Saturday, September 14, 2024

قەفەز


ئەم واژەیە لە عەرەبی و فارسی دا وەک (قفص) دەنووسرێت.  لە کوردی دا قەوەز و قەپەز و قەفەسیشی پێ دەگوترێت. 

بنەچەی ئەم ووشەیە بریتییە لە (کۆز) کە ژوورێکی کاتییە بە چیخ دروس دەکرێت بۆ بەرخ و کارژۆڵە تا لە دایکیان هاوێر بکرێن.   واتە کۆز گۆڕانی بەسەردا هێنراوە و بووە بە کەوەز و قەوەز و قەفەز و سەرەنجام وەک (قفص) بووەتە موڵکی عەرەب.

بووسەلامە


بوونەوەرێکی ئەفسانەیی نێو دەریایە.  نیوەی لەشی ماسییە و نیوەکەی تریشی لە دڕندە دەچێت. خەڵکی شاری بووشێر لایان وایە کە بووسەلامە هەمیشە بە دووای ئازاترین ماسیگردا دەگەڕێت تا پەلکێشی بنی دەریای بکات و بیخنکێنێت.  دەڵێن هەر منداڵێک بە تەنیا لە کەناراوەکان بێت، بووسەلامە دەیگرێت و رایدەکیشێتە نێو دەریا و دەیخنکێنێت.   هەروەها دەڵێن شەوەکی زوو کاتێک کە ماسیگرەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ کەوتنە رێگە بەرەو قووڵایی دەریا بۆ راوی ماسی، بووسەلامە دەچێت لەلای پێشەوەی بەلەمەکە دادەنیشێت تا خاوەنەکەی بێتە لای.  کە هەست دەکات کابرا لە نزیک بەلەمەکەیە خۆی دەخاتە نێو ئاوەکە و کابرایش وادەزانێت کە هاوڕێیەکی خۆیەتی بەم شەوە کەوتە نێو دەریاوە، بەفریایەوە دەچێت کە رزگاری بکات؛ بەڵام بووسەلامە دەیگرێت و رایدەکێشێتە نێو دەریا و دەیخنکێنێت.  


هەروەها دەریاوانەکانی ئەم ناوچەیە لە سەر ئەو باوەڕەن کە بووسەلامە دێوێکی دڕندەیە و شەوانە لە دەریادا پەلاماری کەشتی و بەلەمەکان دەدات و سەرنشین و مەلەوانەکان دەگرێت و گۆشت و خوێنیان دەخوات.

ئانشرتۆ


بە بڕوای زۆرێک لە دانیشتووانی لێوارەکانی کەنداوی فارس بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لە دەریادا هەیە بە ناوی ئانشرتۆ.  شێوەی لە مرۆڤ دەچێت بەڵام لە ژێر شەپکەشانەکانیدا دوو باڵی هەیە لە شێوەی پەڕی ماسی کە دەتوانێت بۆ مەلەکردن لە دەریادا بەکاریان بهێنێت.  دەڵێن جارێکیان کۆمەڵێک راوچی کە لە دەریادا دەبن بۆ راوی ماسی دەگەنە دورگەیەک تەماشا دەکەن ژمارەیەکی زۆری ئانشرتۆ لەوێ خەریکی پشوودان و سانەوەن.  پەلاماریان دەدەن و هەموویان دەسگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیانهێننە نێو کەشتی و کاتێک بەڕێدەکەون بەرەو ماڵ، ئانشرتۆکان یەک بە یەک خۆیان فڕێدەدەنە نێو دەریا و دەڕۆن؛ تەنیا دانەیەکیان دەمێنێتەوە کە ئەویش لە ژێرخانی کەشتیەکەدا گیری کردبوو نەیدەتوانی بچێتە دەرەوە.  ئەویان کچ دەبێت؛ هەر بۆیە ناخودای کەشتی دەیکاتە هاوسەری خۆی و چەند منداڵی لێی دەبێت بەڵام هێشتا پێوەند بە قاچەکانییەوە دەبێت و ناوێرێت ئازادی بکات چونکە دەزانێت رادەکات.  رۆژێکیان منداڵەکانی پێوەندەکە لە قاچی دایکیان دادەماڵن و ئەویش بە پڕتاو رادەکات و دەگەڕێتەوە نێو دەریا.

ئایماوی


ناوی بوونەوەرێکی ئەفسانەییە. وەک لە واژەکەوە دیارە واتە ئادەمی ئاوی. مەردمی ناوچەکانی کۊگلۆ و بۆیرەمەد لە لوڕستان  لەسەر ئەو باوەڕەن بوونەوەرێک لە رووبارەکاندا هەیە کە هەموو لاشەی لە ئاو ئافرێندراوە.  بەردەوام لەو ئاوانەدا دەژیێت. هەر ئەویشە دەبێتە هۆی خنکانی مرۆڤەکان لە ئاودا؛ کاتێک کە رایاندەکێشێتە بنی رووبارەکان و زۆر جار بۆ ماوەی چەند رۆژ و هەفتە ئازادیان ناکات.

چۆخە، چۆقا، چۆغە، چۆغا


لە هەموو بەشەکانی ئەم نیشتمانە فرت و فراوانەدا، هەر لە سنوورەکانی ئەنادۆڵەوە تا لێوارەکانی دەریای  عومان ئەم پۆشاکە بەم ناوەوە ناسراوە و لە هەموو کونج و کەنارێکی ئەم کوردستانەدا دەکرێتە بەر بەڵام بە کەمێک جیاوازی لە درووماندا.

سەترە


سەترە پۆشاکێکە لە هەموو ناوچەکانی لەک و لوڕنشین پیاوان دەیکەنەبەر.  لە شانەوە تا سەروو ئەژنۆکان دادەپۆشێت و هەندێک جار ئێخە و بەرۆکی بە دوگمە دادەخرێت و شاڵیش لەسەر سەترە و لە ناوقەد دەبەسرێت.


لە ناوچەکانی تری وەک کرماشان، گەرمیان و جافەتی کەواسەڵتە یا کەوا و سەڵتە هەبوو کە رەنگە ئێستایش هەندێک بیپۆشن.  لە ناوچەکانی تریش وەک موکریان کەواشۆڕە هەبوو؛ کە هەموویان لە شانەوە تا سەر ئەژنۆ یا خوارووتری دادەپۆشی.  دیارە هەندێک جار ناوەکان تێکەڵ دەکرێن و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک دەگۆڕێن. بۆ وێنە لە هەندێک ناوچە کەواسەڵتە یەک ناوە بەڵام لە ناوچەیەکی تر کەوا خۆی جلکێکە و سەڵتەیەش یەکی ترە.  یا کەواشۆرە لە هەندێک شوێن ناوی جلکێکە بەڵام لە شوێنگەلی تر کەوا جلکێکە و شۆڕەیش یەکێکی ترە.

بەڵام مەبەستی سەرەکیی من لە نووسینی ئەم کورتە نووسراوەیە ووشەکانی (سەترە) و (سەڵتە) بوو.  ئەم دوو ووشەیە هەر یەکن بەڵام دەنگی (ر) ی لوڕی لە سۆرانییەکەدا بووە بە (ڵ) و پاش و پێشێکیش بە دەنگی (ت) کراوە.  ووشەی سەترە دەبێ هەمان (ستر)ی عەرەبی بێت بە واتای پاراستن کە ئۆجەلانی مەزن دەڵێت لە بنەچەدا کوردییە و لە ووشەی ئەستێرەوە هاتووە.  ئەمەیش بابەتێکی قووڵی مێژوویی- فەلسەفی -زمانەوانییە.

ئەبولقاسمی بەختیار


بە داخ و کەسەرم زانی هەر وا سووک و سادە بە نووسینی دوو سێ دێر ئەم کەڵەپیاوەی گەلەکەمان بناسێنم؛ هەربۆیە گەڕام بە دووای سەرچاوەکاندا و پوختەیەکی باش لە ژیننامەی دوکتۆر ئەبولقاسمی بەختیارم کۆ کردەوە و کردمە کوردی.


ئەبولقاسم بەختیاری خەڵکی ناوچەی بەختیاری بوو. ساڵی ١٨٧٢ لە ئاوایی چغاخۆر سەر بە شاری برووجەن لە ئوستانی چارماڵی بەختیاری لەدابوو.  ئەو هەفتەمین و دووا فەرزەندی باوکی بوو کە هاتنە دنیای ئەم بووە هۆی مەرگی دایکی.  باوکی، حاجی حەسەن خانی زەرغامی کەسێکی خانەدان بوو؛ بەڵام دەوڵەمەند نەبوو چونکە خووخدەی دەروێشانەی هەبوو.  پیشەی بریتی بوو لە سەرکاروانی کردن بۆ زیارەتکەرانی کەربەلا و نەجەف.  لەبەرئەوەی حاجی حەسەن خان بە مردنی هاوسەرەکەی زۆر زویر و نائومێد بوو بۆیە تا چەند رۆژ ناوی لە کوڕەکەی نەنا.  پاشان باپیرە بۆ دامرکاندنەوەی هەستی برینداری کوڕەکەی هەڵبەستێکی لە شانامە خوێندەوە؛ بەمجۆرە ناویان لە ساواکەیان نا ئەبولقاسم؛ واتە بە ناوی ئەبولقاسمی فیردەوسییان کرد.  ئەبولقاسم بە هەتیوی گەورە بوو.  ئەو سەردەمە لە ئێران پاشناو نەبوو.  بەڵام کاتێک کە گەورە بوو خۆی پاشناوی (بەختیار)ی بۆ خۆی هەڵبژارد.  لە تەمەنی پێنج ساڵیدا ناردیانە قوتابخانە کە ئەوسا پێیدەگوترا (مەکتەبخانە).  ساڵیک دوواتر باوکی کۆچی دوایی کرد و ئەویش نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. هەربۆیە روویکردە کاری پینەدۆزی و دەسفرۆشی و چەرچێەتی و وەرزێری و ...  


ئەو زۆر هۆگری خوێندن و فێربوون بوو؛ سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمە و کەند و کۆسپێکی ژیان، بەردەوام هەوڵی فێربوون و خوێندنی دەدا.  هەرچەندە نەیتوانی قۆناغی سەرەتایی تێبپەڕێنیت بەڵام هەرچۆنێک بوو توانیی بە خۆپەروەردەکردن ببێتە مامۆستا و فێرکار کە ئەوسا پێی دەگوترا (مەکتەبداری). 


ئەو لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا شاری برووجەنی جێ هێشت و رووی کردە ئیسفەهان.  ئەو ماوەیە کە لە ئیسفەهان بوو لەگەڵ بیبی ماهـ بەگم خان هاوسەری مورتەزا قوڵیخانی سەمسام ئاشنا بوو؛ کە دووامین ئێلخانی بەختیار بوو.  لەگەڵ ئەوان رێککەوت کە بەرپرسایەتیی پەروەردە و فێرکردنی کوڕەکانیان بگرێتە ئەستۆ کە لە شاری تاران لە کۆلێژی ئەمریکایی ئەلبورز دەیانخوێند.  بەم جۆرە ئەبولقاسم ئیسفەهانی بەجێ ھێشت و گەیشتە تاران. 


ئەو کۆلیژە ئەمریکاییە لەلایەن سامۆییل مارتین جۆردنەوە بەڕێوەدەچوو کە هەم مامۆستا بوو هەم بانگخوازێکی مەسیحی بوو.  جۆردن هەموو رۆژێک لە پەنجەرەی ژووری کارەکەیەوە دەیدیت گەنجێکی چوارشانەی رێکوپێک چەند منداڵێک دەهێنێتە کۆلێژەکە و بەجێیان دەهێڵێت.  رۆژێکیان کە ئەو گەنجە هاوکاریی کارگوزاری کۆلێژەکەی کردبوو لە شکاندن و هەمارکردنی دار و ئێزنگدا بانگی کردە ژوورەکەی تا سپاسی بکات.  لە میانی گفتوگۆدا لێی دەپرسێت کە بۆچی درێژە بەخوێندن نادات.  لە وەڵامدا ئەبولقاسم دەڵێت لەبەر چوونەسەری تەمەنی و گرفتی دارایی و هەروەها هەبوونی سێ منداڵ بۆی ئەستەمە درێژە بەخوێندن بدات.   بەڵام جۆردن رازی دەبێت کە خۆی لەو دەرفەتەدا کە ئەبولقاسم چاوەڕێی منداڵەکانی مورتەزا قوڵیخانە، وانەی پێ بڵێتەوە.  بەم جۆرە لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا و لە ماوەی چەند ساڵێکدا قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت و دیپلؤم وەردەگرێت.  پاشان هەر بە هاوکاریی جۆردن کاروبارەکانی سەفەر بۆ ئەمریکای بۆ رێکدەخرێت و  دەچێتە ئەمریکا و لە زانکۆی سیراکیووس دەس دەکات بە خوێندن.  لەوێش زۆر کار و پیشەی جیاواز دەکات تا بتوانێت ژیانی خۆی بەڕێوە ببات و پارەی خوێندنەکەی دەربهێنێت.  سەرەنجام لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا وەک یەکەمین پزیشکی نەشتەرگەریی ئێرانی فێرنامەی پزیشکی وەردەگرێت.


ئەو لەو ساڵانەدا کە لە ئەمریکا دەژیا لەگەڵ ژنێک بە ناوی هێلێن جێفریز ئاشنا دەبێت و  ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت کە تەمەی ٢٢ ساڵ بوو. دووای چەند ساڵێک ژیان و کارکردن وەک پزیشک لە ئەمریکا، ساڵی ١٩٣١ و لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لەگەڵ هێلین دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.  ئەبولقاسم هەفت منداڵی لە هێلین بووە.  پاشان لە تەمەی هەفتا ساڵیدا لەگەڵ ژنێکی بەختیاری ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت کە لەویش دە منداڵی دەبێت. ( من وەک وەرگێڕی بابەتەکە باسی ژنهێنانەکانی ئەبولقاسمم کەمێک بۆ ناڕوونە.  لەلایەکەوە دەگوترێت بەر لەەوەی دەست بکات بە خوێندن لای جۆردن سێ منداڵی هەبووە؛ واتە ئەو کاتە ژنی هەبوو. لە  ئەمریکایش ژنێکی ئەمریکایی هێناوە. دوواتر لە تەمەنی هەفتا ساڵیشدا ژنێکی بەختیاریی هێناوە.  واتە سێ ژنی هەبووە، بەڵام هێلێن وەک ژنی یەکەمی و بیبی توورانی زەرغامی باسیان لێوەە دەکرێت).  لە شاری تاران نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دەکاتەوە و هێلینیش یەکەمین فێرگەی پەرەستاری لە ئێراندا دەکاتەوە.  ئەبولقاسم و هێلێن یەکەم کەس بوون لە ئێراندا کە بۆ یەکەم جار خەڵکیان فێرکرد چۆن شیر پاستۆریزە بکەن.  سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران بە هەوڵی ئەم و کۆمەڵێکی تر کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی تاران دامەزرێندرا و لەوێدا بوو بە مامۆستا.  ساڵی ١٩٣٩ وەک سەرۆکی بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی نەوتی ئێران -ئینگلیستان چووە خووزستان؛ تا تەمەنی ٩٠ ساڵی لە ناوچەکانی خوزستان و بەختیاری خزمەتی کرد.  شایانی باسە کە هێلینی هاوسەریشی چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو لە پاداشتی ئەوە خزمەت و راژەیە بە خەڵکی ناوچەکانی بەختیاریی کرد، خەڵکی ناوچەکە و پاشان بەرپرسانی ناوچەکە شاخێکیان لە نزیک گوندی مەشایخ بە ناوی هێلینەوە کرد؛ کە ساڵی ٢٠٠٧ وەک ناوچەی پارێزراوی تۆمارکرا.


دوکتۆر ئەبولقاسم ساڵی ١٩٧١ لە تەمەنی  نزیک بە ١٠٠ ساڵیدا لەسەر وەسێتی خۆی لە تووسی  مەشهەد لە نزیک گڵکۆی فیردەوسی بەخاک سپێردرا.  دوواتر هێلینی ژنی و چەند لە منداڵەکانیشی هەر لەوێ نێژران.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...