەشوات؟

خوێندکارەکان: کەسە خاوێنەکە.

مامۆستا: نەخێر، چڵکنەکە خۆی دەشوات؛ چونکە چڵکنە و پێویستیی بە خۆشۆردنە. 

دیسان مامۆستا گوتی دەی باشە ئێستا بە دروستی پێم بڵێن کام میوان خۆی دەشوات؟

خوێندکارەکان یەکدەنگ گوتیان: چڵکنەکە. 

مامۆستا گوتی نەخێر؛ هەردووکیان؛ چونکە خاوێنەکە خووی پێگرتووە و چڵکنەکەیش پێویستیی بە خۆشۆردنە. 

ئەم جاریش مامۆستا پرسیی: دەی ئێستا کامیان خۆی دەشوات؟

خوێندکارەکان بە پەشۆکاوییەوە گوتیان: هەردووکیان.  مامۆستا گوتی: نەخێر. هیچکامیان؛ خاوێنەکە پێویستیی پێ نییە و چڵکنەکەیش خووی پێنەگرتووە. 

خوێندکارەکان دەستیان کرد بە رەخنە و گازندە لە مامۆستا و گوتیان هەرچی ئێمە دەیڵێین تۆ رەتی دەکەیتەوە و شتێکی تر دەڵێیت. 

مامۆستا گوتی: بەمە دەڵێن سەفسەتە.  واتە چیت بوێ و لە بەرژەوەندیت بێ، ئەو دەسەلمێنیت. 


لە فارسییەوە کردمە کوردی

جوجووش


خۆراکێکی تایبەتی لوڕییە لە کاتی زەماوەنددا دەیپێژن.  ماڵی بووک دروستی دەکەن و لەگەڵ بووکدا دەینێرن بۆ ماڵی زاوا. ئەوانیش لە نێوان خزمە نزیکەکانی خۆیاندا دابەشی دەکەن. 

پێکهاتەکانی جوجووش:

رۆنی ئاژەڵ، گەنمی بۆدراوی بە دەستاڕ هاڕدراو، شەکر یا دۆشاو، زیرە، رازیانە، زەردەچێوە. بۆ رازاندنەوەیش کاکڵی گوێز، بادام، پستە، کشمیش و کونجی. 

شێوازی سازکردن:

سەرەتا رۆنەکە لە مەنجەڵێکدا دەخرێتە سەر ئاگر. ئینجا گەنمە بۆدراوە هاڕدراوەکەی ووردە ووردە تێدەکرێت و تێکەڵاو دەکرێت. پاشان دۆشاوەکەی تێدەکرێت. ئەگەر دۆشاو نەبوو، شەکرەکە لەگەڵ زیرە و رازیانە و زەردەچێوەکە لێکدەدرێن و دەکرێتە نێو مەنجەڵەکەوە.  ئەوەندە دەکوڵێندرێت تا کەمێک پەیت دەبێت. لە دوواییدا دەکرێتە نێو قاپەوە و بە کاکڵە گوێز و پستە و بادام و کشمیش و کونجیی بۆدراو دەڕازێندرێتەوە. 

شایانی باسە کە زۆر جار بۆ گوێزەبانە واتە لەدابوونی منداڵیش جوجووش دروسدەکرێت و بەسەر دراوسێ و خزماندا دابەشدەکرێت.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...